لە ستایشی بەرگریکردن لە سروشت و خاکی سلێمانی
2024-05-31 19:17:54
خەبات عەبدوڵڵا
وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی:
١. داهێنانی مۆدێلێکی وەبەرهێنانە کە لە بەشێکی زۆریدا پشت بە داگیرکردن و وێرانکردنی خاک و سروشت دەبەستێت و بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی زۆربوون و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نییە.
٢. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کەرتێکی مۆنۆپۆلکراوە لەلایەن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی ئابووریی حیزبییەوە بوونە ملیۆنێر و ملیاردێری دۆلار.
٣. برەودان بە بواری دروستکردنی زۆرتری یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنانە بۆ دهوڵهمهندبوونی خێرا. دەوڵەمەندبوونی خێرا درێژكراوهی كولتووری تاڵانوبڕۆ و له ههمان کاتدا ڕهنگدانهوهیهكی ڕاستهوخۆی ئابووریی حیزبییه، ئهو تهرزه ئابورییهی كه جگه له كوردستان و عێراق له هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییە. دهوڵهمهندبوونی خێرا جگه لهوهی لهڕێی کەسە دەستڕۆێشتووەکانی حیزب و حکومەتەوه ئاڕاستهكراوه، شێوازێكی تایبهته له دهوڵهمهندبوون له سایهی نهبوونی سیستمێكی ڕۆشنی باج و واوهتریش نهبوونی دهسهڵاتی قانووندا. بۆیە ئەم شێوازە لە وەبەرهێنان لە بەشێکیدا دەچێتە خانەی شهرعهنهكردنی تاڵانییەوە.
٤. وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کایەیەکی لەبارە بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس، ئەو پارەیەی لە ئەنجامی تاڵانوبڕۆی کوردستان و عێراقەوە بەردەوام دەڕژێتە گیرفانی دەستەبژێری سیاسیی گەندەڵ و نزیکەکانیانەوە.
٥. لەو سۆنگەیەی کە بەشێکی زۆری ئەم ڤێلا و یەکانە لە مۆدێلی های کڵاسن، زۆربەیان ڤی ئای پییەکانی کورد و عەرەبی هاوردە لێی سوودمەندن نەک چینە نەدار و مامناوەندەکانی کوردستان.
٦. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا مۆدێلێکی نوێ و مەترسیداری تەعریبکردنی کوردستانە بەناوی وەبەرهێنانەوە. (بەگوێرەی هەندێک لە ستاتسە فەرمییەکان [هی ساڵی ٢٠٢٠] زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن (هەولێر ٦٠٠ هەزار ٢٩%، دهۆک ٢٧٥ هەزار ١٦%، سلێمانی ١٦٠ هەزار ٧%). [لە ئێستادا ئەو ژمارەیە ملیۆن و نیوێکی تێپەڕاندووە].
٧. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا بەردەوام کار لەسەر دروستکردنی بە (بەهەشتکردن)ی ڕووبەری ناو سنوورەکانی خۆی دەکات، هاوتەریب دنەی (بە ئۆردوگاکردن)ی بەشەکەی تری شار دەدات.
٨. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا کار لەسەر بە (گوندکردن)ی ناوەندی شار دەکات، هاوتەریب کار لەسەر بە (مەزرەعەکردن)ی گوندەکان دەکات.
٩. سیتی و گوند و کۆمەڵگاکانی ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون، تا ڕادەیەکی زۆر برەودانە بە دروستکردنی مڕومۆڵگە (مستوطنات)، ئەوەی کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکان لە سەدەکانی پێشوودا وەکو ستایڵێکی ژیانی تایبەت بە خۆیان و بۆ خۆجیاکردنەوە لە هاوڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە بۆ خێزان و سوپا و بازرگانانی خۆیان لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دروستیان دەکردن.
١٠. هۆکاری هەڵکشان بۆ داگیرکردنی ئەو ڕووبەرانەی کە هێشتا دەستی داگیرکارییان پێ نەگەیشتووە (چیا و دامێنی گۆیژە بەنموونە)، برەودانە بە ژیان لەسەر هەمان ڕیتمی مڕومۆڵگە. ئەو مڕومۆڵگە لەیەک دابڕاوانەی کە لەڕێی فراوانبوونی جیاوازییە چینایەتییەکانەوە، وردە وردە تەونی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردەواری بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبەن.
١١. ئەوە قسە هەڵناگرێت ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەساتەوە وەستاون، ئەو سیاسییە گەندەڵانەن کە پۆستە حیزبی و حکومەتییەکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە و بوونەتە بازرگان.
١٢. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش دابارینی پارەی نەوت و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نەوەی دووەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین.
١٣. بەدەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان لەسەر سروشت و موڵکی سلێمانی، خودهۆشیاریی و خودئاگاییەکی یەکجار کەشخە و ڕاقییە، ئەم لەسەرکردنەوەیەی هاوڵاتیان لە سروشت و موڵکی شارەکەیان کوردبوون و کوردستانییەتێکی سەربەخۆی نوێیە کە زیندوێتی کۆمەڵگەی مەدەنیی (لانی کەم) سلێمانیمان پیشان دەدات.
١٤. ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی عەیامێکە شەقاوی گەورە گەورەی ناوە، بۆ ئەوە نا سیستم دروست بکات، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە ببێتە یەکێک لە کۆمارەکانی مۆز!