حزب ودنیا شێواوه‌كه‌ی كوردی باشور
2021-05-09 19:57:01
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
به‌یانی ژاندارمێكی فاشیستی تورك بێت له ناو ماڵه‌كانتانا ده‌ستی مناڵه‌كانتان كه‌له پچه بكات نا‌وێرن له‌ل بكه‌ن چه‌ند بۆیه‌ك خڕن وه‌ك كورده‌كه ده‌ڵێت داوه‌شێن ، هه‌ر له پڕێكا هه‌رچی جنێو فرۆش و سوكی خۆتانه ده‌یهێنه سه‌ر شاشه‌و په‌لاماری یه‌كتری پێده‌ده‌ن " ده‌لێی توله‌ی بن ئاوه‌كه‌ی گۆرانی شاعیرن هه‌رچی جنێوه كه به یه‌كتری ده‌ده‌ن به خۆتانی ده‌ده‌ن " نا‌وێرن له به‌رانبه‌ر فارسێك ، عه‌ره‌بێك ، توركێكا نقه بكه‌ن كه‌چی بۆ گیان یه‌كتر شیر‌و تیر له یه‌ك ده‌سون ، وه‌ك چۆن به‌شیر موشیر به ناویه‌وه گوتراوه :
له ئاست یه‌كتر دڕن چه‌شنی هه‌ڵۆ یه‌ك داده‌پاچن بۆ
له بۆغه‌یره شڕن چه‌شنی په‌ڕۆ وه‌ك ده‌ست و قاچن بۆ
هه‌زار تیره‌و لك و هۆزن وه‌كو دوژمن له یه‌كناچن
ده‌ترسم رۆژێ له‌م خاكه هه‌موو تیاچن وه‌كو سمكۆ
ئاخر وه‌ك تر دژه تیرۆی كوردستانتان له ئێمه كردوه‌ته هێزی ده‌ریای ئه‌مه‌ریكاو كه‌س ناوێرێ له ماڵیشه‌وه باسی بكات ، كه‌چی خۆتان خه‌ریكه شڵپ و شۆی یه‌كتر ده‌رده‌كه‌ن ، به دوای سوككردنی یه‌كه‌وه‌ن ، بۆ رازی كردنی دڵی ئه‌م ئاخوند‌و ئه‌و سوڵتان ئاماده‌ن پشتی براكانی خۆتان بشكێنن ، توخوا ئێوه شایانی ئه‌وه‌ن رێبه‌رایه‌تی گه‌لێك بكه‌ن .
ئیش و كارتان بووه به هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه له سه‌ر یه‌كتر ، بابه ئه‌گه‌ر میله‌ت حسابتان له ته‌كا بكا له شه‌سته‌كانه‌وه تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی ئێوه كردوه‌تانه له‌وه زیاتر دوژمن به كوردی كردووه ده‌بێده‌نگ بن و سه‌ری زێرابه‌كه هه‌ڵمه‌ده‌نه‌وه ، ئێوه دیلی یه‌كترتان ده‌كوشت ، بۆ ئازار‌و سزای یه‌كتر لاسای عوسمانی و ئه‌تاتورك و سه‌دامتان ده‌كرده‌وه ، زیندانه‌كانی ئێوه هیچی له زیندانه‌كانی توركیا‌و به‌عس كه‌متر نیه ، به‌ڵام له زیندانه‌كانی ئێوه‌دا تۆمه‌ت و سیناریۆو تاوان بێوێنه‌تره .
شه‌رم بتانگرێ یه‌ك رۆژ مرۆڤ و كورد بن ، سبه‌ینێ جه‌ژنه ئه‌و هه‌موو ژه‌هره له كوێوه دێنن ، له بری یه‌كبوون خه‌ریكی فریودانی هه‌واداران و لایه‌نگرانی یه‌كترن ، له داخی یه‌كتر ئاماده‌ن میله‌ت به ڕوت و قوتی بخه‌نه به‌رده‌ست دوژمنه‌كان ، ئه‌وه كه‌س نیه ئه‌م زبڵ و زاكه كۆبكاته‌وه ، كه‌س نیه ئه‌م هه‌موو جنێودان و سوكایه‌تیه رابگرێ ، كه‌س نیه لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه هه‌ڵداته‌وه ، له" 2021"دان سه‌رتان هێشتا سه‌ری "1964"ه .
كه‌سێتی كوردتان ورد‌و خاش كرد ، كوردتان فێری خیانه‌ت ، خۆ فرۆشی و خاك فرۆشی ، نه‌وت و شوێنه‌وار دزین ، تاڵانی و راووڕووت كرد ، كوردتان كرده دوژمنی یه‌كتر ، ماڵه‌كانتان پڕكرد له ئاژاوه‌و شه‌ڕو جنێو، له رێی كه‌ناڵه سوك ومیت په‌روه‌رده‌كانه‌وه واتان له كورد كرد تف له كوردبوونی خۆی بكات ، هیچتان به جوانی نه‌هێشته‌وه ، هه‌موو شتێكتان ناشرین كرد ، ئه‌وه‌ی دوژمن به گه‌لی كوردی نه‌كرد ئێوه كردتان .
له بری ئه‌م هه‌موو سوكایه‌تیه بڕۆن شیعروكانی حاجی قادر‌و خانی بخوێننه‌وه ، بڕۆن گوێ له محه‌مه‌د عارف جزیری و عه‌لی مه‌ردان بگرن ، ئاوڕێك له ئاكاری شۆڕشگێڕان بده‌نه‌وه ، كه‌مێك به خۆتانا بچنه‌وه ، خه‌ڵك سی ساڵه ئێوه زۆر باش ده‌ناسێ ، ده‌زانێ بای چه‌ندن ، ده‌زانێ چین ، پێویست به كه‌ش و فش و خۆبادان ناكات ، لێ خه‌ڵك ده‌ڵێت به‌ڵكو سبه‌ی وه‌ك ئه‌مڕۆ نه‌بن و باشتر بن .
ئێستا له چاوی خه‌ڵكا ئێوه له كۆمپانیای مافیای نه‌وت زیاتر نین ، له چاوی ده‌رو دراوسێشدا له باش جاسوس و راپۆرتی درۆزنانه نووس له سه‌ر یه‌كتر باشتر نین ، ئێوه له دۆخی ئاشتی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و لێبورده‌یدا ناتوانن هه‌ڵكه‌ن ، ده‌عبایه‌كی سه‌یرن .