Draw Media

دوو پەیام بۆ پەکەکە

دوو پەیام بۆ پەکەکە

2021-06-12 13:45:28


ئاری محەمەد هەرسین

نێوانی ئێمە و پەکەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دژوارتر دەچێت. هەندێک لە برادەرانی یەکێتی خەریکن خۆیان ئەکەن بە مامۆستای ڕێنمایی ئاشتیی و تەبایی و خێری زیندە. کەسانێک کە هیچ باجێکی شەڕی نەگریسی براکوژیان نەداوە، خۆیان لە ئێمە کردۆتە باڵوێزی ئاشتی. وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە هەمویان ئاشتیخواز بن و، تاکە شەڕخوازی مەیدان پارتی بێت.

ئێمە نە حەزمان لە شەڕی براکوژیە و نە موبادەرەی هەڵگیرسانیشی ئەکەین. بەڵام عەنتەریش لەکەس قوبوڵ ناکەین. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە براکەمان بێت، کە پەکەکەیە. پەکەکە کوردە و برای ئێمەیە. بەڵام برایەتی مانای ئەوە نیە کە لایەک خۆی بە مودیر و مەسئولی نیشتیمان بزانێت و هیچ حسابێک بۆ دەستکەوتەکانی براکانی تری نەکات و، تەنانەت بیەوێت وەک مشەخۆر خۆی بێتە سەر سفرەی حازر و ماڵی براکەشی بەناوی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕیەوە وێران بکات.

دوو خاڵی گرنگ وەک مەسجێکی زۆر ڕاشکاوانە و ڕوون گرنگە پەکەکە لێی تێبگات. یەکەم: ئەگەر پەکەکە کوردی عێراقی خۆش ئەوێت و پێی خۆشە بارە قورسەکەی سەر شانیان کەم بکاتەوە، ئەبێت کوردستانی عێراق بەجێ بهێڵێت. چونکە پەکەکە بوەتە بارگرانی بۆ حکومەتی هەرێم. حکومەتی هەرێمیش تاپۆ نیە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و، یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش تێیدا بەشدارن. بۆیە ئەبێت پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگات کە کێشەی ئەو لەگەڵ ئێمەی پارتی نیە بەتەنیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو کوردستانی عێراقە. دووهەم: ئەگەر پەکەکە لە بادینان جێی پێ لێژ بوبێت، ئەوە مانای ئەوە نیە لە دەڤەری پژدەر، شارباژێڕ، شارەزور و هەورامان بە ئاسانی ئەتوانێت دەست لە هەڤاڵانی ئێمە بوەشێنێت. بۆیە ئەگەر بێت و بە هەر بیانویەک هێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاکە کەس، یان بارەگاکانمان، زۆر بە توندی و بە گورزی سەربازی وەڵام ئەدەینەوە. هەمان شت بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان بە نمایشی خۆپیشاندانی مەدەنیش کە پەکەکە خەڵکی سیڤیل بۆ مەرامی خۆی بەکار بهێنێت ڕەوایە و، وەڵامی توندمان ئەبێت. چونکە وەک سەرۆک مام جەلال فەرمویەتی، وتار بە وتار و فیشەکیش بە فیشەک وەڵام ئەدرێتەوە. ئێمەش وا ئەکەین. خۆپیشاندان بە مەبەستی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی و پانکردنەوەی سەری کادرانمان بە بلۆک ووتار نیە، بەڵکو هێرشێکی سەربازیە. هیوادارین پەکەکە زیاتر سەری بە کێشەی کورد لە تورکیاوە بیەشێنێت و واز لە ئاژاوە نانەوە لە کوردستانی عێراق بێنێت. هیوادارین پەکەکە تۆزقاڵە زەڕڕەیەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ئەم شەڕە نەگریس و ناشرینەمان لێ لابات، چونکە هیچ نەبێت برامانن. ئێمە حەزمان لە کوشتنی برای خۆمان نیە، مەگەر هیچ ڕێگایەک نەمێنێت و ناچار بین لە پێناو خۆپاراستن، پەنجەی سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمان ببزوێنین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand