لەبارەی چۆنێتی بەكارهێنانی نیشانەی لایكەوە
2021-11-21 20:02:39
رێبوار سیوەیلی
1. ئەم نیشانانەی لەسەر پەنجەرەی فەیسبووكەكەت دەردەكەون، جۆرە هێما و نیشانەیەكی زمانین، كە مانای تایبەتیان هەیە. ئەگەر بە هەڵە بەكاریان بهێنین، ئەنجامی خراپیان دەبێت. بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە پەلە لەبەكارهێنانیان نەكەین و بشزانین لە كوێدا كامیان بۆچی بەكار دەهێنین. من لە خوارەوە، بە پێی تیگەیشتنی خۆم وەك كوردێك، نەك وەكئەوەی بمەوێ نوێنەرایەتی تۆڕی كۆمەڵایەتی بكەم، هەندێ ڕوونكردنەوەت بۆ دەنووسم، ڕەنگە سوودبەخش بن:
2. پێویستە بزانین، بەكارهێنانی ئەم نیشانە زمانیانە بەپێی جیاوازیی كولتوورەكان، مانای جیاواز بەخۆیانەوە دەگرن. بۆیە نابێت پەلە لەبەكارهێنانیان بكەین. ئەوەش من دەینووسم، لە ئەزموونی خۆمەوەیە و ڕەنگە كەسانێكی دیكە هەبن، ئەزموونێكی دیكە، یان تێگەیشتنێكی دیكەیان هەبێت. بەڵام دەبێت بزانین ئەم نیشانانە ئامرازی لێكحاڵیبوون و بەدحاڵیبوونیشن. زمانێكن دەتوانین لەڕێگەیانەوە یەكتری شاد بكەین و یەكتریش زویر بكەین. بەهۆی بەكارنەهێنانیشیانەوە دەتوانین یەكتری بسڕینەوە، نەبینین، یان بیخەینە لاوە، كە ئەوەیان بەدترین جۆری بەكارهێنانیانە و ئاستێكی ستەمكارانەیە و سایكۆلۆژیایەكی توندوتیژ ئاشكرا دەكات.
3. لە هەموویان باوتر ئەم (لایك)، یان پەنجە هەڵبڕینەیە، كە باوترین مانای ئەوەیە: ئێمە پەسەندی شتێك دەكەین، یان بەرامبەر ئاگادار دەكەینەوە كە بینیومانە. پۆستەكەتمان بینیوە و هیچیتر. ڕەنگە ئەمە كۆمێنتێكی بەدوادا بێت، یان سەرنج و پرسیارێك، بەڵام لەسەرەتاوە پیشانی دەدەین بینیومانە بەڵام نرخاندنمان بۆ نەكردووە.
4. وەلێ كێشەكە هەر لەوەدا كۆتایی نایەت. بەكارهێنانی تیكەی لایك، لە كاتی جیاوازدا مانای جیاوازیش بەخۆیەوە دەگرێت: بۆ نموونە كەسێك كۆمێنتێكی زۆر گەرم و جوانی بۆ پۆستێكی تۆ نووسیوە، یان بۆ وێنەیەكت ناردووە. تۆش بێیت لایكیكی سارد و سڕی تێبگریت، دڵنیابە دڵی سارد دەكەیتەوەو بگرە لەوانەیە لە نووسینی كۆمێنتەكەی پەشیمانیشی بكەیتەوە. یاخود ناچاری بكەیت بیسڕێتەوە. چونكە تۆ لەوەڵامدانەوەیدا سارد بوویت، یان ئەوەت پیشانداوە كە بایەخی پێنادەیت و بە هەمان گەرموگوڕییەوە وەڵامت نەداوەتەوە. بۆیە گرنگە بزانین لایك لە كوێدا و بۆچی بەكار دەهێنین نەك بۆ هەموو كاتێك و هەموو وەڵامێك و هەموو پۆستێك.. وردبەرەوە بزانە كێ چۆن نرخاندن بۆ شتەكانت دەكات، تۆش بەوجۆرە و بگرە زیاتر نرخاندن بۆ بەشدارییەكەی ئەو بكە. بەكارهێنانی لایك بۆ كەسێك دڵی تێگرتوویت، وەكئەوەیە تۆ بێزت نەیەت لە هەمان ئاستدا وەڵامی بدەیتەوە، یان دەیخەیتە پێگەیەكی نزمترەوە لەوەی ئەو بۆتۆی داناوە.
5. دانانی نیشانەیەك هەر دانانی نیشانەیەك نییە. بەڵكو وەڵامێكی هیمایی/زمانییشە كە لە دۆخێكی كولتووری و دەروونیی تایبەتدا مانای جیاوازی هەیە. كەسێك بنووسێت: (ئێستە دایكم كۆچی دوایی كرد!)، تۆ بەلایك و دڵ وەڵامی نادەیتەوە، یان كۆمێنتی نادەیتێ.. باشتر و جوانترە نیشانەیەكی خەمگینی دابنێیت و كۆمێنتێكی كورتیشی بۆ بنووسیت. بەڵام ئەگەر لایكت بۆ دانا، هیچ بایەخ و نرخاندنێكی تیدا نییە و كەسەی بەرامبەر زویر دەكات. بە هەمان شێوە ئەگەر كەسێك نووسیبووی: (ئێستە لەگەڵ خۆشەویستەكەم لە سەری سەفینین) و وێنەیەكی خۆشیانی دانابوو، یان كەسێك چەژنی لەدایكبوونی منداڵەكەیان ڕابگەیەنێت و تۆش تەنیا لایكێكی تێبگریت، شیاو نییە. ئەو جۆرە پۆستانە پێویستییان بە گرنگیدان و نرخاندن و بەشداریكردنی زیاتر هەیە. خۆ ئەگەر هیچ نەكەیت، باشترە، بەڵام ئەگەر هەر شتێكت كرد پێویستە لانیكەم، دڵێك و ئامێزێكیان تیگریت، یان كۆمێنتیكی پێخۆشحاڵیانەشیان بۆ بنووسیت..
6. هیچ نەنووسین، یان هیچ لایك نەكردن و گوێ پێنەدان جۆرێكە لە ڕەتكردنەوە. جۆرێكە لە پشتتێكردن و ئەمەش خەمساردی پیشان دەدات.. خەڵك و هاوڕێكانت دەزانن كە تۆ پۆستەكەیان دەبینیت، كەچی هیچ شتێكی وا ناكەیت كە ئەوان دڵخۆش بكات، یان هەڵویستی تۆیان بۆ ڕوونبكاتەوە.. ئەمە پێیدەگوترێ: (ئیگنۆڕ)كردن، یان خۆلەگێلیدان و بایەخ پێنەدان و پشتتێكردن.. ئەگەر ئەمە هەڵوێستتە، باشترین شت ئەوەیە خۆت لە لیستی هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بسڕیتەوە، چونكە ئەگەر وانەكەیت و هیچ پەرچەكردارێكیشت لە ئاستیاندا نەبێت و ئەمەش زۆر دووبارە بێتەوە، ئەوانە پێناسەیەكی دیكە بۆ تۆ دەكەن: تۆ چی دەكەیت لەو گۆشە و پەنایەوە خۆت ماتداوە و هەرگیز بەشداریی پۆستی هاوڕێكەت ناكەیت؟ لە كوردستان بەمە دەڵین: جاسووسی و خۆماتدان و لە دوورەوە تەماشاكردن.. ئەوەش هەستێكی ناخۆشە.. من بە ئەزموونی خۆم بۆم دەركەوتووە و زۆربەی هاوڕێیانیش ئەوەیان پشتڕاستكردۆتەوە، كە ئەم ڕەفتارە بەزۆری خزمەكان لەگەڵ یەكتری دەیكەن! دەیانەوێت هەمووشتێكی تۆ و یەكتر بزانن، ئەگەر شتەكە خۆش بوو، خۆیانی لێناكەن بە خاوەن و ئەگەر ئەوەش كە لێت دەقەومێت ئابڕووبەرانە بوو، ئەوە هەموو خزمان لە ناو خۆیاندا باست دەكەن.. هاوڕێیەكی شاعیرم بۆی گێڕامەوە، گوتی: ئەگەر بەس خزمەكانم لایكی پۆستەكانم بكەن، نیزیكەی 2000هەزار كەسوكارم خۆیان كردووە بە (فڕێندم). كەچی یەك دانەیان بەشداریی هیچ پۆستێكم ناكەن.. ئەمە بۆ زۆربەمان ڕاستە.
7. ئەگەر سوودێك لەم وتانەدا هەیە، هەوڵدە بنێرە بۆ كەسانێك دەزانیت بە هەڵە نیشانەكان بەكار دەهێنن. لە باسی داهاتوودا لەسەر نیشانەیەكی دیكە دەدوێم.. بەڵام ئەمە كۆمێنتی كاك (هیوا سەلام)ـە: (ئەگەر نووسینەکەت نەخوێندۆتەوە لایک مەکە! ئنجا دەبینیت کە چ عەشیرەتێک قەت ناشیخوێنێتەوە و لایکێکیش دەهاوێژێ، چونکە هەست دەکات هیچی تێناچێ!). لاییكردن و نەكردنی زۆری تێدەچێت. دەتوانیت پەیوەندییەكان خۆش بكات و ڕاستگۆیی مرۆڤ ئاشكرا بكات، دەشتوانێت ناخۆشیان بكات و دووڕوویی مرۆڤ دەربخات. بۆیە هەرگیز هیچ لاییك مەكە، نەتخوێندۆتەوە.