Draw Media

لە شەڕی پەكەكەدا، پارتی بە هەردو دیویدا دۆڕاوە ەبێت

لە شەڕی پەكەكەدا، پارتی بە هەردو دیویدا دۆڕاوە ەبێت

2021-06-13 10:43:53


د. محەمەد كیانی

فازل میرانی دەڵێ شەڕ و شتێكی تر بەدەست ئینسان نییە كەبو دەبێ. فازل ناوی شتەكەی تری نەهێنا كە شتێكی بێ زیانە، ئەگەر ئەو شتە بكەی ئیسراحەت دەكەی. بەڵام ئەو شەڕە بكەن بۆ ئێوە خۆكوژییە. ئەمە پرسێكی ستراتیجی گەورەی بەڵانسی هێز و هەبونی پارسەنگ لەخۆ دەگرێ. لە قسەكەی دیارە، شەڕەكە بەدەستی خۆیان نییە و توركیا بڕیاری بۆ داون. ئەوانیش وەك هێزێكی وابەستە دەبێ بۆ توركیا ئەو شەڕە هەر بكەن. لە هەڵسوكەوت و ئاماژەكانیان، وا دیارە پارتی هیچ بڕیارێكی چارەنوسسازی  لەدەستدا نەماوە و سەركردایەتیەكەی ئیرادەی حیزبەكەیان و گەلی كوردیان لە باشور تەسلیم بە توركیا كردوە. كارێكی دورستە و لە بەرژەوەندی خۆیانە ئەو ڕاستیە بەبیری سەركردایەتی پارتی بهێندرێتەوە، كە لە كردنی ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوەی پارتی و پ ك ك،  پارتی دۆڕاوی یەكەم دەبێت، هەتا ئەگەر گریمان پ ك كەشیان  تێكشكاند، كە پێیان ناكرێت. لە حالەتی كردنی شەڕ پارتی گەورەترین كارتی فشاریان بەرامبەر  بە توركیا لەدەست دەدەن كە ئەمە خەتەری لێككەوتەی ستراتیجی گەورەی دەبێت بە دژی خۆیان. ئەگەر  لەو شەڕە سەركەون، توركیا بە شێوەیەك لە شێوەكان پەلوپۆی پارتی دەكات و تێكیان دەشكێنێ، لە جیاتی دەستخۆشی و پاداشت. چونكە بەهێزبونی هەر لایەنێكی كوردی بۆ دەوڵەتی توركیا قابیلی قبوڵ نییە تەنها لە كاتی بەكاربردنی نەبێت وەك تاكتیكێكی كاتی لە دژی هێزە ئازادیخوازەكانی كوردستانی باكور.  پرسێكی ستراتیجی نەگۆڕە بە لایەن توركیاوە كە كورد نابێ قەوارەیەكی بەهێزی هەبێت لە هیچ شوێنێك. وە ئەگەر پارتی دۆڕا لە شەڕەكەی لەگەڵ پ ك ك، كە ئەمە ئەگەرێكی بەهێزە، ئەو كات نمودیان نامێنێ و توركیا زیاتر بە قێزەوە سەیرتان دەكات وەك هێزێكی فشۆلی بێكاریگەر و دۆڕاو. ئەگەر سەركردایەتی پارتی یەك تۆسقاڵ ئیرادەی مابێت دەبێ بە ژیرانە بیربكاتەوە و كار بكات و گوێ لە مەنتیقی عەقڵ بگرێت و ئەو شەڕە بۆ توركیا نەكات چونكە شەڕێكی خۆ بەزێنە (.....) بە هەردوو لایەنی سەركەوتن و ژێركەوتن لەگەڵ پ ك ك. پارتی دەبێ بێگومان بێت بۆ مانەوەی پێگە و نەختێك هەیبەت و كاریگەری بۆ خۆتان گەلێك باشترە  دوركەونەوە لە هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە بریكاریەی بۆ توركیای دەكەن. كارتی فشاری بونی پ ك ك پرسێكی ژیانیی ستراتیجییە بۆ پارتی. لەدەستدانی ئەم كارتە ستراتیجییە ڕوتكردنەوەی پارتیە لەو پاسەنگە بەهێزانەی دەبێ لەدەستیدابن بەرامبەر بە هەڵگەڕانەوەی توركیا لێیان وە یان ویستی زیاتر فراوانكردنی بازنەی هەژمون و كۆنتڕۆلكردنی هەرێم و سامانە سورشتیەكانی و بەكارهێنانی كورد بۆ فراوانكردنی بەرژەوەندیە ستراتیجیەكانی لە سنوری ویلایەتی موسڵی عوسمانی و سەرجەم عێراق. بەلایەن توركیا پارتی یان پ ك ك بشكێن جیاوازی نییە، سەركەوتنە بۆ ئەوان. وەك دەڵێن، بۆ تورك گرنگە سەگی ڕەش و سەگی بۆر تێكبەرببن، كامیان بتۆپێ بۆ تورك هەر قازانجە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand