سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

خەمیش  شکۆی  خۆی هەیە

بڵاوکراوەتەوە لە : 8 کانوونی یەکەم 2021

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 دڵسۆز حەمە

(بۆ  بەردەم هەر کەسێک کە ڕەوشتی بەرپرسیاری هەیە )

بەدرێژایی  مێژوو  مرۆڤ چی وەکو بونەوەرێکی سەربەخۆ ،چی وەکو بەشێک لە کۆمەلگایەکی گەورەتر ، لەهەردو ئاستەکەدا  ململانێ وخەباتی سەختی کردوە  ودەکات  لە پێناوی  ئەوەی پێیدەڵێن  ، ئازادی !
لێرەدا ناچمە  سەر شرۆڤەکردنی  چەمکی ئازادی وڕەهەند    وسنورەکانی ئازادی  وچۆنیەتی بەرجەستەکردنی ئازادیەکی بەرپرسیار لە ژیانی تاک  ولەژیانی گشتیدا ، بەڵکو تەنها  ئەو بەشەی ئازادیم مەبەستە  کە فەراهەمی کەرامەت و پاراستنی سنورەکانی  مرۆڤبونی مرۆڤ  دەکات وەکو بونەوەرێکی  شکۆدار  ،وەکو بونەوەرێکی ژیر وئەخلاقی .
جیا لەهەمو  بونەوەرەکانی دی  لەم سەر ئەستێرەیە ،  مرۆڤ مەخلوقێکە کە  دەرکی هەیە ،  هەست وسۆزی هەیە و بەمەش لەهەمبەر ڕوداوەکان و گۆڕان و پێدراوەکانی ژیان ،  لەهەمبەر سەرکەوتن وشکستەکان ، خۆشی وناخۆشیەکان ،چەوسانەوەو ڕزگاربون ، خۆشەویستی و فەرامۆش کردن  هەمیشە   کاردانەوەی دەبێت ،  ئازادی  ئینسانی   ئەوکات  بەرجەستە  دەبێت کە  هەمیشە فەزایەکی ئازاد هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ گوزارشت بکات لە  تەواوی قوڵایی هەستەکانی  خۆی بە ئامڕازە جیاوازەکانی گوزارشت کردن بە بێ ئەوەی  توشی  چەوسانەوە و سەرکوت ، یان بێڕێزی ببێت یان بکرێتە  کاڵایەکی  سیاسی هەرزان بۆ  وەبەرهێنانی سیاسی  وڕاگەیاندن لەلایەن ئەم  گروپ یان ئەو هێزەوە .
پاراستنی  پریڤات و کەرامەت وژیانی تایبەتی  مرۆڤ بەشێکە لە بەرپرسیاری  دەسەڵاتی  سیاسی  وبەرهەمی  هۆشیاریی گشتی   کۆمەڵگا وئاستی پیشکەوتنی کۆمەڵایەتیشە .
هۆشیاری  مرۆڤیش گرێدراوی  کۆمەڵیک نۆرم وبەها وئەو یاسا قسەلێنەکراوانەیە   کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکدەخات ، بەرخوردی   لەگەڵ ڕوداوە  خۆش وناخۆشەکاندا بە پێی ئەو نۆرمانە دەبات  بە ڕێوە   ، یەک لەوانە بەرخوردی  مرۆڤە لەگەڵ  کارەساتەکان ، لەگەڵ  پرسە و  ڕوداوەکانی  مەرگ و لەناوچونی ئازیزان ، لەگەڵ خەم و جەرگسوتان ولەدەستدانی  هاوسەر وخۆشەویست وئەوانەی کە دەچنە سەفەری یەکجاری مەرگ .
هێشتا مەرگ و پرسەدانان لە کۆمەڵگایەکی  کۆلێکتیڤ و نیمچە خێڵەکی ئێمەدا ،ڕوداوێکی کۆمەلایەتی دڵتەزێنە هەمو ئەوانەی کە راستەوخۆ وناڕاستەوخۆ  پەیوەستن بە کەسوکاری مردوەکە دەگرێتەوە ، هێشتا ئەوەی بەرپرسە لە مەراسیمی پرسەو ناشتن  وبەڕێکردنی تەرمەکە هەمو بنەماڵە وکەسوکار وخێزان وبنەمالەکە دەرودراوسێش دەگرێتەوە ، چی جای ئەو جەنگاوەرانەی لە پێناوی پرسێکی گشتیتردا شەهید دەبن وتیادەچن ، پرسەو لەدەستچونیان دەبێتە  ڕوداوێکی گشتی  پەیوەست بەهەمومان ...... بەڵام  

فەزای راگەیاندن  ومێدیای  کوردی  بەشێکە لەو  فەوزا سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری وئەخلاقیەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە ،   زۆر  لە مێدیاکان  ڕۆژانە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان هەیە  لە زیاتر داڕزان وهەلاهەلابون وپارچەکردنی زیاتری  ئەو کۆمەڵگایە ، لە بچوککردنەوەو  بێڕیزی کردن بە مرۆڤ ، لە ئاسایی کردنەوەی  توندوتیژی و زمانی زبر وجنێودان ، لە ئاسایی کردنەوەی تاوان  ودەستدرێژی ، ڕۆڵێکی  ڕاستەوخۆیان هەیە لە ناشرینکردنی  مرۆڤی ئێمە ، لە بێبەهاکردنی تێکۆشانی ئینسان ، لە پوچکردنەوەی  ماناکانی ئازادی  وبەرگری  ومانەوەو  فەزیلەت  وچاکەی گشتی ، لە سوک وتڕۆکردنی  مرۆڤی هەژار  ولێقەوماو ، لە مێدیای  هێچ  جێگایەکی دنیادا نەبوە  ونیە  کە هەژارەکان   بە وێنەی  خۆیانەوە  بخرێنە سەرشاشەکان  و بڵاڵێنەوەو بپاڕێنەوە وبکڕوزێنەوە   ،خێروسەدەقەیان پێ بدرێت وکەرامەت وشکۆیان بۆ ئەبەد  بشکێنرێت ، ئەم مەهزەلەیە تەنها لەو کۆمەڵگا بێخاوەنەی ئێمەدا هەیە ، کەهیچ دەسەڵات و دەزگایەکئ ئیداری نیە خۆی بە خاوەنی بزانێت !
ئەوەی  ئەم ڕۆژانە ڕودەدات  وڕۆژانی دواییش  هەر ڕودەدات ، بەرخوردی  دەسەڵاتی سیاسی ، دەزگاکانی  مێدیایە   لەگەڵ پرسی شەهیدەکانی  هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ، دیسانەوە تاسەرئێسقان  بەرخوردێکی  نائینسانی ونائەخلاقی  و ناشارستانی وناپیشەییە ، لە مێژوی  هیچ  کۆمەڵگایەکدا  ڕوینەداوەو  ڕونادات کە دایکێکی پرسەدار ، دایکێک کە بەیەک چرکە  سێ جگەرگۆشەی کوژراوە  ،بەردەوام  لەناوجەرگەی  پرسەکەوە ڕایبکێشیتە بەردەم  مایک و شاشەکان  بۆ پرسیاری  بۆش وبێتام وبێناوەڕۆک لەگەڵ بێژەر وپەیامبەری  نەزان  وبێدەم  وپل و بێهەست ، ئەمە ئەگەر  بێڕێزی وگوزارشت نەبێت  لەو لێکترازانە ڕۆحی و ئینسانیەی ئێمە توشی هاتوین ،چی ترە ؟ دواندنی دایکێکی  سادەی لێقەوماو لەو ساتەوەختەی کە توشی شۆکێکی  جەرگبڕ  هاتوە چی پەیامێکی  مێدیایی وسیاسی وئینسانی  وکۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە ؟
  لە کوێی  دونیادا  مایکەکان دەبرێتە  پرسەی ژنان وهەمو ئازادیەکی ئەخلاقی و ویژدانی وئینسانی  ئەمانە پێشێل دەکرێت ؟لە کوێی  دنیادا  ڕەوایە  مایک  وکامێرا  ببرێتە  ناو هۆڵی پرسە کان ،  گریان وشیوەن ولە خۆدان  وئەو چرکە هێستری  وجەرگبڕ  وئەو ساتەوەختە  زۆر شەخسی  وتاڵانەی ئینسانێک وینەبگریت  وبیخەیتە سەر شاشەکان  کە زۆر تایبەتن بە خەمی ئینسان  خۆی و خەمێکی زۆر  پیرۆز وبەشکۆ وشایانی تەقدیس و پاراستنە نەک  بخرێتە بەرچاوی دەیان ملیۆن بینەر لە دنیادا!
قێزەونترین  ونزمترین  گەمەی  سیاسی  ،وەبەرهێنانی  سیاسیە بە خوێنی شەهیدان  وبە ئازار  وخەمی ئەو خەڵکە  هەژار لێقەوماوەی کە هەمیشە دەبنە سوتوی شەڕەکان ، ئەوەی ڕودەدات دوورە لەهەمو نۆرم وبەهایەکی ئینسانی وئەخلاقی ، دورە لە ئەخلاقی  سیاسی ، دورە لە ئاکت و نۆرمی پیشەیی ڕۆژنامەنوسی  وهەر پیشەیەکی دی ، ئاخر  کارەساتێکی ویژدانی وئەخلاقی زۆر گەورەیە لەبەردەم  دایکێکی جەرگسوتاوی سادەو ساکاردا  دروشمی حیزبی لێدەن ، کارەساتە  لە پێش  ژنێکی گەنج  وسادەوە کە هاوسەرەکەی لەدەستداوە  مایک بەریتە پێش  وداوای لێدوان بکەیت ، لێدوان لە چئ؟ بێڕیزی  وبێحورمەتی لەمە زیاتر دەبێت چی بێت ؟
گەورەترین گورزێک کەبەر کۆمەڵگا بکەوێت ، شکانی  کەرامەت  وشکۆی ئینسانی مرۆڤەکانە ، مرۆڤی بێ شکۆ ناتوانێت  هەڵگری خەیاڵی گۆران  وبەرگری  وخەونی  دنیایەکی باشتر  بێت ،  دیارە هێزە سیاسیەکان   ودەسەلاتی  بەڕێوەبەری کۆمەڵگا میکانیزم وئامڕازی  زۆری لەبەردەستدایە  بۆ  شکانی شکۆی  ئینسانەکانی کۆمەڵگا ، بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی بێئیرادە ، کەسایەتیەکی تێکشکاو ، دەرونێکی ڕوخاو  کە گیانی بەرگری وململانێ تێدا لاواز بێت  ویان هەر نەهێڵێت ، 
هەقە وەزارەتی پێشمەرگە ، وەزارەتی ڕەوشەنبیری ، دەزگای شەهیدان  پارلەمانی کوردستان ، هەمو ئەوانەی پەیوەستن بە ئاسایشی  کۆمەڵگا ، لە پاراستنی شکۆ  وژیانی تایبەتی مرۆڤ ، خەیاڵی بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی خاوەن شکۆ وئازاد وئازایان هەیە ، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن وهەڵگری  وبەهای ئینسانین ، بە  زووترین کات   ئەم مەهزەلەی بردنە  ژورەوەی  کامیرا  ومایکەکان ڕابگرن بۆ ناو پرسەکان ، وێنەگرتنی خەڵکی تازیەبار  وشیوەنگێڕ  ولێقەوماو نەخەنە سەرشاشەکان  وئەوهەمو بێڕێزیە بە ئازار و خەمی   تایبەتی ئینسان نەکەن ، چونکە خەمیش شکۆ و ڕیزی  خۆی هەیە .

 

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!