له جه‌نگی سارده‌وه تا قه‌یرانی ئۆكرانیا
2022-02-14 15:25:13
یونس جاف
جه‌نگی سارد، یه‌كێك له‌و چه‌مك و زاراوانه‌یه كه له فه‌رهه‌نگی سیاسی نوێ‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌یه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی و سیاسه‌تی جیهانیه‌وه به‌جێی هێشتووه. ئه‌م جه‌نگه به حاڵەتێکی گرژی جیۆپۆلەتیکی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ده‌درێته قه‌ڵه‌م، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە (1939-1945) بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت و هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکاو ئەوانی تر بووه. هەرچەندە مێژوونووسان نەیانتوانیوە بگەنە کۆدەنگییەکی تەواو لەسەر هێڵی کات، بەڵام ئەوە پەسەند دەکرێت کە سەردەمی جەنگی سارد لە ساڵی (1947) دەستی پێکردووه‌و لە ساڵی)1991( به دابه‌شبوونی یه‌كێتی سۆفیه‌تی گه‌وره كۆتایی هاتووه. هۆکاری ئەوەی پێی دەوترێت جه‌نگی سارد ئەوەیە کە هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ جه‌نگ لەسەر یەکتر ڕاناگەیەنێت، یاخود جه‌نگه‌كه له فۆڕمی به‌كارهێنانی چه‌كدا له‌نێوان دوو لایه‌نی ڕكابهردا نه‌بووه، بەڵکو لە جیاتی ئەوە، پتر له ڕه‌هه‌ندی ئابووریهوهو له ڕێگای جه‌نگی به وهكالهتهوه ئامانجه‌كان جێبه‌جێ كراون.
یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا کە شانبەشانی یه‌كتری جه‌نگیان به‌رامبه‌ر به ئاڵمانیای نازی كرد، به‌ڵام دوای جه‌نگ له ڕووی ئابووری و سیاسیه‌وه جیاوازی و ناكۆكی زۆر له نێوانیان دروستبوو، چونكه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت وڵاتێكی ماركسی-لینینیی بوو كه له‌لایه‌ن حزبی شیوعیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مریكا له پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا ڕێبازه‌كه‌ی بریتی بوو له په‌یڕه‌ویكردن له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. له یه‌كێتی شۆڤیهتدا حزبی شیوعی کۆنترۆڵی میدیا و سێكته‌ری سه‌ربازی و ئابووری و چەندین دامەزراوەی دیکەی کردبوو، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، چونكه یەکێتی سۆڤییەت لە ڕووی ئابوورییەوە پشتگیری پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهانی دەکرد و پتر له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی ئایدۆلۆجی سهرتاپاگیردا خۆی نمایش ده‌كرد، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌ی ڕه‌وتی كۆمۆنیستی ئه‌و كاته ده‌كرێت، كه له زۆر ڕووه‌وه له پرانسیپی ڕاسته‌قینه‌ی (كۆمۆنیستی-ماركسی) لایاندابوو.
ململانێی ئه‌و دوو بلۆكه (رۆژهه‌ڵات) و (ڕۆژئاوا) جیاوازه به‌رده‌وامی هه‌بوو، هه‌ر یه‌كه‌ی له‌ڕووی ئابووری و چه‌كه‌وه به تایبه‌تی چه‌كی ناوه‌كی له پێشكه‌وتن و پێشبڕكێدا بوون، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی به‌رده‌وامی له‌سه‌ر جیهان دروستكردووه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه به ئاستی پێكدادانی سه‌ربازی، به‌ڵكو پتر له جه‌نگی ده‌روونی و هه‌روه‌ها ململانێ له‌سه‌ر پێشكه‌وتن و گه‌یشتن به بۆشایی ئاسمان بووه. له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك گروپ و وڵاتی بچوك هه‌بوون كه هه‌وڵیانداوه به بێ لایه‌نی بمێننه‌وه‌و ببنه هۆكار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ململانێی نیوان ئه‌و دوو زلهێزه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌و له كۆتاییدا تا یهكلابوونهوهو به‌لایه‌كدا كه‌وتنی كێشه‌كان ململانێكان به‌رده‌وامیان هه‌بووه. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت یاخود شكان و به‌زینی بلۆكی (رۆژهه‌ڵات)ی، نه‌بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بلۆكه په‌نا بباته به‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی ناوه‌كی، له كاتێكدا ده‌یتوانی ئه‌و كاره بكات و زیانێكی زۆر به مرۆڤایه‌تی بگه‌یه‌نێت، یاخود ببێته هۆكاری گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ی لهمهوپێش. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ به‌كارنه‌هێنانی چه‌كی ناوه‌كی چ شتێك ڕێگر و له‌مپه‌ر بووه له‌به‌رده‌م سۆڤیه‌تدا؟ هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر جیهان و مرۆڤایه‌تی؟ یاخود نه‌ویستووه مێژوو ناوی بخاته پاڵ ناوی ئه‌مریكا كاتێك له هێرۆشیما و ناكازاكی بۆمبی ئه‌تۆمی به‌كارهێنا؟ ئایا ئه‌م هه‌نگاوه عهقڵانیهی سۆڤیه‌ت نه‌بووه هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و شكسته مه‌زنه، ته‌نیا دوای یه‌ك ده‌یه ده‌ست به هه‌ستانه‌وه‌و جوڵه بكاته‌وه؟!
جه‌نگی حیهانی دووه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و وێرانكارییه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی و جیهانیدا هێنا، به‌ڵام ده‌رگایه‌ك بوو بۆ جیهانێكی نوێ و شێوازێكی نوێی ململانێ له‌نێوان زلهێزه‌كاندا. كۆتا هه‌نگاوه‌كانی (ئه‌دۆڵف هیتله‌ر 1889-1945)، بۆ داگیركردنی جیهان له له روسیادا وه‌ستێنران و له ئه‌نجامدا له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كۆتایی به سهركێشیهكانی (هیتله‌ر) و (نازیه‌ت) هێنرا، له هه‌مانكاتدا كۆتایی به جه‌نگی دووه‌می جیهان هێنرا، ئه‌مه‌ش هێزو توانای یه‌كێتی سۆڤیه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌رز كرده‌وه و جۆرێك له غرووریهتی به (ستالین) و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌خشی، بۆیه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت مافی ئه‌وه‌ی به‌خۆیدا كه ده‌ست وه‌ربداته كاروباری هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه حزبی شیوعی و فكری (ماركسی-لینینی) تێدا گه‌شه‌ی كردبوو یان حوكمڕان بوو، له هه‌مانكاتدا له هه‌ر وڵاتێكه‌وه جۆرێك له هه‌ڕه‌شه یان ویستی ململانێ و زیانگه‌یاندن به یه‌كێتی سۆفیه‌ت ههستیپێكرابایه، ئه‌وا یه‌كیتی سۆفیه‌ت به‌شێوازی ئه‌و كاته‌ی خۆی وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نیگه‌رانی ئه‌مریكا و هاوڕێ هاوپه‌یمانه‌كانی لێكهوتهوه و كه‌وتنه دژایه‌تیكردنه هه‌نگاوه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا یارمەتی سەربازی و ئابووری پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا کرد و پشتگیری بەرەی دژە کۆمۆنیستەکانی شەڕی ناوخۆی یۆنانی کرد‌و ناتۆی دامەزراند.
لە ساڵی 1948 و 1949 گەمارۆکانی (بەرلین) بوو بە یەکەم قەیرانی سەختی (جەنگی سارد)، هه‌روه‌ها سەرکەوتنی بەرەی کۆمۆنیستی لە شەڕی ناوخۆی (چین) و شەڕی (کۆریا) لە ساڵانی 1950 و 1953 به‌ره‌ی ململانێكانی نێوان ئه‌و دوو بلۆكهی فراوانتر كرد. له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ردوولا هه‌وڵیانده‌دا بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەمریکای لاتین زیاد بکەن و وڵاتانی ئەفریقی و ئاسیایی بخه‌نه ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه. چه‌ند ڕووداوێكی تر هۆكاربوون بۆ پتر درێژه‌كێشانی ململانێكان، قه‌یرانی شۆڕشی (هه‌نگاریا) له 1956. قەیرانی (سویز) لە ساڵی 1956، قەیرانی (بەرلین) لە ساڵی 1961 و قەیرانی مووشەکی (کوبا) لە ساڵی 1962. قه‌یرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی (بەهاری پراگی) ساڵی 1968ی لە (چیکۆسلۆڤاکیا). قه‌یرانی جه‌نگی (ڤێتنام) له‌نێوان ساڵانی 1955-1975. له دوای ئه‌م ڕووداو و ململانێیانه، هێزو توانای یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به ئاستێكی دیاریكراو ڕووی له پاشهكشهكردووهو ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی پتر ڕوویان له گه‌شه‌و پێشكه‌وتن كردووه.
له ساڵانی 1970 هه‌وڵی دروستكردنی په‌یوه‌ندی و گفتوگۆی كراوه دراوه، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مریكا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ (چین) كردووه، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی دروستكردنی فشار له‌سه‌ر یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به داواكارییه‌كانی ئهمریكاو سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ڕازی ببێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دروستبوونی جه‌نگ و ئاڵۆزی له‌نێوان یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و (ئه‌فغانسان) 1979-1989ز و دواتر شكستی ڕووسیا به‌هۆی پشتگیری ئه‌مریكا بۆ بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌فغانسان، وایكرد، گفتوگۆكان كۆتاییان پێ بێت. لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و فاكته زیندووه ئه‌بینه‌وه كه ئه‌مریكا چۆن گه‌شه‌ی به بزووتنه‌وه‌ی توندڕه‌وی (تالیبان) و (قاعیده) داوه‌و له كاتی خۆیدا یارمه‌تی داون و دژ به یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌كاریهێناون، دواتر هه‌ر خۆی به‌هۆی ڕووداوی (11) ی سێپتێمبه‌ره‌وه هه‌وڵی له‌ناو بردن و كۆتاییپێهێنانیدان و پتر له (21) ساڵ له جه‌نگدابوون، به‌ڵام جارێكی‌تر له (2021) ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردن و هێنانیه‌وه بۆ سه‌ر ته‌ختی شانۆی سیاسی ئه‌فغانسان. ئه‌مه گوزارشت له بنه‌ماو جه‌وهه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌كات، كه هیچ كاتێك له‌سه‌ر به‌هاو بڕوایه‌كی جێگیر ناوه‌ستێت، به‌ڵكو به‌پێی سیاسه‌تی ڕۆژ به‌پێی ئاستی سوود و قازانج هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئه‌كرێت ئه‌مرۆ ڕاست بێت و به سوود بێت، ئه‌كرێ دوای چه‌ند رۆژێكی تر به‌هاو سوودو قازانجی له ده‌ست بدات، ئه‌شكرێ له داهاتوو دووباره به‌هاو سوودو قازانجه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه.
دوا به دوای توندبوونه‌وه‌ی ململانێكان، به پشتیوانی ئه‌مریكا له دژی سۆڤیه‌ت لە وڵاتانی بلۆکی (ڕۆژهەڵات) و بەتایبەتی لە (پۆڵەندا) داواکانی سەربەخۆیی نەتەوەییش دەستیان بە زیادبوون کرد، (گۆرباچێڤ)ی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ڕەتیکردەوە کە پشتگیری ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە بکات. حزبی شیوعی کە فەرمانڕەوایی یەکێتی سۆڤیەتی دەکرد، هەروەها کۆنترۆڵی لەدەستداو لە دوای هەوڵێکی کودەتای ناسەرکەوتوو لە مانگی ئابی (1991)دا قەدەغە کرا، بەم شێوەیە یەکێتی سۆڤیەت لە کانوونی یەکەمی (1991) بە فەرمی لە ناوچوو و ڕژێمە کۆمۆنیستەکان لە (مەنگۆلیا و کەمبۆدیاو هتد..) ههرهسیانهێنا. ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک تاکە زلهێزی جیهان مایه‌وه. بەو شێوەیە شەڕی سارد کۆتایی هات.
تا ئێستاش ئه‌مریكا وه‌ك تاكه زلهێزی جیهانی مامه‌ڵه ده‌كات، له ڕووی هێزی ئابووری و سه‌ربازیه‌وه لهپیشهوهیه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا به‌هێزبوونه‌وه‌ی ڕوسیا‌و هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ی (ڕوسیا و چین) له‌یه‌كتری كێشه‌ی بۆ ئه‌مریكا دروستكردووه‌و نزیكه له‌وه‌ی كه هاوسه‌نگی هێز دروست ببێته‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه نزیكه كه توانای هێزی (ڕوسیا و چین) به‌یه‌كه‌وه ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه چتر ئه‌مریكا وه‌ك تاكه زلهێزی جیهان نه‌مێنێته‌وه‌و مه‌یدانه‌كه چۆڵ بكات.
قه‌یرانی ئۆكرانیا
له ئێستاداو له دوای گه‌شه‌كردنه‌وه‌ی ڕوسیا جارێكی‌تر ململانێكان ڕووله زیادبوونن، خاڵی سه‌ره‌كیش بریتیه له‌و زه‌ویانه‌ی كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له دهستیداون و له ئێستادا ده‌یه‌وێ وه‌ریانبگرێته‌وه، بۆ نموونه كێشه‌ی (ڕوسیا و ئۆكرانیا) یه‌كێكه له‌و كێشانه. ئایا ئه‌مه به‌و واتایه نیه كه جارێكی تر (جه‌نگی سارد) سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه له ئێستادا زۆر به‌هێزترو جیاوازتره له سه‌ره‌تاكه‌ی؟
سه‌ره‌تا ئاماژه‌یه‌كی كورت به مێژووی (ئۆكرانیا) ئه‌ده‌ین. لە (ئۆکراینا)ی ئەمڕۆدا ئەوە قەبووڵ دەکرێت کە (سێسیەکان) یەکەم کۆمەڵە بوون بنه‌ماكانی دەوڵەتیان لە ئۆكرانیا دامەزراند، دوای فەرمانڕەوایی (هونەکان)، لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمدا، هۆزە (سلاڤییەکان) لەسەر خاکی (ئۆکرانیا) جێگیر بوون. دواتر ناوچەی ئۆکراین بوو بە ماڵی زۆرێک لە هۆزە (سلاڤییەکان). لە سەدەکانی (12-13) بە هەڵوەشانەوەی ڕووسیای (کیێڤ) و بوون بە بنەما سەربەخۆکان، خاکی ئۆکرانیای ئێستا کەوتە ژێر دەسەڵاتی (مۆسکۆ و بیلاڕووس).
لە ئەنجامی شەڕەکانی (عوسمانی و پۆڵەندی 1672-1676) پارێزگای (پۆدۆلیا) لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەی (پۆدۆلیا)ی مێژوویی دامەزرا کە باشووری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئۆکرانیای گرتەوە. هه‌روه‌ها لە کۆتایی جەنگی (عوسمانی و ڕووسیای 1676-1681) ڕێکەوتنی (بەهیچسارایی) لە (کریمیا) لە نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و خاناتی کریمیا و ئیمپراتۆریەتی تزاری ڕووسیدا واژۆ کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بۆ ماوەی (20) ساڵ پەسەند کرا، ڕووباری (دنیپر) کە بەناو ئۆکرانیادا تێپەڕدەبێت وەک سنووری نێوان ئیمپراتۆریەتی تزاری ڕوسی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دیاری کرا لە ئەنجامدا (زاپوروجی) کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەوە فەرمانڕەوایی عوسمانی لە ناوچەکەدا هەتا ڕێککەوتنی (کارلۆفچە)ی (1699) درێژەی پێدرا.
ئەو خاکەی (ئۆکرانیا) کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر چاودێری ڕووسیا و پۆڵەندا و پاشان ئوسترالیا - هەنگاریا بوو، دیمەنی ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئیمپراتۆریەتی ئۆسترۆ-هەنگاریا بوو لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا. دوای شۆڕشی سۆسیالیستی (ئۆکتۆبەری 1917)، کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی (ئۆکرانیا) لە یەکێتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤێت (USSR) جێگەی خۆی گرتەوە. لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا، نزیکەی هەموو خاکی (ئۆکرانیا) لە لایەن (ئەڵمانیای نازیەوە) داگیرکرا. قەتڵوعامی نازییەکان بە توندترین شێوە لە (ئۆکرانیا) به‌رجه‌سته بوو. شەڕی پارتیزانی لە وڵات‌دا بە درێژایی جەنگ بەرپا بوو، (ئۆکراینا) لە ساڵی (1944) لە دەستی نازیەکان ڕزگار کرا پێنج ملیۆن ئۆکرانی لە شەڕەکەدا گیانیان لە دەست دا (700) شار و (28) هەزار گوند وێران بوون.
یه‌كێك له كاره‌ساته مه‌زنه‌كان كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته بۆته‌وه، ئه‌وه‌یه (ئۆکرانیا) لە ساڵی (1986) تووشی کارەساتی (چێرنۆبیل) بوو کە یەکێکە لە خراپترین کارەساتی ناو‌کی لە مێژوودا.
لە پرۆسەی هه‌ڵسانه‌وه‌ی یەکێتی سۆڤیەتدا لەژێر ناوی (بنیاتنانەوەی) لە ساڵانی 1990کاندا، شەپۆلی ناسیۆنالیستی لە (ئۆکراینا) ڕوویدا، وەک هەموو وڵاتانی تری سۆڤیەتی پێش‌و
ئۆکرانیا لە (24)ی ئابی 1991 یەکێتی سۆڤیەتی بەجێهێشت (لیۆنید کراڤچوک) بوو بە یەکەم سەرۆکی دەوڵەت و هه‌روه‌ها لە ساڵی 1996 (لیۆنید کوچما) سەرۆکایەتی کرد.
ئەو قەیرانە سیاسییەی کە لە ساڵی 2001دا بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆن (جۆرجی گۆنگادزێ) دەستی پێ‌کرد، قوڵتر بوویەوە کاتێک پارتی سۆسیالیست تۆمارە دەنگییەکانی ئاشکرا کرد بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سەرۆک (کوچما) لە چەندین تاواندا تێوه‌گلاوه، بۆیه خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بە دروشمی (ئۆکرانیا بێ کوچما) ده‌ستیپێكرد و لە چه‌ندین شوێنەوە بوو بە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا.
لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2002دا حیزبی کۆمۆنیستی (ئۆکرانیا) بۆ یەکەم جار بە 20 لەسەدی دەنگەکان نازناوەکەی لەدەستدا کوتلەی (ڤیکتۆر یوشچنکۆی) به دروشمی (ئۆکرانیای ئێمە) لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت.
له ئێستادا سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه (ئۆكرانیا) خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام ڕوسیا مافی ئه‌وه به خۆی ئه‌دات كه داگیری بكات و بیگێڕێته‌وه بۆ ژێر باڵی خۆی، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مه سه‌ربگرێت، بێگومان ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا هه‌مان هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دیكه‌ش بگرێته‌به‌ر كه له خاكی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی گه‌وره جیابوونه‌ته‌وه. له هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌دا، ئه‌مریكا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك-به‌و شێوه‌یه‌ی له ڕاگه‌یاندن ده‌رده‌كه‌وێ- ئاماده‌یی خۆی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی روسیا ده‌ربڕیووه، به‌تایبه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی گورزی ئابووری ده‌كات، ئه‌مه‌ش جارێكی تر به‌و واتایه كه ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕوسیا ئه‌چێته‌وه قوڵایی (جه‌نگی سارد)، جه‌نگێك به‌بێ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، به‌ڵكو له ڕێگای (چه‌كی ئابووری) و شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت. له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كان و ململانێكانی نێوان (ڕوسیا) و (ئه‌مریكا-ناتۆ) بكه‌ین، ئه‌و خاڵه ڕوونه كه (ئابووری) خاڵی جه‌وهه‌ری و سه‌ره‌كیه. هه‌وڵه‌كانی (ڕوسیا) بۆ داگیركردنی (ئۆكرانیا)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكه بۆ به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی به‌شێك له خاكی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، له هه‌مانكاتدا زیادكردنی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابووری ده‌وڵه‌مه‌نده بۆ ڕوسیای ئێستا. له پێناو به ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ، ڕوسیا بێباكه له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئهمریكاو ئه‌وروپا، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی زاڵ و بێ‌ترس هه‌وڵده‌دات درێژه به ململانێكانی بدات، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی (ڕوسیا) چه‌كێكی به‌هێزی به ده‌سته‌وه‌یه كه به‌رده‌وام به‌هۆیه‌وه هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات، ئه‌ویش ڕاگرتنی غازه بۆ ئه‌وروپا، كه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مه له وه‌رزێكی زستاندا ڕووبدات ئه‌وروپا ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسی ڕه‌قبوونه‌وه و تێداچوون. ئه‌وروپا شانازی به هێزی (ناتۆ) و هه‌روه‌ها یهكێتیهكهیهوه ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕوسیا، ئه‌م یه‌كێتیه كه‌وتۆته به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شان و هه‌روه‌ها خه‌ریكه هێزی (ناتۆ) بێ رۆڵ و دهستهوهساتانه به‌رامبه‌ر به سه‌ركێشی به‌رده‌وامی ڕوسیا.
لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا (به‌ریتانیا) هه‌ستی به‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه كردبوو كه به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی (ئۆكرانیا) له‌سه‌ر ئه‌وروپا دروست ده‌بن، بۆیه له ڕێگه‌ی ڕاپرسیهكهوه له‌و یه‌كێتیه ده‌رچوو؟ به واتایه‌كی تر ئه‌كرێ ئه‌مه وه‌ك هه‌وڵێكی (به‌ریتانیا) له زیانه‌كانی ئه‌و جه‌نگه هه‌ژمار بكرێت.
ناوه‌رۆكی ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن، (جه‌نگی سارد) به فۆڕمی نوێ ده‌ستی پێكردۆته‌وه و كاریگه‌ری و ئاكامه خراپه‌كانی خێراتر و زیانبه‌خشتر ده‌بن له سه‌ده‌ی ڕابردوو.
له كۆتاییدا به دانانی گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌كانی (ڕوسیا) بۆ داگیركردنی (ئۆكرانیا) جدین و ئیتر ڕێگایه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ڕوسیا، ئه‌كرێ ئه‌و پرسیارانه بخه‌ینه‌ڕوو:
* ئایا هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه خۆی له چوارچێوه‌ی (ناتۆ)دا ڕێكخستووه چی ده‌بێت؟ توركیا وه‌ك ئه‌ندامێكی (ناتۆ) و دۆستێكی ڕوسیا له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ڵوێستی چی ده‌بێت؟
* له حاڵه‌تی كاردانه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر هێرشی ڕوسیا بۆ سه‌ر (ئۆكرانیا)، كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێستی (چین) به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا چی ده‌بێت، ئایا بێده‌نگ و بێلایه‌ن ده‌مێنێته‌وه یاخود پشتگیری ته‌واوه‌تی ڕوسیا ده‌كات و دژ به ئه‌مریكا ده‌وه‌ستێته‌وه؟
* له حاڵه‌تی هه‌ڵگیرسانی ئه‌م جه‌نگه، كاریگه‌ری چی ده‌بێت له‌سه‌ر سێكته‌ره‌كانی ئابووری جیهانی و ژیانی خه‌ڵك، به تایبه‌تی له وڵاتانی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت؟
* تا چه‌ند ئه‌كرێ ئه‌م هه‌وڵه‌ی ڕوسیا لهبهرامبهریشیدا هه‌ڕه‌شه و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ جه‌نگی جیهانی سێیه‌می لێكبدرێته‌وه؟
هه‌موو ئه‌م پرسیارانه رووداوه‌كانی داهاتوو وه‌ڵامان ده‌داته‌وه.
* ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی