Draw Media

پێگەی عێراق و هەرێم،  لە ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەیی چین و ئێراندا

پێگەی عێراق و هەرێم،  لە ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەیی چین و ئێراندا

2021-04-03 10:58:23


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) 

٢٧ی ئازاری٢٠٢١، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی چین و ئێران (زەریف و وانگ ئی)، بەڵگەنامەی بەرنامەی هاوکاریی فرەلایەنەی ئێران و چین-یان ئیمزا کرد. کە لەنێو میدیاکاندا بە ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین ناسراوە و گەرچی هێشتا دەقی پشتڕاستکراوەی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە لە هیچ لایەنێکی ڕەسمییانەوە نەوەشێنراوە، بەڵام نزیک بە ساڵیك لەمەوبەر ڕەشنووسێکی بڵاوکرایەوە و ئەو ڕەشنووسەش لە هیچ لایەنێکیانەوە ڕەتنەکراوەتەوە، بەو چوارچێوە گشتییەش کە وەزارەتی دەرەوە لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێدەچێت هەمان دەق بێت، چونکە لەخۆگری ئەو خاڵانەیە کە لە بەیانی کۆتایی مەراسیمی ئیمزاکردنەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بلاوی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش چەندین میدیای نزیک بە ڕێبەر و دەوڵەتی ئێران هەمان ڕەشنووسیان وەک دەقنامەی ڕێککەوتنەکە وەشاندووە. لێرەدا لەسەر بنەمای ئەو دەقە بڵاوە، کۆی گشتیی بابەتەکە و پێگەی هەرێم و عێراق شیتەڵ کراوە.
ڕێککەوتنەکە هاوکاری دوولایەنەی سیاسیی، سەربازی، ئابووریی، پیشەسازی، تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و  زانیاریی لە خۆ دەگرێت، لە نێویشیدا درووستکردنی شاڕێی نێوان دوو وڵات و بەستنەوەی بە وڵاتانی ناوچەکەوە دەگرێتەوە.
ئەم ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە پەرلەمانی هەردوولاوە پەسەندبکرێت، لە چەندین خاڵی هەستیاری ئاسایشیی، هەواڵگری، سیاسی و ئابووریی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بە عیراق و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستە، هەرێم و عیراق لە شاڕێی پێشنیارکراوی ناو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا پێگەی تایبەتیان پێدراوە.
پێشینەی مێژوویی و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە
ناوی ڕێککەوتنەکە، "بەرنامەی هاوکاریی فرەلایەنەی ٢٥ساڵەی ئێران و چین"ە، لەلایەن "ئەمیندارێتی باڵای میکانیزمی هاوبەشی گشتگیری ستراتیژیی ئێران و چین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوا درافتی پێشکەشکراوە.
دەقی ڕێککەوتنەکە ١٨ لاپەڕەیە: لە بەراییەک، نۆ(٩) بەند و سێ(٣) پاشکۆ پێکدێت، بوارەکانی ئامانجی سیاسیی دوو وڵات، ڕێگای بازرگانی، کردنەوەی ڕێڕەوی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، پێشخستنی بواری بازرگانی، ڕاکێشانی هێڵی ئاسن لە وڵاتانی ناوچەکەدا، پێشخستن و پەرەپێدان و گواستنەوەی وزەی وڵاتانی ناوچەکە، پەرەپێدانی سەربازی و ئەمنی هاوبەشی دوولایەنە لە ناوچەکە و وەبەرهێنانی چین لە پێنج بەندەر و دورگەی ئێرانیدا لە خۆ دەگرێت.
مێژووی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەرکۆماری چین بۆ ئێران(٢٠١٦)، وەک لە پێشەکی ڕێککەوتنەکدا دیارە، هەر لەو ساڵەدا تۆوی ڕێکەوتنەکە چێنراوە و ڕێککەوتنەکەش بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پرەنسیپە هاوبەشە بڕیارلێدراوەکانە کە لە بەندی شەشەمی بەیاننامەی "بەدیهێنانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان چین و ئێران" لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی چین لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٦ لە تاران بڵاوکرایەوە، ئاماژەی پێدراوە.
لە بەرایی ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرجەم بوارەکانی بازرگانی، ئابووریی، سیاسیی، کولتووری و ئاسایشیی و سەربازی دەگرێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ناواخنی ڕێککەوتنەکەدا ئالیەتی گشتی و ناوەندی و بەشەکی بۆ ئەو بوارانە خراوەتەڕوو.


گەرچی زۆر لایەنی ڕێککەوتنەکە و کاتی پەسەندکردنی یان ڕەتکردنەوەی ڕوون نییە و ئەگەری جێبەجێکردنیشی دیسان ڕوون نییە، تا ئێستاش دەوڵەت بەگشتی و چەند بەرپرسێکی حکومی وەک وەزارەتی دەرەوە (زەریف) و یاریدەدەری سەرکۆمار(جەهانگیری) بە جۆرێک پشتیوان و عەڕابی و عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیش وەک هەماهەنگکەری سەرەتایی ڕێککەوتنەکە ناویان دەهێنرێت، بەڵام لەنێو ئێران و کەسانی وەک ئەحمەدی نەژاد و دەیانی دیکە لە بەرپرسان و هەندێک لە ئیسڵاحییەکانیش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نیگەران. لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حکومەتی ئێرانیش وەک موجاهدین و شاهەنشاهیەکان و ڕۆشنبیران ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بە "ئێرانفرۆشی" لەقەڵەم دەدەن و لە یەکەم باسکردنییەوە کە لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە دزەی کردە نێو میدیاکان، چەندین کەمپەینی دژایەتی و ناڕەزایەتی بۆ سازکراوە، پێیانووایە "ڕێککەوتنێکی نابەرامبەرە و ناتوانرێت وڵاتی چین پابەند بکرێت، بەڵام تەنها سودێکی ئەوەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوخبەی سیاسیی حوکمڕان درێژدەکاتەوە". بەڵام دواجار ئایندەی ڕێککەوتنەکە بە دوو لایەنەوە پەیوەستە:
١. چین: کە واپێناچێت سەرجەم بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەنداو و عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئێراندا بکاتە قوربانی ڕێککەوتنێکی ئێرانی-چینی، کە قەبارەی بازرگانییەکەی تەنها ٤٠٠ملیار دۆلارە.
بۆ ئەم مەبەستەش خراپ نییە ئەوە بیربهێنرێتەوە کە ئەگەرچی چین بە هاوپەیمانی ئێران دەزانرێت لانیکەم لە لایەنی ئێرانییەوە، بەڵام تا ئێستا لە زۆرینەی بڕگەکانی سزاکانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش تەبا لەگەڵ ئەمریکا و دژبە ئێران دەنگی داوە. جیا لەوەش لە ساڵانی جەنگی هەشتساڵەی عێراق-ئێراندا، ئەگەرچی دابینکاری بڕێکی چەکی ئێران وڵاتی چین بوو، بەڵام گرێبەستەکانی ئەو سەردەمە دەریدەخەن هەر لەو ئانەدا چەند هێندەی بە عێراقی نەیاری فرۆشتووە.
زیاتر لەوەش چین چەندین ئەزموونی هەیە، لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە لە سالانی ١٩٩٧ و ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨،ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عیراقدا ئەنجامداوە، بەڵام دۆخێکی ستراتیژیی کردەیی لە ڕێککەوتنەکانی بۆ هەردوو وڵات بەدینەهێناوە.
٢. ئێران: دواجار بڕیاری سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ درێژمەودا، بڕیاردەی سەرەکی لای عەلی خامینەیی ڕێبەرە، گەر ئەو ڕەزامەند بێت بە دڵنییایی لە پەرلەمانێکی زۆرینە ئسوڵگەرای ئێراندا زۆر ئاسان تێدەپەڕێت بە بێگوێدانە ناڕەزایەتییە سیاسیی و جەماوەرییەکان.
ئێران، لێرەدا هەمان سیناریۆی عێراقی ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ دوبارە دەکاتەوە، کە عێراق وەک ئێستای ئێران ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا و گەمارۆی ئابووریی بووبوویەوە، بۆ ڕزگاربوون و ناچارکردنی ئەمریکا لە سووککردنی سزا و دانەبڕانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی(وەک ئێستای ئێران)، پەنای بردە بەر ڕێککەوتن لەگەڵ چیندا، بەڵام نەک فریای سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتە نەکەوت، بەڵکو پرۆسەی کەوتنی پاش پێنج ساڵ(٢٠٠٣) هاتەدی، بە بێئەوەی چین هەنگاوێکی کردەیی بۆ هێشتنەوە و دژایەتی ئەمریکا بهاوێژێت.
بۆیە چەندێک ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئارادا بێت هێندەش پەیوەستە بە فشارەکان و سازانی نوێی تاران و واشنتۆنەوە هەیە، هەمان هێندەش پەیوەستە بە تێکئاڵاوی بەرژەوەندییەکانی چین و ئەمریکاوە، چونکە ناکرێت نادیدە بگیرێت کە ئەمریکا سێیەم وڵاتە کە چین کاڵای لێدەکڕێت و یەکێکیشە لە فرۆشیارە سەرەکییەکان هەر بەو وڵاتە، زیاتر لەوەش چین زیاتر لە ١٠٠٠ملیار قەرزاری ئەمریکایە و پێناچێت لەبەر بەرژەوەندییەکانی و نەئاڵۆسکاندنی زیاتر ئەمریکا ئامادەبێت وا لە سەرجەم ئەو بەرژەوەندییانە بهێنێت بۆ ئێرانێک کە لەنێوخۆی خۆشیدا ئایندەیەکی ڕوونی لێدیار نییە.

- عێراق و هەرێم لەڕێککەوتنەکەدا
لێرەدا لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەک بوارێکی زیندووی سیاسیی، سەربازی و ئابووریی بۆ ئێران، چ پێگەیەکیان دەبێت و یاخود چ کاریگەرییەکیان لە ناو ڕێککەوتنەکەدا دەبێت؟ پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە عێراق و هەرێمەوە چییە و لە چ بڕگەیەکدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئامانجەکە جوگرافیا، بازرگانی و پیشەسازی، سیاسەت و بواری سەربازیی عێراق و هەرێم دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە؟
گەر ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین سەرکەوتوو بێت، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان وەک هاوسێ و وەک بەشێک لە عێراقیش کاریگەری جێدەهێڵێت، چونکە عێراق و ئێران هاوسێیەتییەکی کاریگەر و کارتێکەرییان لەسەر یەک هەیە و بە هەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی سیاسی و ئابووریی ڕاستەوخۆ لەسەر یەک کاریگەر دەبن، ئیتر لە سیستمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی و دۆخە کۆمەڵایەتیی و مەزهەبیەکانیش. هێندە بەسە کە بزانرێت نزیکەی ١٤٥٨کم هێڵی مەرزیی هاوبەش هەیە درێژترین سنووری لەگەڵ عێراقدا هەیە لە چاو دراوسێکانی دیکەیدا، زۆرینەی هێڵی سنووری ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی عێراق پێکهێنەری ئەم سنوورە ستراتیژیی و سیاسییەیە لەنێو ئەم سنورەدا کە هاوبەشێتی جوگرافی-سیاسی-بازرگانی ئێران-عێراق دەچەسپێنن چوار لە پارێزگا کوردستانییەکانی ئێران و چوار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەخۆ، لەڕووی کولتووری و مەزهەبیشەوە هاوبەشییان زۆرە و لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمیشەوە قوڵآیی ستراتیژی یەکتر پێکدەهێنن. لە ڕووی سیاسییشەوە لەپاش ٢٠٠٣ەوە ئیدی ئێران و عێراق زەمینەی سیاسەتکردنی یەکترن و ئێران وەک تەواوکارێکی قەڵەمڕەوییەکەی لە ڕۆژهەڵاتدا لە عێراق دەڕوانێت.
لێرەدا ئەو بەند و بڕگانە دەخرێنەڕوو و شرۆڤەدەکرێن کە پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێم و کۆی پاکێجی مەسەلەی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانییەوە هەیە.


لە کۆی ڕێککەتنەکەدا شەش(٦)جار ناوی عێراق هاتووە و لە نۆ(٩) بڕگەی دیکەشدا ناڕاستەوخۆ باسی “وڵاتی سێیەم” یان وڵاتانی ناوچەیی کراوە، کە بە دڵنیایی عێراق و هەرێمی کوردستان مەبەستێکیانە.
١. لەڕووی سیاسییەوە: 
هەر لە بەندی یەکەمی ڕێککەتنەکەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردوو وڵات "ستراتیژی براوە-براوە" لە وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا پیادە دەکەن، وەک لە بڕگەی دوو-شدا هاوکاری سەربازیی، توانای بەرگری و یەکهەڵوێستی سیاسیی لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا ئاماژەی پێدراوە(بەندی١)، لە پاشکۆی ژمارە یەکیشدا(١) هەمان ئامانج دووبارە کراوەتەوە. 
دیارە هاوهەڵوێستی سیاسیی و سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی عێراق و هەرێم دەبێت.
ڕێککەوتنەکە ڕاشکاوانەتر باس لە دژایەتیکردنی تیرۆر ڕێکخراوە دژبەرەکان دەکاتەوە، کە دیارە لە پێناسەی سیاسیی دەوڵەتێکی وەک ئێراندا سەرجەم ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە هەم ڕێکخراوی ئێرانی لە عێراق و هەم کوردستانی لە  هەرێم دەگرێتەوە.(بەندی٤)
هەروەها بەندێکی¬تری کاری هاوبەشی دوو وڵاتەکەیە لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بە جۆرێک بەرنامەی هاوبەش و پرۆژە لەو وڵاتانە بخرێتەگەڕ.(بەندی٧)
٢. لە ڕووی بازرگانی و وزەوە 
لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی کولتووری-مەزهەبیشدا، لە چەند بڕگەدا عێراق و هەرێم، بوونەتە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئایندەیی چین و ئێران، لەوانەش: بنیادنانی پرۆژەی گواستنەوەی وزەی عێراق، وەبەرهێنان و دروستکردن و گواستنەوەی کارەبا بۆ عێراق(دیارە ناوی وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان و سوریاش لەو بڕگەیەدا بۆ هەمان مەبەست هاتووە).(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١و٢)  هەروەها پرۆژەی ڕاکێشانی "هێڵی ئاسنی مەزهەبی-زیارەتی" نێوان پاکستان-ئێران-عێراق-سوریا، تەبەنیکراوە، هەروەک چۆن باس لە کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی پاکستان-ئەفغانستان-عێراق-سوریاش کراوە کە ببێتە ڕێڕەوێکی بازرگانیی ناوچەیی.(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١)، دروستکردنی پرۆژەی گەشەپێدان لە وڵاتانی ناوچەکەدا(پاشکۆی٢/ها/٦)، بەهێزکردنی ڕێکخراو و دەزگاکانی وڵاتانی ناوچەکە(پاشکۆی٢/ز/٢).  
گرنگە بووترێت کوردستان جیا لەوەی لە سیاسەتیی کولتووری ئێراندا نیشانەکراوە، بەشێکی شارەکانی کوردستان وەک کرماشان و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی، کەرکوک، خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالە بەشێکن لە ڕێگە و نەخشەی ڕێڕەوی بازرگانی، زیارەتکارانی مەزهەبی شیعە. لە هەبوون و گواستنەوەی وزەشدا دیسان هەرێم لە قوڵایی ستراتیژیی ئێراندا جێگەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی ڕاکێشانی ڕێگای ئاسنیش بە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا چەندین پرۆژەپێشنیار لە بەرنامەی ڕێسازیی ئێران و عێراقدا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا لە ئارادان کە هەندێکیان شارەکانی سلێمانی، خانەقین، کرماشان، مەهاباد و ورمێ لە خۆدەگرن و لە نموونەی ڕێگای پێشنیارکراوی ئاسنی: هێڵێ کرماشان-خوسرەوی-خانەقین-بەغدا. هەروەها ڕێگەیەکی پێشنیارکراوی ئێرانی دیکەش هەیە و کە خودی سەرکۆماری ئێران جەختی لەسەر کردۆتەوە بریتییە لە ڕێگای ئاسنی سنە-باشماخ-سلێمانی تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ هەمان مەبەستیش پارێزگاری سنە داوای جێبەجێکردنی پرۆژەکەی لە ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە و کۆمپانیای قەیوان وەک جێبەجێکاری دیووی هەرێم، کردووە. 
 سەبارەت بە ناوچەکانی باشووری عێراقیش هێڵی خوڕەمشەهر-بەسرە لە ئارادایە. کە دیسانەوە لە ڕێککەوتنی چین و ئێراندا ئاماژە بەو ڕێگا ئاسنی و بازرگانیانە دراوە. کە نەک ئێران و عێراق بەڵکو وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و سوریاش دەگرێتەخۆ.
لە کۆتا پاشکۆشدا ڕێککەوتنەکە باس لە دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پرۆژەی هاوبەشی دوولایەنە دەکات لە وڵاتانی سێیەمی وەک عێراق(پاشکۆی٣/بڕگەی آ/٦)، هەروەها جەخت لە سوودوەرگرتن لە بواری جیۆئیکۆنۆمی وڵاتانی دراوسێ کراوەتەوە کە دیارە عێراق لە نێو ئەو ئامانج و نیشانەدایە.( پاشکۆی٣/بڕگەی ب) 
بە کورتی بونیاتنانی ڕێگای بازرگانی و هێڵەکانی ئاسن و ڕێڕەوەکان بۆ وڵاتی چین بەشێکە لە ستراتیژی "یەک پشتوێن، یەک ڕێگا One Belt, One Road"، بۆ وڵاتی ئێرانیش هەم کارتی فشارە بەرامبەر ئەمریکا و هەم جێبەجێکردنی سیاسەتە مەزهەبی و کولتوورییەکانە و ڕێگای گەیشتنیشە بە ئامانجە سیاسییەکانی، ئەڵبەت لە ئەگەری جێبەجێکردندا.


بابەتی پێشوو:
تێگەیشتنەوە لە کۆڕەو کۆژان وەک کاریزما
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand