Draw Media

ڕزگاربوو و میدیا

ڕزگاربوو و میدیا

2024-06-11 18:47:43



د. هاوكار ئیبراهیم
مامۆستا و توێژەر لە زانكۆی بیلەفیڵد - ئەڵمانیا
ڕووداوه‌ زه‌بر ئامێزه‌كان بەشێکن لە ژیانی هەموو کەسێک. چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ ڕووداوێكی زه‌بر ئامێز به‌سه‌ر خۆماندا یان كه‌سێكی نزیكماندا بێت یاخود بینه‌ری نزیكی یه‌كێك له‌ ڕووداوه‌ مه‌رگه‌ساته‌كانی وه‌كو کارەساتی سروشتی یان شه‌ڕ و تەقەکردن، کوشتن یان خۆکوشتن یان هه‌ر مه‌رگه‌ساتێكی تر بین.
کاتێک ئەم جۆرە ڕووداوانە ڕوودەدەن، میدیاکاران بەدوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە ڕاستەوخۆ به‌ر ڕووداوه‌كه‌ كه‌وتون یانیش بینه‌ری نزیكی ڕووداوه‌كه‌ بوون، تا بتوانن ورده‌كاریه‌كانی ڕووداوه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی تر ڕووماڵ بكه‌ن. لە کاتێکدا ئەم چاوپێکەوتنانە دەتوانن به‌شداریه‌كی باشیان هه‌بێ له‌ وشیاریی و تێگەیشتنی گشتی، له‌ هه‌ندێك جاریشدا ده‌بنه‌ هۆی هاندانی خه‌ڵكی تا ده‌م ڕزگاربووانه‌وه‌ بێن و ده‌ستی هاوكاری و پاڵپشتیان بۆ درێژ بكه‌ن، به‌ڵام زۆر جار میدیاكاران له‌ هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ی زوو زانیارییه‌كان بگوزانه‌وه‌، به‌سه‌ر هێڵه‌ گشتیه‌كانی ئاكاری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا باز ده‌ده‌ن و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی دۆخی ده‌روونی كه‌سی ڕزگاربوو یان پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی، یاخود به‌بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی پێشوه‌خته‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕزگاربووان. له‌م كاتانه‌دا گرنگه‌ تۆی ڕزگاربوو ئاگاداری مافه‌كانت بیت، وشیاریه‌كی وات هه‌بێ كه‌ ڕه‌چاوی باردۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆت بكه‌یت و ئه‌وه‌ بزانیت كه‌ چۆن قسه‌كردن له‌گه‌ڵ میدیاكاراندا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌رت. لێرەدا چەند ڕێنماییەک دەخەینەڕوو کە یارمەتیت دەدەن لەم دۆخانەدا چی بكه‌یت و چۆن باری ده‌روونی خۆت و كه‌سانی نزیكت بپارێزێ:
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ بزانه‌ كاتێك ڕووداوێكی زه‌بر ئامێز و مه‌رگه‌سات به‌سه‌ر خۆت یان كه‌سێكی نزیكتدا دێت، تۆ ناچار نیت قسه‌ بۆ میدیاكاران بكه‌ین. بزانه‌ به‌شداریكردنت له‌ هه‌موو ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌دا خۆبه‌خشانه‌یه‌ و هیچ میدیاكارێك به‌ زۆر ناتوانی وته‌ و لیدوانت لێ وه‌ربگرێ.
دووه‌م: كاتێك ڕاسته‌وخۆ له‌دوای ئه‌زموونكردنی ڕووداوێكی زه‌بر ئامێز له‌لایه‌ن میدیاوه‌ داوای چاوپێكه‌وتنێكت لێ ده‌كرێ، واباشتره‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌كه‌یت، یاخود كات بده‌یت به‌ خۆت و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ دوا بخه‌یت بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ ئاماده‌ی. بزانه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ دوای ڕووداوه‌كان، تۆ له‌ قۆناغی شۆكدا دایت، له‌وانیه‌ مێشکت ڕووداوەکه‌ بە دروستی پرۆسێس نەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی درووست بوونی بۆشایی له‌ یادگه‌تدا یان ناڕوونی سەبارەت بەوه‌ی کە ڕوویداوە. له‌وكاتانه‌دا تۆ له‌وانه‌یه‌ ڕووداوه‌كه‌ به‌ جۆرێك بگێڕیته‌وه‌ كه‌ جیاواز بێت له‌وه‌ی كه‌ ڕوویداوه‌، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە تۆ ناته‌وێ ڕووداوه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بۆ میدیا باس بكه‌یت، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی كه‌ تازه‌ ئه‌زموونتكردووه‌ له‌وانه‌یه‌‌ له‌ تواناتدا نه‌بێ كه‌وا  به‌شێك یان هه‌موو ڕووداوه‌كه‌ زه‌برئامێزه‌كه‌ت وەبیربێته‌وه‌. جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌وانیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ڕه‌فتار بكه‌ی یان هه‌ست و سۆزه‌كانت ده‌رببڕی كه‌وا جیاواز بێ له‌وه‌ كه‌ بینه‌ر چاوه‌ڕوانیان لێت هه‌یه‌. بۆیه‌ پێشنیار ده‌كرێ كه‌وا له‌و كاتانه‌دا كه‌ خۆت  له‌ میدیا به‌دوور بگرێ. له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵبده‌ی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی توند و تیژت نه‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ میدیاكاران، به‌ڵكو به‌رێزه‌وه‌ داواكاریه‌كانیان ڕه‌ت بكه‌یته‌وه‌.
سێیه‌م: دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ڕووداوه‌كه‌، كاتێك دام و ده‌زگا میدیایه‌كان داوای ئه‌وه‌ت لێده‌كه‌ن چاوپێكه‌وتنت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، دووباره‌ بیر بكه‌وه‌ و كات بده‌ به‌خۆت بزانه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك ئاماده‌ی تا قسه‌ بۆ میدیا بكه‌ی. ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بووی، ڕاوێژ به‌ كه‌سانی دڵسۆز و نزیكی خۆت بكه‌. ئه‌گه‌ر زانیت كه‌سانی چوارده‌ورت له‌ نیگه‌رانیه‌كانت تیناگه‌ن هه‌وڵبده‌ ڕاوێژ به‌ چاره‌سه‌ركارێكی ده‌روونی بكه‌ تا باشتر و وردتر بڕیاربده‌یت.
چواره‌م: كاتێك هه‌ستت كرد كه‌ له‌ دۆخێكدایت كه‌ ئاماده‌ی قسه‌ بۆ میدیا بكه‌ی، پێش ئەوەی بە چاوپێکەوتنه‌كه‌ ڕازی بیت، لە میدیاكاره‌كه‌ بپرسە ئامانجی چاوپێکەوتنەکە چییه‌؟ چۆن وته‌ و زانیاریه‌كانت به‌كارده‌هێن؟بپرسه‌ ئایا ناو و شوناسی تۆ به‌درێژایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ نادیاری و نهێنی یان به‌ ئاشكرایی ده‌مێنێته‌وه‌؟ بپرسه‌ ئایا دەتوانی پێش بڵاوکردنەوە پێداچوونەوە بە لێدوانەکانتدا بکەیت؟  هه‌موو ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ باشتر له‌ ناوه‌رۆكی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ تیبگه‌ی و باشتر بڕیار بدەیت کە ئایا دەتەوێت بەشداری بکەیت یان نا.
پێنجه‌م: كه‌ بڕیارتدا چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ میدیاكاراندا بكه‌ی باشتره‌  پێش چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رێكخه‌ر و چاوپێكه‌وتنكاره‌كه‌دا سنوره‌كانی خۆت دابنێی، گفتوگۆی ئه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌، كه‌ ده‌ته‌وێ چ باس بكه‌ی و چ باس نه‌كه‌یت. كاتێك كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت ورده‌كاری ڕووداوه‌كه‌ ده‌بێته‌ كاردانه‌وه‌ی توندی ده‌روونی بۆت و ئارامیت تێك ده‌دات، پێش چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ میدیاكاره‌كه‌ بڵێ كه‌ ناته‌وێ بچیته‌ نێو ورده‌كاریه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ دەتوانێ یارمەتیدەرت بێت لە پاراستنی تایبەتمەندی و ته‌ندروستی ده‌روونی و خۆت.
شه‌شه‌م: قسه‌كردن له‌ ڕووداوه‌ زه‌بر به‌خشه‌كان ئاسان نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پێش ده‌ستپێكی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ میدیاكاراندا، هه‌ندێك ئاماده‌كاری ساده‌ بكه‌ی، له‌وانه‌ هه‌وڵبده‌ شوێنێک هەڵبژێرە یان له‌ شوێنێك دابنیشی کە هەست بە سەلامەتی و  ئازادی بکەیت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیت بدات لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا باشتر بیرۆكه‌كانت رێك بخه‌ی. زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌زموونه‌ ناخۆش و مه‌رگه‌ساته‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌ ده‌ستپێكدا له‌ بارێكی ده‌روونی ئاساییدا ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام كاتێك بیره‌وه‌ریه‌كان دووباره‌ چالاك ده‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی  كاردانه‌وه‌ی ده‌روونی توند و له‌وكاتانه‌شدا پێویستت به‌ هاوكاری و پاڵپشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ بیر لەوە بکەرەوە کە هاوڕێیەکی متمانەپێکراو، یان ئەندامێکی خێزانەکەت له‌گه‌ڵتدا بێت.
حه‌وته‌م: ئه‌گه‌ر خۆت یان كه‌سێكی نزیكت ڕزگاربووی ڕووداوێكی مه‌رگه‌ساتی، هه‌وڵبده‌ خۆت له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆ به‌ دروو بگری. له‌و كاتانه‌شدا كه‌ چاوپێكه‌وتن ده‌كه‌ی پێش بڵاوکردنەوە یان پەخشکردنی، داوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە بکە. ئەمەش یارمه‌تیت ده‌دات تا دڵنیا بیت لەوەی کە لێدوانەکانت وه‌ك خۆیانن و ده‌ستكاری نه‌كراون به‌ لاڕیدا نه‌براون. ئەگەر هەست كرد لێدوانه‌كانت بۆ مه‌به‌ستێكی تر به‌كارهاتوون، یان چەواشەکاری له‌ نێوه‌رۆكی وته‌كانتدا کراوە یان پاراستنی نهێنیەکانت پێشێل کراوە، نه‌ سڵ بكه‌وه‌، نه‌ شه‌رمیش بكه‌ پەیوەندی بە دەزگای ڕاگەیاندنەوە بکە نیگەرانییەکانی خۆتیان بۆ باس بكه‌ و داوای پۆزش و قه‌ره‌بوو بكه‌.
هه‌شته‌م: له‌كاتی ئه‌زموونی ڕووداوه‌كانی وه‌ك له‌ده‌ستدانی كه‌سێك نزیكت به‌هۆی ڕووداوێكی زه‌بر ئاساوه‌، هه‌وڵبده‌ بەرکەوتنت له‌گه‌ڵ میدیادا سنووردار بکەی. وا باشتره‌ وچانێكی باش وه‌ربگری، سه‌رنجت له‌سه‌ر چاكبوونه‌وه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌یی خۆت بێ. كات بده‌ به‌خۆت تا پرسه‌باریی و دڵته‌نگیه‌كانت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ستت داوه‌ پرۆسیس بكه‌ی. ئەگەر هه‌ستت كرد، كات زۆر یارمه‌تیده‌رت نییه‌، دڵته‌نگی و پرسه‌باریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ستت داوه‌ درێژه‌ی كێشاوه‌، و كاری كردۆته‌ له‌سه‌ر چالاكی و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كانت، له‌ جیاتی بیهیوا بوون و دووره‌په‌رێزی و گۆشه‌گیری، هه‌وڵبده‌ داوای یارمه‌تی لە پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی بکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand