سیاسەت و خۆشەویستیی
2021-04-05 13:48:10
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
بیرکردنەوە لە جیھان دەشێت بەھۆی ھەستکردن بە نیگەرانیی و ترس لە لەناوچوونەوە بێت، دەشێت بەھۆی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و ئەنجامدانی ئەرکێکی ئەخلاقیشەوە بێت، ھەروەھا دەشێت بەھۆی خۆشەویستییەوە بێت بۆ جیھان. یاخود دەشێت بەھۆی تێکەڵبوونی ھەرسێ ھۆکارەکە بێت بەیەکتریی.
مرۆڤ خۆشی وەک بوونەوەرێکی تایبەت ھەمیشە بەدوای دۆزینەوەی شوێنێک و پێگەیەکدا دەگەڕێت لە جیھاندا، ھەمیشە ئەندامی کۆمەڵەیەکی مرۆڤی تایبەتە، لە بەشێکی دیایکراوی جیھاندا ئامادەیەو، بەو ژینگە و دەوروبەرەشەوە گرێدراوە کە لەناویدا دەژیی. ھەموو ئەمانە وادەکەن مرۆڤ نەتوانێت ھەرگیز بەتەنھا بژیی و ھەمیشە لەگەڵ ئەوانیتردا بێت. دروستکردنی ژیانی پێکەوەیی و ھاوبەش، ژیانێک کە ھی ھەمووان بێت و ھەمووان بەشداربن لە دروستکردنیدا، جەوھەری ئەو چالاکییە سەرەکییەی مرۆڤە کە ناوی ”سیاسەت“ە. سیاسەت وەک ”بەشە چالاک“ و کردەییەکەی ژیان، ئەو بەشەی کە لە یەکتربینین و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و دەرکەوتنی مرۆڤەکان بەیەکەوە، دروستبووە. ئەم فۆرمە لە ژیانی چالاک، لەباتی ئەو ژیانێک بێت تیایدا ھەر کەسە و بەسەر بوونی تایبەتیی خۆیدا چەمابێتەوە و خۆی بەڕووی دەرەوەی خۆیدا داخستبێت، کراوەیە بەسەر ئەوانیتر و بەڕووی جیھان خۆشیدا. سیاسەت وەک چالاکیی دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش، ڕێگرە لەوەی کۆمەڵگا ببێت بە یەکەیەکی دژ بە تاکەکەس، یاخود بە یەکەیەک کورتبووبێتەوە بۆ شوێنێک مرۆڤ ناچارانە تەنھا ”کار“ی تێدابکات و ”پێداویستییە سەرەکیی و مادییەکان“ی ژیانی، دەستەبەربکات.
سیاسەت ئەو چالاکییە تایبەتەی مرۆڤە کە وادەکات کۆمەڵگا ببێتە شوێنێکی ھێجگار گرنگی ژیان و بیشیگۆڕێت بۆ بەشێک لەو تۆڕی پەیوەندییانەی مرۆڤ لەگەڵ کەسانیتر و دەوروبەرەکەیدا دروستیدەکات. لە سیاسەتدا مرۆڤ زۆر زیاترە لەوەی کەسێک بێت تەنھا ئەرکی ئەوە بێت ”کار”بکات و بەتەنھا لە ژوورەکەی خۆیدا”بخوات“ و ”بخەوێت“. سیاسەت ئەو چالاکییەیە وادەکات مرۆڤ نەبێت بە سندوقێکی داخراو و ھەموو ئەوانیتر بگۆڕێن بۆ کەسانێک لە حیساباتی یەکتردا مردوو بن، سیاسەت چالاکی کۆکردنەوەی مرۆڤەکانە بەیەکەوە بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش، چالاکییەک مرۆڤ ھەم لە تەنھایی و داخران دەردەھێنێت، ھەم دەیکات بە بوونەوەرێکی خاوەن ڕا و بۆچوون و تێڕوانین بەرامبەر بەوەی چۆن لەگەڵ ئەوانیتردا بژیی، دەشیکات بە کەسێک توانای گەیشتن بە ڕێکەوتنی لە ڕێگای ڕاگۆڕکێ و دیالۆگەوە، ھەبێت. بە کورتییەکەی، سیاسەت بەم مانایە چالاکی ڕێگەگرتنە لە پاشەکشەکردن لە جیھان و خۆشاردنەوە لەناو ”خود“ خۆیدا.
ئەگەر سیاسەت ئەم چالاکییە سەرەکیی و بنەڕەتییەی مرۆڤ بێت و ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییە لە ژیانی پێکەوەییدا ببینێت، پرسیارێک بکرێت لە خۆمانی بکەیە ئەوەیە: ئایا دەکرێت سیاسەت چ پەیوەندییەک لەگەڵ خۆشەویستییدا دروستبکات؟ دەشێت خۆشەویستیی ژێرخانی سیاسەت بێت وەک چالاکییەکی پێکەوەیی؟ وەڵامی ئێمە بەم پرسیارە بەڵێیە. بەڵێ سیاسەت دەشێت لەو پەیوەندییە تایبەتەدا بێت بە خۆشەویستییەوە، لە ڕاستییدا سیاسەت کاتێکیش ماناداردەبێت کە ژێرخانەکەی خۆشەویستیی بێت بۆ جیھان و بۆ مرۆڤەکانی دەوروبەر و بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە ھاوبەشەی مرۆڤەکان لەناویدا دەژین و بۆ ئەو ژینگە سروشتییەیش کە دەبێتە ماڵی گشتی ھەموان.
لەم ڕوانگەیەوە ھیچ شتێک ھێندەی سیاسەت پێویستی بە خۆشەویستیی نییە. بەڵام چەمکی خۆشەویستیی لە سیاستەدا ھەمان ئەو مانایانەی نییە کە لە ژیانی تایبەتدا، یان لە نێوان دووکەس و خێزاندا ھەیەتی. چەمکی خۆشەویستیی لە سیاسەتدا، بەر لە ھەموو شتێک، جێگرەوەی چەمکی دوژمنایەتیی و بوغز و ڕقە لەنێوان مرۆڤەکاندا. ئامرازێکی ھێجگار سەرەکیی دروستکردنی متمانەیە لەکۆمەڵگادا. ھاوکات ڕێگرێکی بەھێزیشە لە بەردەم لێکترازان و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتییدا. خۆشەویستیی لێرەدا وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە ئامادەیە و ئیشدەکات. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەرکی سیاسەت ئەوەیە وابکات ئێمە ھەموومان یەکترمان خۆشبوێت، ھەموومان ببینە ھاوڕێ و دۆستی گیانی بە گیانی یەکتریی، مانای ئەوە نییە کۆتایی بە ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەرایەتی بھێنێت. نەخێر، خۆشەویستیی وەک ژێرخانی سیاسەت مانای ڕێگرتن لەوەی مرۆڤەکان ببن بە دوژمنی یەکتریی، پلانی کوشتن بۆ یەکتر دابنێن و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکتری بدەن. سیاسەت ناتوانێت بمانکات بە ھاوڕێی خۆشەویستی یەکتریی، بەڵام دەشێت نەھێڵێت ببین بە دوژمنی یەکتری.
سیاسەت بێگومان بە توندیی بە حیساباتی عەقڵانیی و لۆژیکییەوە پابەستە، پەیوەندیی بە ئەرگومێنت و قەناعەتکارییەوە ھەیە، ھەندێکجار حیساباتی عەقڵانیی حیساباتێکی سارد و سڕ و بێڕۆح و بێگیانیشە، بە ھەردوو پێوە لەناو یاسا و بەھا بیرۆکراسییەکاندایە. بەڵام تاقە شتێک بتوانێت ڕێگربێت لەوەی سیاسەت بەتەواوی تەسلیمی ئەو شتانە ببێت، خۆشەویستییە. خۆشەویستییە کە جۆرێک لە بەھای ئەخلاقیی بەرگریکردن لە پێکەوەبوونێکی ھێمن و تەندروست دەپارێزێت.
بەڵام کێشەی سیاسەت لەوەدایە لە خۆشەویستییەکەوە کە دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەشی لەو بابەتە بنەماکەی بێت، یان لە لە خۆشەویستییەوە بۆ جیھان، بگۆڕێت بۆ خۆشەویستیی بۆ شتی تر، خۆشەویستی بۆ پارە، خۆشەویستیی بۆ دەسەڵات، خۆشەویستی بۆ ھێز، ھتد. لێرەدا خۆشەویستیی لەوەدەکەوێت ھێزێک بێت بۆ دروستکردنی جیھانێکی جوانتر و باشتر، ھێزێک بێت بۆ دروستکردنی سەرەتای نوێ، بۆ ھێزێک بۆ گرێدانی مرۆڤەکان بەیەکەوە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ھێزی گەورەکردن و پتەوکردنی نارسیزمی تاکەکەسیی و نارسیزمی دەسەتەیی و کۆمەڵایەتیی.
تێکەڵبوونی خۆشەویستییش بۆ پارە و دەسەڵات بە نارسیزمی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی، ئەو ڕەچەتە ترسناکەیە کە سیاسەت لە سیاسەتبوون دەخات و دەیگۆڕێت بۆ چالاکیی سەندنەوەی ئینسانییەت لە ئینسان و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ بازاڕ و ڕووبەری گشتی بۆ سەربازگە و زیندان. بازاڕێک بۆ کەڵەکەکردنی ھەرچی زیاتری پارە و دەسکەوتی تایبەت، سەربازگە وەک شوێنی پاراستنی ئەو بازاڕە دروستکراوە و بەندیخانە وەک جیهانێک بۆ دروستکردنی مرۆڤگەلێک کە جگە لە خواستی بەرخۆریی، هیچ ئیرادە و خەمێکی تریان نەبێت.
ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین ئەو تێکەڵبوونە ترسناکەیە؛ تێکەڵبوونی خۆشەویستیی پارە و دەسەڵات و ھێزە، بە فۆرمە ترسناک و پاسۆلۆژییەکانی نارسیزم. لەم دۆخەدا شتێک بەناوی جیھانێکی ھاوبەش و ژیانێکی پێکەوەیی ھێمنەوە نامێنێتەوە، ئینتیما بۆ جیھان، بۆ کۆمەڵگا، بۆ ئینسان، دەسڕێتەوە و شوێنیان بە فۆرمی تری ئینتیما و شێوازی جیاوازیی دابەشبوون و ترازانی کۆمەڵایەتیی و وەڕسبوونی ئیسنانیی، پڕدەبێتەوە. لێرەدا مرۆڤەکانی تر لەوە دەخرێن بوونەوەرێک بن جیھانیان لەگەڵدا بەشبکەیت، یاخود پێکەوە دونیایەکی ھاوبەش دروستبکەن، بکرێت خۆشەویستیی بۆ جیھان بنەمای پێکەوەبوون بێت؛ لەباتی ئەمانە ڕق و بوغز و دوژمنایەتیی سەروەردەبن و مرڤ خۆشی لە مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و مافەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی پاراستنی ئەو دونیا شێواوەی دروستکراوە.
لەناو سیاسەتدا دەشێت ھەمیشە دوو جۆر لە خۆشەویستیی لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان خۆشەویستییەکی نێگەتیڤە کە لە فۆرمی نارسیزمدا ئامادەیە و کاردەکات. پێکەوەیی و ھاوبەشیی وێراندەکات و کارەسات لەدوای کارەسات دروستدەکات، متمانە دەکوژێت و لێکترازانیی کۆمەڵایەتیی و ئینسایی سەروەردەکات. دووھەمیان خۆشەویستییەکی پۆزەتیڤە کە بنەماکەی کرانەوەیە بەڕووی جیھان و ئەوانیتر و بەھا ئینسانییە گرنگەکاندا.
لەھەردوو دۆخەکەدا سیاسەت لە پەیوەندییدایە بە خۆشەویستییەوە؛ لەیەکەمیاندا مرۆڤی داخراو و تەنھا و پاشەکشەکردو بۆ ناو ژیانی شەخسیی دروستدەکات، چالاکیی و ئەکتیڤبوون لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. لە دووھەمیاندا مرۆڤێکی کراوە و ھاریکار و خاون ڕا و بەشدار لە ژیانی گشتییدا بەرهەمدەهێنێت.
خۆشەویستیی پاک کە دەگاتە ئاستی کەماڵی ئایدیالیی لە دوو فۆرمدا بەرجەستە دەبێت، یەکەمیان خۆشەویستییە بۆ خودا، چونکە لای ئیمانداران ئەم خۆشەویستییە تاکە خۆشەویستییەکی خۆنەویست و بەرژەوەندیی نەویستە کە مرۆڤ خۆی تێدا وندەکات. فۆرمی دووهەمی خۆشەویستیی ئایدیال، خۆشەویستییە بۆ نیشتیمان. خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان لای ئایدیۆلۆژیستەکان تاکە پەیوەندییەکی پاک و باڵایە کە مرۆڤ پێی بگات. هەردوو خۆشەویستییەکە بارگاوین بە خواستی خۆبەختکردن و گیانفیدایی. ھەم خۆشەویستیی بۆ خودا و ھەم بۆ نیشتیمان دوو مۆدێڵی خۆشەویستیین کە بەهای مردن بەمانای شەهیدبوون تیایاندا لە بەهای ژیان گەورەترە.
هەموو مۆدێلە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆشەویستیی دەچنە دۆخێکی ڕەها و ناسەرزەمینییەوە، لەوێشەوە وەزیفەیەکی موقەدەسیان پێدەبەخشرێت کە تاک تیایاندا تەنها لە شێوەی قوربانییدا بوونی هەیە. بۆیە خۆشەویستیی ڕەها لە سیاسەتدا خۆشەویستییەکی درۆزنانەیە و لە هەموو ئایدیۆلۆژیاکانیشدا پەیوەندییەکی ناتەندروستی نێوان سیاسەت و مرۆڤ دروستدەکات. بۆ نموونە لە کۆمۆنیزمدا خۆشەویستی ڕەها بۆ خودی ئایدیاکە خۆی لە خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ و ژینگە و کۆمەڵگا گەورەتر بوو. بە پێی ئایدیای کۆمۆنیزم گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی خاڵیی لە چین و چەوساندنەوەی چینایەتی، تەنها لەڕێگای شۆڕشەوە بەدیدێت. بۆئەوەی بتوانین مۆدێلی خۆشەویستیی کۆمۆنیستیی بنیاتبنێین و کۆمەڵگایەک لەپلەی کەماڵی ئاشتی و بێ ململانێ و بێ زەبر بنیاتبنێین، پێویستمان بە مۆدێلێک لە دیکتاتۆرییەت هەیە بۆئەوەی ئەو جیهانە دروستبکات کە ئایدیاکە خوازیارێتی. بەکورتییەکەی هەموو خۆشەویستییەکی ئایدیالیستیی و بارگاویکراو بە ئایدیۆلۆژیا لە سیاسەتدا مانای بەدیهێنانی ئازادیی نییە، بەڵکو دەتوانێت تەواو پێچەوانەکەی بێت و دروستکەری جیهانێکی مەترسییداری دیکتاتۆریی بێت. خۆشەویستیی ئایدیۆلۆژیی بۆ نەتەوە و سەرۆک و حیزب لای نازییەکان و هێزە تۆتالیتێرەکان هەمان دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ تاک و کۆمەڵگا هەبوو وەک لای کۆمۆنیزمی روسی و چینی و کوبیی بینیمان. ئەم مۆدێلە لە بونیاتنانی خۆشەویستیی لە ئایینیشدا کە بە خۆشەویستیی ڕەها ناسراوە بۆ خوداوەند هەمان دەرئەنجامی سیاسیی هەبووە، وەک لە ئایدیا تۆتالیتێرەکانی تری ناو مێژوودا بینیمان. ئەزموونی داعش و ئەو کوشتارەی بەناوی خۆشەویستیی بۆ خوادا پیادەکرا، بەرجەستەترین نموونەی تازەی بەموقەدەسکردنی خۆشەویستیی بوو. ھەم لە مێژووی مەسیحییەتدا و هەم لە مێژووی کۆن نوێی ئیسلامدا نموونەکانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی پڕ لە خوێن و دەسەڵاتێکی ستەمگەریی ئایینی بەناوی خۆشەویستی بۆ خوداوە کەم نین.
کوشتنی تاک لەناو کۆدا خواستی هەموو ئەو هێزانەیە کە بەناوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پاکەوە ئازادیی مرۆڤ زەوتدەکەن. گەر لە هەموو پەیوەندییەکی سیاسەت و خۆشەویستییدا بەناوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئایدیالەوە، رەهەندی ئازادیی فەردیی کوژرا، دەرەنجامەکەی دروستکردنی جیهانێکی مەترسییدارە.
بەبۆچوونی ئێمە خۆشەویستیی بۆ ئازادیی تاکە خۆشەویستییەکە کە پەیوەندیی راستەقینەی نێوان سیاسەت و خۆشەویستیی دیارییدەکات. خۆشەویستیی لە سیاسەتدا خودئەڤینیی نییە، چونکە هەر کاتێک پەیوەندیی نێوان سیاسەت و خۆشەویستیی بوو بە پەیوەندیی نێوان خۆشەویستیی و دەسەڵات، ئەوا مەترسیی دروستبوونی دیکتاتۆری خۆشەویست و بەرهەمهێنانی کولتووری براگەورە لەئارادایە. هیچ دیکتاتۆرێک لە مێژوودا نادۆزینەوە کە خۆشەویست بووبێت، دیکتاتۆرەکان هیچ کاتێک لای خەڵکی خۆشەویست نین، بەڵام لە دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارەکاندا خۆشەویستیی بۆ سەرۆک دەکرێت بە رێسایەک بۆ دڵسۆزیی و وەلائەت بۆ دەوڵەت و حیزب.
دەسەڵاتدارێتی بێ کۆیلە مانای بوونی دەسەڵاتدارێتییەک کە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و مرۆڤ لەسەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆک بەند نییە، بەڵکو لەسەر بەهای ئازادیی و ئاشتیی و یەکسانیی بونیادنراوە. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە دەستوور یان یاسای پێکەوەژیانی سیاسیی، مۆدێلی پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤ و سیاسەت دیارییدەکات.
لەم جۆرە دۆخانەشدا کە کۆمەڵگا لەناو تاریکیی دەسەڵاتدارێتییەکی ستەمگەردا دەژیی، هەمیشە مۆدێلێک لە رۆمانسییەتی دژە سیاسەت دروستدەبێت و سیاسەت وەک کارەسات و لەعنەتێکی ئاسمانیی و زەمنیی نمایشدەکات. بەلەعنەتکردنی سیاسەت هەمان وەزیفەی سەردەمی ئەو رۆمانسییەتەی سەدەی ناوەڕاستی هەیە کە ڕاکردن لە واقیع وەک رەچەتەیەکی ناسیاسیی دەبینی بۆ گەیشتن بە ئازادیی تاکەکەسیی و بۆ دژایەتییکردنی نادادیی و نایەکسانیی. لە دونیای ئێمەشدا ئەو شەپۆلە دروستبووە کە وایدەبینێت سیاسەت لە جەوهەردا کردەیەکی ناشیرینە و هیچ پەیوەندییەک لەنێوان سیاسەت خۆشەویستییدا نییە، بەڵکو سیاسەت تەنها توندوتیژییە و جگە لە تۆوی کوشتن و بڕین هیچی تر لە خاکەکەیدا ناڕوێت.
بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن
بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس
بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی
بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل