هاوڕێیەتی لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو
2022-02-15 14:44:25
ئارام سەعید
فەیسبوك ماڵێك بۆ سایكۆپاتەكان
ئەو كەسانەی لەناو كەسێتی سێكوچكەی تاریكدان هاوڕێیەتی بۆ ئامانجی ستراتیژی خۆیان دەكەن، خودی هاوڕێیەتیەكە بەلایانەوە گرنگ نیە ئەوەی لای ئەوان گرنگە بەكارهێنان و كۆنترۆڵكردنی هاوڕیەتیەكەیە بۆ ئامانجەكانیان. بۆ پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر حەزیان بەپەیوەندی رۆمانسی كورتخایەنە، هەربۆیە ئەو هاوڕێیەتیە بۆ سودو قازانجێكی كاتیی دەكەن لەوانە گەیشتن بە سێكسكردن، یان ئازاردان، هەندێكیشیان بۆ كێشانەوەی پارەیە هەربۆیە چەندین ئامرازی خراپ بەكاردەهێنن لەو پێناوەدا.هەربۆیە ئەو كەسێتیە تاریكانە هەوڵ ئەدەن بۆ پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان.
ئەگەر لەفەیسبوكدا هاوڕێی خۆشەویستی پێشووت بویت ئەوا كێشەیەكی دەرونیت هەیە، رەنگە هۆكارێك هەبێت بۆ هەر هاوڕێیەتیكردن و مانەوەت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو، یان پەیوەندییەكە كۆتایی هاتووەو كۆتایی بە هاوڕێیەتیەكە دەهێنیت. بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك لە زانكۆی ئۆكلاند هاوڕێیەتیكردنی خۆشەویستی پێشوو لە فەیسبوك بەگشتی مانای ئەوەیە یەكێكیان كێشەی دەروونی هەیە یان هەردووكیان.
بەگویرەی لێكۆڵینەوەكە كە گۆڤاری (Personalality and Individual Differences) بڵاویكردۆتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنی كەسێك لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی تاقیكردنەوەیەكی تازەیە بۆ دۆزینەوەی سایكۆپاتەكان، لەو لێكۆڵینەوەیەدا هاتووە سایكۆپاتەكان هەمیشە چاویان لە ئەزمونەكانی پێشویانە بۆئەوەی بگەن بە دەستكەوتی وەك سێكس، پارە، زانیاری. ئەو لێكۆڵینەوەیە كە ژمارەیەك لێكۆڵەری زانكۆی ئۆكلاند كردویانە لەسەر ٨٦١ كەس بووە، كە لەسەر مێژوی پەیوەندییەكانیان بووەو پرسیاریان لێكراوە لەسەر خۆشەویستی ئێستایان و ئایا پەیوەندیان بە خۆشەویستی پێشوویانەوە ماوە، كە دواتر فۆرمێكیان پێداون بۆ پركردنەوە تابزانن سیفەتی نەرجسی یان دەروون شێواویان هەیە. بەكۆی گشتی ئەوانەی سیفاتی كەسیتی سێكوچكەی تاریكیان هەیە لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان لەپەیوەندیدا بوون.
لەراستیدا سایكۆپات و نەرجسیەكان هەمیشە كەسە سۆزدارەكان بەئامانج دەگرن و خراپ مامەڵەیان دەكەن چونكە ئەزانن هەر ئەمێننەوە لەگەڵیان ئەوسۆزداریە دەقۆزنەوە. جار جار ئومێدێكیان پێ دەبەخشن و دواتر بێ ئومێدیان دەكەنەوە. ئەوان لەهەمان كاتدا چەند پەیوەندییەكی سۆزداریان هەیە.
پیەر بیتوا نیو كە پزیشكی دەرونی و پسپۆڕی كەسیتییە تاریكەكانە بۆ پێگەی بزنز ئینسایدەر دەڵێت" ئەوەی لە بیركردنەوەی سایكۆپاتەكاندایە، تۆو هەركەسی تر وەك پارچەیەك گۆشت سەیر دەكەن، تیمساح پارچە گۆشتەكانی لەژێر بەرد ئەشاریتەوە، ئەوكاتەی حەزی لێی بێت دەچێت گازێكی لێ دەگرێت" كاتێك لەگەل سایكۆپات بیت وەك ئەو پارچە گۆشتە دەبیت.
رەنگە زۆركەس راوبۆچونی جیاوازی هەبێت لەسەر ئەوەی هاوڕێیەتی بمێنێتەوە لەگەل خۆشەویستی پێشوو، یان نەمێنێتەوە. كە رەنگە بارێكی كۆمەڵایەتی ئەوە بسەپێنێت، هەرچەندە هەندێك كەس كە ئەو پەتەی پچڕاند ئیتر ناچێتەوە سەری، كە رەنگە زانستێكی تەواو دروست نەبێت ئەو لێكۆڵینەوەیە كە هەموو ئەوانەی ئەو پەیوەندیەیان ماوە سایكۆپات بن، بەڵام حەزكردن بەهێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بەگویرەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئاماژەیە بۆ بوونی مەیلێكی تاریك.
لەراستیدا دەستنیشانكردنی كەسی سایكۆپات كارێكی قورسە، لەبەرئەوەی زۆربەمان بەشێك لەو سیفەتانەمان هەیە كە لە كەسی سایكۆپاتەكاندا هەیە تەنانەت هەندێك لە زاناكان دەڵێن هەموو كەسیك لە یەكێك لە هەڵویستەكاندا دەكەویتە ناو چوارچێوەی جیهانی سایكۆپاتەكان، چونكە هەندێك لە سیفەتەكانیان باشن لەوانە بیركردنەوەكانیان بۆ خۆپاراستن یان ئەو كاریزمایەی هەیانە، هەر بۆیە زۆربەیان دەبنە بەڕیوەبەری جێبەجێكار چونكە بڕیارەكانیان دەدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ سۆزداری..
لەسەر ئەم لێكۆڵینەوەیە بولێت شیرمان كە زانایەكی دەرونناسییە بەرۆژنامەی ئەندپێندت دەڵێت" پەیوەندیگرتن ئاڵۆزەو ناكرێت بڵێین هەرچی كەسێك پەیوەندی لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی هەبوو ئیتر ئەوە سایكۆپاتە، یان ئامانجی تری هەیە، بەڵام بەگشتی ئەو دەرئەنجامەی لێكۆڵینەوەكە پێی گەیشتووە سەرنجڕاكێشە كە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە نیەتی هەندێك لەو كەسانە بۆ هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بۆ خۆپەرستییە، بۆئەوەی بەردەوام بن لە سێكسكردن لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو یان گەیشتن بە زانیاری یان دەستكەوتی تری شەخسی خۆیان، كە هیچ بیر لەكاریگەری سۆزداری بەرامبەرەكانیان ناكەنەوە".
دواتر دەڵێت" هەندێك كەس هەیە دەیانەوێت پەیوەندیەكی ئاساییان هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان بۆ هۆكاری سروشتی. رەنگە بیانەوێت هاوڕێی پێشوویان باش بژین و ئەوان پێیان خۆشە ئەو هاورێتییە هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان و سنورێكی ئاشكرایان هەیە پێكەوە وەك هاوڕێ بەبێ ئەوەی ئارەزووی سێكسكردنیان هەبێت پێكەوەو رەنگە هاوڕێ تریان هەبێت و هیچ هەستێكی سۆزداریان نەبێت بەرامبەر یەكتر، رەنگە ئەمە ئاسان نەبێت بەڵام ناشكرێت بڵێین هەرچی ئەیەوێت هاوڕێی خۆشەویستی پێشووی بێت ئیتر ئەوە سایكۆپاتە.