داهاتی نەوت لە سنوری دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا
2021-04-03 10:43:06
(درەو):
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری پارتیدایەو بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە.
مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (702 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم رێژەیە، بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە بەڕێژەی (91%)، لەبەرامبەردا بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری داهاتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بووە كە رێژەی (9%)ی تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا پێكدەهێنێت.
دابەشبوونی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتیدا
بەپێی لێكدانەوەكان، ئێستا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیلە، كە بەمشێوەیە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
• رۆژانە (409 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەرهەمدەهێنرێت.
• رۆژانە (41 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەرهەمدەهێنرێت.
نەوت لە ناوچەی پارتیدا
لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا، رۆژانە زیاتر لە (409 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، كێڵگەكانی ناوچەی پارتی ئەمانەن:
• كێلگەی خۆرمەڵە: ئێستا بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (170 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی تاوكێ: كۆمپانیاكانی (دی ئێن ئۆ)و (گەنەڵ ئێنێرژی) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (113 هەزار) بەرمیل نەوتە.
• كێڵگەی ئەتروش: كۆمپانیاكانی (تاقە)و (شەمران) كار لەم كێَڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (45 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی شێخان: كۆمپانیاكانی (ئێم ئۆ ئێڵ)و (گۆڵف كیسیۆن) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (40 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی سەرسەنگ: كۆمپانیاكانی (ئێچ كەی ئێن)و (تۆتاڵ) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكە زیاتر لە (25 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی هەولێر: كۆمپانیا (ئۆرێكس) كار لەم كێڵگەیەدا دەكاتو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (11 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی سەرتە: كۆمپانیاكانی (شیفرۆن)و (گەنەڵ ئینێرژی) كار لەم كێلگەیەدا دەكەنو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (5 هەزار) بەرمیلە.
نەوت لەناوچەی یەكێتیدا
لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، نەوت لە دوو كێڵگەوە دەچێتە بۆری نەوتی كوردستانو تێكەڵ بە نەوتەكەی ناوچەی پارتی دەكرێتو هەردووكیان پێكەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەفرۆشرێن.\
كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵایەتی یەكێتی ئەمانەن:
• كێڵگەی حەسیرە: ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە (5) بیری نەوت پێكدێت، رۆژانە نزیكەی (33 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، نەوتی كێڵگەكە لەڕێگەی تەنكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بۆری نەوتی كوردستان لە خۆرمەڵەی نزیك هەولێر، ئەم كێڵگەیە لەلایەن كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسیەوە بەڕێوەدەبرێت.
• كێڵگەی تەقتەق: بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە (8 هەزار) بەرمیلە، كۆمپانیاكانی (گەنەڵ ئینێرژی)و (ئاداكس) نەوتی ئەم كێڵگەیە بەرهەم دەهێنن.
داهاتی نەوت لەنێوان ناوچەكانی پارتیو یەكێتیدا
مانگی رابردوو نەوتی هەرێمی كوردستان بە (52) دۆلار فرۆشراوە، داهاتی مانگی رابردووی نەوت بەمشێوەیە بووە:
• 450000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30رۆژ = 702 ملیۆن دۆلار
• داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی: (41000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 63 ملیۆنو 960 هەزار دۆلار)، بەڕێژەی (9%)
• داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی پارتی: (409000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 638 ملیۆنو 40 هەزار دۆلار)، بەرێژەی (91%)
ئەم هاوكێشانە تەنیا لێكدانەوەیە بۆ داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان نەك نەوتو غازی یەدەگ، رێژەی (100%)ی غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێم دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو زۆرینەی نەوتی یەدەگیش هەر لە سنوری یەكێتیدایە، بەڵام ناوچەی یەكێتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە لەدوای ناوچەكانی پارتییەوەیە.
كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوو كە بەرمیلێك بە (52) دۆلار فرۆشراوە، (702ملیۆن) دۆلار بووە، لەم داهاتە بڕی (638 ملیۆنو 40 هەزار) دۆلاری داهاتی كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە كە دەكاتە رێژەی (91%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم، بڕی (63 ملیۆنو 960 هەزار) دۆلاریشی داهاتی نەوتی كێڵگەكانی ناوچەی یەكێتی بووە كە دەكاتە رێژەی (9%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا.
ئەم خشتەیە كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیە بەڵام ژمارەی بەرمیلە نەوتییەكان هەندێك گۆڕانكارییان تێدا هاتووە چونكە خشتەكە هی ساڵی رابردووە