Draw Media

دەوڵەتی قانون یان دەوڵەتی حقوق

دەوڵەتی قانون یان دەوڵەتی حقوق

2021-05-08 16:49:35


مەجید ساڵح

(بەبیانووی سەپاندنی سزای ناڕەوا بە سەرگیراوەکانی بادینان)
دوای پەسەند کردنی حوکمی دادگا دەرحەق بە گیراوەکانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزی کوردستان، هەم لە بەیانی رەسمی حکومەت و هەم لەو بەیانانەی کە دامودەزگا جۆرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەریان کردوە، باس لە سەپاندنی قانون و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستوەرنەدانیان لە یەکتری دەکەن. ئەم پاساوە، بەردەوام لە دەوڵەتە شمولیەکاندا دەهێنرێتەوە بۆ بێ دەنگ کردنی کردنی رای گشتی ناوخۆیی و چەواشەکردنی دنیای دەرەوە کە لە وڵاتەکانیاندا قانون سەروەرە. 
ساڵی ٢٠٠٥ بوو، ئێمە کۆمەڵێک کەس بووین لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە داوەت کرابووین بۆ ئاشنا بوونمان بە سیستمی سیاسی و ئیداری و یاسایی تورکیا. ئەو  کاتە سێ ساڵێک بوو حیزبی داد و گەشەپێدان هاتبووە سەرکار و دوو ساڵێک بوو سەدام روخابوو. حکومەتی نوێی تورکیا دەیوسیت وێنەیەکی جیا لەو وێنەیەی جارانی پیشانی دەرودراوسێکانی بە کوردیشەوە بدات. 
یەکێک لەو محازرانە تەرخانکرابوو بۆ قسەکردن لەسەر سیستمی دادوەری لە تورکیا، سەرۆکی دادگای دەستوری تورکیا محازرەکەی بە پرسیارێک لە ئێمە دەست پێکرد "ئایا دەوڵەتی قانون باشە یان دەوڵەتی حقوق؟" هەر هەموومان وتمان دەوڵەتی قانوون! پێکەنی و وتی "خراپترین دەوڵەت دەوڵەتی قانوونە گەر لەسەر ئەساسی حقوق بونیاد نەنرابێت، باشترین نمونەش بۆ ئەوە تورکیایە بە قانون مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی لە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی تورکیا سەندوەتەوە و ناهێڵێ قسەی پێ بکەن."
مافی ناڕەزایی بوون و دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافێکی گەردونییە و لە ساڵی ١٩٤٥ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا ناوە و بۆ هیچ حکومەتێک نییە لە هاوڵاتیانی وەرگرێتەوە، ئیتر بە قانون بێت یان رێگەی کوشت وبڕەوە.
یەکێتی و پارتی لە ساڵانی دوای راپەڕینەوە، لەسەر ئەوە راهاتبوون لە سنوری دەسەڵادارێتیاندا هەرکەسێک دژایەتی بکردنایە، تیرۆر یان بێ سەروشوێنیان دەکرد، بەڵام یەک دوو ساڵێکە پەنا بۆ دادگا و قانون دەبەن. بەڵام کاتێک لە پرۆسەی دادگاییەکە ورد دەبیتەوە، دەبینی هەمان ئەنجامی پێشووی هەیە کە بریتیە لە سڕینەوە و نەهێشتنی لایەنە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە قانون، بەبێ ئەوەی مافەکانیان لەبەرچاو بگرێ. بە مانایەکی دیکە سەربڕینە بە لۆکە.
ئەم شێوازەی مامەڵە کردن لە گەڵ خەڵکانی ناڕازی، لە زۆربەی دەوڵەتە شمولیەکاندا تاقی کراوەتەوە، راستە بۆ ماوەیەک تەمەنیانی درێژ کردوەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوون کۆڵ بدەن و بە لۆژیکی ماف لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندا مامەڵە بکەن. پینوشێ، موبارەک، بن عەلی و سەدام حسێن و دەیانی دیکە بەرقەرارکردنی قانونیان کردە دروشم، بەڵام گەیشتن بە کوێ؟
رای گشتی کوردستان و رێکخراوە جیهانیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەزانن ئەو دادگایی کردنەی گیراوەکانی بادینان پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و دادگایەکی نەزیهی تێدا رەچاو نەکراوە و حوکمەکەش حوکمێکی ستەمکارانەیە، ئیتر هیچ پاساوێک ناتوانێ ئەو حەقیقەتە داپۆشێ. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand