شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیاو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی
2022-02-16 09:33:23
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق.
ئەوەی ڕوو دەدا لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا تەنها نمایشێکی سەربازی نیە بەڵکو دنیایەک ڕەهەندی تری هەیە ، کە ئەگەر هەمو ڕەهەندەکانی نەخوێنرێتەوە ناتوانین قسە لەسەر ئەم گۆڕانکاریانە بکەین ، بە تایبەت ڕەگە مێژوییەکەی ، دەکرێ باس لە زیندوبونەوەی ورچە سپیەکە بکەین بۆ گەڕاندنەوەی وارشۆ و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی جیوپۆلەتیکی یەکێتی سۆڤیەت ، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵەکانی هەردو جەنگە جیهانیەکە و دۆسەیی هاتنەپێشەوەی ئەژدیهاکەی چاینا (سین) و هەوڵی هەڵنوشینی دنیا بە هاوکاری ڕوس و کۆتایی هێنان بە تاک جەمسەری و لەسەرو هەموشیانەوە ڕێگای ئاوریشمی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا) لێرەوە کێشەی ئۆکراین کێشەیەکە بۆ ڕوسەکان بڕیاری چارەنوس سازە ، بە تایبەت دوای دوگەی قرم کە ڕوسیای هێنایە ناو سوریا و عێراق ، بە هەمان شێوە ئۆکرانیا بۆ ڕوسیا بایەخی دەروازەیی هەیە و لە ناوخۆی ئۆکرانیاش بەشێکی تەواو ڕوسین و زیلینسکی دوای سەرکەوتنی پەیوەندی بە پۆتێن و کرملنەوە باش بو بەڵام کە چوە هاوپەیمانی ناتۆوە خراپ بو ، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکانی ئەڵمان و ڕوس و تەواو بونی بۆری غازی نۆرد ستریمی دوو هێندەی تر ناتۆی توشی پەرتەوازەی کرد ، هێڵی غازی نۆرد ستریمی یەک بە ناو ئۆکرانیا دەڕوات بۆ ئەڵمان ، وا هێڵی دوش کۆتایی دێ ، ڕوسەکان لەوەدا گرەویان بردوەتەوە کە غازی ئەوروپا لە ڕێی ئەڵمانەوە دابین دەکەن و ئەمەش بەهێزترین کارتی دەستی ڕوسەکانە و ئەمریکاش لە پاشەکشەدایە و بۆ ئەمریکیەکان شەڕی چاینا لە پێشترە تا ڕوس بە تایبەت دوای ئەوەی لە حاڵەتی شەڕی ڕوسدا چاینا هەڕەشەی شەڕی تایوان دەکات ، ئەمریکیەکان دەیانەوێ لە ڕوس نزیک بنەوە یان هیچ نەبێ دوژمنیان نەبێ ، بۆیە ئەمریکا بە گشتی لە پاشەکشەدایە و ڕوسیش لە برەودایە ، خۆ ئەگەر ڕوس کارتی غاز بەکار بێنی کە ئێستە بە بۆریەکانی نابۆکۆ و تاناب و نۆرد ستریمی دوەوە لە کێشەدان و کێشەی غاز بۆ ئەوروپا دروست دەکات ، بۆیە ژینگە بۆ ڕوسەکان لەبارە کە دەروازەکەی کە ئۆکرانیایە داگیر بکات یان وەک بیلاڕوس دەستەڵاتێکی سەر بە ڕوس حکوم بکات ، کە پێ دەچێ بە لابردنی زیلینسکی و کودەتایەک تەواو بێت و ناتۆش هیچ نەڵێ ، یان وەک کامەران مەنتک دەڵێ ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر لە نێوان ئەمریکا و ڕوسدا هەبێت ، بە گشتی دەبێ ئۆکراین بچێتەوە ژێر هەژمونی ڕوسی و جا ئیتر شێوازەکە کودەتا بێت یان داگیرکردن ، لە بەرامبەردا ناتۆ بە هۆی کارتە بەهێزەکانی ڕوسیاوە ناتوانێ هیچ بکات .
لە ئێستادا هەم لە جیهان و هەم لە تورکیا و ئێران کێشەی غاز هەیە ، بە تایبەت دوای ئەوی ئێران غازی لە تورکیا گرتەوە بە بیانوی ئەوەی بەشی پێویستی ناوخۆی ناکات ، غاز لە ڕوسیاشەوە بۆ تورکیا کێشەی تێکەوتوە ، هەم تورکیا و هەم ئەوروپا بە دوای بەدیلی تری غازدا دەگەڕێن ، یەکێ لە بەدیلەکان غازی چەمچەماڵە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرەڤان سەردانی ئەردۆغانی کرد ، تورکیا و ئێران هاوبەرژەوەندین ناشیانەوێ لە هیچ شوێنێک کە درێژکراوەی ئەم دوو زلهێزە ناوچەییە بن بنەمای دەوڵەتداری و دامەزراوەیی هەبێت و پشت بە حوکمی خێڵ و بنەماڵەکان دەبەستن ، خۆ ئەگەر غازی چەمچەماڵ بەدیلێکی کەم بێت هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ ئەوروپا ئەوا ئەم کێشانە کە ڕودەدەن و هەموی پەیوەندی بە کێشەی ئۆکرانیاوە هەیە لە قازانجی کوردی هەرێم دەبێ و چی ئێران و چی تورکیاش نایانەوێ کوردی هەرێم لە خێڵ و بنەماڵەوە بە هۆی ئابوری غازەوە هەنگاو بۆ دەوڵەت بنێ بۆیە بۆ ئەوان ئاسانتر و باشترە لە ڕێگەی ناوەند و بەغداوە بێت ، بڕیارەکەی دادگای عێراق پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کێشە هەنوکەییەکانی غازەوە هەیە لە دنیادا ، یەکەم هۆکاری بڕیارەکەش تورکیا و ئێرانە ، ئەگەر چی بۆ دەرباز بون لە کێشەی خێڵ و گەندەڵی بۆ کورد باشە کە پارتی یەکێتی پارە و چەکیان لێبسەنرێتەوە ، بەڵام گرنگە لە عێراقدا دوای لاوازبونی پێگەی پارتی و یەکێتی کورد بتوانێ ڕابەرایەتیەکی هەبێ بەرگری لە مافەکانی کورد بکات .
بە گشتی کێشەی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی ڕوس کۆتایی دێ و کوردیش لە عێراق زیاتر دەچێتەوە بەغداد و تا ئاستێک دەستەڵاتی کوردی بەرەو بچوک بون دەچێ بە گریمانەی کۆتایهاتنیشەوە ، ئەمە دەرهاویشتە و بەرهەمی نەبونی یەکێتی ناوەکی کیانی سیاسی کوردیە و وە سود وەرنەگرتن لە بەریەککەوتنە ناوچەیی و جیهانیەکانە.