ماڵی کورد لە نێوان یەکخستنی و پەرتەوازەکردنیدا !!
2021-12-09 17:23:36
د. حلمی رەسول رەزا
لە ئێستادا کۆدەنگیەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەرووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و تەنانەت كۆمەڵایەتیشەوە لەدۆخێكی خراپدایە تا ئاستی مەترسیدار، هۆکارەی ئەم رۆچوون و مەترسیانەش دیارو روونە.
گرفتە ناوخۆییەكان بەتایبەتی تر، خراپی دۆخی لایەنە سیاسییەكان و خراپی دۆخی ئابوری لەلایەك و نائومێدی و بێ متمانەیی خەڵك بەدەسەڵات لەلایەكی تر، بەشێك لەو هۆكارانەن كە دۆخەكەی توشی چەقبەستن كردوە و دەرگای ئەگەری مەترسیەكانی بەرووی هەرێمدا كردۆتەوە.
لەچەند مانگی رابردوودا دۆستەكانمان بەراشكاوی پێیان گوتین مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەباتی خەمخۆری، بێ باكی لەلایەن حكومەتەوە نیشاندراو بەبەهانەی بێ ناوەرۆك پاساوی بۆ هێنرایەوە، لەوەش خراپتر نەشبیسترا كەسێك یان لایەنێك یاخود سەركردەیەكی سیاسی پرۆژەیەكی جدی بۆ بەرگرتن بەومەترسییانە بخاتە روو.
ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق كۆتایی هاتوە، ئەم هەڵبژاردنە نەك چارەسەری بۆ عێراق و كوردستان پێنەبوو، تەنانەت دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد و مەترسیەكانیشی چەند هێندە كرد. لایەنە كوردیەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی لەباتی ئەوەی ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ بەخۆداچوونەوە بكەن، کەچی خەریكە لەسەر دوو كورسی پەرلەمان "كە هەر لای كوردە" شەڕی مان و نەمان هەڵدەگیرسێنرێت.
سەركردایەتی سیاسی كورد لەباتی ئەوەی بەشوێن پرۆژەیەكی جدیدا بگەرێن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا، لەباتی ئەوەی خەمخۆری بۆ قوتی خەڵك بكەن و لەوە بپرسنەوە ئەو هەموو خێزان و لاوانە بۆ ملی رێگەی هەندەرانیان گرتوە و نیشتمان بەجێدەهێڵن، لەباتی ئەوەی بەخەمی تۆكمە كردنی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بن و هێزو توانای بەرەنگار بوونەوەی مەترسیەكان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆی راشكاوانە، لەلایەك لەسەر بەرزترین ئاستی پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی رێكخستەوەی ناو ماڵی سوننەن و لەلایەكی تریشەوە سەرقاڵی دژایەتی سەرۆك كۆمارە كوردەكەن و بەیاننامەی لەسەر دەردەكەن، هەرچی یەكێتییەكانیشە خەریكی میراتی بەشكردنن و تواناو وزەیان لەبەر حزبەكەیان بڕیوە و ناتوانن جوڵەیەكی گرنگ و سودبەخش بكەن.
لە ئێستادا هەرێم بەبێ بەغدا ناتوانێ بژێوی موچەخۆرەكانی بەتەواوەتی دابین بكات، بەتەنها توانای بەرەورووبوونەوەی ئەگەر و مەترسیەكانیشی نییە، جەنجاڵیەکانی ناوچەکە، ئەگەر و مەترسییەكان پێویستیان بەوەیە، كورد بە یەكگرتووی بچێتە بەغدا، یەكگرتویی كوردیش پەیوەستە بەچۆنیەتی مامەڵەی ناوخۆی هەرێم و شەراكەتی فیعلی لایەنە سیاسییە بەشداربوەكانی ناو حكومەت، بۆیە زۆر ئەستەمە بروا بەوە بكرێت، بەم پەرتەوازەییەی ئیستا، بەم بێ بەرنامەیی و ركبەرایەتییەی ناو لایەنەكان بتوانرێت سەنگو قورسایی كورد لە بەغدا و ئەنقەرەو تاران بپارێزێت، بەپێچەوانەوە كورد جگە لە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هێزو لۆژیكی دبلۆماسییە، پێویستی بەوەیە لەمەزاجیەتی شەخسی و بەشەخسەنە كردنی پرسەكان خۆی قوتار بكات، لەباتی پرسی حزبی پرسی نەتەوەی بباتە سەر مێزی گفتوگۆ، خۆگەر وانەكرێت لەچوار ساڵی ئایندەو لەحكومەتی ئایندەی عێراق، مەترسییەكان لەسەر هەرێم چەند هێندە دەبن و ناو ماڵی كوردی لەسەر دەستی ئەم لایەنانە لەئیستا زیاتر توشی پەرتەوازەی دەبێت و ئەوكاتەش مێژوو رەحم بەسەركردەكان و خاوەن بریارەكانی ئێستا ناكات، چونكە ئەگەر دۆخەكە وابروات هێزەكوردیەكان بۆمانەوەی خۆیان بەناچاری پێویستیان بەوە دەبێت وەك فەرمانبەری تاران و ئەنقەرو بەغدا مامەڵە بكەن، جا ئەگەر ئەوەشیان لێ قبوڵ بكرێت.