ئایا حازری بۆ ئیمام؟
.gif)
2024-05-27 08:39:25
سهردار عهزیز
عێراق لە ڕووی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانییەوە بەرەو وەرچەرخانێکی گەورە دەڕوات. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، مۆدێلێک لە حوکمڕانی لە عێراق پەیڕەو کراوە کە بە مۆدێلی پێکهاتەیی ناسراوە. ئەم مۆدێلە، یان چەمکە، گەرچی ناوازەیە، بەڵام دەرخەری کۆمەڵێک گرێ و ترسە لە هەناو سیستەمی دەسەڵاتداریی عێراقدا، لە سەری هەموویانەوە ترسی زاڵبوونی لایەک و پەراوێزخستنی ئەوانی ترە. مۆدێلی پێکهاتەیی لە سەر ئەو بنەمایەیە کە شیعەو کوردو سوننە، پێکهاتەن، بەو مانایە دەبێت وەک یەک بەشداربن لە حوکمدا.
لەگەڵ ئەمەدا چەمکی کەمینە بۆ ئەو گروپانە بەکاردێت کە هەمان مافی یەکسانی ئەو سێ پێکهاتەیان نیە، وەک تورکمان، کەمینە ئاینییەکان و ئەوانی تر.
بەمجۆرە عێراقی پاش سەدام، خۆی لە چەمکی زۆرینە دەپاراست. چونکە زۆرینە میکانیکییەن، کەمینە بەرهەم دەهێنێت، ئەم میکانیزمەش، مایەی ترسە، چونکە پێکهاتەکانی عێراق خاوەن مێژوویەکی خوێناوین.
ئێستا ئێمە هەست بە وەرچەرخان دەکەین لەسەر بنەمای ئەوەی کە چەمکی زۆرینە بەکاردەبرێت لەلایەن شیعەوە. زۆرینە، یانی بوونی مافی زۆرتر لە ئەوانی تر. خۆی لە هەناو سیستەمی زۆرینەو کەمینەدا، زۆرینە خاوەن هەموو مافێکە، بەڵام جێگای کەمینە دەکاتەوە وەک بەشێک لەخۆی یان پێدانی ئەو مافانەی کە هیچ لە پێگەی زۆرینەیی زۆرینە کەمناکاتەوە. بە زمانێکی تر کەمینە، دەگونجێنرێن لەهەناو سیستەمی زۆرینەو کەمینەدا، بەجۆرێک کە هیچ ئالەنگارییەک بۆ زۆرینە دروست نەکات. دیارە ئەمە لە باشترین دۆخدا، ئەگینا بە گشتی کەمینە دەسەڵاتی بە سەردا پیادە دەکرێت، بۆیە بەگشتی کەمدەسەڵات یان بێدەسەڵاتە.
ڕەنگە وتەکانی بەها ئەلئەعرەجی زەقترین دەربڕی ئەم دۆخە بێت، بەڵام بەکاربردنی چەمک و دیدی زۆرینە هەتابێت زیاتر دەبێت.
ڕەنگە پرۆژەی سەدر لە هەموان زیاتر جەخت لەسەر ئەم ئاڕاستەیە بکاتەوە. سەدر نەک بەوەی لەگەڵ حەلبوسی و بارزانیدا ویستی حکومەتی زۆرینەو کەمینە پێکبهێنێت، بەڵکو دوا هەوڵی بۆ تێپەڕاندنی پشوی ڕۆژی غەدیر بە چڕی کارکردنە بەم ئاڕاستەیەدا.
غەدیر تەنها ڕەهەندی تایفی یان جەدەلی نێوان سوننەو شیعە نیە، بەڵکو هێنانی چەمک و دونیابینی ئیمامەتە بۆ ناو سیاسەت. بەپێی تەفسیری شیعە بۆ غەدیر، لەو ڕۆژەدا خوێن و بنەماڵەیی و نەسەب دەبێت به بنەمای حوکمڕانی ئیسلام. ئەمەش خۆی لە چەمکی ئیمامدا دەبینێتەوە. ئیمامەت ڕەهەندی زۆرە، بەڵام دەرکەوتەی کردەیی ئێرانە.
ئێران لەسەر بنەمای ئیمام و سەرۆک کار دەکات. وەک ئەمیر تاهیری نوسیبووی ڕەئیسی تەنها سەرۆک بوو کە پێگەی ئیمامی لەناو کایەی سیستەمی ئێرانیدا بەباشی دەزانی، بۆیە هەمیشە خۆی وەک بچوک و موتیعێک دەبینی نەک سەرۆک.
لە سیستەمی ئیمامیدا، ڕۆژانەو دینیانە تێکەڵ دەبن. نهێنی نیە کە سەدر دەخوازێت سیاسییەکی پیرۆزبێت. وەک سیاسییەک وتەو بڕیارەکانی مشتومڕ نەکرێن، بە هەناو ناوەندو کەناڵ و دەزگادا تێنەپەڕن، بەڵکو دەستبورد پیادە بکرێن.
ئیمامەت کۆتایی بە عەلمانیەتی حکومەتی عێراقی دەهێنێت. زۆرینەی کورد نازانن عەلمانی یانی چی، چونکە هێزە ئیسلامییەکان بە ئەنقەست شێواندویانە، بۆ دروستکردنی بەرەو دوژمنی وەهمی. عەلمانی یانی سیاسەتکردن بۆ پرسە دونیاییەکان بە شێوازیی دونیایی، یان مرۆیی. بۆ نمونە داڕشتنی بودجە کردەیەکی عەلمانییە. دەبێت بزانرێت داهات چەندە، لە کوێوە دێت، چۆن سەرف بکرێت، بۆکوێ بڕوات باشترە، چۆن بنەمای داهاتووی لێ دابڕێژێت.
ئێران لەبەر بوونی کەلتوری ئیمپراتۆریی ئەم دەزگایانەی هەیە. بەڵام عێراق نیەتی. بۆیە لەم بۆشاییەدا، مەرجەعیەت، کەسایەتییەکان، هێزە دەسەڵاتدارەکان، بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە.
دیارە بێگومان ئیمام نایەت، چونکە ئیمام لێرەیە. بەڵام کەس نایناسێتەوە، هەتا گەڵاکە نەکەوێت. ئەمە جۆرێکە لە مەسیانیک پۆلەتیک. messianic politics سیاسەتکردن لە چاوەڕوانی عیسادا، وەک ئەوەی عیسا لێرە بێت.
