Draw Media

 پەڕلەمانی  كورستان و بڕیارێكی  هەڵەو مەترسیدار   

 پەڕلەمانی  كورستان و بڕیارێكی  هەڵەو مەترسیدار   

2021-05-11 11:28:01


ساڵح ژاژڵەیی 
پەڕلەمانی كوردستان  لە دانیشتنی نا یاسایی ژمارە (1 )  ڕۆژی 6/1/2021  بە دەركردنی  یاسای ژمارە (1)  ساڵی 2021 خۆی خستۆتە هەڵەیەكی زۆر گەورەو پڕمەترسیدارەوە .  بە پێی ئەو یاسایە شەرعیەت دراوە  بە تاڵان فرۆشی  موڵك ماڵی دەولەت لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بەدەر لە هەموو ڕێنمایە یاسییەكان .  بەڵام بە پێیی یاسا موڵك و ماڵی دەوڵەت تەنها بە بڕیاری  دەسەڵاتی تایبەتمەند  لە كاتی هاتنەدی بەرژەوەندی گشتی دەفرۆشرێت یان  بەكرێ‌ دەدرێت  بە مەرجێك لە بڕیارەكەدا جۆر و خەسڵەت وبڕی ئەو موڵك و ماڵە دیاری بكرێت  كەبۆ فرۆشتن یان بە كرێدان دیاری بكرێت . خۆ ئەگەر بڕیاری  فرۆشتن یان بە كرێدان درا دەبێت : سەرەتا لیژنەی خەمڵاندنی بۆ پێك بهێنرێت و ئیعلان بۆ فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكو ماڵی دەوڵەت بكرێت  بۆ ئەوەی خەڵك شانسی ئەوەی هەبێت بەشداری كێ بڕكێكە بكەن . 
بەڵام كارەساتەكەو هەڵە گەورەكە  ئەوەیە كە لە مادەی (34) بەشی دووەمی  یاساكە بەدەق هاتوەو دەڵێت  ( ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویست  بڕیار بدات بە فرۆشتنی  موڵك و ماڵە گوازراوەو نەگوازراوەكانی  دەوڵەت یان بەكرێدانیان بەدەر لەوڕێكارانەی لەم یاسایەدا  دەقیان لەسەر كراوە . واتە لە ئێستادا  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی دەتوانن ڕێك بكەون و هەرچی ئەرزو ئاوی ئەم وڵاتە هەیە بیفرۆشن و كەسیش بۆی نابێت نقەی لێوەبێت  چونكە لە پەڕلەمانەوە شەرعیەتیان پێدراوە . 
بۆ ئاگاداری هەموو لایەك ئەم یاسا نوێیەی پەڕلەمانی كوردستان دەری كردوە هیچ  جیاوازییەكی نییە لەگەڵ یاسا كۆنەكەی  ژمارە ( 32)ساڵی 1986 سەردەمی حوكمی بەعس  تەنها زیادكردنی دەسەڵاتە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران . هەر لەبەر  ئەوەشە ناوی  هەموار كردنی یاسای ( 32) لێ نەنراوە و  بەیاسایەكی نوێ‌ دەركراوە !!.
جەماوەری خەڵك كوردستان ، ڕۆشنبیران ، خەمخۆرانی ئەم وڵاتە هەمومان ئاگادارین و باش ئاگاداری بارۆدۆخی هەرێمی كوردستانین . ئەوەتا بەئاشكراو بە بەرچاوی هەمومانەوە سامانی ئەم وڵاتە لە لایەن جۆت دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی  ،  كۆی سامانی ئەم وڵاتە بە   تاڵان دەبەن و بە  بەهانەی نەبونی پارەوە  موچەكانمان بۆپاشەكەوت دەكەن و ئێستاش بە لێبڕینەوە   موچەی هاوڵاتیان دەدەن ، لە كاتێكدا  تەنها داهاتی نەوت  زۆر زیاترە  لە كۆی موچەی  موچە خۆران . 
لە كاتێكدا  سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران  دەسەڵاتی ڕەهایان نییەو بە پێیی یاسا بۆیان نییە هیچ بڕێارێك بدەن بۆ فرۆشتنی موڵكو ماڵی دەوڵەت بە دەر لە ڕێنماییە یاساییەكات ، هەرچی زەوی باش هەی بە ئارەزوی خۆیان دەستی بەسەردا دەگرن و  بەناوی كۆمپانیای  وەهمیەوە بۆ خۆیانی دەبەن  هەرچەندە خەڵك هاوار دەكات و بەشێك لە ئەندام پەڕلەمانەكانیش  بەدوادا چون بۆ ئەوە دەكەن ، بەڵام كەس نییە وەڵام بداتەوەو گوێ‌ بەقسەی كەسیش نادەن ، چونكە ببڕو بكوژ هەر خۆیانن . 
ئەی كەواتە لێرە بەدواوە دەبێ  چی بكەن كە سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان بە یاسا دەسەڵاتی پێدابن بە ئارەزوی خۆیان موڵك و ماڵی دەوڵەت بەدەر لە ڕێنماییەكان  بفرۆشن یان بۆخۆیانی ببەن . لێرە بە دواوە یەكێتی لە سنوری خۆیی و پارتیش لە سنووری خۆی بێترس ئەوەشی ماوە حەپەلوشی دەكەن . ئەگەر 200 دۆنم زەوی بە یەك دیناری قەڵب  بفرۆشن یان بیدەن بە كۆمپانیاكانی نزیك لە خۆیان ، كەس ناتوانێت پرسینەوەیان  لەگەڵ بكات ، چونكە پەڕلەمانەكەی  بەناو نوێنەری هاوڵاتیان  دەسەڵاتی ڕەهای پێ داون .
ئەم یاسا تازەیە لە 18 ی  ئەم  مانگەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دوو مانگ بەسەر دەركردنێدا تێدەپەڕێت . ئەگەر بە نمونە شاری  سلێمانی بهێنمەوە  هێشتا ئەم یاسایە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە  دەبینی هەرچی زەوی باش  و بەنرخ هەیە دەستی بەسەر دا گیراو ئەوەتا   ئێستا كار گەیشتۆتە باسی  فرۆشتنی قوتابخانەكان و  فرۆشتنی خەستەخانەی فێركاری و  بینای مەحكەمەی كۆن دەكرێت  بە كەرتی تایبەت  تەنانەت لە هەندێ شوێن  ئەو زەویانەی بۆ باخچەش دیاری كراون ، دەستیان بەسەردا گیراوە . بەنزینخانەی چاڵەكە نزیك دادگای سلێمانی دوڕیانی سەرچنار بڕیار وابو بكرێـە باخچە بۆ جوانكردنی شارەكە ، ئەوەتا خەریكن تاوەری نیشتەجێبونی لێدروست دەكەن  .  بە سەدان پارچە زەوی بەبێ ئیفڕاز هەوایی دابەش كراون.   لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا باسی زیادەڕەویەكانی  ناو شاری  سلێمانی دەكەم و گومانیشم نییە ئەوەی لە سنووری  پارتی كراوەو دەكرێـت دوو ئەوەندەی  سنووری یەكێتییە ، بۆ داهاتوش خوا ڕوحم بە هەمومان بكات و ئەگەر بێدەنگ بین خۆشمان دەفرۆشن .
داواكارم لە هەموو لایەك   بە زوترین كات بێنە دەنگ و   داوابكەن  مادەی ( 34)  لەیاساكە  لابەرن  كە بە پێی ئەو مادەیە  دەسەڵاتی ڕەها دراوە  بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی  وەزیران  بۆ تاڵان فرۆشی   مومتەلەكاتی   حكومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەڵوەشێنرێـتەوە .  ئەگەر خەڵك بێدەنگ بێت ، دواجار كەسیش حەقی گلەیی نابێت و مانای وایە هەموان ڕازین  بە براگەورەیی ئەوانە .  دڵنیاتان دەكەمەوە زوربەی ئەندام پەڕلەمانەكان خۆشیان ئاگاداری  مەترسی دەركردنی ئەم یاسایەنین و  ڕەنگە دەركیان پێ نەكردبێت و كڵاویان چوبێتەسەر . پرسیار ئەوەیە ئەگەر بڵێین  ئەندامانی پەڕلەمانی  پارتی و یەكێتی بە زۆرینەش  ئەویاسایەنەیان تێپەڕاندبێت بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەیان ، ئەی ئەندامانی پەڕلەمانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو و نەوەی نوێ‌ بۆچی هیچ كاردانەوەیە كیان نەبوەو بێدەنگ بون . ئەی باشە ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی  بەردەوام بەدوای زیادەڕەویەكانەوەن و  ڕاپۆت دەنوسن ، بۆچی نەهاتنە دەنگ ؟.  ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە زوربەی ئەندام پەڕلەمانەكان  ئاگاداری مەترسی ئەو بڕیارە نەبون  كە خۆیان دەستیان هەبوە لە دەركردنی . یان ئاگادار بون و گوێرایەڵی  حیزبەكانی خۆیان كردوە .
ئەوەی زۆر گرنگەو شایانی باسە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم  ئەوەیە :
ئایا ئەم یاسایەی پەڕلەمان دەری كردوە  بە حوكمی زۆرینەو كەمێنە پەسندكراوە  ، یان بەسەریاندا تێ پەڕیوە ؟
ئەگەر بە حوكمی زۆرینەو كەمینە پەسند كرابێت ، ئەوە كارەساتێكی زۆر گەورەیە . 
ئەگەر بەسەریاندا تێپەڕیبێت  ئەوە كارە ساتەكە زۆر گەورەتر و ترسناكترە . ئەوەی ماوەتە بیڵێم  ئاماژە كردنە بە قسەی برای خۆشەویستم كاك ئەبوبەكر هەڵەدنی كە خۆشی هەر ئەندام پەڕلەمانە  كە باسی نۆبە  گاڕان و پەڕلەمانی كردبوو  بەڕاستی نازانم دەقی  قسەكەی چۆن بوەو بە بە هەڵە بە ناوی ئەوەوە قسە نەكەم ، بەڵام خۆم دەڵێم  :
 تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن و دیارێكردنی ئەندامانی پەڕلەمان  بە پێی یاسای  نۆبەگاڕانی   گوندەكان بێت حاڵمان لەئێستا باشتر نابێـت و لێرەش بەدواوە  سەد كەلاوە بە پۆلێك دەكڕیت .  باهاوڵاتیان باش بیر بكەنەوەو كەمێك بێنەوە هۆش خۆیان كێیان  كردۆتە نوێنەری خۆیان و لە داهاتوشدا دەبی َدەنگ بە كێ بدەن و وەكو دەڵێن ئەگەر ئەم جارە بە هەڵەیاندا بردم خوا بیانگرێت و حەقی منیان لێ بكاتەوە . خۆ ئەگەر جارێكی تر بە هەڵەیاندا بردم  خوا خۆم بگرێت .  
 
                                
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand