نۆ منداڵی كورد بۆ چارەسەر رەوانەی ئیسرائیل دەكرێن
2021-04-05 08:24:18
(درەو):
سایتی (زە تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاشكرایكرد، منداڵێكی تازەلەدایكبووی ئێزدی بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی گەیەندراوەتە ئیسرائیلو سبەینێ (8) منداڵی تری كورد كە پێویستیان بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە، لەڕێگەی ئوردنەوە رەوانەی ئیسرائیل دەكرێن.
ئەم منداڵە كە ناوی (هانا)یەو تەمەنی تەنیا دوو مانگەو لە هەرێمی كوردستان لەدایكبووە، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا رەوانەكردنی بۆ ئیسرائیل دواكەوتووە، بەڵام دواجار رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی "شیبا" لە نزیك شاری تەلئەبیبی پایتەختو دەست بە چارەسەركردنی كراوە.
هەنا كێشەی سییەكانی هەیە، خوێن بەباشی لە دڵییەوە ناچێت بۆ سییەكانی، ئەمە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە، لەم گەشتەیدا بۆ ئیسرائیل، مامێكی هاوڕێیەتی هانا دەكات، خێزانی ئەم منداڵە لە كەمپی ئاوارەكان لە دهۆك دەژین، باوكی بە سایتی (زە تایمز ئۆف ئیسرئیل)ی وتووە:" سوپاسی ئیسرائیل دەكەین كە لەم دۆخە سەختەدا یارمەتیداین، كاتێك گەیشتوەتە نەخۆشخانەی تەلئەبیب زۆر دڵخۆش بووین".
بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە لە كۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل سەردانكردنی خەڵكانی بیانییان بۆ وڵاتەكەیان قەدەغەكردووە، بەڵام مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی رێكخراوی "شیفت ئەحیم"یان لەم بڕیارە بوارد، ئەم رێكخراوە منداڵان لە وڵاتانی عەرەبییو ناوچەكەوە بەمەبەستی چارەسەركردن بۆ ئیسرائیل دەگوازێتەوە.
جگە لە هانا، (8) منداڵی تری كورد چاوەڕوانی ئەوەن بگەنە ئیسرئیل بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیو نەشتەرگەریی دڵ، رێكخراوی "شیفت ئەحیم" پێشبینی دەكات سبەینێ كاروباری ئەم منداڵانەش تەواو ببێتو بگەیەندرێنە ئیسرائیل.
رێكخراوەكە مافی ئەوەی پێنەدراوە، بە منداڵەكانەوە بچێتە ناو ئیسرائیل، بۆیە ئەو خێزانە كوردانەی كە منداڵی نەخۆشیان هەیە، دەبێت خۆیان لە سنوری ئوردنەوە بپەڕنەوە، كاتێك دەگەنە ئیسرائیل، خۆبەخشەكانی رێكخراوی "شیف ئەحیم" پێشوازییان لێدەكەنو دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.