Draw Media

سیستانی.. تارمایی پشت بڕیارە قورسەكانی عێراق

سیستانی.. تارمایی پشت بڕیارە قورسەكانی عێراق

2018-05-09 09:21:19


ڕاپۆرتی: نامیق رەسوڵ

عەلی حوسەینی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف، لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و بونیادنانەوەی عێراقی نوێ‌ كەسایەتییەكی بە هەژمونە و رۆڵێكی گەورەی هەبووە لەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی دوای 2003 لە عێراق روویانداوە، لە چەندین پرسی تایبەت بە دەستوری هەمیشەیی عێراق و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران رۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە و قسەی كۆتایی لای ئەو بووە.
سیستانی تەمەن 87 ساڵ، لە 4ی ئابی ساڵی 1930 لە شاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، نازناوەكەی لە زێدی باپیرییەوە وەگرتووە كە شاری "سیستان"ە. 
سیستانی ماوەی 60 ساڵە لە عێراق و بە دیاریكراوی لە شاری نەجەف مەڵبەندی ئاینی شیعەكان دەژی، لە دوای مردنی ئەبولقاسم خوئیەوە رابەرایەتی حەوزەی عیلمی نەجەفی پێسپێردراوە، كە یەكێكە لە خوێندنگە ئاینییەكانی شیعەی 12ی ئیمامی لە جیهاندا.
هەڵوێستی سیستانی لە پرسە سیاسییەكانی عێراقدا
لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، سیستانیی پەیامێكی ئاڕاستەی گەلی عێراق كرد و تێیدا داوای لە عێراقییەكان كرد نەكەونە شەڕی تائیفی و مەزهەبییەوە و یەكگرتوو بن، دەربارەی رووبەڕووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكاش، سیستانی كە بۆچوونەكانی لە رێگەی وتاربێژەكانی نەجەف و كەربەلاوە لە رۆژانی هەینیدا بڵاودەكاتەوە، بەرگری چەكدارانەی دژی ئەو هێزانە رەتكردەوە و داوایكرد بەرگرییان دژی ئەو هێزانە بە شێوازی ئاشتیانە بێت.
سیستانی و دەستوری هەمیشەیی عێراق
دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە عێراق لە ساڵی 2003 پلانیاندا دانا بۆئەوەی دەستورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق بنوسنەوە، سەرەتا بڕیاریاندا ئەنجومەنێك بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنن، بەڵام سیستانیی ئەو هەنگاوەی رەتكردەوە و لە نامەیەكدا كە نوێنەرەكانی بڵاویانكردەوە، داوایكرد ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی ئەركی نوسینەوەی دەستوریان پێ‌ دەستپێدرێت هاوڵاتیان هەڵیببژێرن، دوای چەندین گفتوگۆی نێوان پۆڵ برێمەر حاكمی مەدەنی عێراق و سیستانیی، دەسەڵاتی هاوپەیمانان ناچاربوو ملبدات بۆئەوەی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بەشێوەی هەڵبژاردن دیاری بكرێن، ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتیقالی هەڵبژێدرا كە لە 100 ئەندام پێكهاتبوو، 19یان ئەندامی ئەنجومەنی حكوم بوون و سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەش بە (حاچەم حەسەنی)ی سپێدرا.
ئەنجومەنەكە رۆژی 10 ی ئایاری 2005 لیژنەیەكی 55 كەسی بۆ نوسینەوەی دەستور هەڵبژارد و دواتر 15 ئەندامی تری بۆ زیادكراو و دوای نوسینەوەی دەستورەكە لە راپرسییەكەدا لەلایەن دەنگدەرانی عێراقەوە پەسەندكرا و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سیستانیی و حەشدی شەعبی
 دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە  10ی حوەزیرانی 2014 و نزیكبوونەوەی ئەو رێكخراوە لە بەغداد، نوسینگەی سیستانیی لە نەجەف بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای لە هێزە سیاسییەكانی عێراق كرد یەكگرتوو بن و وتاریان یەكبخەن، سیستانی پشتیوانی خۆشی بۆ سوپای عێراق دەربڕی و رۆژی 13ی حوەزیران فەتوایەكی بۆ جیهاد و هەڵگرتنی چەك لەدژی داعش دەركرد، لەسەر بنەمای ئەو فەتوایە هێزەكانی حەشدی شەعبیی پێكهێنران، كە رۆڵی دیاریان لە كۆتاییهێنانی داعشدا گێڕا و دواتر لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە یاسایەك بۆ رێكخستنی ئەو هێزانە پەسەندكرا و هەندێك لێپرسراو و چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێن" ئەو فەتوایەی سیستانیی عێراقی رزگاركرد و پلانەكانی داعشی لەباربرد".
سیستانی و پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران
 لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2014، نوری مالیكی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و هەوڵیدا بۆ خولی سێیەم پۆستەكە وەربگرێتەوە، ئەم هەوڵەی مالیكی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوماڵی شیعەشی پەرتكرد، وەك باقر جەبر زوبەیدی سەركردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە وتارێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكردووە" عەلی سیستانی بە نامەیەك توانی كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت و نوری مالیكی لە وەگرتنی خولی سێیەم دووربخاتەوە و حەیدەر عەبادی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت".
سیستانیی و هەڵبژاردنی 12ی ئایار
شەممەی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دەنگدەرانی عێراق كە ژمارەیان 24 ملیۆن كەسە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و 329 پەرلەمانتاری نوێ‌ بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێرن.
ئەم پرۆسەیە زیاتر لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بێت، شاڕێگەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە چوار ساڵی ئایندەدا، بەو پێیەی كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان  رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
سیستانی هەفتەی رابردوو لە نامەیەكی دەستنوسدا هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەربڕی، لە نامەكەیدا سیستانی جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكات:
یەكەم: گرتنەبەری رێگای هەڵبژاردن بژاردەی راست و دروستە بۆ ئێستا و داهاتووی گەل، رەتكردنەوەی حوكمی تاكەكەسی و رژێمی ستەمكار لەژێر هەر ناوێكدا بێت.
دووەم: بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنەدا مافی هەموو هاوڵاتییەكە كە مەرجی یاسایی تێدا بێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە لەوەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن یاخود نا، بەڵام دەبێت ئەو بڕیارە بە ئاگاییەكی تەواوەتی و سوربوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵات و داهاتووی رۆڵەكانی بدرێت.
سێیەم: مەرجەعییەتی باڵا بە یەك دووری لە هەموو كاندید و لیستەكانی هەڵبژاردنەوە رادەوەسێت، بەو واتایەی پشتیوانی هیچ كەس و لایەنێك یاخود لیستێك ناكات.
پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردوو، ئەمجارە شیعەكان كە زۆرینەی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن، پەرتبوون و بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، هەر لیستێكیش لەوانە هەوڵدەدات پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بۆ خۆی بێت، ئەمەش وادەكات كە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە ناو ماڵی شیعەكاندا ئاسان نەبێت و كاتی زۆر بخایەنێت.
دیارنییە ئاخۆ ئەمجارەش هاوشێوەی 2014، سیستانیی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلادەكاتەوە یاخود نا ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوای 12ی ئایار و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە ئاشكرادەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand