موقتەدا: پیاوی دژ بە چیرۆکەکە
2021-12-08 10:59:03
سهردار عهزیز
ئەگەر یەکێک لە چیرۆکە سەیرەکانی هەوڵی ئەمریکا لە عێراق، بەهێزبونی ئێران بوو، ئەوا بە هەمانشێوە بەهێزبونی موقتەداش هەمان جۆرە چیرۆکە. هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەمریکا لە عێراق هەرچیەک بوبێت، ئەوە نەبوو کە کەسێکی وەک موقتەدا بکاتە حاکمی عێراق، پاتریک کۆکبۆرن لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کتێبێکدا دەربارەی موقتەدا وەها دەنوسێت. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە سەیرە دوو قوتابخانەی بیرکردنەوە بونیان هەیە لە ناوچەکە: یەکەم، دەڵێت ئەمریکا و شیعە هاوپەیمانن، بۆ سەلماندی ئەم دیدە زۆر ڕوداو و دەرئەنجام دەهێنێننەوە. قوتابخانەیەکی تری بیرکردنەوە بڕوای وەهایە کە ئەمریکا بێ شارەزاو ساویلکەبوو لە ناوچەکە، بۆ ئەمەش بەڵگەی بێشومار هەیە، چ بە بنەمای هەڵسەنگاندنی دیدی ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە، چ بە ئەو خەڵکانەی کە ئەمریکا لە گەڵیاندا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات. بەڵام بێگومان ئەم دەرئەنجامە تەنها یەک پاڵنەری نیە، ئیدارەی ئەمریکی، ئیدارەیەکی دیموکراتیانەیە. دیموکراتیانە یانی شپرزی، ململانێ، ڕکەبەری، خۆویستی، لە هەمانکاتدا هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆتایی جەنگ بە خێرایی و بڕوابون بە چارەسەری خێراو بێ بنەما و بێ شارەزایی و خۆشباوەڕی هەموو هۆکاربون.
کاتێک ئەمریکا دێت، موقتەدا لاوێکی خوار سی ساڵی بێ ئەزمونە. هاوەڵەکانی ئەمریکا، لە هێز و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات، خۆشییان بە موقتەدا نایەت. جارێک لە دانیشتنێکدا بە پۆل برێمەر دەڵێن سەرهەڵدانی موقتەدا دەرئەنجامی نەبونی خزمەتگوزارییەکانە، ئەگەر خزمەتگوزارییەکان باش بن ئەوا موقتەدا نامێنێت. بێگومان لۆجیکێک لەم بۆچونەدا هەیە، بەڵام واقیع تەواو جیاوازە.
هۆکاری زۆر هەن لە پشت هەڵکشانی موقتەداوە وەک، هەبونی سەرمایەی ڕەمزی. موقتەدا لە خێزانی سەدرە، یەکێک لە خێزانە ناسراوەکانی ناو تایفەی شیعە لە عێراق و ناوچەکە. خێزانی سەدر لە سەدەی هەژدە لە لوبنانی ئێستاوە کۆچ دەکەن بۆ بەغداو لە کازمییەی ئێستا دەگیرسێنەوە. دوو شەهیدی ناسراو هەن لە خێزانەکەیدا کە بە شەهیدی یەکەم و شەهیدی دووەم ناسراون. ئەم سەربوردانە حیکایەتێکی وەهایان بۆ موقتەدا دروستکردوە، کە گرنگ نیە خۆی چیەو چۆنە، خەڵک لە هەناو چوارچێوەیەکی تردا دەیبینێت، بە تایبەتی شوێنکەوتوانی کە وەک دەروێشی وەهان.
موقتەدا کۆمەڵێک خەسڵەت و بنەمای تریشی هەیە کە ئەوانیتر نیانە. بڕێکی زۆری شوێنکەوتوانی، کە لە شاری سەدرن، لە ناو شاری بەغدان. بوون لە پایتەخت گرنگترین پانتایی سیاسییە، بە تایبەتی بۆ وڵاتێکی پۆستکۆلۆنیالی وەک عێراق. بوون لە دەرەوەی پایتەخت بەتەواوی کاریگەری هەیە لەسەر تواناو پێگەو هێز. تەنها سەدر دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچەی سەوزو ڕسوای بکات.
لە هەمانکاتدا سەدر وەک یاریدەرێکی پۆل برێمەر ناوی دەنێت ئیسلامییەکی بۆلشەڤیە. مەبەست لە بۆلشەڤی-بونی سڵنەکردنەوەیەتی لە بەکاردبردنی هەر ئامرازو ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. دەسەڵاتیش لای ئەو دەسەڵاتی خاو یان ڕەهایە. سەدر دەکوژێت، اغتیالی سیساسی دەکات، شەڕی ناوخۆ بەرپا دەکات، بە قسەی کەنعان مەکییە، خواستی پاکتاوی تایفیشی هەیە، خاوەنی میلیشیایە. ئەمانە هەموی بەکردار. بەڵام بە قسە سەدر ناسیولیستێکی عێراقییە. خاوەنی چەمکی قح-ە، بەمانای ئەوەی کە دەسەڵات دەبێت بۆ کەسێکی تەواو تەواو عێراقی بێت. بەڵام ئەم عێراقە دەبێت لە سایەی شیعەدا بێت. دیارە بە هۆکاری دیموگرافی، شیعەکان براوەن. بەڵام ئەم دیموگرافیایە تەنها شوناسێکی تری قوڵتری هەیە، کە ماڵ یان بەیتی خۆی هەیە ئەویش شیعەیە. کەواتە بەپێی دەستوری عێراقی، تەفسیری کرداری مەبەستمان، عێراق وڵاتێکی فرەیی نیە، بەڵکو تاییفییە. چونکە چەمکی فرەیی، بەمانای قۆرخکردنی دەسەڵات نایەت بۆ گروپێک یان پێکهاتەیەک. لە عێراقدا دەسەڵاتی فیعلی بۆ شیعەیەو ئەو نیمچە دەسەڵاتەکانی تر وەک دیاری دەبەخشرێت. چۆن پارتی خۆی بە خاوەنی دەسەڵاتی هەرێم دەزانێت و بە ڕەزامەندی ئەو بەشەکانی دەسەڵات دەدرێت، شیعەش لە عێراقدا وەهان. موقتەدا بەشێکی زۆر کاریگەری سیستەمی دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا. ئەگەر بڕێک لە شیعە بڕوایان بە دەوڵەتی عێراقی نیە وەک سەروەر بەڵکو بڕوایان بە دەسەڵاتی شیعە هەیە لە ناوچەکە، سەرباری سنورەکان، کە دەتوانین ناوی بنێین سەروەری شیعی، ئەوا موقتەدا دەیەوێت عێراقێک دروستبکات کە ئەو خاوەنی بێت. بۆیە خوێندنەوەی موقتەدا بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عێراق گرنگە. هەردوو لێکۆڵەری ئەکادیمی Kjetil Selvik & Iman Amirteimour چەمکی پیاوی گەورە بەکاردەبەن بۆ تێگەیشتن لە موقتەدا. ئەم چەمکە ئەمان بەکاری دەبەن لە بنەڕەتدا لە دەربڕینێکی زمانەکانی میلینێسا بەکارهاتوە bikpela man. ئەم دەربڕینە ئەو کەسە دەگرێتەوە کە بە گشتی پیاوە، یان نێرە، کاریگەری سیاسی لە ڕێگای پۆست و ئۆفیسەوە بە دەستنەهێناوە بەڵکو لە ڕێگای توانای خیتابە و قسەکردن، قەناعەت پێکردنی نافەرمیانە، بەکاربردنێکی بیژییانەی سامان و دەسەڵات.
کەواتە پیاوی گەورە ئەو کەسەیە کە خۆی دەسەڵاتەکەی خۆی بونیادناوە. ئەم چەمکە لە هەناو تویژنەوەکانی دەسەڵاتی ئەفریقیدا زیاتر پەرەی پێدراوە. لەو هەناوەدا زیاتر بەمانای دەسەڵاتی شەخسی دێت، کە پانتاییەکی زۆری شێوازی دەسەڵاتی ئەفریقی پێک دەهێنێت. لی ئەندەرس ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش، لە گۆڤاری نیویورکەر، پرۆفایلێکی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق جەلال تاڵەبانی نوسی ناوی Mr. Big بوو، کە جۆرێکە لەبەکاربردنی ئەو چەمکە.
هەوڵی تێگەیشتن لە موقتەدا لە ڕێگای بیرو ئایدەلۆژیاو تەنانەت ئاینیشەوە هێندە سودمەند نیە. بێگومان ئەوەی دەستی پیایدا بگات بەکاری دەبات، بەڵام بەدەگمەن درێژەپێدەر یان هەڵگری هیچ باوەڕێکی سیاسییە. موقتەدا لاسایی باوکی دەکاتە، نەک بۆ ئەوەی ببێت بە باوکی بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خەسڵەتانەی لێ وەربگرێت و بەکاری بەرێت بۆ کارو ئامانجی ڕۆژانەی.
کەواتە موقتەدا ئەو دەسەڵاتخوازەیە کە هەموو ئامرازێک بەکار دەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە. ئەم خەسڵەتە دەسەڵاتخوازییە، هیچ نوێ نیە لە ناوچەکەدا. لە مێژوی ناوچەکەدا هیچ دەسەڵاتێک نەبوە پیادەکەری ئایدیایەک بێت، بەڵکو هەمیشە ئایدیا ئامرازێک بووە.
تێگەیشتنی سەدر بۆ دەسەڵات، لە هەناو ئەو هەموو ئامرازو سیمبول و جەماوەرو هەیەجانەدا، تێگەیشتنێکی ئێجگار ترسناکە. سەدر لە کاتێکدا دەسەڵاتخوازە، بەڵام هەرگیز ڕاستەوخۆ بەشداری دەسەڵات یان پۆست ناکات بۆ ئەوەی پیس نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ نەکەوێتە سەرشانی. ئەم بونی دەسەڵاتە بەبێ بەرپرسیارێتی، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی کوردیش. دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان ئەوانە نین کە لە پۆستەکاندان، بەڵکو ئەوانەن کە نایەن بۆ سەر کورسی پشت مێزەکان.
موقتەدا نەک هەر نایەوێت پیس بێت، بەڵکو دەیەوێت بە زەبر ئەوانیتر بە خودایی و پاک و بێگەرد و باڵا تەماشای بکەن. ئەمەشە پاڵنەر ئەو توندوتیژیانەیه کە سڵ ناکاتەوە لە هەڕەشەو کوشتنی ئەوانەی کە ڕەخنەی لێدەگرن.
سەرباری هەموو ئەمانە موقتەدا کەسێکی عێراقی قوحە. عێراقییەک کە هەمیشە پریەتی لە دوفاقی، وەک عەلی وەردی جوان دەستنیشانی کردووە. بونی جیاوازی زۆر لەنێوان قسەو کرداریدا دیسانەوە خەسڵەتێکی تری کەسایەتی عێراقییە. هەڵچون و زیادەڕەویی و زمانی فوتێکراو هەموو بەشێکە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق. ئەم ژینگەیە دۆخێکی وەهای دروستکردووە سیاسی عاقڵ، لێرە عاقڵ بەرامبەر بێعەقڵ بەكارنابەین، بەڵکو مەبەستمان ئەو کەسەیە کە لە میانەی دید و پەیوەندیدا عەقلانیەت بەکاردەبات، بونی نیە.
هەتا قسەی زل و زبرو توڕەبون و هەڵچون و داچون خەسڵەتەکانی ئەو کەسە بن کە خەڵک باوەڕی پێدەکەن بۆ ئەوەی دونیایان بۆ بگۆڕن، ئەوا بۆ سەردەمێکی زۆر کاک موقتەداو جۆرەکانی زاڵ دەبن بە سەر کێڵگەی سیاسی عێراقدا.