حزبەكان كێ كاندید دەكەن؟
2021-04-02 16:23:33
راپۆرتی: درەو
حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانیانن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەنگی حزبەكان لەبری (3) بازنە لە هەرێمی كوردستان بۆ (12) بازنە دابەشدەبێت، بردنەوەی كورسی بۆ حزبە بچوكەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئەستەم دەبێت، سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەیەكە حیزبە سیاسییەكان مەحكوم بە بەستی هاوپەیمانی دەكات، بەڵام تائێستا حزبەكان لە بەستنی هاوپەیمانێتی سەركەوتوو نەبوون، لە ئەگەری بەتەنیا دابەزینی حزبە بچوكەكان، ئەگەری بردنەوەی زۆربەی كورسییەكان لەلایەن حزبە گەورەكانەوە زیاتر دەبێـت، (درەو) لەم راپۆرتەدا ناوی بەشێك لە كاندیدی حزبەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئاشكرا دەكات.
هەڵبژاردنێك بە فۆرمێكی نوێوە
پەرلەمانی عێراق دوای چەندان مانگ مشتومڕ، كۆتایی ساڵی رابردوو یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردن پەسەندكرد، یاساكە شێوازی هەڵبژاردنی لە فرەبازنەیی لەسەر بنەمای پارێزگاكانەوە گۆڕی بۆ فرەبازنەیی لەچوارچێوەی پارێزگاكاندا، واتا یاسا نوێیەكە بازنەكانی هەڵبژاردنی لە (18) بازنەی (18) پارێزگاییەوە گۆڕی بۆ (83) بازنە، لە یاسای پێشتردا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بوو، ئێستا هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی "كۆتا"ی ژنان بازنەكانی هەڵبژاردنی بەسەردا دابەشكراوە.
بەپێی یاسا كۆنەكە، (320) كورسی پەرلەمان لەگەڵ (9) كورسی كۆتاكان لە (18) بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرانەوە، بەڵام ئێستا كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراوە بەسەر (83) بازنەدا، لە هەر بازنەیەك ژنێك سەردەكەوێت، واتا یاسا نوێكە جارێكی تر پارێزگاری لە "كۆتا"ی ژنان لە پەرلەمان كردووە كە رێژەكەی 25%ە.
شێوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق "تاكیی نەگوازراوە"یەو دەنگەكان لە كاندیدێكەوە بۆ كاندیدێكی ترو لە بازنەیەكەوە بۆ بازنەیەكی تر ناگوازرێتەوە، لە حاڵەتی سەرنەكەوتنی كاندیددا بۆ پەرلەمان، دەنگەكانی دەفەوتێتو ناچێت بۆسەر دەنگی كاندیدێكی تر لە حزبەكەی یان بۆسەر دەنگی كاندیدی ركابەری.
كاندیدی لایەنەكان
هێشتا بۆ حزبە سیاسییەكان رون نەبووەتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كاتی خۆیدا دەكرێت كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021, بەڵام ئێستا حزبە سیاسییەكان جموجوڵەكانیان گەرم بووە بە ئاراستەی دیاریكردنی كاندیدەكانیان و وەرگرتنی سیڤی كاندیدو چەند میكانیزمێكیان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان گرتوەتەبەر.
لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان ناوی چەند كاندیدێك بۆ حزبە سیاسییەكان و سەربەخۆكان دەهێنرێت حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانن، چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانن رابردوو حزبەكان پێویستیان بە كاندیدێكی جەماوەرییە، بۆ ئەوەی زۆرترین زۆرترین كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆخۆیان مسۆگەر بكەن.
یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان
ئێستا زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن:
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 321 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە:
بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر:
- رێبوار هادی
-محەمەد شاكر
- مەیادە نەجار
- نەهرۆ مەحمود
- هەدار بارزانی
- ناسر هەركی
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە 2018 دا (354 هەزارو 101) دەنگی بەدەستهێناوەو (10) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە:
بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای دهۆك:
- ڤیان سەبری
- عومەر رێكانی
- هەندرێن دۆسكی
لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (48 هەزارو 706) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە:
بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو) پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە كاندیدەكانی بۆ پارێزگای سلێمانی ژن بێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناوی كاندیدەكان یەكلا نەبووەتەوە.
لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە یەك كاندیدی هەبێت و ئەویش ( شاخەوان عەبدوڵا) بێت.
بۆ پارێزگای موسڵیش ناوی چەند كاندیدێك دەهێنرێت لەوانە:
- ئیخلاس دلێمی
- شیروان دوبەردانی
دووەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
یەكێتی لەم خولەدا دووەم زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە لەناو فراكسیۆنە كوردیەكاندا، ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن:
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (79 هەزارو 745) دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە:
بەشێك لە كاندیدە نارەسمییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر:
- شیرین یونس لە كۆیە
- هەرێم كەمال ئاغا
لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (259 هەزارو 378) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە:
ئەو ناوانەی كە وەك كاندیدی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ناویان دێت:
- د. وەرزێر شاڵی
- جەبار محەمەد ساڵح
- ئەكرەمی میهرداد
- د. نەرمین مەعروف
- رێكەوت زەكی
- د. نیكۆلا ئەشرەف
- بەناز رەمەزان
- شادیە ئەبوبەكر
- پەیمان عوسمان سەعید
-تانیا كەمال دەرویش
- ئەحمەد محەمەد بەرزنجی
- ئاسۆ فەرەیدون
- زانا عەبدولڕەحمان
- كاژین عومەر سوارە
- شەماڵ جەبار یاوەر
- د. تەها حەمە ئەمین لە رانیە
- بەختیار شاوەیس لە هەڵەبجە
- شیروان میرزا لە رانیە
- بڵێسە جەبار فەرمان لە گەرمیان
- كاروان شامار لە گەرمیان
- رزگار حەمە چەمچەماڵ
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (25 هەزارو 515) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا:
تا ئێستا دیار نیە یەكێتی كێ كاندید دەكات بۆ پارێزگای دهۆك.
لە پارێزگای كەركوك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو 2018 دا لەو پارێزگای ( 183 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێناوە لەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوە.
لە ئێستادا ناوی چەند كاندیدێك دێت كە بەنیازن خۆیان كاندید بكەنەوە بۆ یەكێتی لە پارێزگای كەركوك:
- ئاڵا تاڵەبانی
- ئەڵماس فازڵ
- دیلان غەفور
- بێستون عادل
- مەریوان نادر
- جەمال شكور
- رێبوار تەها
سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان:
بزوتنەوەی گۆڕان 5 پەرلەمانتاری لە عێراقدا هەیەو ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (154 هەزارو 947) دەنگی بەدەستهێناوەو (4) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە, ئێستا چەند كەسێك بە نافەرمی ناویان دێت كە كاندید دەكرێن لەوانە:
- بەرزان شێخ محەمەد لە سلێمانی
- رەسوڵ بچكۆل لە رانیە
- هێرش عەبدولڕەحمان لە رانیە
- بەكر بایز لە پشدەر
- مامۆستا عەلی قادر لە رانیە
- دكتۆرە سنور لە هەڵەبجە
- ئەنوەر شەهید حەمەلاو لە هەڵەبجە
- هۆشیار عومەر عەلی لە گەرمیان
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (40 هەزارو 863) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووەو تا ئێستا كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگای هەولێر دیارنین.
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 801) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە، كاندیدەكانی لەو پارێزگایە دیارنین.
چوارەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ:
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەم كاتەدا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان, لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (63 هەزارو 760)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە.
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (70 هەزارو 833)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە.
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (18 هەزارو 52) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە.
تا ئێستا ناوی كاندیدەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیار نین، ئەگەرچی باس لەوە دەكرێن كە نەوەی نوێ تەركیزی لەسەر كاندیدی ژنە، بەڵام نایەوێت پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان كاندید بكاتەوە، بەڵام ئەو ناوانەی كە وەك بیرۆكە لەناو نەوەی نوێ باس دەكرێن ئەمانەن:
- رێبوار چەلەبی لە سلێمانی
- هیمداد شاهین لە سلێمانی
- عومەر مامە كوردە لە هەولێر
- ئومێد محەمەد لە كەركوك
پێنجەم: هاپەیمانی هیوا
هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق كە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئایندە، سەربەخۆكان) پێكهاتووە، بەنیازە لەگەڵ كۆمەڵێك گروپو كەسایەتی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكات, ئەو كەسانەی تا ئێستا ناویان دێت كە خۆیان كاندید دەكەن ئەم ناوانەن:
- غالب محەمەد لە گەرمیان
- رێبوار كەریم لە سلێمانی
- سەركەوت شەمسەدین لە سلێمانی
- بەهار مەحمود لە سلێمانی
- كاوە محەمەد لە سۆران
- رابون مەعروف هەولێر
شەشەم: كۆمەڵی دادگەری كوردستان
كۆمەڵی دادگەری كە یەكەمجارە بە ناوە نوێیەكەیەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری كە پێشتر (كۆمەڵی ئیسلامی) بوو لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (51 هەزارو 563) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە.
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 36 هەزارو 784)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە.
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 621) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە.
تا ئێستا ئەم كاندیدانەی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ناویان دەهێنرێت:
- ئەحمەد حاجی رەشید لە هەلەبجە
- سۆران عومەر لە رانیە
- عەبدولستار مەجید لە هەولێر
حەوتەم: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتوی ئیسلامیی لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (30 هەزارو 19)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە.
لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن یەكگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 24 هەزارو 475)دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا.
لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكگرتووی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (43 هەزارو 525) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایە مسۆگەركرد.
تا ئێستا ناوی ئەو كەسانەی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید دەكرێتو ناویان دەهێنرێت ئەمانەن:
- جەمال كۆچەر لە دهۆك
- موسەننا ئەمین لە هەڵەبجە
هەشتەم: كاندیدە سەربەخۆكان
ئەوەی تا ئێستا زانراوە چەند كەسێك بە سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەڵام ناو تۆماركردنەكەیان هێشتا بەراییەو لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەند نەكراوە لەوانە:
- پارێزەر كاروان مەحمود حاجی لە دەستەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی
- رێبوار عەباس
- سەناریا عەبدوڵا سەعید
- ئیبراهیم ئەحمەد
- نەورۆز مانگر
كورد لە هەڵبژاردنی عێراق
لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، ژمارەی كورسی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق وەكو خۆی ماوەتەوەو دەستكاری نەكراوە، كورسی كورد لە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانیو دهۆك لە پەرلەمانی عێراق (44) كورسییە، پارێزگای هەڵەبجە لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا وەكو پارێزگایەكی سەربەخۆ نەناسێندراوەو بازنەكەی لكێندراوە بە پارێزگای سلێمانییەوە.
بەشێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانەكانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا:
پارێزگای هەولێر
ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق (15) كورسییە، هەولێر دابەشكراوە بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردندا، لەكۆی (15) كورسییەكە، (4) كورسییان بۆ ژنان دەبێت بەپێی سیستمی كۆتا.
بازنەكانی هەڵبژاردن لەپارێزگای هەولێر بەمشێوەیە دابەشكراون بەسەر ناوچەكاندا:
• بازنەی یەك: سۆران + مێرگەسوور + رواندز + چۆمان + شەقلاوە، ئەم بازنەیە (4) كورسی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، واتا چوار كەس لەم بازنەیە سەردەكەون بۆ پەرلەمانی عێراق
• بازنەی دوو: دەشتی هەولێر + كۆیە + خەبات، ئەم بازنەیە بەهەمان شێوە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی سێ: بەشی رۆژئاوای قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی چوار: بەشی رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
بۆ زانینی دەنگو پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە سنوری پارێزگای هەولێر، پەنا بۆ ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەین كە ساڵە 2018 بەڕێوەچوو، واتا بەر لە دوو ساڵ.
لە هەڵبژاردنی 2018دا، دەنگی لایەنەكان لە هەولێر بەمشێوەیە بوو:
• پارتی (321 هەزارو 920) دەنگ
• یەكێتی (79 هەزارو 745) دەنگ
• نەوەی نوێ (70 هەزارو 833) دەنگ
• گۆڕان (40 هەزارو 863) دەنگ
• هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (50 هەزارو 537) دەنگ
• كۆمەڵ ( 36 هەزارو 784) دەنگ
• یەكگرتوو ( 24 هەزارو 475) دەنگ
پارێزگای سلێمانی
ئەم پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق (18) كورسی هەیە، لەم ژمارەیە (5) كورسییان بۆ "كۆتا"ی ژنانە، پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە:
• بازنەی یەك: باكوری قەزای ناوەندی سلێمانی + چوارتا + ماوەت، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی دوو: باشوری قەزای ناوەندی سلێمانی + قەرەداغ، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی سێ: هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی چوار: پشدەر + رانیە + دوكان، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی پێنج: كەلار + دەربەندیخان + كفری + چەمچەماڵ + بەشێك لە خانەقین، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیە بووە:
• یەكێتی (259 هەزارو 378) دەنگ
• گۆڕان (154 هەزارو 947) دەنگ
• نەوەی نوێ (63 هەزارو 760) دەنگ
• پارتی (48 هەزارو 706) دەنگ
• هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (46 هەزارو 552) دەنگ
• كۆمەڵ (51 هەزارو 563) دەنگ
• یەكگرتوو (30 هەزارو 19) دەنگ
پارێزگای دهۆك
ئەم پارێزگایە (11) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، سیان لە كورسییەكان بەپێی سیستمی "كۆتا" بۆ ژنان دەبێت، پارێزگاكە دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەدا بەمشێوەیە:
• بازنەی یەك: دهۆك + ئامێدی، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
• بازنەی دوو: زاخۆ + سیمێل، ئەم بازنەیە (3) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
• بازنەی سێ: ئاكرێ + شێخان + بەردەڕەش، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەنگی لایەنەكان لە پاریزگای دهۆك بەمشێوەیە بووە:
• پارتی (354 هەزارو 101) دەنگ
• یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگ
• یەكێتی (25 هەزارو 515) دەنگ
• گۆڕان (3 هەزارو 801) دەنگ
• نەوەی نوێ (18 هەزارو 52) دەنگ
• هاوپەیمانی (25 هەزارو 664) دەنگ
• كۆمەڵ (3 هەزارو 621) دەنگ
راپۆرتی پەیوەندیدار:
هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق: سیناریۆی پێگەی پارتەكانی هەرێم
بژاردەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی
بژادەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك
كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا