پرۆژەکەی ئەنجومەنی دادوەری و چەندسەرنجێک

Draw Media

2021-05-09 12:59:37



رێبوار محەمەد 

سەرەتا پێویستە ئاماژەبەوەبدەین کە  ئەو بریارە نادروستەی کە لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە درا بۆ درێژدکرنەوەی ماوەی خزمەتی دادوەرێکی دادگای پێداچوونەوە ، و سەرەڕای دژایەتی و ناڕازییبوونی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی و تەنانەت وەزارەتی دارایش ، بەڵام سەرئەنجام بریارەکەیان جێبەبەجێ کرد و ئەمەش ئەو دەرئەنجامە نایاسایی و نادادییەی لێکەوتەوە کە لە سزای رۆژنامەنوسانی بادینان دا بینرا .
سزای رۆژنامەنووسانی بادینان بابەتی خانەنشیینیە نایاسایەکەی ئەنجومەنی دادوەری زیندووکردەوە چونکە بە راوبۆچوونی ئەو دادوەرە زۆرینەی دادگا دروست بوو بۆ پەسەندکردنی سزای ئاماژەپێکراو ، بنیاد لەسەر ئەمە دەتوانین بڵیین کە بریاری داگا بە سزادانی ئەو رۆژنامەنوسانە پووچەڵە و هیچ هێزێکی یاسایی نیە ، جگەلەو هەڵە و کەموومورتیە یاساییانەی لە کەیسەکەدا هەیە ، بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە بریاری دادگا یەکێک لەپایەکانی لەدەست داوە کە شەرعیەتی یاسایی یەکێک لەدادوەرەکانە ، واتە بۆئەوەی بڕیارێک بە بریاری دادوەری دابنرێت دەبێت لەلایەن دادوەرێکەوە دەرچووبێت کە لەماوەی خزمەتی یاساییدا بێت و ئەمەش پشت بەست بە بنەمای ( مایبنی علی الباطل فهو الباطل ) واتە هەرشتێک یان بڕیارێک کە بنەماکەی پووچەڵ بوو، ئەوەی لەسەری بنیادبنرێت بە پووچەڵ دائەنرێت، خۆئەگەر بووترێت دادوەری ناوبراو هێشتا بریاری خانەنشینبوونی دەرنەچووە بۆیە بڕیارەکەی دروستە ، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین بریاری خانەنشینکردن بریاریکی کاشفە ، و ئاسارەکەی لەورۆژەوە دروست دەبێت کە مەرجەیاساییەکانی خانەنشین بوون هاتووەتەدی و ئەمەش واتە هەر ممارەسەکردنێکی وەزیفی و دادوەری لەدوای ئەوماوەیە کرابێت پێچەوانەی یاسایە و هێزی یاسایی نابێت ، هەربۆیە ئەنجومەنی دادوەری لەرووانگەی زانستیان بەوەی باس کرا  و بۆچارەسەری ئەم جۆرە کێشانە ، پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان ئامادەکردووە .
ئەنجومەنی دادوەری لە رێگەی  پرۆژەی درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەریەوە دەیەوێ ئیدی بە یاسا لە خودی ئەنجومەنەوە خزمەتی دادوەران درێژبکاتەوە و شەرعیەتی یاسایی بۆ وەربگرێت، هەروەک لە مادەی ( ١) برگەی ( ٥ ) ی پرۆژەی ناوبراو دا هاتووە کە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی دادوەری بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەکانی و ئەندامانی داگا و و دادوەران تا تەواوکردنی تەمەنی ٦٨ سالی و لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەن بە خانەنشینکردنی دادوەران پێش تەواوکردنی ماوەی درێژکراوە ، ئەم خاڵە تێبینی ئەوە هەڵدەگرێت کە لە داهاتوودا خودی دادوەران رووبەرووی نادادی ببنەوە لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان دا چونکە مادەی ئاماژەبۆکراو دەسەڵاتیکی رەهای داوە بە ئەنجومەن کە بۆ هەندێک درێژبکاتەوە و بۆ هەندێکی تر کۆتای بە خزمەتی بهێنرێت.
و خاڵێکی تر لەم پرۆژەیەدا ئەوەیە کە لە هۆکارەکانی دەرچواندنی دا ( الاسباب الموجبة ) ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرینەی ئەو دادوەرانەی تەمەنی ٦٥ ساڵییان تەواو کردووە خانەننشین کراون ، ئەمەش واتە هەندێکی تر سەرەرای ئەوەی تەمەنی خانشینی تەواو کردووە بەڵام بەردەوامن لە وەزیفە بەنایاسایی ئەمەش نادادییەکی ئاشکرای ئەنجومەنە لە نێوان دادوەران دا .
هەرلەم پرۆژەیەدا ئەنجومەن داوای پێدانی دەسەلات دەکات بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران وەک ئاماژەمان پێدا ، ئەمەش واتە دانپێدانانی خودی ئەنجومەنە بەوەی کە تا ئێستا هیچ یاسا و بنەمایەکی یاسایی نیە کە پشتی پێببەستێ بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران و سەرجەم بڕیارەکانی پێشوویان لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەری پێچەوانەی یاسابووە و هێزی یاسایی نیە .
وەجێگەی ئاماژەپێدانە کە پەسەند کردنی ئەم پرۆژەیە شەرعیەت نادات بە نایاسایی بوونی بریاری سزادانی رۆژنامەنووسان و هەروەها سودی یاسایی نابێت بۆ ئەو دادوەرانەی کە پێشتر ماوەی خزمەتیان کۆتای پێهاتووە و یاخود بە نایاسایی بەردەوام بوون لە خزمەت ، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە بنەمادا یاسا ناگەرێتەوە بۆ ڕابردوو ( لیس للقانون اثر الرجعی ) بەڵکو لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بەسەر حاڵەتاکانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ .
بنەمای نەگەڕانەوەی یاسا بۆ ڕابردوو بنەمایەکی ڕەها نیە ، بەڵکو کۆمەڵێک هەڵاوێردکردن ( استثناء ) ی تێدایە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە یاساکەدا بە دەقێکی ئاشکرا ( نص الصریح) باسی گەرانەوەی یاساکە بکات بۆ رابردوو، بنیاد لەسەر ئەمە رەنگە ئەنجومەنی دادوەری دەقێکی لەم شێوەیە لە پرۆژەکەدا جێگیربکەن بۆئەوەی لەرێگەیەوە شەرعیەت بدەن بەو بڕیارانەی کە باسمان کرد ، لەحاڵەتێکی لە م شێوەدا ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە کە رێگربن لەم جۆرە هەوڵانە و پێویستە هەمواری پرۆژەی ناوبراو بکەن بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ فەلسەفەی دادپەروەری دا . 
لە کۆتاییدا دەڵین پێویستە ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان بەخۆیاندا بچنەوە و بگەرێنەوە سەر رێچکە دروستەکەی دادپەروەری و لەمانای ئەو ووتەیە تێبگەن کە ئەڵێ (( اللجوء الی المحاکم یعنی اللجوء الی العدالة )) واتە پەنابردن بۆ دادگاکان مانای پەنابردنە بۆ دادپەروەری ، ئەی ئەگەر خودی دادگاکان دادپەوەر نەبن ئیدی خەڵک پەنا بۆ کوێ ببات ؟ .

 * مامۆستای زانکۆ 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand