Draw Media

حكومەتەكەی نوری سەعیدو حكومەتی هەرێم

حكومەتەكەی نوری سەعیدو حكومەتی هەرێم

2021-11-16 19:47:15


 .سەرتیپ جەوهەر
داهاتی نەوتی عیراق لە ساڵی 1949 تەنها یەك سێ‌ ملیۆن دینار بوو لەساڵێكدا، دوای تەنها سێ‌ ساڵ واتە 1952 ئەو داهاتە گەیشتە پەنجا ملیۆن دینار! نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی عیراق سوربوو لەسەر ئەوەی نابێت خەرجی دەوڵەت لە لە 30% داهاتی دەوڵەت زیاتر بێت. حكومەتی عیراق ئەوكاتە بڕیاریدا لە 70%ی داهاتی نەوت بۆ ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە تەرخانبكرێت.
بەهۆی زیاتر بوونی داهاتی نەوت، حكومەتی عیراق لەماوەیەكی زۆر كەمدا، دەیان پرۆژەی گەورەو ستراتیژیی جێبەجێكرد، دەتوانین بڵێین سەردەمی زێڕینی ئاوەدانیی بووەو تائێستا ئەو پرۆژانە خێروبێریان بۆ عیراق و كوردستان بەردەوامە. بۆنمونە پرۆژەی چوار بەنداوی گەورەی وەك حەببانیە، سەرسار، دوكان، دەربەندیخان. پرۆژەی كارگەی چیمەنتۆو شەكر رستن و چنین لەشارەكانی سلێمانی و موسڵ و بەغداو پارێزگاكانی عیراق. پرۆژەی پاڵاوگەی دۆرە كە دواتر زیاتر فراوانكراو پێشخرا..تد ئەمە جگە لەدەیان پردو رێگاوبانی ستراتیژیی لەناو بەغداو لەنێوان بەسرەو بەغداو بەغدا كەركوك و پرۆژەی هێڵی شەمەندۆفێرو تەلفزیۆن..تد جێبەجێكرد.
لێرەدا دوو سەرنجی زۆر گرنگ دەبینین. یەكەمیان داهاتی نەوت لەماوەی تەنها سێ‌ ساڵ (1949-1952) لە 3 ملیۆن دینارەوە دەبێتە 50 ملیۆن، بەڵام حكومەت بڕیار دەدات لە 70% ئەو داهاتەی نەوت تەرخان بكات بۆ پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەدانیی. دووەمیشیان ئەو پرۆژانەی جێبەجێكراون پرۆژەی ستراتیژیی بوون و جگە لەرەخساندنی هەلی كارو فراژووكردنی ئابوریی، لێكەوتەو كاریگەرییەكانی تائێستا بەردەوامەو هەموو خەڵكی عیراق سودیان لێ دەبینن.
ئەگەر بەراوردێكی حوكمڕانیەكەی سەردەمی نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی بەر لە 70 ساڵ و حكومەتی هەرێم بكەین، جیاوازییەكی ئێجگار گەورە دەبینین. 
لەهەرێمی كوردستان، بەقسەی لێپرسراوانی حكومەت و سەرچاوە جیاوازەكان لەماوەی 10 ساڵی رابردوو، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم زۆر زیاتر بووە. هەرچەند زەحمەتە بزانین ئێستا چەند بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی حكومەت نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا هەناردە دەكرێت، ئەمە جگە لەبەكارهێنانی ناوخۆو بۆ پاڵاوگەكان. هاوكات نرخی نەوت لە 20 دۆلارێكەوە بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 84 دۆلار، واتە زیاتر لە چوار قات زیاتربووە! 
ئەو نەوتەی سەردەمی نوری سەعید بەهەمان سیستمی ئێستا هەرێم دەردەهێنراو دەفرۆشرا كە سیستمی هاوبەشیی (شەراكەت)، نەوتی عیراق دەدرا كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت، زۆر بەشەفافی بەنرخی دەفرۆشراو عیراق چاودێر بوو بەسەر فرۆشتنی نەوتكەی، بەڵام ئەو نەوتەی هەرێم زۆر كەمتر لەنرخی بازاڕ هەرزانفرۆش دەكرێت و بەقسەی خۆیان زیاتر لەنیوەی ئەو پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستدەكەوێت بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات! جگە لەوەی كەس نازانێت ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان و توركیا سەبارەت بەدەرهێنان و فرۆشتن و هێنانەوەی پارەی نەوتكراوە چییەو چۆنە؟!
بەر لە نزیكەی 70 ساڵ حكومەتەكەی نوری سەعید زیاتر لە 70% داهاتی نەوتی رادەستی ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوەی حكومەت دەكرد، لەماوەی نزیكەی 7 ساڵ دەیان پرۆژەی ستراتیژیی زۆر گەورەیان لەعیراق جێبەجێكرد، بەڵام ئەو داهات و پارەیەی نەوتی هەرێم لە 90% بۆ خەرجی تەشغیلی (موچە) دەڕوات و نەك لەماوەی 8 ساڵی رابردوو كە گوایە نەوت سەربەخۆ دەفرۆشرێت، بەڵكو لەماوەی 30 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێم تائێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی جێبەجێنەكردووە! حوكمڕانیەكەی سەعید لەماوەی 6 ساڵ دا دەستی بەجێبەجێكردنی 4 بەنداوی گەورەی لەعیراق كرد! لەهەرێم لەدوای روخانی رژێمی بەعس كە 18 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو ملیارەها دۆلار هاتۆتە هەرێم، كەچی تەنها یەك بەنداوی ستراتیژیی دروستنەكراوە، لەكاتێكدا هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی زۆر جددی و مەترسیی زۆر گەورەی ئاودایە! یان لانیكەم دەبوو پرۆژەی بەنداوی بێخمە تەواوكرابوایە! یاخود پرۆژەی ئاودێری بۆ ناوچە وشكهەڵاتووەكان (بێئاوەكان) جێبەجێكرابوایە! ئەوەی دەیبینین لەماوەی 18 ساڵی رابردوو، یەك پرۆژەی ستراتیژیی كە راستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵك و باشتركردنی ئابوریی كوردستان و ئاوەدانیەوە هەبێت جێبەجێنەكراوە! تائێستا رێگاو بانی نێوان شارە گەروەكانی كوردستان یان پارێزگاكان نەكراوە بەڕێگای دوو سایدو ستاندارد! چەند رێگایەك لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دەست بەجێبەجێكردنی كراوە ئەویش بەپارەیەكی ئێجگار زۆرو بەقەرز و بە(سو) یان زیادەیەكی زۆر لەسەر حكومەت! لەماوەی 30 ساڵی رابردوو، گرفتە سەرەكییەكانی هەرێم (ئاو، كارەبا، سوتەمەنی) تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت! بوون بەگرفتی هەمیشەیی و هەموو ئەو رێگایانەی گیراونەتەبەر بۆ چارەسەركردنیان، جگە لەوەی نەبۆتە هۆكاری چارەسەركردن، هاوكات خەرجیەكی ئێجگار گەورە لەسەر داهاتی هەرێم كەوتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand