گەمەی لۆکاشینکۆ و بە قوربانی کردنی پەناخوزانی کورد
2021-11-17 07:59:18
دانا رەشید
دوای ئەوەی ئەنجێلا میرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی خۆ سەپێنی وڵاتی بیلاروس لۆکاشینکۆ کرد ، هاوزەمان لەرێگەی موستەشاری ئیدارەی مێرکڵ بۆ کاروباری دیبلۆماسی نیابی لە مێرکڵەوە گفتوگۆی لەگەڵ پوتین سەرۆکی روسیا کراوە ، دەربارەی ئەزمەی پەناخوازانی سنوری پۆلندا ، لۆکاشینکۆ خۆی بە سەرکەوتو پیشان داوە ، ئەمەش دوای ئەو لێدوانەی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا دێت ، کاتێ لەرێگەی تەلەفۆنەوە وتویەتی ، بۆ سەرۆکی بیلاروس سەرکەوتنە کە مێرکڵ خۆی تەلەفۆنی بۆ بکات لەکاتێکدا بە سەرۆکی شەرعی وڵات لە یەکێتی ئەوروپا بلۆک کراوە متمانەی پێ ناکەن ، ئەمەش لۆکاشینکۆ بە سەرکەوتن بۆخۆی ناوزەدی کرد ،
هەمان کات ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ماوەیەکی درێژ کە لە ٢ کاتژمێر تێبەریکردوە لەسەر هەمان ئەزمەی سەر سنور قسەیان کردوە و ڕایان گۆڕیەوەتەوە ، هەتا ئیرە سەرەتای فیلمێکە کە لە تورکیا سیناریۆی بۆ دانراوە و لە روسیا سپۆنسەری بۆ کراوە و لە بیلاروس وێنەی گیراوە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ، بەهۆی ئەو بارە ناهەموارەی حکومرانی عیراق و کوردستان باشترین ئەکتەری حەقیقی بۆ دۆزراوەتەوە . ئەکتەرێک بە شێوەیەکی وەها غافڵ گیر کراون ، لە نێوان پۆلنداو بیلاروس سەرماو ئازارو برسێتی دەچێژێ ئەمما هێشتا بروای بەوە نەهێناوە کە ئەمەی ئەوان دەیکەن فیلمە ،
وەلی پرسیاری جدی لێرەدایە ، ئایا لەم گەمەیەدا سەرۆکی خۆسەپێنی بیلاروس بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا ، دەیباتەوە یان دەیدۆڕێنێ ؟ ئەگەر بردیەوە چارەنوسی ئەو پەناخوازانە بەچی و بەکوێ دەگات ، خۆ ئەگەر دۆرانیشی هەمان پرسیار چارەنوسی خۆی و حکومەتەکەی بەکوێ دەگات ؟
دوای ئەوەی لۆکاشینکۆ و دەسەڵاتەکەی ئیعترافیان بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەکردوو ، خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند ، یەکێتی ئەوروپا هەموو پەیوەندیەکی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد ، بەمەش حکومەتی بیلاروس توشی چەندین قەیرانی دارایی و ئابوری بوەوە ، سەرباری باروەدۆخی پەتای کۆرۆنا ، ئیدارەی لۆکاشینکۆ بۆ دەرباز بوونی لەو ئەزمەیە نەخشەی چەند سیناریۆیەکی سیاسی دەکێشێت ، یەکێک لەو سیناریۆیانە کە خۆی و دارودەستەکەی هەر بە سەرۆکی تێدا بمێنێتەوە و نەکەویتە بەر نەفرەتی مێژو ، یەک گرتنەوەی لەگەڵ روسیای گەورە پێشنیار دەکات ، لەگەڵ ڤلادمیر پوتین دەکەونە گفتوگۆ ، بەڵام بۆ ئەم کارە دەبێت ریفراندۆمێکی گشتی بکرێت تا دەنگی میلەت بەدەست بهێنیت ، لەمەدا شکستی خوارد چونکە میلەتی بیلاروس ئامادە نین بۆ ئەوکارە ریفراندۆم بکەن و خۆیان تەسلیم بە روسیا بکەن ، سیناریۆی دوەم ، دروست کردنی چەند حیزبێکی کارتۆنی و بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی لە سەرەوە دژی خۆی و لە ژێرەوە کوری خۆی دروست بکات ، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە جێگەی گاڵتە پێکردن بوو بۆ یەکێتی ئەوروپا چونکە یاریەکی مەکشوفە ، سیناریۆی سێەم دووبارە کردنەوەی هەمان سینارۆی تورکیا ، کاتێ چەند ملیۆن پەناخوازانی سوری و یەزیدی و عیراقی بەردایە گیانی یەکێتی ئوروپا ، ترێ بە گەنمێکی پێ کرد هەم بەشێکی زۆری لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیران هەم پارەیەکی زۆریش درا بە حکومەتی ئەدۆگان ، لەسەرێکی کەوە لە چەندین ئەزمەو گرێو گۆڵی سیاسی و دیبلۆماسی چاویان نوقاند ،
بەڵام کورد واتەنی لەهەمو هەورێ باران نابارێ و لە هەمو زەویەکیش گوڵ و گوڵزار ناخەمڵێ ، کەش و هەوای ئەو بارانەی بۆ ئەردۆگان باری زۆر زۆری فەرقە لەگەڵ ئەم کەش و هەوایەی ئێستە بۆ بیلاروس نابارێت ،
وەک دەرکەوتوە سیناریۆکە بەم جۆرەیە بێگومان ئەمە قسەوباسی زۆری لەسەرە ، تورکیا کۆمەڵێ قاچاخچی بێویژدانی کورد پەیدا دەکات ، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بارە زۆر ناهەموارەی حکومرانی ،کە قیمەتی بە هیچ شتێکەوە نەهێشتوە بێجگە لە پارەکۆکردنەوە ، کۆمەڵگەی وەک کەرەستەیەکی خاو لێ کردوە ، بەئاسانی دەتوانرێت چی لە گیرفانیدایە بە حسابی رۆشتن بۆ ئەوروپا لێی بسەندرێت ، بە فیزەی وڵاتی بیلاروس بە رێگەی کۆبپانیای فرۆکەوانی تورکیا ،خەڵک بە خاوخێزان و منداڵ و پیرو گەنجەوە ، بەو بەرنامەیە کە تا ناو پۆلندایان بەرن ، بەوجۆرە خەڵەتاون کە ئیتر پۆلندا سەربە یەکێتی ئەوروپایەو لەوێوە بێ کێشە ، دەوڵەتانی وەک ئەڵمانیاو هۆڵداو سویدو چی و چی ، بەهەمان شێوەی سوریەکان موعەزەزو موکورەم وەرتان دەگرن ، سەرەتا بە پارەیەکی زۆر نەبوە بەڵام قاچاخچیەکان بۆ گیرفانی خۆیان یەک فیزەیان بە پێنچ هەزار دۆلار فرۆشتوە لەکاتێکدا خۆیان تەنها ٥٠ پەنجا دۆلاریان داوە بە فیزەکە ، بەم حاڵەش بە هەزاران ماڵ و خیزان بە خاو خێزاناوە بە دەیان دەفتەریان داوە بەس بگەنە بیلاروس پۆلندا ، لەماوەیەکی کەمدا مزگێنی بە لۆکاشینکۆی دیکتاتۆر دەدەن کە زیاتر لە ٤ هەزار کەس کۆکراونەتەوە بە خاوخێزان و منداڵ و چەندین کەم ئەندامیان لەگەڵە ، بۆیە نەخشەکە دەکەوێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە ، سەرەتا بهێنرێن بۆ شوێنێکی نزیک سنور ئینجا سەربازانی بیلاروس پشتیان لێ بگرن و بڵێن فەرموو برۆن بۆ پۆڵندا ، ئەو جەماوەرە پەناخوازە نازانن ڕو بکەنە کوێ ، چونکە پێش ئەوەی ئەمان بگەن پۆلندا هەموو سنورەکانی خۆی بەسەرباز گرتبوو ، دەستی کردبوو بە دروست کردنی دیوارێکی بەرزی
تەلبەند کراو ، ئێستە بە بەرزی ٥ مەتر دەیەوێ دیوارێکی تر دروست بکات ، لێرەوە هەتا ئێستە وێنەی فیلمەکە دەگیرێت ، ئەمە دوا سیناریۆی لۆکاشینکۆیە هێشتا یاریەکە بەردەوامە ، بۆیە لەم گفتوگۆ تەلەفونیەی مێرکڵ ، خێرا سەرۆکی روسیا پوتین تەپڵی سەرکەوتنی بۆ لۆکاشئنکۆ لیدا بەوەی ئەمە وەک ئیعتراف وایە بە دەسەڵاتی لۆکاشینکۆی خۆسەپێن ، بەڵام پۆلندا هەتا بێت شێتگیرتر دەبێت ، ئەگەرجی لۆکاشینکۆ هەندێ قسەی بێ سەروبەری کرد بەڵام دەکرێ حسابی بۆ بکرێت کە وتی ، کوردەکان ئەزمونی شەریان هەیە ، دەگۆی بەدەست خستنی چەک لە ئارادایە ، ئەمرۆ لەبەردەم دەروازەی رەسمی نێوان بیلاروس و پۆلندا شەررو پێکدادانی بەردەفرکێ لەنیوان پەناخوازان و سوپای پۆلندا رویدا ، شرۆڤەکاران دەلێن ، ئەگەر ئەم ئەزمەیە تا ماوەیەکی تر چارەسە نەکرێن ، یەکێتی ئەوروپا دەکەوێتە نیوان دوو هەڵبژاردن ، یان ئەوەتا چاو داخەن تا کارەساتێکی مرۆیی رودەدات بە نەخۆش کەوتن و رەقبونەوەی ئەو جەماوەرە پەناخوازەو لەو رێگەیەوە لۆکاسینکۆ بدرێت بە دادگا و کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێت ، جا ئایا لۆکاشینکۆ دەیەڵێ بگاتە ئەو حەدە کە سەری خۆی و دەسەڵاتەکەی تێدا بجیت ، یان لەو سەر سنورە دەیاهێنیتە ناو شارەکانی بیلاروس و کۆتایی بە فیلمەکە دێت ، یان ئەوەتا رێک بکەون و لۆکاشینکۆ گرەوەکە بباتەوە ، لەهەردوو بەردا پەناخوازان تێدا دەچن یان بە ناردنەوەیان و سەرکەوتنی لۆکاشینکۆ ، یان بە پەندان و نەخۆش کەوتن و لەتاو سەرما یەک یەک مردنیان ، یان لاکۆشینکۆ بەناچاری بیان بات بۆ شارەکانی بیلاروس و رەوانەی عیراقیان بکەنەوە ، هەروەک وەفدی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا لەو گفتوگۆیەدان .
کورد دەڵی بە بۆنی کەبابەوە چو کەریان داخ دەکرد ، ئەو بۆنی کەبابەی کە قاچاخچیان ئەو خەڵکەیان بۆ برد ، ئەم کەرداخکردنە بوو ، وەلی ئەوکەسانە هەرچیەک بن گەوج نین ، ئەو هەموو هۆکارەی لە عیراق و هەرێم بە بێقیمەت کردنی ژیان و مرۆڤ ، مرۆڤ تەسلیم بەو گەوجێتیە دەکات ، دەنا کێ ئاوا بێ باک سنگ دەنێ بە رێگەی چارەنوسێکی نادیارەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی لەو شوێنە هەڵبێ کە قیمەت و ژیانی تێدا کوژراوە .