ئاوەدانکردنەوە لەنێوان پرۆژهو خیانەتدا

2024-05-28 08:08:45
ئەندازیاری تەلارسازی: دڵسۆز حەمە
ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی فیزیکی و ئینسانی تەندروست لە شارەکاندا ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسی و کارگێڕی دەسەڵاتی سیاسییە لە کۆمەڵگادا، چەمکی شارو ئاوەدانی (ئاربانیزم) تەنها ڕەهەندێکی فیزیکی و تەلارسازیی ئەبستراکتی نیە، بریتی نیە لە بەرزکردنەوەی باڵهخانەو خانوبەرەی قەبارە جیاوازو هەڵتۆقینی بێبەرنامەی گەڕەک و ناوچەی نیشتەجێی تازەو فراوانبونی بێبەرنامەی شارەکان، بریتی نیە لە ڕاکێشانی هەڕەمەکی پردو شەقام و بیناکان بێپلان و بەرنامەی ستراتیژی دوورمەدا بەسەر زەوی وڵاتدا، بریتی نیە لە ساغکردنەوەی بازاڕی بەردو بلۆک و چیمەنتۆو شوشەو مادەکانی بیناسازی بێ ڕەچاوکردنی دۆخی ژینگەو پلەی گەرماو سروشتی زەوی و شێوازی ژیان و فەرهەنگی کۆمەڵگا، بەڵکو ئاربانیزم و ئاوەدانکردانەوەی شار، ڕەهەندێکی ئابوری و ئەخلاقی و زانستی و یاسایی و مێژوویی و ستراتیژی و بگرە دەرونیی فراوانترو گەورەتر لەخۆدەگرێت ئەو ڕەهەندانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمەی کوردستان نەک ڕەچاویان نەکردوە، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەیان پیادەکردوە، هەربۆیە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دواجار بوهتە یەکێک لە بەهێزترین پایەکانی بەرهەمهێنان و پەردەپۆشکردنی گەندەڵی، شێواندنی کەلتورو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ڕەسەن، قوڵکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، شێوانی ناسنامەی شارەکان، داگیرکردن و شێوانی پانتاییەکی زۆری زەوی نیشتمان و وەبەرهێنانێکی هێستری لەو سێکتەرەدا. لەدوای ڕاپەڕین نزیکەی نیوەی سەرزەمینی کوردستان کە ناوچەی قەدەغەکرابوون ئازاد کرا، دواتریش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، کوردستان لەڕووی ئابورییەوە بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە دیت، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستی لە بودجەیەکی زەبەلاحی ئابوری گیرکەوت و پاشانیش دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەسەر بازرگانی و دنیای دەرەوەدا، ئەمانە هەمووی فاکتەری بوژانەوەی کەرتی ئاوەدانی وخانوبەرەو باشکردنی ژینگەی شارەکان بوو.
یەکێک لە جێکەوتەکانی بوژانەوەی ئابوری ئاوەدانیە، ئاوەدانی و ئابوری تەواو وابەستەو گرێدراوی یەکترن، لەکوێدا ئابوری بەهێز بێت ئاوەدانی هەنگاوی گەورە دەبڕیت، بەڵام ئەوەی لەم چەندین ساڵەدا لە کەرتی ئاوەدانی و خانوبەرەو سەرمایەگوزاری بیناسازیدا دەگوزەرێت کارەساتێکی ئەخلاقی و ئینسانی و سیاسی و ژینگەییە، تراژیدیای داگیرکردن و بەهەدەردانی گرنگترین سەرمایەی نیشتمانیی و ئابوری نەوەکانی داهاتووە کە ئەو سەرزەمیەنهیە تێێدا دەژین، هەر بەتەنها نەوت و غازو کشتوکاڵ سەرچاوەی ئابوری نیە بەڵکو ئەو سەرزەمینەی کە هاوڵاتیەکانی شارەکان لەسەری دەژین سەرمایەیەکی ڕەمزی و فیزیکی و ئابوری گرنگە کە پەیوەستە بە داهاتووی نەوەکانی کە دێن، ڕەنگە غازو نەوت و ئاو کەم ببنەوە، بەڵام سنوری نیشتمان، گۆی زەوی نە زیاد دەکات، نە کەم دەبێتەوە، هەر بۆیه ئەو زەویەی سنوری شارەکانە سەرمایەیەکەی ڕەمزی و ئابوری گرنگە کە دەبێت زامنی ئەوە بکات نەوەکانی داهاتوو دەتوانن بە ئاسودەیی تێێدا بژین و شوێنی نیشتەجێیان دەسکەویت و قوتابخانهو نەخۆشخانە و شەقام و بازاڕ و جێگای وەرزش و خوداپەرستی و هونەروهەموو ئەو چالاکیانەش ببیتەوە کە ژیانی گشتی و فەزای گشتی دەخوازێت، بە مانایەکی تر دەبێت شارەکان لە خەیاڵی ئاوەدانکردنەوەو کشانی خۆیدا پاشەڕۆژی ئەو نەوانە بەبەرچاو بگرێت کە بەڕێوەن و هاوڵاتی پاشەڕۆژی ئەو شارەن و لەو ژینگەیەدا دەمێننەوە.
دەبێت لە خەیاڵی ئاوەدانکردنەوەی شاردا داهاتووی خزمەتگوزاری و زیادبونی دانیشتوان و گۆڕانی ژیان ڕەچاو بکرێت، مەبەست لە ئاوەدانی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست، شارێکی ئاوەدان، گەڕەگ و شوێنی نیشتەجێی تەندروست، کۆمەڵگایەکی خۆشگوزهران کە هەمووان دەستیان بە خزمەتگوزاییەکان بگات و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتییەکانی وەکو سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە ئاوەدانیدا. یەکەمین بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ فەرهەنگ و کەلتورو شارێکی تردا ئاوەدانیە، هونەری تەلارسازی و ڕوخساری بیناو باڵاخانەو ئەو بینایانەی کە گوزارشت لە مێژوی ڕەسەنی شارەکە دەکەن، پۆشتەیی خانووەکان، ئاستی تەلارسازی و پێشکەوتن و سەلامەتی تۆڕی هاتوچۆ ڕێگاوبان و پردو پێکەوگرێدانی شارو شارۆچکەکانی وڵات بەتۆڕێکی بەهێزی هاتوچۆکردن و گوێزانەوە، ئاستی سەوزایی و پانتایی گشتی و ئەو چالاکییە کۆمەڵایەتیانەی کە تایبەتە بە نەریت و فەرهەنگ و کەلتوری کۆمەڵگا وەکو ئەو بینایانەی کە تایبەتی بە وەرزش و هونەرو فەرهەنگ، ئەو پانتاییە سەوزانەی کە کراوەن بە ڕووی هەموو هاوڵاتیەکدا و موڵکی گشتین هەموو خزمەتگوزاریەکیشی بۆ دابینکراوە، ئەو بینایانەی کە وەزیفەیەکی پەروەردەیی و فەرهەنگی و ئایینی گشتیان هەیە، هەتا ئەم بینایانە، هەتا ئەم پانتاییانە گشتیانەی کە موڵکی گشتی کۆمەڵگان زۆرترو زیاتر کراوە بن بە ڕوی کۆمەڵگادا، فەرهەنگی دیموکراسی و هەستی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی پەیوەستبوونی مرۆڤ بە کۆمەڵگاو بەوانی ترەوه، هەستی سۆلیدارێتی و هاوبەشی تێدا زیاتر بەرجەستە دەبێت. ئاوەدانی چەمکێکی زانستی و یاسایی و فەرهەنگی هەیە، زەوی شارەکان هەر بە تەنها ئەو پانتاییە فیزیکییە نییە کە کۆمەڵگا لەسەری دەژی، تەنها مانای ئەو داروبەردو خۆڵ و شاخ و کانیاوە نییە کە لە شیعرەکاندا رۆمانتیزە دەکرێت و داوا دەکرێت خوێنی لەپێناودا بڕێژین، بەڵکو ئەو پانتاییە فیزیکی و ئەندازەیی و یاسایی و ئابوریەشە کە دەبێت بەشدار بێت لە باشترکردنی ژیانی هاوڵاتی، لە فەراهەمکردنی پایەکانی دیموکراسی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی ژیان و ژیار بۆ هاوڵاتییەکانی، لە بیناکردنی هەستی ئینتیماو پێکەوە بوون بۆ ئەو مرۆڤانەی لەهەمان شارو ژینگەیەدا پێکەوە دەژین، بۆ بەرجەستەکردنی هەستی هاوفەرهەنگی و هاوکەلتوری و ئارامی بۆ هاوڵاتییەکانی، دابینکردنی لانی کەمی ژیانی بەکەرامەت بۆ مرۆڤەکانی ناوی.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاستێکی نابەرپرسیارو نائەخلاقیانە لەگەڵ ئەم ڕەهەندە ئابوریەی زەوی و خاکی هەرێم هەڵسوکەوت دەکەن و کردویانە، چەمکی خاک و سەرزەمینی نیشتمان بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو تا ئێستاش لە خەیاڵی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارانی هەرێمدا سەرچاوەیەکی بێخاوەن و ئاسان بەدەست بووە بۆ دەسکەوتنی پارەیەکی خەیاڵی، سپیکردنەوەی پارەو بەهێزکردنی پێگەی حیزبی و شەخسی و دەسکەوتنی پارەیەکی خەیاڵی بە ئاسانترین شێوە. ساڵانێکی درێژە، پرۆسەی ئاوەدانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا کورت کراوەتەوە بۆ کەرتی نیشتەجێبونی و بیناکردنی شوققەو باڵاخانەو هیچی تر، دروستکردنی شوققەو گوندو شاری نیشتەجێبون لەژێر دەیان ناوی بیانی سەیرو سەمەرەدا پەتایەکی کوشندەی و ئابڕوبەرانەی کەرتی وەبەرهێنانە کە وەکو شێرپەنجە جەستەی شارەکانی تەنیوە، زەوی کشتوکاڵی و پانتایی سەوزو زەویە خزمەتگوزارییەکان و گرد و شاخ و سەیرانگاو باخ وبێستان و زەمینی وڵاتەکەی بەترسناکترین شێوە کردوە بەژێر ئەو کشانە شێرپەنجەییەی بیناکردنی هەڕەمەکی کە مەبەست و ئامانجی گەورەی ئەم کشانە شێرپەنجەییەی بیناکردنی خانوو و شوققەی نیشتەجێبون گەندەڵیەکی ترسناک و نامۆراڵیانەی هەمو ئەوانەن کە بەشدارن لەم پڕۆسە ناعەقڵانی و ناسروشتی و نابەرپرسانەیەدا کە ئامانجی سەرەکی دەسخستنی زۆرترین پارەیە لە کورتترین کاتداو بەئاسانترین ڕێگا. ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی زەوی نیشتەجێبون بەپێی پلانێکی ئابوری و زانستی بەڕێوەدەچێت کە زیادبونی دانیشتوان و بەکارهێنانی زەوی و ئاستی گەشەی ئابوری پێشبینی کراو لە ساڵانی داهاتوودا ئەو فاکتەرانەن کە زەوی نیشتەجێبون و بڕی باڵاخانەو پانتایی زەوی تەرخانکراو ژمارەی پێشبینیکراوی یەکەی نیشتەجێبون دیاری دەکات، بەڵام ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت کارەساتێکی نامۆراڵی و تاڵانیەکی نامۆراڵیە بە زەوی و خاک و نیشتمان وزەوی شارەکانەوە کە موڵکی گشتیەو مافی هەموو هاوڵاتیەکی پێوەیە ، باڵاخانەو شوققە و خانوەکانی بەردەوام بازرگانە چاوچنۆک و دەسەڵاتداری بێمۆراڵ لەسەر زەوی شارەکان (کە موڵکی گشتیە) دروستی دەکەن نزۆر زیاترە لە ژمارەی هاوڵاتیان و پێداویستی هاوڵاتیان لە داهاتووی دورتریشدا بەڵام چونکە ئامانجی دروستکردنیان لە گەندەڵی و تاڵانی زیاتر هیچ پەیوەندی نیە نە بە فراوانکردنی شار ونە بەهاوڵاتیەکان و نە بەپلانی ئابوری ونە بە چەمکی ئاوەدانی و نەبە خزمەتکردنی هاوڵاتی و نە بە پێشکەوتنی وڵاتەکەوە هەربۆیە زۆرێک لەم پڕۆژانە، نرخی یەکەو بیناکان بەهیچ پێوانەیەکی ڕێژەیی لەگەڵ دەرامەت و داهاتی هاوڵاتی هەرێمدا ناگونجێت و نەگونجاوە، بەڵکو ئەم پڕۆژانە بونەتە سەرچاوەی ڕاکێشانی کەسانی دەرەوەی هەرێم بێگرنگیدان بە پاشەڕۆژی دیموگرافی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هیچ بەهاو لەمپەرێکی ئەخلاقی، ئاوەدانی لەبری ئەوەی پڕۆسەیەک بێت بۆ قوڵکردنەوەی چەمکی پێکەوە ژیان بۆتە دیوارێکی ئەستور لەنێوان هاوڵاتی و شارەکەیدا، لەنێوان هاوڵاتیانەی هەمان شار، بۆتە ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، دروستبوونی گیتۆی جیاوازی کۆمەڵایەتی و دابڕان و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگای شارەکان تا ئاستێکی ترسناک و تراژیدی. لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرس و بەمۆراڵ دەیانبات بەڕێوە، دەستبردن بۆ زەوی و شاخ و ڕوبارو تەنانەت درەختێکیش، گوێزانەوەی درەختێک لە شەقامێکەوە بۆ شەقامێکی تر ڕێوشوێنی یاسایی هەیە، گۆڕینی ڕوکاری دەرەوەی هەندێک خانووی نیشتەجێبون کە ڕەگەزی گرنگی فەرهەنگی و تەلارسازی پێوەیە، کە بەهای کەلتوری هەیە، یان مۆنەمێنتە (ئەگەر موڵکی خۆشت بێت) ڕێوشوێنی یاسایی هەیەو مرۆڤ ئازاد نیە لە گۆڕینی هەڕەمەکی پەنجەرەیەکیشدا، چونکە ئەو خانووە، ئەو بینایە بە بەشێک لە ناسنامەی شارەکە دێتە ژماردن!! لە کاتێکدا لە هەرێمەکەی ئێمەدا ڕەمزێک نەماوە لەپێناوی وەبەرهێنان و پارەدا دەستی بۆ نەبرابێت، شاخ وگردو تەپۆڵکەو باخ و کەناری دەیاچەو گەڕەکە کۆن و ڕەسەنەکان نەماوە نەکەوتبێتە ژێر هێرشی بەربەڕی وهێستریانەی کەڵکەلەی وەبەرهێنان و بە ئاسماندابردنی شوققە و باڵاخانەکانەوە ! چەند ڕۆژێکە ئەو هەڵدڕین و داتاشین و بڕینەی شاخی گۆیژە پێدەچێت نەشتەرێکی ئازاراوی چەقاندبێتە کۆنەستی گشتی خەڵکی سلێمانی، ئەو مانا ڕەمزیەی کە شاخی گۆیژە لە ویژدان و نۆستالژیای ئێمەدا هەڵگریەتی، هەروەها پێڕاکێشانی ئەو کۆمپانیا گەندەڵانەی بەناوی وەبەرهێنانەوە وەکو مشەخۆر ئابوری و زەوی و زارو تەنانەت خەونی ئاوەدانی کۆمەڵگاکەشێان وێران کردوە، پێڕاکێشانی ئەمانەو دەستبردنیان بۆ ئەو شاخە دواجار ئەو کۆدەنگیەیە بەرهەمهێناوە کە دەبێت لەمەودوا هەم ڕێگر بێت لەو تەراتێنە بێمۆراڵ و نابەرپرسیارەی کۆمپانیاو بەرپرسەکان بەناوی وەبەرهێنانەوە بە خاکی هەرێمی دەکەن و ئیستغلالی هەموو بەردو کانی و مستە خۆڵیکیان کردوە، هەمیش سەرەتایەک بێت بۆ سنوردانان بۆ هەموو ئەو و بێڕیزی و بێمافی و بەتاڵانبردنەی کە بە ناوی کەرت نیشتەجێبونەوە خاکی نیشتمانیان بۆ هاوڵاتی ئاسایی و بۆ نەوەکانی داهاتو نەهێشتۆتەوە بە نامرۆڤانەترین و نابەرپرسیارترین شێوە.
