کێ مافی سنووربەزاندنی بە تورکیا داوە؟

Draw Media

2021-06-11 18:52:08



  ئاسۆ حاجی

تورکیا هەموو عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە خاکی خۆی تەماشا دەکا و لە لێدوانی سیاسی و سەربازیەکانیان لە شیعر و گۆرانیەکانیان، لە بزاڤە ئابوری و سەربازی و کلتوری و سیاسی و ئەمنیەکانیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە، تورکیا لە سۆمالەوە بگرە تا لیبیا و قەتەڕ و سوریا و عێڕاق و ئەزەربایجان بوونی سەربازی هەیە و وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت دەکا نەک وەک خۆسەپێن.
ئەو گوتارەی تورکیا خەڵکی خۆی پێ گۆش دەکات و زۆرجاریش بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵتی دەدات، ئەوەیە کە لە ساڵی 1918 لە رۆژانی کۆتایی ئیمپڕاتۆریەتی ئۆسمانی و بە گوێرەی رێکەوتنی ئاگربەست کە بە رێکەوتنی(مۆندڕۆس) بەناوبانگە، تورکیا و بەریتانیا رێکەوتوون کە هێلی ئاگربەست 50 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێر دووربێ، بەڵام بەریتانیا ئاگربەستی شکاند و سنووری ئێستای دەوڵەتی عێڕاقی نەخشاندووە و تورکیا بە ناچاری لە رێکەوتنی لۆزان 1923 بەو واقیعە سەپێندراوە قایل بووە کە شاری موسڵیشی خستە سەر دەوڵەتی عێڕاق. ئەو رێکەوتنە بۆ ماوەی 100 ساڵە و دوو ساڵی ماوە کۆتایی بێت.
لە ساڵی 1926 حکومەتی تورکیا و بەریتانیا دەربارەی نەوتی کەرکوک رێکەوتن بەوەی بەریتانیا بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی بداتە تورکیا، بەڵام تەنها 3 ملیۆن و 500 هەزار پاوەندی داوەتە تورکیا، بۆیە رێکەوتنەکە بە جێبەجێنەکراو هەژماردەکرێ. تورکیا بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە کە بەریتانیا شکاندی خۆی وەک خاوەنی کەرکوک بە نەوتەکەیەوە دادەنێ.
لە ساڵی 1946 تورکیا و عێڕاق رێکەوتنی هاوسێیەتی باش ئیمزا دەکەن، رێکەوتنەکە دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فوڕاتە و بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە هەردوولایەن وێكڕا بڕیار دەدەن کوێ و چۆن سوودی لێو وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها تورکیا پێویستە زانیاری بە عێڕاق بدات دەربارەی هەر پڕۆژەیەک کە دەیەوێ لە سەر هەردوو رووبار یان ئەوانەی تێیان دەڕژێن دروست بکات. ئێستا تورکیا ئاوی کردۆتە چەکی وشک کردن و تینو کردنی عێڕاق و بە بەێ گوێدان بە مافی عێڕاق و ئەو رێکەوتنە مامەڵە لەگەڵ ئاوی هەردوو رووبارەکە دەکات.
لە ساڵی 1982 کە پەکەکە لە یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە بیقاعی لوبنانی بڕیاری دا دەست بە خەباتی چەکداری بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو بارەگاکانی خۆیان جێگەیان بۆ چەکدارانی پەکەکە کردەوە و لە رووی لۆجستی و چەکدارکردنیان هاوکاریان کردن و لە ناوچەی لۆلان یەکەمین سەربازگەیان بۆ دامەزراندن. تورکیا بەوە شلەژا و لە ساڵی 1983 لەگەڵ سەدام حسێن یەکەمین رێکەونی ئاسایشیان مۆرکرد کە بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە سوپای تورکیا بۆی هەیە 10 کیۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ و خاڵی سەربازی تێدا جێگیر بکات هەروەها بە قووڵایی 35 کیلۆمەتر دەتوانێ هێز بجولێنی بەڵام دەبێ لە ماوەی 72 کاتژمێر بگەڕێتەوە سنووری خۆی.
لە ساڵی 2007 کە رەوانشاد جەلال تالەبانی سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو، نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێڕاق لە سەردانێکی دا بۆ تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان رێکەوت بۆ نوێکردنەوەی رێکەوتنەکە و لە رۆژی 26/9/2007 رێکەوتنەکە لەلایەن جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆی عێڕاق و بەشیر ئەتەلایی وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکەوتنەکە ئیمزا کرا کە ماف بە تورکیا دەدات لە جیاتی 10 کیلۆمەتر 20 کیلۆمەتر بێتە ناو سنووری عێڕاق و پرسی 35 کیلۆمەترەکەش هەر وەک خۆی مایەوە و ئەو رێکەوتنە هەر هەموارکردنەوەی هەمان رێکەوتنی سەردەمی سەدام حسێن بوو و بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژکرایەوە.
لە سالێ 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بۆ کۆکردنەوەی هێز لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، قایل کردنی تورکیا بۆ چوونە ناو بەرەی ئێران و عێڕاق بۆ رێگری کردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، رێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ تورکیا ئیمزا کردوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژکراوەتەوە، کە خۆی لە هەموارکردنەوەی رێکەوتنەکەی ساڵی 2007 دەبینێتەوە کە ماف بە سوپای تورکیا دەدات لە رێگای وشکانی و ئاسمانی لە هەر شوێنێک پەکەکە بوونی هەبێت دەتوانێ هێز بەکاربێنێت. 
تورکیا بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە گەورەترین سەربازگەی خۆی لە باشیک(بەعشیقە) کردۆتەوە کە تەنها 12 کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵ دوورە، هەروەها بە پشتن بەستن بەو رێکەوتنە کەی بیەوێ کەمپی مەخمور بۆردومان دەکا و فڕۆکەکانی لە دەڤەری سلێمانی چەندین جار چەندین ئامانجیان بۆردوومان کردووە، هەموو رۆژیش لە سەر زاری بەرپرسانی تورکیا ئەوە دوبارە دەکرێتەوە کە هێرشی سەر شنگال دەکەن.
ئەوەی تورکیا دەیکات جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنانەن کە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی داون، بۆیەشە حکومەتی عێڕاق لە هەندێک لێدوانی لاواز زیاتر هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، تەنانەت یاداشتێکی نەداوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش و لە رێگەیەوە داوای نەکردووە کە فشار لە سەر تورکیا دروست بکرێ.
بەرپرسانی عێڕاقی و زۆرجاریش بەشێک لە بەرپرسانی کوردستان و ژمارەیەک میدیا پرسی بێ هەڵوێستی حکومەتی عێڕاق بەوە دەبەستنەوە کە عێڕاق دەستی بەو شوێنانە ناگات کە سەربازی تورکیای لێیە ئەگەرنا قبوڵی نەدەکرد، هەر ئەوەش بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری ساڵی2016  پەڕلەمانی عێڕاق دادەنێن کە بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکیای داوە، بەڵام دەکرێ بپرسین خۆ ئەگەر ناوچە سنووریەکان بۆ سوپا و حکومەتی عێڕاق دوورە دەستن، ئەوە گەورەترین سەربازگەی تورکیا لە بەعشیقەیە کە لە ژێر کۆنتڕۆلی حەشدی شەعبی و سوپا و حکومەتی عێڕاقدایە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand