نادادپەروەری ژینگەیی.. وخەباتی ژینگەیی
2024-06-08 17:56:11
د. عەبدولموتەلیب رەفعەت
جگە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو جیهان لە ئێستادا بزووتنەوەی دادپەروەری ژینگەیی هۆشیارترە بەبەراورد لە گەڵ پێشوودا، وئەم بزووتنەوەیە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ململانێ ژینگەییەکاندا. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەم بزووتنەوەیە وەکو پێویست چالاک نییە ئەویش ئەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری وتێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی ودیدگای ژینگە دۆستان لە بارەی کارەساتە ژینگەییەکان کە ڕووبەڕووی جیهان بووتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٨ ئەلبێرتۆ گالیندۆ دەستەواژەی (ژینگەگەرایی بۆ هەژاران)ی پێشنیار کرد بۆ وەسفکردنی بزووتنەوەکانی خۆڕاگریی جووتیاران کە هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتن لە خەبات و بزووتنەوە ناوخۆییەکان کە سەریهەڵدا وەکو بزوتنەوەیەک بۆ خەباتکردن لە دژی سەرمایەداری و لەسەر بنەمای لەناوبردنی ژینگە وئیستغلالکردنی سامانە سروشتیەکان بۆ مەبەستی تایبەت کاری دەکرد. هەروەها خوان مارتینێز لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە کتێبی (دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران) بەراوردێکی وورد دەکات لە نێوان ژینگەی ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە هەژارەکان لە گەڵ کۆمەڵگا دەوڵەمەندەکان، وتێیدا پرسیارێکی زۆر دەروژێنێت لە بارەی داکۆکیکارانی ژینگە و (دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران).
وهەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی مەترسیداری ژینگەیی تێپەڕدەبێت بە هۆی گوێنەدانی دەسەڵات بە کارەساتە ژینگەییەکان وچارەسەرنەکردنیان بە شێوەیەکی زانستی. هەرێمێکی بچووکی خاوەن پێنج ملیۆن دانیشتووان، زیاتر لە دوو ملیۆن وچوارسەد هەزار ئۆتۆمبێڵی تێدایە، واتا هەر دوو تاکێکی دانیشتووی ئەم هەرێمە ئوتۆمبێلێکیان بەردەکەوێ کە ئەمە لە ڕووی زانستی ژینگەوە کارەساتەو پێویستی بە هەڵوێستی زۆر جددی هەیە. جگە لەوە زیاتر لە حەوت هەزار وسێ سەد وپەنجا موەلیدەی کارەبایی لە هەرێمدا هەیە کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گازی گەرمکەرەوە وزیانبەخش تێکەڵ بە ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان دەکەن وتا ئێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەهاوێشتووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە، ئاخر ناکرێ حکومەتێ تەمەنی زیاتر لە ٣٢ ساڵ بێت وکێشەی کارەبای پێ چارەسەر نەکرێت. ئەمەو جگە لە دەیان کێشەو گرفتی ژینگەیی تر وەکو پاڵاوگە نایاساییەکان، نەبوونی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ، نەبوونی یەکەی ریسایکڵین .. وهتد.
ولە هەمووی کارەساتتر فراوانکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستانە بەبێ پلان، شاری واهەیە لە هەرێمی کوردستان بەبەراورد لە گەڵ ٢٠ ساڵێ پێش ئێستا رووبەرەکەی پێنج ئەوەندە فراوانکراوەتەوە، ئەمەش لە سەر حیسابی سروشت وژینگەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی زەوییە کشتوکاڵی ولەوەڕگا وڕەزو باخەکانەوە وگۆڕینی ڕەگەزیان بۆ بازرگانی ونیشتەجێبوون. ئەمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا روبەڕووی دوو مەترسی زۆر گەورەمان دەکاتەوە کە یەکەمیان: دیاردەی دورگەی گەرمی شارەکان (UHI)ە واتا لە ناوەندی شارەکان پلەی گەرمی زیاتر بەرز دەبێتەوە بە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی دەرەوەی شار ئەویش بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی یەجگار زۆر لە کۆنکریت وئەسفلت وکەرەستەکانی بیناسازی کە توانای هەڵمژین ودانەوەی گەرمییان زۆر بەرزەو ودواتر پلەکانی گەرمی شارەکان زیاتر بەرز دەکەنەوە.
وادیارە کارەساتەکە تا ئێرە کۆتایی نەهاتووە بەڵکو لە ئێستادا دەست براوە بۆ شاخ وگردەکانی هەرێمی کوردستان کە ژینگەیەکی تایبەتیان هەیەو هۆکارن بۆ هاوسەنگی ژینگەیی وبە سینکی کاربۆن هەژماردەکرێن. بە داخەوە لە ئێستادا ئەو شاخ وگردانە تەخت دەکرێن وئەکرینە پرۆژەی گەورەی تایبەت بە خەڵکی سەرمایەدار وخاوەن دەسەڵات. تەنانەت شارەکانی هەرێمی کوردستان کە فراوانکراون لە سەر حسابی سروشت، دانیشتوانەکانی بە مەبەست یا بێ مەبەست پۆلێنکراون وجۆرێ لە چینایەتی تێیاندا بەدی دکرێت بە تایبەت لە شارە گەورەکان، وبە ئاشکەرا دیارە چ گەڕەکێ تایبەتە بە دەوڵەمەندەکان وچ گەڕکێ تایبەتە بە خەڵکی هەژار. لێرەوە ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنرێ کە نادادپەروەری ژینگەیی باڵی کێشاوە بە سەر هەرێمی کوردستاندا. وبەشێوەیەکی زۆر خراپ ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان کە موڵکی گشتییە ئەشێوێنرێ وتەرخان دەکرێت بۆ خەڵکی سەرمایەدار ودەوڵەمەند وژینگەیەکی گونجاویان بۆ ڕەخسێنراوە، و لە بەرانبەردا خەڵکی هەژار لە ژینگەیەکی نالەباردا کوزەر دەکەن. واتا مەترسی دووەم کە ڕووبەڕوومان بوەتەوە ولە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕوونی کاریگەری لە سەر ژینگەو کۆمەڵگای کوردستان دەبێتەوە (نادادپەروەری ژینگەیی)یە کە ئەمەش مەرترسی دووەمی فراوانبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستانە.
و (نادادپەروەری ژینگەیی) لەسەر ئەو بەنەمایە هاتوەتەکایەوە کە هەژاران ودانیشتوانی ناوخۆیی زیاتر کاریگەری تێکچوونی ژینگەیان لە سەرە وئەم تێکچوونە ژینگەییە لە ئیستغلالکردنی نادادپەروەرانەی سامانە سروشتییەکاندا ڕوودەدات. وچەمکی دادپەروەری ژینگەیی ڕەهەندێکی زۆر جیاوازی هەیە، چیتر خەمی ژینگە تەنیا لە پاراستنی درەخت و باڵندە و ڕووبار و ڕووەک و گیاندارەکاندا سنووردار نابێت، بەڵکو پێویستە سەرنج بخرێتە سەر پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی ستەمیان لێ دەکرێت ولە پێناو خەڵکی سەرمایداردا ژینگەییان دەشێوێنرێ و بێ بەش دەکرێن لە سروشت و ژینگەی گونجاو.
بۆیە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ژینگەییە کە لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی-ژینگەیی کاربکات وهەروەها لەسەر بنەمای خەباتی بەرگریکردن لە پاراستنی ژینگە وکەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا، و دژی ئیستغلالکردنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان لەلایەن دەسەڵات وخەڵکی سەرمایەدار بوەستێتەوە. و دیدگای خەباتی ژینگەیی لەسەر ئەوە بنەمایە دەبێت دابمەزرێ کە هیچ گروپێکی دیاریکراو لە خەڵک نابێت پشکێکی ناڕێژەیی لە دەرئەنجامە نەرێنییە ژینگەییەکانی بەربکەوێ کە لە ئەنجامی ئیستغلالکردنی خراپی زەوی، سامانە سروشتیەکان، وسیاسەتە ژینگەییە هەڵەو نادادپەروەرانەکانەوە دێتە ئاراوە. و کار لە سەر فەراهەمکردنی دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران دەکات لە ڕێی جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی زەوی و سامانە سروشتییەکان بۆ هەموو دانیشتووان بە تایبەتی خەڵکی هەژار.
ودەبێت ئامانجی خەباتی ژینگەیی کار لەسەر چارەسەرکردنی نادادپەروەری ژینگەیی وکەمکردنەوەی پیسبوون وچارسەرکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە بکات. هەروەها پێویستە کاری جددی لە سەر بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان گەشەی ئابووری و پاراستنی ژینگە بکات، چونکە لاسەنگی نێوان بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری و پاراستنی ژینگەدا کارەساتی ژینگەیی زۆر خراپ ومەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت. وهەموو ئەم ئامانجانە تەنها بە دروستکردنی فشاری بەهێز لە سەر حکومەت وحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دێنەدی، چونکە ئەوانن بێ گویدانە پرەنیسپ وستاندەردە ژینگەیی وزانستیەکان، ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان تێکدەدەن وهەڕاجی دەکەن بۆ خۆیان و خەڵکی سەرمایەدار.