Draw Media

چاوەڕوان بن هەواڵی سەیرتر دەبیستن

چاوەڕوان بن هەواڵی سەیرتر دەبیستن

2021-05-10 14:37:26


هیوا سەید سەلیم
 
  ئێمە لە هەرێمێک ژیان دەکەین پڕ لە رووداوی سەیرو سەمەرە، لە هەرێمی کوردستان ململانێی حزبی هەموو سنورێکی ئاسایی خۆی تێپەڕاندووە، لە یەکتر شکاندن بگرە،  تا تۆمەت هەڵبەستن بۆیەکتری و تەنانەت پەنا بردنە بەر کارتی دووژمنان و نەیاران بۆ زەفەر بردن بە ئەویتر.
 بۆیە دەبێت هەموومان پێشبینی ئەوە بکەین تا دەگەینە رۆژی  ١٠/١٠ /٢٠٢١، کە کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە،  رۆژێک لە مانشێتی ماڵپەڕەکانی ئەو زۆنە بنووسرێت:
" بەرپرسێکی ئەولا دەستی هەبووە لە کوشتنی جۆن کەندی سەرۆکی ئەمەریکا!!" 
جارێ بەبێ ئەوەی کەس لە راست ودرووستی هەواڵەکە وردببێتەوە، لایەنگرانی ئەو حزبە دێن وەک سەرچاوە راست هەواڵەکە وەرد دەگرن و بڵاوی دەکەنەوە،  و کۆمێنتی خۆیان لەسەر دەنووسن، ئاخر ئەوە زانیاری ووردی حزبە!! پێویست بەوە ناکات کەس بپرسێت کە ئایا ئەو بەرپرسەی ئەولا کە تۆمەتەکەی خراوەتە پاڵ لە کاتی تیرۆری جۆن کەندی تەمەنی چەند بووە؟
 تەنانەت بەلایانەوە گرنگ نیە کەسی تۆمتبار لە کاتی تیرۆری جۆن کەنەدی لە ژیاندابووە یان نا، گرنگ کەرستەی هەواڵەکەیە تا بازاڕی ململانێکەی پێ گەرم بکرێت.
ئەمجارەیان رێک دوای ئەوە،  لایەنی بەرامبەر دێت هەواڵێکی لەو شیوەیە لەسەر بەرپرسێکی زۆنی ئەوبەر دزە پێدەکات  لە ماڵپەرەکەی نزیک لە خۆی دەنووسێت:
" لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو کە ناوەکەی لای ئێمە پارێزراوە زانیومانە کە ئەو فڕۆکەیەی کە ئۆجالانی لە نەیرۆبی گواستۆتەوە بۆ تورکیا هی بەرپرسێکی باڵای حزبی ئەو بەرە!"
ئیتر ئەمجارەیان پەیجەکانی ئەو بەر دەکەونە کار و ترش و خوێی هەواڵەکە دەکەن، یەک  دەڵێت:
 "ئەو فڕۆکەیە بە پارەی دزراوی خەڵک  کڕدراوە و خیانەتی پێدەکرێت" 
ئەویتر کۆمێنت دەنووسێت کە "زوو دەمانزانی گیرانی ئۆجالان بە پلانی ناوخۆیی ئەنجامدراوە" سەدان کۆمێنتی لەو شێوەیە. 
 بەبێ ئەوەی کەس پرسیار بکات ئەرێ ساڵی ١٩٩٩ هیچ حزبێکی کوردستان فڕۆکەی هەبووە؟  بەڵام ئەو پرسیارە زۆر گرنگ نیە،  چونکە ئەو سەرچاوەیەی ماڵپەڕە حزبیەکە پشتی پێ بەستووە هەرگیز هەواڵی ناڕاست بڵاوناکاتەوە، ئەمە قسەی موریدێکی حزبیە.
وەرن سەیر بکەن لە وڵاتان کەرستەی بانگەشەی هەڵبژاردن بریتی دەبێت لە کارنامەی هەڵبژاردن و خزمەتەکانی ئەو لایەنانە کە پێشکەشی خەڵکیان کردووە. 
 کەچی لێرە لە هەرێمی کوردستان دەبێت لە ئێستاوە چاوەڕوانی سەدان هەواڵی فەیک بین،  کە لایەنەکان لە دژی یەکتری بڵاویدەکەنەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە کوردستان هیچ لایەنێک نەک لەسەر هەواڵی ناڕاست (فەیک) باج نادات،  بگرە سەدان بەڵینی هەڵبژاردن جێبەجێ ناکرێت کەچی وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت.
لە ئێستادا کە چوار مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،  ئەویش ئەگەر لە کاتی دیاریکراو ئەنجام بدرێت،  دەبێت لەبەر شەڕی نادرووستی راگەیاندنی پارتی و یەکێتی، هەموومان دەستمان لەسەر دڵمان بێت، نەوەک ئەو شەڕە راگەیاندنە بگۆڕێت بۆ شەڕی چەکداری، چونکە ئێمە مارانگاز بووینە ناحەقمان نیە لە خشەی مار بترسین. 
دواجار دەڵێین  نابێت  شەڕی راگەیاندن و هەواڵە فەیکەکان،  پرسە جدیەکانمان لەبیر ببەنەوە، چونکە خەڵکی کوردستان پێویستی بەوەیە کە لە سایەی ژیانێکی پڕ کەرامەت بژیت، نەک  قوتی ژیان و ئازادی لێ زەوت بکرێت، و بەشەڕێک سەرقال بکرێت کە مەبەست لێی شاردنەوەی داوا ڕەواکانی خەڵکە، بەڵام وا بڕوات دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی سەیرتر بکەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand