Draw Media

سیناریۆكانی پێكهانی حكومەتی داهاتووی عێراق

سیناریۆكانی پێكهانی حكومەتی داهاتووی عێراق

2018-05-06 14:38:59



راپۆرتی : ئارام مەحمود 
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ كێ‌ یەكلادەبێتەوە؟ یەكێكە لەو پرسیارانەی زۆرترین پێشبینی و لێكدانەوەی لەبارەوە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ململانێی نێوان هێزەكانە بۆ دەستهێنانی زۆرترین كورسی لە دامەزراوەی یاسادانان، بەڵام لە بنەمادا ململانێی نێوان هێزە گەورەكانە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران و پۆستە باڵاكانی تری دەوڵەت.   
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن (النصر) یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە وەك خاوەنی بەهێزترین چانس بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خولی دووەم ناوی دەهێنرێت، بەڵام تاكە كاندید نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەهۆی دابەشبونی شیعەكان بەسەر چەند ئیئتیلاف و هاوپەیمانێتییەكدا ناوی ژماریەك كەسایەتی تریش دێن، كە دیارترینیان (نوری مالیكی و هادی عامری و محەمەد شیاع سودانی و قوسەی سوهیل و قاسم ئەعرەجی) یە.
عەبادی و ئاستەنگەكانی بەردەمی
هەر پێشبینیەك بۆ سەرۆكی حكومەت داهاتووی عێراق بەبێ‌ ناوهێنانی حەیدەر عەبادی بە نالۆژێكی و خوێندنەوەیەكی ڕووكەش بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە ڕووداوەكانی چوار ساڵی ڕابردووی عێراق وەسفدەكرێت، عەبادی وێڕای ئەوەی بەكەسێكی هاوسەنگی ناودەبرێت و  قسەش هەیە كە ڕەزامەندییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەربێت بۆ تەواوكردنی ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستیپێكردووە، جگە لەوەی توانی بە هاوكاری هاوپەیمانان یەك لەسەرسێی خاكی عێراق لە داعش پاكبكاتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەی دەرفەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولی دووەم بۆ یەكلابوبێتەوە.
لە كاتێكدا چەندین لایەن و هێزی شیعی ڕكابەری عەبادی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەوپێیەی حزبی دەعوە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە دەستیگرتوە بەسەرجومگە هەستیارەكانی دەسەڵات بەتایبەت پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین لایەنی گرنگی ناو ماڵی شیعەی پەراوێزخستوە، سەرچاوە نزیكەكانی عەبادی ترسیان لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان ناشارنەوە،  بەهۆی ئەوەی مالیكی پێگەی بەهێزی هەیە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و لقەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پارێزگاكانی باشوور، كورد و سوننەش مەرجیان هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە بدەنەوە بەعەبادی.
سوننەكان پشتیوانیكردنی عەبادیان بە بەدیهێنانی خواست و بەڵێنەكانیەوە گرێداوە، كە دیارترینیان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆسەر زێدی خۆیان و قەرب،وكردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەكانیان، كوردیش وێڕای پرسیاركردن لە چارەنوسی بەڵێنەكانی ڕابردوو، پرسیاری گەورەشیان هەیە لەسەر ئەو حكومەتە تەكنۆكراتەی كە عەبادی بەڵێنی پێكهێنانیدا، جگە لە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوق و بەشداری ڕاستەقینە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی و پێیانوایە عەبادی نەیتوانیوە شتێكی زیاتر لەوانەی پێش خۆی پێشەكەشبكات.
خاڵێَكی تر كە نەیارەكانی عەبادی بەتایبەت لیستە شیعەكان  وەك شكستی ناوبراو زەقیان كردوەتەوە، نەبردنە سەری بەڵێنی هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانییەتی.

سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت
یەكێك لەو سیناریۆیانەی كە باس دەكرێت پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقیە بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، سیناریۆی دووەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسییە بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی یان كاندیدێك كە مالیكی و هاوپەیمانەكانی لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشنیازی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، سیناریۆی سێهەمیش پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن كەسایەتییەكی شیعەوە كە ئەمریكا و سعودیە بەپلەی سەرەكی و دوای ئەوانیش ئێران لەسەری ڕێكدەكەون.
لە خولەكانی ڕابردوودا ئێران ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەدەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی لە ناوچەكە دەستنیشاندەكرێت، بەهۆی پاشەكشێی ڕۆڵی ئێران لە عێراق بەتایبەتی دوای پەرتەوازەبوونی ناوماڵی شیعە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و دووركەوتنەوەی زیاتری هاوپەیمانی (سائرون)ی، سەربە موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی (النصر)ی، حەیدەر عەبادی لە ئێران.
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand