شانازی بەچیەوە دەكەن ؟
2021-06-16 12:50:28
ئەبوبەكر كاروانی
هەر هێندەی راگەیەنرا ئەنجومەنی وەزیانی عێراق، بڕیاری ناردنی بڕێك پارەی بە هەرێم داوە، دەستبەجێ چەندین بەرپرسی حیزبیو حكومی كەوتنە كێبڕكێكردن، بۆ راگەیاندنیو مزگێنیدانو باسكردن لەوەی كە ئەوەی وەدیهاتووە، بەرهەمی هەوڵو تێكۆشانی حیزبو سەركردەكانی ئەوان بووە.؟!! لەكاتێكدا ئەگەر دەسەڵات بەكردەوە لە حكومەتدا بەرجەستە بوایە، وە هاوپەیمانی حكومیو بەرپرسارێتی هاوبەش واتای خۆی وەربگرتیایە، جوان وەك ئەوەی پێویستە، لە حوكمڕانی تێبگەیشتینایە، دەبوو قسەكەر بەناوی حكومەتەوە، یاخود ئەوپەڕی لەگەڵ قسەكەرێك بەناوی وەفدی گفتوگۆكارەوە، هەواڵەكەیان بەناوی حكومەت وەك دەسەڵاتی راپەڕاندن رابگەیەندایە، نەك هەر كەسەو لای خۆیەوە دەستبكات بەلێدوانو مافێكی سادەمان لێبكەن بە دەستكەوفێكی گەورە! چونكە ئەم هەموو لێدوانە بەوجۆرە، هەرێم بێ هەیبەتتر دەكات، پرسیاری زۆرتر دەخاتە سەر عەقڵی حوكومڕانیمان، سەرۆك وەزیرانی بەغدا لەبەردەم خەنیمەكانی، ڕوداماوتر دەكات ؟! شایانی وەبیرهێنانەوەیە، هەموو ئەمە لەكاتێكدایە كە:
١- ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت: كە دەستەبەری جێبەجێكردنو تاسەر بڕكردنی ئەم جۆرە بڕیارانە تاسەر لەئارادا نیە، هێزە ناڕازییەكان هەركاتێك ویستیان، دەتوانن لەڕێی پەڕلەمانو دادگاو میكانیزمی ترەوە، كێشەی بۆ دروستبكەن.
٢- بڕیارێكی لەوجۆرە جێگەی ئەو هەموو شانازیو هەلهەلە بۆكێشانە نیە. چونكە:
ا- ئاماژەیە بەبچوككردنەوەی خەونی مرۆڤی كوردو قەتیسدانی لەئاستی موچەو هێنانی هەندێ پارە لەبەغدا بۆ هەرێم، بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت موچە لەكاتی خۆیدا بدات؟!!
ب- ئەم دۆخی هەست بەزەلیلیو خۆبچوككردنەوە، دیارنەبونی چوارچێوەی چەسپاو و درێژمەودای كاركردنو رێككەوتنو گیرخواردنی هاوكێشەكە لەنێوان سازشكردنی گرەنتینەكراو بۆ بەغداو قەیرانی داراییو موچە، بەرەنجامی بێ پارەیی نیە، هەروەك لە لوتكەی دەسەڵاتەوە گوزارشتی لێدەكرێتەوە، بەڵكو بەرەنجامی ناكۆكی سیاسیو گەندەڵیو حەرامخۆریو رووننەبونی سەرچاوەكانی داهاتە. مادام بێموچەییو قەیرانی ئابوریو خۆبچوككردنەوەی سیاسیشمان بەپلەی یەكەم، بەهۆی ئەو هۆكارانەی سەرەوەیە، بۆ كەس جێی شانازی نیە خۆی بەبڕیارێكو دڵخۆشكردن بەناردنی هەندێ پارە لە بەغداوە هەڵبكێشێو شانەخڕێی بێت بۆ ئەوەی بەناوی ئەو یاخود حیزبەكەیەوە تۆماربكرێت. لەبەرئەوەی راستی سەرەوە پێمان دەڵێت: دڵخۆشكردنەكە لەقوڵایدا بۆ باشتربوونی ژیانو گوزەرانی موچەخۆرانو كەمكردنەوەی قەیرانی ئابوریو چاكەی گشتی نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەو گەندەڵیەی دەیكەنو ئەو پارەی لە سنورەكانو ناوخۆو نەوت دەیبەن، لەسایەی دانی موچەو دابەزینی ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتی لە نوخبەی حوكمڕان، بێكێشەتر بیخۆنو بیخەنە سەر حسابە بانكییەكانیان!!! بۆئەوەی دواتر وەك ماڵی سیاسیو شێوازی تر گەندەڵە سیاسیەكەشی پێ قوڵتر بكەنەوە.
بەڕێزان شانازی بەچیەوە دەكەن كە ناكۆكیو گەندەڵی ئێوەو حیزبەكانتان هۆكاری پشت نەدانی موچەیە؟
تەنانەت پەیوەندی لەرزۆكو ناجێگیر لەگەڵ بەغداش لەناكۆكی نێوانتانو ئیدارەكردنی بەشێك لە ملمانێكانتان دژبەیەك لەوێوە، بەدەر نیە. بۆیە هیچی تر بەم زمانە، كە سوكایەتی بۆ هاوڵاتیان تێدایە قسەمەكەن، ئەركی ئێوە وەك نوخبەی حیزبی بەتایبەتیش هی دوو حیزبەكە دیارە:
. پارە تاڵانكراوەكانی خەڵك بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. سنورێك بۆ گەندەڵیو خرپ بەكارهێنانی دەسەڵات دابنێن.
. كۆتایی بە ناكۆكیە نانیشتیمانیەكانتان بێنن.
. كۆتایی بەدابەشبوونی كوردستان، فرەدەسەڵاتی، زۆنی حیزبیو دوبەرەكیو لەشكرو هێزی حیزبی بێنن.
. دەستورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێم گەڵاڵە بكەن، سازانی نیشتیمانی لەسەر دروست بكەن، ژیانی سیاسی لەم بێ حەوشەییە ڕزگاربكەن.
. بڕوا بەبێ لایەنیو سەربەخۆیی دەسەڵاتی داوەریو دادگاو سەروەری یاسا بێنن.
. ستراتیژێكی هاوبەشی نیشتیمانی دابڕژنو تەوافوقی لەسەربكەن، بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كە خەریكە لەدەستدەچن، بەغدا، دەرودراوسێ، پارچەكانی كوردستان، مەسەلەی كوردستان لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو جیهان بەگشتی.
. زۆرینەی گەلەكەتان ئاشت بكەنەوە، كە گەندەڵی سیاسیو دارایی، ساختەكردنی هەڵبژاردن، ناكۆكی هەوانتەو جارسكەر، قەیرانی ئابوری، نائومێدیان كردووەو متمانەیان بە پرۆسەی سیاسیو دەستەبژێری حیزبیی حوكمڕان نەهێشتووە. شەهامەتی ئەوەتان تێدا بێت، واز لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا بێنن، كۆتایی بەفۆڕمێ لە ئەخلاقی سیاسیو حوكمڕانی بێنن، كە ناكارایی، خراپیو داڕوخاویی سەلما.
بیركردنەوەو بەرەو پیرچونی ئەم ئەركانەو دوبارە بیناكردنەوەی سیستمو هەرێمێكی یەكگرتوو، بەهێز، دیموكراتو خاوەن ستراتیژو هوشیار بە ئەركە نەتەوەیی، سیاسیو ژیارییەكانی، شایستەی كەسانێكە بەخۆیان ڕەوا دەبینن پێیان بوترێت: سیاسەتمەتدار، لێپرسراو، پیاوی دەوڵەتو نیشتیمانپەروەری مەزن لەناو گەلێكی گەورەی جەزرەبە چەشتوی نێو مێژوی نوێی خۆهەڵاتی ناوەڕاستو خاوەنی تراژیدیای ئەنفالو هەڵەبجەو كیمیابارانو سەدان هەزار شەهیدو ملێۆنان مرۆڤی پێخوستكراو و بێ بەشكراو لە كەرامەتی مرۆیی خواپێدراو.
ئەمە ئەركتانە، نەك خەریكبوون بە كێبڕكێوە بۆ شانازیكردن بەهەندێ شتی بچوك چارەسەری كاتیەوە، كە خۆتان بەدانپیانانی خۆتان سەبەبكاری سەرەكی كێشەكەن.