لێگەڕێن با دادگا بڕیار بدات
2021-05-10 13:19:06
سەلام عەبدوڵڵا
دەستێوەردان ئەوە نییە مۆڵەت بدرێ بە دادگا و دادوەر بڕیاری سەربەخۆی بدات و بەپێی خاڵە یاساییەکان و لەبەر سێبەری یاسا بڕیارەکانی خۆی بدات.
دادوەر کاتێک دەتوانێت بڕیار بدات کە چوارچێوە و شێوەیەکی تاوانەکەی لا دیار و ئاشکرا بێت و بەپێی بەڵگەکانی بەردەست بڕیار دەدات، بۆیە بۆ تانە لەو جۆرە بڕیارانە تەنیا دەبێ لەڕێی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی یاسایییەوە بێت و ئەو دەقە یاسایییانە بەپێی یاسا رەت بکرێنەوە یان رەخنەیان لێبگیرێ.
ئەوە کاری هەموو کەسێک نییە کە دەست بەرێت بۆ ئەو کارانەی کە پسپۆڕی دەوێت و کاری هەموو کەسێک نییە هەتا ئەگەر ئەو کەسە ئەندامی سەرکردایەتیی حزبێک یان سەرکردەیەکی سیاسیش بێت. لەراستیدا قسەکردنی کەسانی سیاسی و سەرەک فراکسیۆن و ئەندامی سەرکردایەتی لە مەڕ مەسەلەی دادگا و یاساکان ئەوە خۆی خودی دەستێوەردانە لە دادگا و یاسا.
ئەوانەی سزادراون لە دادگایەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتان و UN و رۆژنامەنووسان دادگایی کراون و پارێزەری خۆشیان ئامادەی دادگا بووە و داکۆکیی یاسایی خۆی کردووە.
دادگای بەرایی بڕیاری خۆی داوە بە زیندانیکردنی تۆمەتباران بە شەش ساڵ و پاشان رێچکەی ئوسولیی خۆی وەرگرتووە و لەدادگای پێداچوونەوەشدا ئەو سزایانە پشتڕاست کراونەتەوە و دانیان پێدا نراوە.
بۆیە کێشەکە لەڕووی یاسایییەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام دەستێوەردان ئەوەیە خەڵکانی ناپسپۆڕ و نەشارەزا و بۆ مەبەستی ئاژاوە و سواڵیی دەنگ تانە لە بڕیاری دادگا بدەن و وەک ناشرینکردنی هەرێم و دەزگا دەستوورییەکانی بەرانبەر جیهان بەکاری بهێنن، کە لەراستیدا ئەمە دەستێوەردانە نەک بڕیاری دادگا.
گەر ئەوانەی بانگەشەی سەربەخۆییی دادگا و یاسا لە هەرێم دەکەن، دەبێ ئەوان خۆیان دەست لە چەواشەکاریی و ورووژاندنی خەڵک و لەکەدارکردنی هەرێم و دادگاکانی هەڵبگرن و چیدی جەماوەر بە لاڕێدا نەبەن و واز لە دادگا بهێنن با بڕیاری خۆی بەپێی یاسا بدات.
لەکۆتاییدا دەڵێین:
ئەو پێنج کەسە لەسەر فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک و بەپێی مادەی (156) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە (21بۆ ساڵی2001) دەستگیر کرابوون.
ئەم یاسایەش لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموار کراوە و جێبەجێ دەکرێت و هەر بەم یاسایەش حوکم دراون.