كۆتایهێنان به ڕۆڵی یۆنامی له به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه؟!
.gif)
2024-05-28 07:24:02
كاوه مه‌حمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان
یۆنامی پێكهاته‌یه‌كی سیاسیی نێردراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه، كه له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق به بڕیاری 1500 له ساڵی 2003 دروستبوو و، دواتر ڕۆڵی به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 1770 له ساڵی 2007 فراوانتر بوو. له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا به‌شێوازی جۆراجۆر كارتێكردنی له‌سه‌ر ڕه‌وشی عێراق هه‌بووه.
یه‌كه‌مین نێردراوی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سیرجو دیمیلو له‌گه‌ڵ 27 له فه‌رمانبه‌رانی یونامی له ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له به‌غدادا گیانیان له‌ده‌ستدا. كه‌سایه‌تی نێردراوه‌كان كارتێكردنیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرت و زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی له كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌شیان ده‌كرد هه‌بوو، هه‌ر بۆ نموونه ڕۆڵی نه‌رێنی یان كوبیش جیاواز بوو له ڕۆڵی پلاسخارت، كه به‌شێوازێكی ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌رو پێشهاته‌كانی ڕه‌وشی سیاسی ده‌كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به دۆزی كوردستانه‌وه هه‌بوو، هه‌رچه‌نده سه‌رجه‌م ئه‌و نێردراوانه له‌چوارچێوه‌ی دیپلۆماسیه‌تی پشتگیری حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووبن، ده‌رنه‌چوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یۆنامی وه‌ك نێردراوی سیاسی و نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كارتێكردنیان له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی هه‌بوو، هه‌ر بۆیه به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان عێراق و ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی میلشیای سه‌ربازین هه‌رده‌م بوونی یۆنامی له عێراقدا به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی ده‌وڵه‌تیان داده‌نا.
ئاڕاسته‌ی وه‌ده‌رهێنانی یۆنامی و كۆتایهاتن به كاره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ندی ئه‌جینده‌ی وڵاته هه‌رێمایه‌تییه‌كانیش ده‌گونجێت، كه پێیانوایه بوونی یۆنامی به‌ربه‌ستێكی بۆ ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموونیان له عێراقدا دروستكردووه.
ئاڕاسته‌ی كۆتایهێنان به كاری یۆنامی ئه‌م جاره‌یان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سودانی گرته‌وه، كه له نامه‌یه‌كیدا بۆ ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له مانگی ڕابردوودا داوای كردووه، كه له 31ی دیسه‌مبه‌ری 2025 یۆنامی كۆتایی به كاره‌كانی بهێنێت و، بیانووی سودانی بۆ ئه‌م داواكارییه‌ش كه له نامه‌كه‌یدا هاتووه: "سه‌ركه‌وتنی" عێراقه له گۆڕانكاری" دیموكراسی، كه بیست ساڵه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وامه و، توانراوه "سه‌ركه‌وتن" به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كان ئه‌نجام بدرێت. بۆیه زۆر به ڕوونی له نامه‌كه‌ی سودانی دیاره، كه داواده‌كات ئه‌جینده‌ی سیاسی له عێراقدا له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه كۆتای پێ بێت و، با ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یارمه‌تی عێراق له بواری خزمه‌تگوزاری و گۆڕینی كه‌شوهه‌وادا، بده‌ن.
پاشخانی ئه‌م داواكارییه‌ی سودانی بۆ ئایاری ساڵی پار ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تاقمی ده‌سه‌ڵاتدار له عێراقدا به بیانووی "پاراستنی سه‌روه‌ری" داوای كۆتایهاتنی ڕۆڵی یۆنامییان كرد‌و، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه ئه‌و تاقمه له به‌شێك له ڕاپۆرته‌كانی پلاسخارت ڕازی نه‌بوون و، به‌شێك له جموجۆڵه‌كانی ئه‌و نێردراوه‌یان به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی عێراق داده‌نا.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و داواكارییه‌ی عێراق ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لیژنه‌یه‌كی سێ قۆڵی بۆ ئه‌و داواكارییه به بڕیاری 2682 له ساڵی 2023 دروستكرد‌و، ئه‌و لیژنه‌یه به سه‌رۆكایه‌تی فوڵكر بیرتس سه‌ردانی عێراقی كرد‌و، 250 چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نی سیاسی و حكومی و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵَگای مه‌ده‌نی و فه‌رمانبه‌رانی یۆنامی كرد‌و، له كۆتاییدا پێیان ئاسایی بوو، كه له حوزه‌یرانی 2026 یۆنامی كۆتایی به كاره‌كانی بهێنێت و ئه‌ركه‌كان به رێكخراوه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بدرێت و، ئه‌مه‌ش فرسه‌تێكی نوێ بوو بۆ ئه‌وه‌ی سودانی و له پشت ئه‌وه‌یشه‌وه هێزی سیاسی خاوه‌ن میلشیا به بیانووی پاراستنی سه‌روه‌ری داوای كۆتایهاتن به كاره‌كانی یۆنامی بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده ڕاپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشان كردبوو له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی كاری یۆنامی له 2026دا بوو، به‌ڵام خودی ڕاپۆرته‌كه ئاماژه بۆ هه‌ندێ خاڵی گرنگ ده‌كات، كه ورده‌كارییه‌كه‌ی، پێداویستی بوونی یۆنامی ده‌خاته‌ڕوو، وه‌ك ئامرازێك بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق له هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمایه‌تییه‌كان.
له ڕاپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه، كه بیرتس سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد هاتووه: سێ دیارده‌ی مه‌ترسیدار هه‌ڕه‌شه له عێراق ده‌كات، كه بریتین له شلۆقی دامه‌زراوه‌كان و كه‌مبوون و لاوازی داهاتی مرۆیی و بوونی دیارده‌ی كۆمه‌ڵ و میلیشیا چه‌كداره‌كان و ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی داعشێكی نوێ.
هه‌ڵبه‌ته تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه كرۆكی دۆزی سیاسین و، به‌شێكن له ئه‌جینده‌ی كاری سیاسی، كه سودانی و ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی ده‌كات ده‌یانه‌وێ هیچ لایه‌نێك له چوراچێوه‌ی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی مافی كارتێكردنی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه نه‌بێت.
هه‌رچه‌نده ڕاپۆرته‌كه‌ی بیرتس به گشتگیری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌م سێ دیارده‌یه كردووه، به‌ڵام ڕووداوه سیاسییه‌كان، كه پێشتر له گوتاره‌كانی نێردراوی یۆنامی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌شكراون به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ڕوودانی گۆڕانكاری چلۆنایه‌تین له هه‌ژده مانگی ڕابردوو له ڕه‌وشی سیاسی‌دا، كه له ڕاپۆرته‌كه‌ی بیرتس و له دوا وتاری پلاسخارت له هه‌فته‌ی ڕابردوو له فیدیو كۆنفرانسه‌كه‌یدا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، هاتبوو.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هۆكاری بوونی یۆنامی، كه له‌سه‌ره‌تاوه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له بڕیاری پێكهێنانی ئاماژه‌ی پێكردبوو، بابه‌تی تۆلیرانس و حوكمڕانی باش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان و سه‌روه‌ری یاسا‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و ته‌واوكردنی قۆناغی گواستنه‌وه له دیكتاتۆری بۆ دیموكراسی و یارمه‌تیدان له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان له كرۆكی ئه‌ركه‌كان و مه‌به‌ستی بوونی یۆنامی بوو.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌م ئه‌رك و ئامانجه‌وه بڕوانینه بوونی یۆنامی و ڕه‌وشی سیاسی له عێراقدا، ئه‌وه‌ی ڕچاو ده‌كرێت، به‌رده‌وامبوونی گرفت و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵه، جگه له پاكتاونه‌كردنی ئاسه‌واری سیاسیه‌تی شۆڤینیستی ڕژێمی دیكتاتۆری پێشوو له بواری ته‌عریب و گۆڕانكاری دیموگرافی و سیاسه‌تی په‌راوێزخستن. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گرفتی گه‌وره له شه‌رعیه‌تی حوكمڕانی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای كشانه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌در، كه زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نی پێكده‌هێنا به‌دیده‌كرێت، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ململانێی شیعه‌و شیعه له‌سه‌ر حوكمڕانی و ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ململانێی سوننه‌و سوننه، جگه له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به تاونبارانی جینوسایدی ئێزیدییه‌كانه، كه نه له دادگای ناوخۆیی و نه له دادگای نیوده‌وڵه‌تی پرسینه‌وه‌و دادگاییان ناكرێت.
تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ كرا‌و چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی دیكه پێداویستی بوونی یۆنامی و ده‌زگاو چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر شێوازی حوكم و به‌ڕێوبردنی ده‌وڵه‌ت له عێراق ده‌خوازێت به‌و مه‌به‌سته‌ی سنورێك بۆ پێشێلكردن ماف و زه‌وتی ئازادی و دیارده‌كانی پێشێلكردنی یاسا‌و پاراستنی خه‌ڵك و ڕاگرتنی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمایه‌تییه‌كان، دابنرێت.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسورمانه، هێزی سیاسی كوردستانی و ته‌نانه‌ت ناوه‌ندی فراوانی ڕایگشتی بابه‌تی ئه‌م نامه‌یه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كۆتایهاتن به بوونی یۆنامی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌و، ئه‌م بابه‌ته‌ش وه‌ك ده‌یانی دیكه به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕێت.
