Draw Media

دەستوری کوردستان .. کام دەستور باشە؟ 

دەستوری کوردستان .. کام دەستور باشە؟ 

2021-06-12 19:06:33


هاوڕێ تۆفیق

بونی دەستور بۆ کوردستان زۆر پێویستەو کۆڵەیەکی گرنگی پایەی سەروەری ھەرێمە. خۆی لە راستیدا ھەقوابوو پێش رووخانی سەددامی دیکتاتۆر ،کوردستان دەستوری خۆی ھەبوایەو بەو ھۆیەوە کورد پێگەی بەھێزتر ئەبوو، بەڵام شەڕی براکوژی زۆر خوێنی لەجەستەی کورد ڕژاندو خەونی نوسینەوەی دەستوریش وەکو زۆر خەونی تر بوون بە مۆتەکە! ئێستا دووبارە باسی نوسینەوەی دەستور ھاتۆتەوە مەیدان، لەڕاستیدا دەستورێکی نیمچەئامادەکراو ھەیە،کە پێشوترلەلایەن لیژنەیەکی فرەڕەنگی پەرلەمانی کوردستانەوە نوسراوە. ئەتوانین بڵێین لە ئێستایا لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکەین ، ئاشکرایە لە کاتی خۆیا گرێکوێرەی تەواونەکردنی پرۆژەی دەستور پەیوەندی بە مەسەلەی شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمەوە ھەبوو، رای گشتی و سیاسیەکان دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا. سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵبژاردنی بۆ بکرێت؟ یان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵببژێردرێ؟ راستر ململانێیکە بەپلەیەکی نایاب حزبایەتی بوو ،کەمتر ململانێیەکی دەستوریی و سیاسی بوو. راستە لەرووی عورفی دەستورییەوە ئەو وڵاتانەی کە پەرلەمانین، سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵئەبژێردرێ، بەڵام ئەم بنەمایە بەشێوەیەکی رەھایی نیە، بەڵکو جەوھەری سیستەمی پەرلەمانی بریتیە لە دابەشکردنی دەسەلاتەکانی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەک و چاودێریی و لێپرسینەوەی پەرلەمانی لەلایەکی تر، ھەرەھا مەسەلەی ھێزە چەکدارو داودەزگا ئەمنیەکان خاڵی لێکجیاکەرەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیە، لە یەکەمیاندا سەرۆک ھەموو ھێزی چەکدارو دەزگای ئەمنی لەژێر چنگدایەو لە دووەمدا بە تەنیا لەلای سەرۆک نیە و لە نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیران و باقی دامەزراوەکانی تردا بەشکراوە. 
کێ دەستور بنوسێتەوە؟
لە ھەموو دونیا دەستور پرۆژەی ھێزی دەسەلاتدارە، جا ئەو دەسەلاتدارە فەرمانرەوایەکی خۆسەپێنی دیکتاتۆربێت، یان دەسەلاتدارێک کە مافی دەسەلات وەرگرتنی لە رەوایی  گەلەوە لە رێگای ھەڵبژادنەوە بەدەستھێنابێت، بە گشتی  لە زانستی دەستوردا چ  لە کۆن و تازەدا چەند رێگایەک بۆ نوسینەوەی دەستور ھەیە
یەکەم؛ لیژنەی دەستەی دامەزرێنەر
ئەم لیژنەیە لەھەموو رۆڵەکانی گەل پێک ئەھێنرێت بە تەمەن ورەگەز و ئایین و بیروباوەری جیاوازەوەو لەلایەن پەرلەمانەوە دەپاڵێودرێن و پاشان گەل لە رێگای دەنگدانی گشتیەوە ھەڵیان ئەبژێرێ، ھەتاوەکو لە بری گەل، ئەوان پرۆژەی دەستور ئامادە بکەن و پاشان گەلپرسی بۆ بکرێ . 
دووەم:لەرێگای دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ، لەم رێگایەدا حکومەت سەرۆک کۆمار بێت ،یان پاشا یان ھەر ناوێکی تری ھەبێت، دەسەڵاتدار خۆی پرۆژەکە ئامادە دەکات و پاشان گەلپرسی بۆ ئەمجام ئەدرێ. 
سێیەم:
لیژنەی پەرلەمانی،بەپێی توێژێنەوەیەکی زانکۆی برنستین ی ئەمریکی کە لەسەر دەستوری١٩٤ وڵاتی ئەنجامیداوە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ ھەتاوەکو٢٠٠٣نۆ ڕێگا بۆ نوسینەوەی دەستور ھەیە ، باوترین رێگایان نوسینەوەی پرۆژەی دەستورە لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە بەپێی توێژینەوەکە٨١ دەستور کەدەکاتە ڕێژەی  لە٪‏٤٢ دەستورەکانی وڵاتان بەو شێوەیە نوسراوە.وەکو تورکیا، بەڕازیل،ئیسپانیا، پۆڵەندا، بولگاریا، چیک،یۆنان و ھتد.
رەھەندی دەستوریی؛
ئاشکرایە بونی دەستور بۆ کورد مەسەلەیەکی زۆر جیاوازە لە ھەر نەتەوەیەکی تر، کورد میللەتێکی بێ دەوڵەتە، ئەم دەستورە نرخێکی مێژوویی گرنگی ھەیە، ھەڵەیەکی گەورەیە تەنھا بەدیدێکی وشکی قانونیی و دەستوری سەیری دەستور بکەین و قوڵاییە ئەخلاقیی و فەلسەفییەکی فەرامۆش بکەین، دەستور ئاوێنەیەکە بۆ پیشاندانی ھێزی ئەخلاقیی و عەقڵی نەتەوەیەک، ھێڵە گشتیەکانی دەستور ھێڵی فەلسەفیی و ئەخلاقین،لەم روەوە چیرۆکێکی ئەرستۆ ھەیە، لەکاتی خۆیدا خوێندکارەکانی لە ئەرەستۆیان پرسی، دەستورێکی نمونەیی و بوێنە بنوسە؟ لە وەڵامدا ووتی، بەس پێم بڵێی ئەو گەلەی دەستورەکەی بۆ بنوسم چین؟ ھەلومەرجی سیاسی و ئابوریی و کۆمەلایەتیان چۆنە؟ کەواتە دەستور ئاوێنەی کلتوریی و ژیاری نەتەوەیەکە خاڵێکی تری جەوھەری کەکەس باسی لێ ناکات مەسەلەی ڕەگەزی زمانە، راستە ھەتاوەکو ئێستا یەک زمانی یەکگرتویی کوردیمان نیە، بەڵام ھێزی زمان لە ھێزی نوسینەوە سەرچاوە ئەگرێ، ئەوەی سەرنجی زمانەوانی پرۆژەی دەستور بدات ،پرۆژەکە بە زمانێک نوسراوە کە زمانێکی ناخۆش و شکێنراوە، ئەم بەڵگەنامە گرنگە دەستورییە بۆ مێژووی کورد لەپاڵ نرخە دەستوریی و سیاسیەکەی ئەبێتە بنچینەیەکی شارستانی و زمانەوانی بۆ مێژووی کورد زمانی دەستور بەقەدەر خودی دەستور خۆی گرنگە.
چەند ڕاو وسەرنجێک ئەخەینەڕوو؛
یەکەم؛ لە پاڵ بوونی لیژنەی پەرلەمانی کە کاریان ئامادەکردنی دەستورە بۆ ئەوەی بخرێتە راپرسی خەڵکەوە، چەند لیژنەیەکی تر لە دەرەوەی پەرلەمان پێکبھێنرێت لە کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن پیشەی جیاواز لە ھەموو چین و توێژەکان.
دووەم؛ بە ڕەسمی داوای ھاوکاری و یارمەتی لە نەتەوەیەکگرتوەکان بکرێ بە ناردنی تیمی شارەزاو و پسپۆر لە بواری دەستوریدا، ئەمەش جگە لەوەی ئەبێتە ھۆیەک بۆ وەرگرتنی سودو ئەزمون و شارەزایی بۆ نوسینەوەی دەستور  لەلایەکی تر تارادەیەکیش جۆرە پشتیوانییەکی یاسایی و نێودەوڵەتی ئەبێ بۆ دەستوری کوردستان بەھەمان شێوەو بۆ ھەمان مەبەست داوا لە یەکێتی ئەوروپاش بکرێ.
سێیەم؛
کۆمڵێک گۆرانکاری بنچینەیی بخرێتە ناو دەستورەکەوە کە بۆ ھۆیەوە ژێرخانی ژیانی سیاسی و دەوڵەتداری ئەگۆڕێ.
١: پەرلەمانی کوردستان لەم سیستەمە یەک ئەنجومەنییەی ئێستایەوە بگۆردرێت بۆ پەرلەمانی دوو ئەنجومەنی، ئەنجومەنی یەکەم نوێنەران بێت و لەسەر بنچینەی ژمارەی دانیشتوان ژمارەی نوێنەر دیاریبکرێت، دووەمیان ئەنجومەنی ھەرێم بێت کە لەسەر بنچینەی پارێزگاکان بێت بێ گوێدانە کەمیی و زۆری ژمارەی دانیشتوان بە یەکسانی ژمارەی نوێنەریان بۆ دابنرێ. ھاوشێوەی کۆنگرێسی ئەمریکی، ئەمە ئەبێتە سەرچاوەی چەسپاندنی دادپەروەری جوگرافی و لامەرکەزییەت.
٢: ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی سەربازی دروست بکرێ، ئەم ئەنجومەنە سەرپەستیاریی ھێزی چەکداری ھەرێم بکات و بەرگێکی مەدەنی بەبەرابکرێ.
٣: سەرۆکی ھەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵببژێردرێت.
٤: دەستەی فرۆکەوانی مەدەنی ھەرێم بە ھەمئاھەنگی لەگەڵ دەستەی فرۆکەوانی مەدەنی فیدراڵ دروست بکرێت، بەمەش نیمچەسەروەرییەکی ئاسمانی ھەرێم مسۆگەر ئەکرێ.
٥: گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە نەتەوەی گەورەی کورد.
٦: ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ بێت و ھاوشێوەی ئەمریکا وادەکەی بەدەستوری دیاری بکرێ بۆ ئەوەی کەس نەتوانی تەمەنی پەرلەمان درێک بکاتەوە، بۆ نمونە بنوسرێت یەکەم ڕۆژی مانگی(٦) مەی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand