وڵاتی پێشانگاو ڤیستیڤاڵ
2021-11-21 13:09:41
پهیكار عوسمان
شتەكان، لەوێدا كە خۆیانن، پێویست و گرنگن و كاری خۆیان ئەكەن. بەڵام لەوێدا كە پەردەن بۆ داپۆشینی شتانێكی تر، ئیتر خۆیان نین و وەزیفەكەشیان شتێكی ترە، نەك ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان. كە ئەڵێم شتەكە خۆی بێت، مەبەستم ئەوەنیە كە دابڕاوە لە شتەكانی تر. بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كە پەیوەندییەكەیان تەواوكارانەیە نەك ئیستغلالكەرانە. یەعنی وەكو ئەندامەكانی جەستە، هەر بەشەو ئیشی خۆی ئەكاو هەمووش پێكەوە ئامانجێكی گەورە تەواوئەكەن، كە ژیانی جەستەكەیە.
لە پەیوەندی تەواوكارانەدا، حكومەت حكومەتەو حیزب حیزبەو كتێب كتێبەو فیلم فیلمەو هەر یەكەو بە جیا ئەركی خۆی جێبەجێ ئەكاو هەمووشی پێكەوە كۆمەڵگایەكی ساغ و هاوسەنگ دروست ئەكەن. بەڵام لە پەیوەندی ئیستغلالكەرانەدا، هەموو كایەكان، لە ئەركی خۆیان بەتاڵئەكرێنەوە، بۆ داپۆشینی كایەیەك، كە بە ئەركی خۆی هەڵنەساوەو خەریكی شتی تر بووە! یەعنی كاتێ سیاسەت و حوكمڕانیی، لە كایەی عەدالەت و ئیدارەدانی كۆمەڵگاوە، ئەبێتە كایەی تێركردنی حەزی چەن كەس و بنەماڵەیەك،، ئیتر تەواوی كایەكانی تر، ئەكرێنە ماسك، بۆ داپۆشینی ئەو دەموچاوە.
یەعنی كاتێ كایەیەك لە خەت لائەدا، تەنیا بەقەت خۆی وێنەكە تێك نادا، بەڵكو كایەكانی تریش خراپ ئەكاو كۆی وێنەكە تێكئەچێ. ئا لێرەوەیە كە حوكمێكی شمولیی، بە زەرورەت فاشیلە،، چونكە هاوسەنگیی تێدا نیەو كایەیەك یان ئایدۆلۆژیایەك، تەواوی وێنەكەی داگیركردوە! سەیركە، دروست لەو كاتەدا، كە سیاسەت و حوكمڕانیی ئێمە فەشەل دێنێ،، چی زۆرە، دەزگای ڕاگەیاندن، ڤیستیڤاڵی فیلم، پێشانگای كتێب، هەڵبژاردنی شاجوان، كۆڕبەندی سیاسی و ئابووریی.. ئەمانە بۆچی؟ چونكە عەیبی گەورەو هەمەلایەنە، پێویستی بە داپۆشینی گەورەو هەمەلایەنەیە. چونكە كون و شەبەقی زۆر، پێویستی بە پێنەو پەڕۆی زۆرە. چونكە داگیركردنی سیاسەت، پێویستی بە داگیركردنی كۆی كایەكانە!
داگیركردنی سیاسەت، خودی سیاسەت، لە جەوهەرە گشتییەكەی بەتاڵ ئەكاتەوەو ئەیكات بە موڵكی شەخسیی چەن كەسێك. ئا لێرەوە، كۆی كایەكانی تریش، لە جەوهەری خۆیان بە تاڵئەكرێنەوەو ئەكرێن بە میكیاج، بۆ "بە گشتیی" پیشاندانی ئەوەی كە چیتر گشتیی نەماوە!
سەیر نیە، هاوكاتی فەشەلی سیاسیی ئێمە، دوكتۆری تەجمیل، بازاڕی گەرم ئەبێ و ئەو عالەمە خەریكی جوانكاری لوت و دەم و قوونیەتی.. ئاخر لە سەردەمی ڕوكەشگەراییدا، ناكرێ تەجمیل خۆی غائیب بێت. وەكچۆن لە سەردەمی دزییدا، دز غائیب نیەو مەوجودە!
كە فیكر، لە جوانییەوە ئەبێت بە جوانكاریی، یەكەم شوێن، بە جەستەوە دیاریی ئەدا. ئەو هەموو جوانكاری و خۆڕووتكردنەوەو خۆداپۆشین و عەرزی دەوڵەمەنی و عەرزی دینداریی و عەرزی سەقافەتە.. لە خۆڕا نیە. لەوێوەیە كە خۆنواندن جێگای خۆبوونی گرتۆتەوە. "خۆبوون" وەكو بەرپرسیارێتی و "خۆنواندن" وەكو كردنی هەر شتێكی تر، لەبری بەرپرسیارێتی. لەكاتێكا جامی بەرپرسیارێتی، تەنیا بە خۆی پڕئەبێتەوەو هیچ شتێكی تر پڕیناكاتەوە. ئەم یاسای بەرپرسیارێتییەش، لە تاكێكەوە ئەڕوا، تاكو دەوڵەت و سیاسەت و دین و هونەر و كاتێ شتەكە خۆی نیەو بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەگرتووە، ئیتر بەتاڵەو پێویستی بە خۆنواندنە، بۆ نیشاندانی پڕیی!
ئەوەی كە دینەو خۆیەتی، ئەوەیە كە دڵیی و نادیارەو لە بواری ئینسانییدا دەرئەكەوێ، نەك ئەو نمایشگەراییە زمانی و جەستەییە، كە بووە بە خودی بوارەكە. ئەوەی كە سیاسەتەو خۆیەتی، ئەوەیە كە عەدالەت و دڵنیاییەكی كرداری و بێدەنگە، نەك ئەو هەموو دەنگەدەنگە سیاسییەی، كە ناعەدالەتییەكەی پێ ناشاردرێتەوەو نادڵنیاییەكەش زیاتر ئەكات! لەوێدا كە ڕووكەشگەرایی دینی، لە هەموو كات بڵاوترە، بۆچی باڵانسی ئەخلاق و ویژدان، لە هەموو كات نزمترە؟ چونكە ڕووكەش و شوناس، بۆ نیشاندانی دەرەوەیەو دین خۆی، بۆ پەروەردەی ناوەوەیە. توجاری دینیش، نانەكایان لەسەر ئەوەیە، كە دین دەرەكی و شوناسیی بێت، چونكە گەمژاندن و مێگەلاندن لەمەیاندا ئەكرێ. ئەویتریان ئینسانەكە، خۆی و خوای خۆی، خۆی و عەقڵ و ئەخلاق و چاكەی خۆی، كە ئەمانە هەمووی، تاكیی و مەعنەوییەو شكڵی دەرەكییان نیە. كاهین و جەماعەت و شوناسی ناوێ و تەنیا مرۆڤبوونی خۆتی بەسە.
لەوێدا كە حیزب و ڕاگەیاندن و نمایشی سیاسیی لە هەموو كات زیاترە، ئەی بۆچی خەڵكەكە، لە هەموو كات نائومێدترە لە سیاسەت؟ چونكە ئومێدی ڕاستەقینە، لەناو سیاسەت خۆیدایە، نەك لەناو ڕووكەشگەرایی سیاسییدا. سیاسەت خۆی، ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە ژیان. ناسیاسەت ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە نائومێدی!
لەوێدا كە پێشانگای كتێب و ڕووكەشگەرایی سەقافی، لە هەموو كات زیاترە، بۆچی حاڵی عەقڵ و زانین، وا خراپ و تاریكە؟ چونكە كتێب خۆی مەسەلەكە نیە، كارلێكەكەی لەگەڵ عەقڵدا مەسەلەكەیە. یەعنی كتێب، چەنێك مەوزوعییەو تەجمیدكردنی لایەنگیرییەكانی خۆتی ئەوێ،، ئەونەش زاتییەو ئامادەیی و كارایی عەقڵی خۆتی ئەوێ و ئەبێ گفتوگۆی ناوەكی دروستبكات. بەڵام لای ئێمە، كتێب تەنیا ژمارەیەو ئیشی خۆی ناكات. چونكە لەوێدا كە پێویستە مەوزوع بێت، ئێمە بە هەموو لایەنگیری و كۆڵەوارییە پێشینەكانی خۆمانەوە، ڕووبەڕووی ئەبینەوەو نایەڵین "بەشە مەوزوعییەكەی كتێب" قسەی خۆی بكات. لەوێشدا كە پێویستە، زاتێكی كارای ئێمە ئامادەبێ و كارلیك بكات، ئێمە خۆمان ون ئەكەین و ئەبینە تووتیی و تەنیا ئەوەی ناو كتێبەكان ئەڵێینەوە،، بەبێ ئەوەی "ئەوەی ناو سەرمان" جوڵابێ و قسەی خۆی كردبێ!
كاتێكیش لەم پەیوەندییەی ئێمەو كتێبدا، زات و مەوزوع هەردوكیان غائیبن، ئیتر نە ئێمە هەین نە كتێب. ئەوەی هەیە، كۆمەڵێ وەرەقەیە لەناو بەرگێكداو كۆمەڵێ ڕۆبۆتە، لەناو چاكەت و پانتۆڵدا. كاتێ كۆڕبەندی گفتوگۆ و حیوارمان زۆرە، ئەی بۆچی حیوار خۆیمان كەمەو كەس لە كەس تێناگاو دووان ناگەنە هاوبەشییەك؟ چونكە پێشمەرجی یەكەمی گفتوگۆ، دیموكراسییەتی مەعریفییە. كاتێ هەمووان بە نەفەسی دیكتاتۆریەتی مەعریفی و خۆسەپاندنەوە، بۆی دائەنیشن، ئیتر ئەوە نمایشی گفتوگۆیە، بۆ داپۆشینی ناگفتوگۆ.
لەوێدا كە وزەی كۆمەڵگا، "بەڕاستیی" خراوەتە خزمەتی چەلەحانێ، ئیتر "حیواری گاڵتی" هیچمان بۆ ناكات. حیوار پێویستی بە زەمینەیە. زەمینەكەشی بە كۆڕبەندو نمایشگەرایی سەرەوە ناڕەخسێ. تەنیا لە بنەوە مەكینەكانی ڕق و جوێن و چەلەحانێ بوەستێنن، زەمینەی حیوار خۆی ئەسازێ.
لەوێدا كە لە پەروەردەو كۆمەڵگاو سیاسەت و دین و بازاڕەوە.. لە عەقڵ ئەدرێ،، ئیتر پێشانگای كتێب و ڤیستیڤاڵی فیلم و پانێڵ و كۆڕبەند.. هیچمان بۆ ناكات. چونكە لە غیابی عەقڵدا، شتێكمان نیە كە خودی "ڕووكەشگەرایی" بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیتر خودی ڕۆشنبیریی، ئەبێت بە ژێر نمایشی ڕۆشبیرییەوە!
عەقڵی داخراوی تاكڕەهەند، بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە، كە ئاسۆی بینینی خۆی فراوان بكاو مەساحەی جیاوازو نەناسراو تاقیبكاتەوە. بەڵكو بۆئەوەیە كە گرێ ئایدۆلۆژییەكەی خۆی توندتر بكاتەوە. ئیتر سەلەفی تەنیا كتێبە سەلەفەییەكان و ئیخوانیی تەنیا كتێبە ئیخوانییەكان و ماركسیی تەنیا كتێبە ماركسییەكان ئەكڕن.. لێرەشەوە "بازاڕو دەمارگیری" تەغزییەی یەك ئەكەن و داخراویی زیاتر ئەبێت! ئێمە پێوستمان بە كرانەوەی عەقڵە، نەك بە هەڵڕشتن و هەڵچنینی كتێب. "عەقڵی داخراو" مێشەو هەر بە زبڵەكەی خۆیەوە ئەنیشێتەوە. بەڵام عەقڵی كراوە، زێڕدۆستەو لە هەموو كتێبە جیاوازەكاندا، زێڕی خۆی ئەدۆزێتەوە. نە خۆی ئەبێت بە مێشێكی تاكڕەهەند، نە كتێبیش بە دەستییەوە ئەبێت بە زبڵێكی ئایدۆلۆژیی. ئەو كرانەوەیەش، ئەگەر لە مناڵیی و لە پەروەردەوە دروست نەكرێ و نەبێتە كولتوری كۆمەڵگا، ئیتر بە گەورەیی و لە غیابی خۆتدا، هەزار كتێبی لێكچوو، لە كتێبخانەكەتدا هەڵئەچنیت. بەڵام ناتوانی دوو كتێبی جیاواز بخوێنیتەوەو خۆشت مەوجودبی و ڕایەكی سێیەمت هەبێت! وەلێ خاڵە ئیجابییەكە ئەوەیە، كە "جوانكاریی" بە شتێك ئەكرێ كە خۆی جوانبێ. ئەوەشی كە خۆی جوانە، هەمووی كۆنترۆڵ ناكرێ و كاتێ تۆ، لە شوێنێكەوە ئەیگری و وەكو "جوانكاریی" بەكاری ئەهێنیت، ئەو لەلایەكی ترەوە، وەكو خۆی و وەكو "جوانیی" دەرئەكەوێتەوە.
یەعنی ئەم هەموو نمایشگەرایی كتێب و فیلم و حیوارە.. كە جوانكارییە بۆ جەهل و فەسادو ستەم. ئەگەر تەنیا لە یەك كەسدا، پەیوەندی ڕاستەقینەی مرۆڤ و كتێب دروست بكات و تەنیا لە یەك كەسدا، هۆشیاریی ڕاستەقینە بە حیوار دامەزرێنێ و تەنیا لە یەك كەسدا، بوركانی هونەر بتەقێنێتەوە.. ئیتر لەوێدا، ئەوە جوانیی خۆیەتی و جوانكاریی نیە. جوانترین شتی پێشانگای كتێب، ئەوەیە كە دنیایەك ئەفكارو ئاڕاستەی جیاواز، هەنێجار دژو پیچەوانەش، لە جوگرافیایەكی بچوكدا كۆئەكاتەوە،، لەكاتێكا تۆ وائەزانیت، ئەوانە لە دنیایەكی زەبەلاحیشدا جێیان نابێتەوە! كاتێ دوو كتێبی زۆر جیاواز ئەبینیت، تەنیا دوو مەتر لە یەكەوە دوورن و ئاساییشە،، ئەمە گرنگە بۆ خاوبوونەوەی دەمارەكان و ڕەواندنەوەی ئەو حاجزە نەفسییانەی كە تەنیا وەهمێكی زیهنیی لای خۆمانە، نەك بوونێكی ڕاستەقینە. تەنیا ئەو پەیامەش، بەسە بۆ عەقڵێكی كراوەترو دەروونێكی ئارامترو دنیایەكی جوانترو ئایندەیەكی ڕوونتر.