ناکۆکییەکان عێراق بەرەکوێ دەبات
2021-11-21 20:18:39
ئارام مەحمود
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درزێکی گەورەی خستە ناو هێزە سیاسییەکان، بە دیاریکراوی ناوماڵی شیعەکان، کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە عێراق لەدەستدایە.
لۆژیکی یان هەموومان حوکم ئەکەین یان بەرەو فەوزا ئەڕۆین، تائێستا لۆژیکی زاڵە و هەژمونی خۆی بەسەر دیمەنی سیاسی عێراقدا سەپاندووە.
هەندێک ڕێککەوتن بەباشتر ئەزانن لەڕۆیشتن بەرەو نادیار، بەشێکی تریش ئەپرسن، ئەگەر لەکۆتایی ڕێگاکەدا ئەگینەوە بەسازان و هەموان لەحکومەت بەشداریدەکەن، چ پێوێستیەکمان بەهەڵبژاردن و دروستکردنی پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
دوای زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ، هێشتا مشتومڕی هێزە ناڕازییەکان کە لە چواچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا کۆبونەتەوە، ساتەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی تێنەپەڕاندووە.
سەربازگەی هێزە ناڕازییەکان پێیانوایە، ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبنەمادا ئەوەبوو حکومەتی داهاتوو، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هاوسەنگییە ئیقلیمییەکان و تەریبی پڕۆژەی غازی ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست و ناتۆی عەرەبی بێت کە بڕیارە لەنێوان عێراق و میسرو ئوردون دا پێکبهێنرێت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکیش بەو پێوەرانە، هەندێک هێز دورخراونەتەوەو هەندێکی تریش پێشخراون، لەوەش زیاتر، دەوترێت تەواوی ئەو هێزانەی لەسەر بەرەی مقاوەمە ئەژمار دەکرێن دورخراونەتەوەو ئەو هێزانەشی ئامادەییان تیایە بۆ چونە ڕێزی ڕێککەوتنی ئەبراهام و ئاسایکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، پێشخراون.
ڕەنگە ئەمە بەشێک بێت لەنیگەرانی و پاساوی ئەو هێزانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناڕازین، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، هەر بەتەنیا لەوە نیگەرانین کە پیلانیان لێگێڕدراوە و "گزی"یان لێکراوە، بەڵکو پێیان وایە یاسای هەڵبژاردن کە پێش بەڕێوەچونی پرۆسەکەش لە دادگای فیدڕاڵی تانەیان لێداوە، عەدالەتی نوێنەرایەتی نەچەسپاندوەو، بووەتە هۆی خولقاندنی کێشەو قەیرانی سیاسی.
بۆنمونە دەڵێن، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهانگی نزیکەی دوو ملیۆن دەنگیان هێناوە، خاوەنی نزیکەی ٨٠ کورسین، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر نزیکەی هەشت سەدو پەنجاهەزار دەنگی هێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان گەیشتوەتە ٧٣ کورسی.
سەربازگەی بەرامبەریش دەڵێن، ئەوە بیانوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان، هەموو ئەو بەڵگانەشی تائێستا لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری پێشکەشیان کردووە سنوری تۆمەت و تێۆری پیلانگێڕی و دەستی دەرەکی تێناپەڕنێت، پێشیانوایە، کەمینەیەک ئەیانەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن، ئەگینا یاسای هەڵبژاردن دەرفەتی گەورەی بۆ هاتنەپێشەوەی دەیان پەرلەمانتاری سەربەخۆ و تشرینییەکان خولقاندووەو، بەڕەزامەندی و دەنگی نوێنەرەکانی ئەوان لە پەرلەمان تێپەڕیوە.
پێشیانوایە، کێشەی سەرەکی لەوەدایە، هێزە دۆڕاوەکان لەیاساکە تێنەگەیشتون و لەهەر بازنەیەک زیاد لەکەسێکیان کاندیدکردووە، ئەوەش وایکردووە دەنگەکانیان پەرتەوازەبێت، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر، خاوەنی جەماوەرێکی ڕێکخراو و دەزگایەکی هەڵبژاردنی لێهاتووەو، دەنگی هەوادرانی هاوتەریبی پێویستیی کاندیدەکانی ئاراستەکردووە، ئەوەش وایکردووە لە ٨٤ چوار کاندید ٧٣یان دەربچێن.
بەڵگە بەرجەستەکان لەسەر زەمینی واقیع ئەوە ئەسەلمێنێت کە یاسای هەڵبژاردن ڕێسای گەمەی سیاسی و نەخشەی نوێنەرایەتی لەبازنەی شارو ناوچە جیاوازەکانی عێراق گۆڕیوە:
- نزیکەی لەسەدا هەشتای پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەموچاوی تازەن.
-سەرکەوتنی نزیکەی پەنجا کاندیدی سەربەخۆ و تشرینییەکان کە پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجار ئۆزسیۆنێکی جدی و ڕاستەقینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروست بێت.
- سەرکەوتنی زیاتر لە ٩٠ کاندیدی ژن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە نیوەیان زیاتر بەدەنگی خۆیان سەرکەوتون، ئەمەش پێشهاتێکی نوێێە بەهەموو پێوەرێک.
- هاتنە پێشەوەی زیاد لەهزێکی نوێ و پاشەکشێکردن و کوژانەوەی زیاد لەهێزێکی نەریتی.
وێڕایی هەموو ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکان، پێدەچێت لەکۆتایی تونێلەکەدا ڕوناکییەک بەدیبکرێت، دەرگایەک بەڕووی ئەو چەقبەستنە قوڵەدا بکاتەوە کە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی گرتووە، تازەترین ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە کە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەندێک لەوێستگەکانی دەنگدانە دەکات لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو تانانەی کە هێزە دۆراوەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردودا پێشکەشیان کردووەو، وەک کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە، کاریگەریی بەهێزی دەبێت لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی کورسییەکان لەو بازنانە. ئەوە لەکاتێکدا بەدرێژایی مانگی ڕابردوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە سەدا بیست و پێنجی تەواوی دەنگەکانی بەدەستی ژماردەوەو لەسەدا سەدی ئەنجامەکان هاوتابون و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەوەی دووپاتکردوەتەوە، کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هیچ لەئەنجامەکان ناگۆڕێت، پێدەچێت ئەم هەنگاوە نوێیە چاسەرێکی مامناوەندو جۆرێک لە ڕێککەوتنی سیاسیش بێت، بۆ دەربازبون لەو دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراقی دروستکردووە!.