Draw Media

بەراوردێك لەنێوان هەڵبژاردنەكەی لوبنان و عێراقدا

بەراوردێك لەنێوان هەڵبژاردنەكەی لوبنان و عێراقدا

2018-05-07 14:50:10


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوێنێ شەممە لە لوبنان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، یەك هەفتە دوای لوبنان واتە رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
لەم چەند خاڵەدا" درەو میدیا" بەراوردێكی نێوان هەڵبژاردنەكەی لوبنان و هەڵبژاردنی عێراق دەخاتەڕوو:
•    لە لوبنان (500) كاندید كێبركێیان كرد لەسەر بردنەوەی (128) كورسی پەرلەمان، بەڵام لە عێراق (6 هەزار و 986) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمان دەكەن.
•    لە لوبنان (3 ملیۆن و 600 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لە عێراق (24 ملیۆن و 33 هەزار و 494) كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
•    لە لوبنان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمینجار لە مێژوودا رەوەندی دەرەوە بەشداری دەنگدانیان كرد، بەڵام لە عێراق لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە رەوەندی دەرەوە مافی بەشداریكردنیان هەبووە.
•    لە لوبنان بەپێی یاسا دەبوو ساڵی 2013 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە، لە عێراق هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
•    لە لوبنان بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردن ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كەمكرایەوە بۆ (15) بازنە، بەڵام لە عێراق بازنەكانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشووە و (18) بازنەیە.
•    لە لوبنان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكە لە رێژەی 54%وە بۆ 49.2% كەمیكرد، لە عێراق هەڵبژاردنی رابردوو ئاستی بەشداری ئاستی بەشداری گەیشتە 60%، بەڵام دیارنییە ئاستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەمجارە چۆن دەبێت.
•    هەردوو وڵات لوبنان و عێراق بونەتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی نێوان ئێران و سعودیە.
•    لە لوبنان كێبركێی هەڵبژاردن لە نێوان سێ پێكهاتەی سەرەكیدایە (سوننە و شیعە و مەسیحی)، لە عێراق بەهەمان شێوە كێبركێ لە نێوان سێ پێكهاتەدایە (سوننە و شیعە و كورد).
•    لە هەردوو وڵات بەپێی رێككەوتنێكی نەنوسراو پۆستە سێ‌ پۆستە سەرۆكایەتیەكەی لەنێوان پێكهاتەكان دابەشكراوە، لە لوبنان پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ سوننەیە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ شیعە، سەرۆك كۆماریش یەكلاكراوەتەوە بۆ كەسێكی مەسیحی، بەڵام لە عێراق پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆ كورد دانراوە.
•    سیستمی سیاسی هەردوو وڵات پەرلەمانییە، واتە لە لوبنان هاوشێوەی عێراق سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بەخۆی و كابینەكەی دەبەخشرێت.
•    لوبنان هاوشێوەی عێراق لە ماوەی رابردوودا بە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی و تائیفیدا تێپەڕیووە.
•    سەرۆك كۆماری لوبنان ماوەكەی شەش ساڵە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق چوار ساڵە و هەردووكیشیان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردێن.

• خاڵێكی تری هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات لوبنان و عێراق ئەوەیە ژمارەیەك دەموچاوی سیاسی دووبارە لەسەر گۆرەپانەكە ئامادەن، لە لوبنان (سەعد حەریری و حەسەن نەسروڵا و میشاڵ عەون، نەبیه بڕی..)، لە عێراقیش (مالیكی و عەبادی و عەلاوی و نوجێفی و ..).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand