حوکمی دادگا یان بنەماڵە لە زمان کاک نەوشیروانەوە

Draw Media

2021-05-09 11:43:17



عەلی کەریمی 

کورد دەڵێ قسەکردن بە زمانی مردووەوە کارێکی ناشایستە و هیچ جێ ناگرێ. هەرچەند لە دنیای سیاسەتی کوردی بەزمان سەرکردە ڕۆێشتووەکان قسەکردن و گێڕانەوە، بۆ مەرام و تەماحی شەخسی لە کۆنەوە باو بووە و زۆر کوڕ  و برا گەورە هەبوون بۆ ئەوەی بەشە بابی خوشک و براکانی دیکەیان هەڵلووشن، دەیان درۆیان بە زمانی باوکی کوچکردوویان کردووە و دمی دەورووبەریشێان پێ داخستووە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتی و ئاوارەیشمدا زۆر بیرەوەری و داستانی جێی سەرنجم لابووە، کە دیومە یەک لە ئاکتەرەکانی داستانەکەم لە ژیاندا نەماوە و کۆچی دوایی کردووە، خۆم لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە یان وەسییەتەکە پاراستووە و بە خۆمم گوتوە مادام لایەنەکەی دی نەماوە، باشترە وازی لێ بێنم و ئەم بەسەرهاتە حەواڵە بە خوا بکەم.
گێڕانەوەی نەبەردەکانی پێشو و حەماسەکانی پێشمەرگایەتی ئێمەمانان لە سەدەی رابردوو یەک لەم رووداوانەیە کە دەزانم زۆربەی پێشمەرگەکان خۆیان لا دەدەن لە گێڕانەوەی، تەنیا لەبەر ئەوەی زۆرێک لە قارەمانەکانی ناو داستانەکە شەهید بوون و فیداکارییەکان و بەسەرهاتەکان بۆ ئەمڕۆ و لە ناو نەوەی نوێ لە وانەیە بۆنی فشە و خۆ بە قارەمانکردنی لێوە بێت.
رەنگە کەسانێکی زۆر مابن کە بزانن لە چلوسێ ساڵی رابردوو، بە بەردەوامی هاتوچووی کاک نەوشیروانم کردووە و چ لە شاخ و چ لە ئەوروپا و چ لە سلێمانی لێی دوور نەبووم و بە سەدان جار لە خزمەتیدا دانیشتووم و گوێم لە بەسەرهات و ئەزموون و تەفسیرەکانی بووە.
ئەم دارو پەردوویەی لە ئاخر ساڵانی ژیانی ، کاک نەوشیروان بینایەکی زخمی لەسەر بونیاد نا و لە ئاخر ڕۆژەکانی ژیانی هاتەوە تەرازی سەرکردە و حیزبەکانی مونافیسی و بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسی هەرێم، ئۆپۆزیسۆن و بە سیستم کردن و سەربەخۆیی قەزا و دادگاکان و ئیدارەکانی لە ناوماندا باس و بڵاو کردەوە، ئەمڕۆکە ساحێبی هەیە و زۆرن ئەوانەی نانی لێ دەخۆن و گەیشتوون بە نەوایەک، رەنگە ئەم گێڕانەوەیان بەدڵ نەبێ و داوای لێبوردنیان لێدەکەم و دڵنیا بن بۆ بەرچاوروونی کۆمەلانی خەڵک، وەک خۆی دەیگێڕمەوە.
هەتا بۆم کرابێ و رۆژنامەنووس بەرۆکی بەردابم زۆر جاران لە گێڕانەوە و لە بیرەوەریی لە گەڵ ئەم گەورە ڕۆشنبیرەی سەدەی ڕابردوو، خۆم بواردووە و زۆر قسە و  ڕووداوم کە لێ بیستووە و لێم دیوە، بە پێویستم نەزانیوە بیانگێڕمەوە و خۆمی پێ فشکەمەوە.
ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەمەر سەربەخۆیی دادگاکان و ئەم درۆ شاخدارەی کە ئەلئەساس پارتی تەداخولی نییە لە حوکمدانی ئەم شەش ڕۆژنامەنووسەی بادینان، نیهایەت وای لێکردم ئەم قسەیەی کاک نەوشیروان هەر بگێڕمەوە جا کێ باوەڕ دەکات و كێ بە بوختان و درۆی پشتملی مردووی دادەنێت گەردنی خۆش و ئازا بێ!
ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ بوو، کاک نەوشیروان بانگی ئۆپۆزیسۆن و گەندەڵی وسەرکۆنەی دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا لێدەدا، زۆربەی ئێواران لە گردی عەلی ناجی دەچووم بۆ لای و  بە دەم چا خواردنەوە و ئەو بە جگەرە کێشان و من بە پایپ، تەنووری رەخنە و قسەو باسانمان لە هەموو بوارێکدا گەرم دەبوو، هەڵبەت بە زۆری کاک نەوشیروان قسەیەکی هەڵدایساند و ئەوجار بێدەنگ دەبوو و گوێی لە شەڕە قسەی ئێمە و میوانەکان رادەگرت.
ئێوارەیەک لە گەڵ یەک لە فەرماندە ئازاکان و پێشمەرگە سەرەتاییەکان و تیپەکانی سەردەمی بیدایەتی هەشتاکان لێی وەژوور کەوتین. ماوەیەک بوو لەم فەرماندەیە کە زۆر دۆستی من بوو و زۆریش بەیەکەوە دەگەڕاین، لالوت بوو و لێی عاجز بوو. باسوخواستی ئەو سەردەم یەکگرتنەوەی ئیدارەکان و لێک  نزیکبوونەوەی مام جەلال و بارزانی بوو. کاک نەوشیروان گاڵتەی بە یەک ئیداری  و تێکەڵ بوونەوە دەهات و وای نێشاندەدا پەشیمانی بەداودا دێ و هەموو کاڵەک بە ئەژنۆیان دەشکێنین!
گوتی ئێستا وەک نموونە (بۆ ئەوەی فەرماندەکە بترسێنێت) ئەوان دەسەڵاتی سلێمانی و گەرمیانیان نییە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین، بێتوو ئەوان دەسەڵات لەم ناوچانە بگرنە دەست هەر بە حوکمی یاسا  و دادگا لەم گەرمیانە پیرەژنێک دەبینەوە و فێری دەکەن و پارەی پێدەدەن بێ بە حوکمی یاسا و مەدەنی شکایەت لەم فەرماندەیەی ئێمە بکات و لە دادگای سەربەوان حوکمی بدەن کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتی باوکی پیرەژنەی کوشتووە وبە دەدوانزە ساڵ حوکمی بدەن و لە زیندانی قایم بکەن ئەگەر نەشیکوژن!
مەبەستی ئەوە بوو بە سیستمکردن و سەروەری دادگاکان لە گەڵ ئەم خێڵ و عەشیرەیە ناکرێ و باشترە هەر لایە لە لای خۆی حەولی پێشەوە چوون و دوورکەوتنەوە لە گەندڵی بدات.
ئەمڕۆژانە بە چاوی خۆم بینیم ئەم دادگایەی کاک نەوشیروان کاتی خۆی بۆی وێنا کردین، ئەوە خەریکە کارەکانی خۆی دەکات و کێشی بوێت بە حوکمی "سەربەخۆیی دادگا" نا، بەڵکوو بنەماڵە و ویستی ئەوان لە کونجی زیندانی دەخزێنێت!
ویستان هەر ئەو کارەش بەرامبەر بە کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەتیش بکەن، ئەوکات بۆیان نەچووە سەر و دەروەستی نەهاتن!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand