لێبڕینی موچە دەمێنێت و رێژەكە كەمدەكرێـتەوە
2021-04-07 08:16:30
درەو:
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كوردستان گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەكات، وەزیری دارایی لەدەرەوەی وڵاتە (دوبەی)و بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات، لێبڕینی موچە دەمێنێت بەڵام رێژەكە كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (10%).
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆ لەسەر دوو بڕگە دەكرێت:
یەكەم: گفتوگۆكردن لەسەر پرسی یاسای بودجەی عێراق و پشكی هەرێم و پابەندی هەرێم لەو یاسایەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ووردەكارییەكانی رێككەوتنەكە دەخاتە روو، بەڵام لەلایەن وەزیری سامانە سروشتیەكان و وەزیری داراییەوە ووردەكارییەكان سەبارەت بە پابەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی بودجەو نەوتەوە دەخرێتە روو.
دووەم: گفتوگۆكردن لەسەر رەشنوسی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، گفتوگۆكە لەلایەن وەزیری دارایی و لیژنەی ئامادەكاری رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمەوە دەخرێتە روو.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بە سەردانێك لە وڵاتی دوبەیەو بەشداری كۆبونەوەكە نابێت.
(درەو) لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستی كەوتووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لێبڕینی موچە لانابات بە بیانوی ئەوەی هێشتا داهاتەكانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەوەی بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكات كە مانگانە (894 ملیار) دینارە، بۆیە لێبڕین دەمێنیت بەڵام رێژەكەی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (10% بۆ 14%) بەو پێیەی داهاتی بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە (800 ملیار) دینار و (90 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ موچە، سەرچاوەكەی (درەو) ئەوەشی راگەیاند لەم قۆناغەشدا لێبڕینی موچە دەمێنێت.