Draw Media

مەترسیەكانی سەر قەوارەی هەرێم بەهۆی هەناردەكردنی غازی سروشتیەوە چین ؟

مەترسیەكانی سەر قەوارەی هەرێم بەهۆی هەناردەكردنی غازی سروشتیەوە چین ؟

2022-05-05 18:51:26


 
نەوزادی موهەندیس
•    هەرێمی كوردستان تائێستا بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا.هەربۆیە لەلایەك ئەرك و دەسەڵاتی دیاریكراوی لە ئەستۆدایە و لەلایەكی تریشەوە مافی دەستوری تایبەت بەخۆی هەیە.هەربۆیە هەرێمی كوردستان لەلایەك ناتوانێت وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكات لەڕووی سیاسیەوە بێت یان بارزگانی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە بێت لەدەرەوەی سنورە نێودەوڵەتیەكانی دەوڵەتی عێراقیدا بەبێ‌ ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەند. لەلایەكی تریشەوە ئەم هەرێمە لەكاتی هەڕەشە و مەترسیە دەرەكیەكاندا بۆی هەیە داوا لەدەوڵەتی ناوەندی و سوپای وڵات بكات كە بیپارێزن لەهەر هەڕەشە و فشار و مەترسیەكی دەرەكی.بۆیە تا ئەو سات و كاتەی كە پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتی ناوەندیەوە لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بێت،پێویستە بەم سیسمە كاربكرێت كە لە زۆر ڕوەوە قازانج و سوودی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان تیادایە، تائەوكاتەی زەمین و زەمانی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ جیابونەوە و سەربەخۆبوون.
•    ئاشكرایە هەرێمی كوردستان خۆشبەختانە دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو ((45-60 ملیار بەرمیلی یەدەگی )) و غازی سروشتی((5,2 تریلیۆن مەترسێجا)) و هەمەجۆر كانزای سروشتی تر.كە هەموانیان گەر بە پلان و عەقڵ و ئیدارەیەكی ژیر و حەكیم و زانستی و لێزانانەوە ببرێن بەڕێوە ئەوا دەبنە سەرچاوەی داهاتی زۆر و زەوەند و مایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانبونەوەی زیاتری وڵات و گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردەواریش لەهەموو ڕوەكانەوە .بەڵام گەر بە پێچەوانەشەوە ئەم سەروەت و سامانە سروشتیانە بە بیری تەسكی كەسی یان حیزبی یان لەبەرژەوەندی گروپێك یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو مامەڵەی پێوەبكرێت بەشێوەی تاریكاوی و ناشەفاف ئەوا نەك هەر نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی تاك و خێزان و كۆمەڵگا بەڵكو دەبێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئێستا و ئایندەی هەرێمەكەشمان و دەبێتە هۆی قەرزار باری و كەڵەكەبونی قەرزی زۆرو زەوەندی وڵاتان و كۆمپانیاكانیش و بۆ دەیان ساڵی ئایندەش هەروا دەمێنێتەوە.
•    بۆیە نەوت و غازی سروشتی لەهەموو جیهاندا و بەتایبەتیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەوڵەمەندە بەهەردوو سەرچاوەی وزەكەوە لە ((نەوت و غازی سروشتی)) بەتایبەتیش وڵاتە عەرەبیەكان، بەشێوەیەك  بەپێی ئاماری ساڵی 2020 وڵاتانی عەرەبی بەڕێژەی 55.7% یەدەگی نەوتی جیهانیان تیادایە  كە یەكسانە بە 715.8 ملیار بەرمیل نەوتی خاو كە لە 5 وڵاتی عەرەبیدا هەیە بەڕێژەی 92.7% كە بریتین لەهەریەكە لە ((سعودیە و عێراق و كوێت و ئیمارات و لیبیا))و بەڕێژەی 26.5% یەدەگی غازی سروشتی جیهانیان تیادایە كە بەم ڕێژانە لەهەر سێ وڵاتانی ((قەتەر 43.8% و سعودیە 16.9% و ئیمارات 11.2%)).
•    بۆیە نەوت و غازی سروشتی هەمیشە وەكو چەكێكی یان شمشێرێكی دوو دەم وایە گەر بەڕاست ودروستی و لە چوارچێوەی مامەڵە و یاسا و ڕێسا كاریپێكراوە جیهانیەكان و هاوجووت لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەكان و كۆمپانیا زەبەلاحە نەوتیەكاندا هەڵوسكەوتی لەگەڵدا كرا ئەوا سەرەڕای ئەوەی كە كۆمپانیاكان قازانی زۆر دەكەن بەڵام لێشدەگەڕێن كە خاوەنی سەرچاوەكانیش قازانج بكەن، بەڵام ئەویش لەسنورێكی دیاریكراودا. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەوانەوە جوڵایتەوە ئەوا دەبێتە مایەی سەرخواردن و مایەپووچبوون ولەناوچوون و ڕووخاندنی دەسەڵات و وڵاتەكەشت .هەروەكو چۆن ڕوویدا لەگەڵ حەمەڕەزا شای ئێران و صدام حسێنی عێراق و موعەمەی قەزافی لیبیا و هۆگۆ شافێزی فەنزەوێلا و گەلێكی تریش.
•    لە ئێستادا هەرێمی كوردستان كە لەساڵی 2002وە بیرە نەوتەكانی تەقتەقی هەڵدایەوە و دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەدەوە و دواتریش واژۆكردنی 42 گرێبەستی جیاوازی نەوتی(( 5-50 ساڵی))  لەگەڵ 26 كۆمپانیای جیاواز و لە 50 بلۆكی نەوتیدا،و دواتریش بەناوی پیادەكردنی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوریەوە،كەوتە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-جیهان توركیەوە بە ئاشكرا و بێ‌ مۆڵەت وەرگرتن لەبەغداد و بێ هاوكاری و هەئاهەنگی لەگەڵیدا.ئەوەی كە لەسەر زەمینەی واقع دەیبینین بریتیە لەوەی كە حكومەتی هەرێم خۆی پابەندكردوە بەو گرێبەستە نەوتیانەوە لەگەڵ كۆمپانیكاندا و مانگانە زیاد لە نیوەی داهاتەكەی دەداتەوە بە (( خەرجی كۆمپانیان و كرێی بۆری گواستنەوەی نەوت وپاراستن و صیانەكردنی بۆریەكان و قەرزی كەڵەكەبووی چەند ساڵە و ...هتد.))كە بونەتە مایەی ئەوەی حكومەتی هەرێم نەتوانێت تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی خۆشی لەكاتی خۆیدا دابینبكات و پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانیەكانیش جێبەجێبكات.بەرئەنجام هەرێمی كوردستان زیانی بەركەوتوە نەك قازانج.
•    مەترسیەكانی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان
تایبەت بە فرۆشتنی غازی سروشتیشەوە ،بەڕای بەندە گەر بەم عەقڵ و پلان و بیركردنەوەیەی نەوتی خاوەكە بێت ئەوا لە غازی سروشتیەكەشدا نەك هەر زیانی گەورەمان بەردەكەوێت لەڕووی ئابوریەوە ،بەڵكو مەترسی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمەكەشمان دێتە ئاراوە ئەوە واز لە قازانجكردن هەربێنە!!.
چونكە غازی سروشتی لە ئێستادا و بۆ ئایندەش لە جیهاندا دەبێتە جێگرەوەی سەرەكی نەوتی خاو لە پیشەسازیە هەمەجۆرەكاندا و بۆ گەرمكردنەوە و بەگەڕخستنی كارگە پیشەسازیەكان و وێسگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباو ..هتد.چونكە لەلایەك نرخی هەرزانترە لەنەوتی خاو و لەلایەكی تریشەوە هاوڕێی ژینگەیە و پاك و خاوێنە و پاشەڕۆی پیسكەریشی نیە.هەرێمی كوردستان بەو بڕە یەدەگەی كە هەیەتی((5,2 تریلیۆن سێجا))، ناتوانێت ببێتە بەدیل و جێگرەوەی وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنی غازی سروشتی لەناوچەكەدا وەكو ئێران و ڕوسیا و قەتەر و ئیسڕائیل و ..هتد.لەبەرئەوەی بڕەكەی هێندە زۆر نیە كە هەرێمی كوردستان قەوارەكەی و دەسەڵاتەكەی و مانەوەی بخاتە بەر مەترسی هەڕەشەی دەوروجیران و زلهێزەكانیشەوە.لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵیە و خاوەن سیادەو سەروەری خۆی نیە و هەڵكەوتە جوگرافیاكەشی لە قازانجیدا نیە و كەوتۆتە نێوان بەرداشی لەلایەك ئێران و ڕوسیا و لەلایەكی تریشەوە توركیا و ئەوروپاوە. كە لە ئێستادا بەهۆی هەڵایسانی شەڕی ڕوسیا-ئۆكرایناوە بونەتە دوو جەمسەر و بلۆكی ناتەبا و دژ بەیەكتری و لەململانێیەكی توندان لەسەر دەسكەوتن و دابینكردنی غازی سروشتی بۆ توركیا و ئەوروپا چونكە هەردولایان سەرچاوەی غازی سروشتیان بریتیە لە وڵاتی ئێران و ڕوسیا و ...هتد.بۆیە گەر هەرێمی كوردستان بێگوێدان و بێ‌ ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتنی پێشوەختە لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا بۆ فرۆشتنی غازی سروشتیەكەی ئەوا دەكەوێتە بەر هەڕەشە و لێدان و فشاری ئەو دوو وڵاتەوە كە هەردوكیشیان زلهێزی ناوچەیی و دونیایین و گاڵتە بەهێز و نفوزیان ناكرێت و بینیشمان كە لەیەكەم پەرچەكرداریاندا بە ڕۆكێت و موشەك پایتەختی هەرێمەكەمانیان بۆردومان كرد.لەولاشەوە توركیا و ئەوروپا فشارێكی زۆر دەكەن بۆ كڕینی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان چونكە پێویستی زۆریان پێیەتی بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان.


•    هەنگاوە خۆپارێزیەكانی هەرێم
جا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەهەموو ئەم هەڕەشە و فشارانە دووربكەوێتەوە و غازەكەشی بفرۆشێت بە نرخێكی بەرزتر و لەدوایشدا پشكی خۆی لەداهاتەكەی وەربگرێت و قەوارەی هەرێمیش بە ساغ و سەلامەتی و پارێزراوی بمێنێتەوە بەڕای بەندە پێویستە هەستێت بە:
1.ڕیكەوتن وهەمئاهەنگی كردن لەگەڵ بەغدادو وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی كوردستان.
2. دووربكەوێتەوە لەوەی كە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو هیچ ڕێكەوتنێكی نێودەوڵەتیەوە لەگەڵ وڵاتان یان كۆمپانیاكاندا.چونكە لەڕووی یاساییەوە هەرێم ئەو دەسەڵاتەی نیە و دواتریش بەدەردی گرێبەستە نەوتیەكان دەچێت.
ئەم دوو هەنگاوەش بە قازانجی هەرێم دەشكێتەوە،چونكە عێراق گەر خۆی بكاتە خاوەنی غازی سروشتیەكە و گرێبەست بكات و بیفرۆشێت بەنرخێكی بەرزتر،ئەوا هیچ وڵاتێكی ناوچەكە و زلهێزەكانیش بەو ئاستەی هەرێم ناتوانن فشاری بخەنە سەر و هەڕەشەی سەربازی لێبكەن و وڵاتەكەش موشەكباران بكەن وەك ئەوەی لەگەڵ هەرێمدا كردیان.

•    دەسكەوت و قازانجەكانی هەرێم
كەواتە هەرێم لەهەموو ڕوەكانەوە قازانج دەكات لەوەی كەبەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ غازی سروشتیەكەیدا بكات ،و لەڕٍووی سیاسیەوە قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتەكەی پارێزراو دەبێت لەهەڕەشە و فشاری وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و لەڕووی ئابوری و داهاتیشەوە قازانی زیاتر دەكات و پشكەكانی هەرێم زیاد دەكات ولە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە ئەوا دەوڵەتی عێراق ئەركێتی كە بیپارێزێت و لە ڕووی یاسایشەوە گرێبەست و مامەڵەكانی یاسایی و دەستوری دەبن.جا بەم شێوەیە هەم قەوارەی هەرێم و هەم خەباتی سەدان ساڵەی میلەتەكەمان و هەمیش ماڵی  خۆمان دەپارێزین و ئاگری شەڕێكی حەتمی كە بەردەمی ماڵەكەمانی گرتوە لە خۆمانی دووردەخەینەوە.
•    بەو هیوای ئەمجارە دەسەڵاتی كوردی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لەسەرخۆیی و حەكیمی و دووربینی مامەڵە لەگەڵ غازی سروشتیەكەیدا بكات و بەدەردی نەوتەكەی نەبات كە تائێستا نەبۆتە نیعمەت و هێشتا بە نیقمەت و زیانی گەورە شكاوەتەوە بەسەر هەرێمەكەماندا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand