9ی حوزەیرانی 1963
2024-06-09 12:22:01
د. ئامانج حسن ئەحمەد
پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە عێراق، كاریگەری ریشەیی لە سەر پرسی كورد لە باشووری كوردستان هەبوو، بەتایبەتیش كودەتای 8ی شوباتی 1963 و یەكەمین ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی بەعسییەكان، دۆخێكی پڕ ململانێ و ناسەقامگیری لەگەڵ خۆی هێنا، بەجۆرێك بەعسییەكان دۆخی ترس و تۆقاندنیان لە عێراقدا رەخساندو بەتوندترین شێوە رووبەڕووی نەیارەكانیان بوونەوە، كە تیاییدا كوردو ئەندامانی حزبی شیوعی قوربانی سەرەكی ئەو قۆناغە بوون، ئەمەش لە كاتێكدابوو كە كوردو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، شان بەشانی بەعس و ناسیۆنالیستەكان لەدژی عەبدولكەریم قاسم لە شەڕدابوون.
پێشینەیەكی مێژوویی:
جێگەی ئاماژە پێكردنە كە نوخبەی سیاسی كوردو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە گەشبینی و ئاسۆیەكی روونەوە لە شۆڕشی( 14ی تەموزی 1958)یان دەڕوانی و پێیانوابوو ئەم پەرەسەندنانە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە مێژووی هاوچەرخی كورددا، ئەگەرچی لە سەرەتادا زەمینەی چەسپاندنی هەندێك لە مافەكانی گەلی كورد لە عێراقدا رەخسابوو، تەنانەت بە هەوڵ و دیبلۆماسیەتی سەركردایەتی كورد توانرابوو لە دەستووری كاتی عێراقدا مافە نەتەوەییەكانی كورد بچەسپێنرێت، بەتایبەتی لە بەندی (3)ی دەستووردا هاتووە كە" عەرەب وكورد هاوبەشن لەم نیشتمانەداو دان بەمافە نەتەوەییەكانیان لەناو یەكێتی عێراقدا نراوە". بەڵام لە كۆتایی ساڵی 1959و سەرەتای ساڵی 1960دا لە ژێر كاریگەریی ڕەوتە ناسیۆنالیست و شۆفێنیزمەكانی عەرەبی عێڕاق و بەهەل قۆستنەوەی چەند ڕووداوێكی نێوخۆیی بچووك لەلایەك و دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە كاروباری نێوخۆی عێراق، پەیوەندیەكانی نێوان (عەبدولكەریم قاسم)و(سەركردایەتی كورد)، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ئاڕاستەی ململانێ و ناسەقامگیری هەنگاوی دەنا، كە ئەنجامەكەشی بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول سەری هەڵدا، كە بۆ یەكەمجاربوو لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە لە باشووری كوردستان بەرخودانێكی لەو شێوەیە لە دژی ستەم و داگیركاری سەر هەڵبدات، ئەوەبوو دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی پارت و ڕێكخراوە سیاسیە عێراقیەكان، لە دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم نیگەران بوون و بەنهێنی كاریان بۆ رووخاندنی ئەو ڕژێمە دەکرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەركردایەتی پارتی هەوڵیدا لە سەر ئاستی ناوخۆ دەسەڵاتدارانی داهاتوی عێراق دەستنیشان بكات و هەوڵ بدات بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا، بەو پێیەی كە لە داهاتوودا بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد ئاسان دەبێت.
بۆ ئەو مەبەستە پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی( فواد عارف و كەریم قەرەنی)یەوە، پەیوەندییان لەگەڵ ( تاهیر یەحیا) درووستكرد، لەبەرامبەریشدا بەعسیەكان بەزارەكی بەڵێنیاندا كە مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمدا بەرجەستە بكەن، هەربۆیە دوای ئەوەی بەعسیەكان لە 8ی شوباتی 1963 لە رێگەی كودەتاوە دەسەڵاتیان گرتە دەست، راستەوخۆ سەركردایەتی كورد، بروسكەی پیرۆزبایی و پشتگیری خۆیان بۆ كودەتاچییەكان دەربری، دوای ماوەیەكیش لە سەر راسپاردەی بارزانی شاندێكی كورد كە پێكهاتبوو لە (11)ئەندام و بە سەركردایەتی (مام جەلال)، بەمەبەستی دانوستان لەسەر بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد، سەردانی بەغدایان كرد، بەڵام هەرزوو نیەت و ئایدۆلۆجیای حزبی بەعس بۆ هەموان ئاشكرابوو كە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو كە وردەكاری رەهەندە كارگێڕی و داراییەكانی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد جێبەجێ بكات، بێگومان ئەمەش لەو راستییەوە سەرچاوەی گرتبوو كە هەر لە بنەڕەتەوە سەركردایەتی حزبی بەعس بڕوای بە مافی كەمینەو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان نەبووە، كە بەداخەوە پرسی كورد لە ئەجندای ئەو حزبەدا وەك كەمینە مامەڵەی لەگەڵا كراوەو لە پەیڕەوو پڕۆگرامی حزبی بەعسیشدا هاتووە كە هەركاتێك كەمەینە نەتەوەیی و ئاینییەكان بوونە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی حزب و نەتەوەی عەرەب، ئەوا بەڕەوای دەزانن كە سەركوتیان بكەن و رایانبگوێزن !!!، هەربۆیە هێشتا شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغدابوون كە رژێمی بەعس لە ڕاگەیاندراوێکدا لە 9ی حوزەیرانی 1963 ،ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەی راگەیاندو شاندەكەی بەغداشی دەستبەسەر كردو بڕیاریاندا بەتوندترین شێوە رووبەڕووی پێشمەرگەو خەڵكی شاروشارۆچكەكانی كوردستان ببنەوە، بەتایبەتی دانیشتوانی شاری سلێمانی، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە بوێری و شۆڕشگێڕی و چاونەترسی و زیندویی دانیشتوانی شاری سلێمانی هەمیشە جێگەی نیگەرانی و مەترسی دەسەڵاتدارانی حزبی بەعس بوون .
چۆنێتی رووداوی كۆمەڵكوژی 9ی حوزەیرانی 1963ی سلێمانی:
رۆژی 8ی حوزەیرانی 1963، لیوای (20)ی سوپای عێراق بە فەرماندەیی ( زەعیم سدیق)، بەمەبەستی كۆنترۆڵا كردنی ناوچەی چوارتا، پەلاماری چیای گۆیژەو ئەزمەڕیاندا، كە بەشێوەیەكی گشتی ئەو سنوورە ناوچەی گەرمی چالاكییەكانی هێزی(خەبات) بوو، كە عەلی عەسكەری سەرپەرشتی دەكرد، بەڵام سوپای عێراق رووبەڕووی شكستێكی گەورە بوونەوەو بەناچاری بەرەو ناوشاری سلێمانی كشاونەتەوە، ئەوەبوو بۆ رۆژی دواتر بە پلانێكی نهێنی كە پێشتر لەلایەن بەعسییەكانەوە دارێژرابوو، قەدەغەی هاتوچۆی لەناو شاری سلێمانی راگەیاندو كەوتنە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكی گەورەو گولە بارانكردنی خەڵكی بێتاوان، كەبەهۆیەوە( 172) کەس گیانی لەدەستداو نزیكەی (5000) هاوڵاتی بێگوناهیش دەستگیركران، هەندێك لەسەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەعسییەكان مەبەستیان بووە لەڕێگەی بڵاو كردنەوەی ترس و تۆقاندنەوە سۆزی خەڵكی شاری سلێمانی بۆ شۆڕشی ئەیلول بنەبڕ بكەن و خەڵكی ناوچەكە ناچار بكەن كەس و كاریان لە ناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووربخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سڵیان لە كوشتنی گەنج و پیرو هاوڵاتی بێتاوان نەكردۆتەوەو هەموو شێوەو ئامرازێكی توندو تیژیان بەكارهێناوە، بەجۆرێك لەناو شاردا خەڵكیان ناچاركردووە كە وتەی نەشیاو سوكایەتی بە سیمبول و رەمزە نشتیمانی و نەتەوەییەكان بكەن، لەئەگەری ئەنجام نەدانی ئەو كارەدا گولەبارانیان كردوون و بەدوای ئۆتۆمبیلی سەربازیدا بەناو شاری سلێمانیدا رایانكێشاون، كۆمەڵكوژییەكەی 9ی حوزەیران بە جۆرێك تراژیدیابووە، كە سەرجەم قوربانییەكانیان لە (حامیە)ی سلێمانی لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا شاردۆتەوەو بەشۆفڵ خۆڵیان بەسەردا كردوون، كە بە گوێرەی هەندێك لە سەرچاوەكان بەشێك لەو قوربانیانە زیندەبەچاڵكراون و بەزیندویی خۆڵیان بەسەردا کردوون، ئەمە لەكاتێكدابووە دۆخی زیندانییەكانیش لەوپەڕی سەختی و ناهەمواریدابووەو لە ئەستەبڵی وڵاخەكاندا بەبێ نان و ئاو زیندانی كراون. ئەنجامدانی ئەم تاوانانەش بەلیژنەیەک سپێردرابوو کە پێشتر ڕژێمی بەعس بەناوی لیژنەی مەرگ، درووستی کردبوو کە پێکهاتبوون لە( زەعیم سدیق مستەفا) سەرۆک و ئەندامێتی هەریەکە لە ( عقید جاسم، مقدم فەیسەڵ، حاجی عەبدولرەزاق سەید مەحمود- موتەسەریفی سلێمانی، محەمەد عەلی حسێن ) .
جێگەی ئاماژە پێكردنە كە ئەگەرچی لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە، كۆمەڵكوژی خەڵكی شاری سلێمانی بە شارو شارۆچكەكانی دیكە بەراورد ناكرێت، بەڵام رژێمی بەعس لە هەولێرو كۆیەو دوكان و شارەزوورو زۆربەی شارو شارۆچكەكانی دیكە، تاوانی گەورەی كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوە، لەو بارەیەوە ( بەدرەدین عەلی و تەها شەكرچی ) هەمان تاوانی كۆمەڵكوژیان لە هەولێرو كۆیە ئەنجامداوە .
بەشێوەیەكی گشتی لەم سەربەنەوە دەگەینە ئەو راستییەی كەدەسەڵاتدارانی بەعس لە 9ی حوزەیرانی 1963دا پلانی جینۆسایدیان بەرامبەر بە دانیشتوانی شاری سلێمانی ئەنجامداوەو هەوڵیانداوە كە لەرێگەی ترس و تۆقاندنەوە شكست بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بێنن و رق و كینەی خۆیان بە خەڵكی شۆڕشگێڕی شاری سلێمانی بڕێژن.
نەمری بۆ شەهیدانی 9ی حوزەیرانی ١٩٦٣