ئۆكرانیاو داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی
2022-02-14 19:14:10
د. كامەران مەنتك
ئەوەی لە ئۆكرانیا دەگوزەرێت داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزە لە جیهاندا، روسەكان لەدوای ساڵی (2000) ەوە بەجدی كار بۆ ئەمە دەكەن وسەركەوتنی گەورەشیان بەدەست هێناوە، ئەوان دەیانەوێت حەوشەی جیۆپۆلەتیكی خۆیان بگەڕێننەوە، ئۆكرانیا بۆ روسیا مەسەلەیەكی ژیاریە، چونكە بەبێ ئۆكرانیا دەروازەی ئەوروپا بەرووی روسیا دادەخرێت، هەروەها ئۆكرانیا دەروازەی روسیایە بۆ سەردەریای رەش ولەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، لەساڵی (2015) بەرامبەر فشارەكانی ناتۆ، روسیا دورگەی كریمی گەڕاندەوە سەر وڵاتەكەی، بەمەش دەرگای بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە وبەرەی ململانێكانی گواستەوە سوریا، دیارە دەرهاویشتەی ئەمەش لەسەر كوردستان، باشور ورۆژئاوای كوردستان چەند گەورە بووە(پڕۆسەی قەڵغانی فورات وداگیركردنی عەفرین وگرێ سپی وسەرێكانی و16 ئۆكتۆبەر بوو). مەبەستی یەكەمی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمكردنەوە فشارەكانی ناتۆ بوو لەسەر ئۆكرانیا، دوای ئەوەی لە سوریا وتەنانەت لە ئێراقیش سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئێستا گەڕاوەتەوە ودەیەوێت دەروازەی ئەوروپاش بكاتەوە، بەمەش دەتوانێت پڕۆژە ئۆراسیەكەی بكاتە راستەقینە، بۆیە مەسەلەی گەڕاندنەوەی ئۆكرانیا بۆ سەر روسیا تەنیا مەسەلەی كاتە و دوای ئۆكرانیاش گەڕاندنەوەی دەوڵەتانی باڵتیك ووڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات دەست پێدەكات( رەنگ بێت لەسەر ئەم حاڵە لەگەڵ ئەڵمانیا بەپلەی یەكەم وفەرەنسا بەپلەی دووەم بگاتە لەیەكگەیشتن ودۆخەكە بەشێوەیەك دابڕێژنەوە، كە لەگەڵ دۆخی نوێی جیهاندا بگونجێت)، واتە قەیرانەكە بەئۆكرانیاوە ناوەستێت وهەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە دەكەونە چوارچێوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە، ئەمەش رێك واتای شكستهێنانی سیستەمی تاكجەمسەری ئەمریكی وهەڵوەشانەوەی پڕۆسەی جیهانگەراییە. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەگەر روسیا هێرش بكات ئەمریكاو ناتۆ بەرگری لە ئۆكرانیا دەكەن؟ ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە هەیە، وەك سەرۆك ئەركانی پێشووتری ئەمریكا گوتی، لەهەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی نێوان ناتۆو روسیا، ناتۆ ناتوانێت لە 60 كاتژمێر زیاتر بەرگە بگرێت، سەرباری ئەوەی هەندێك لەوڵاتانی ناتۆ، لەوانە ئەڵمانیا، روسیا بەقووڵایی جیۆپۆلەتیكی خۆی دەزانێت وهەرگیز ئامادەیی نیە سەرەڕۆییەكی لەو شێوەیە بكات، بە هەمان شێوە روسیاش نایەوێ هەڵەی جەنگی یەكەمی جیهانی دووبارە بكاتەوە بچێتە ناو بەرەیەكەوە دژی ئەڵمانیا، وەك وەزیری ناوخۆی روسیای تەزاری بەر لەدایسانی جەنگی یەكەمی جیهانی، لە راپۆرتێكیدا بۆ تەزار، كە دوای روخانی سۆڤیەت ئاشكرابوو، هۆشداری دا، كە نابێت روسیا ببێتە هاوپەیمانی بەریتانیەكان دژی ئەڵمانیا، لەبەرئەوەی ئەڵمانیا وروسیا بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیكی گرنگیان بەیەكەوە هەیەو ئەگەر بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانیەوە، ئەوا هەردوو ئیمپراتۆریای ئەڵمانی وتەزاری هەڵدەوەشێنەوە، دیارە ئەو پێشبینیە هاتە دی وهەردوو ئیمپراتۆریا هەڵوەشانەوە، ئەو خوێندنەوە جیۆستراتیژیەی وەزیری ناوەخۆی روسیا بۆ ئێستاش راستە، بۆیە نە ئەڵمانیا، نەروسیا رێی تێناچێت بچنە ناوشەڕێكی لەو شێوەیەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بونیاتی ناتۆ پتەو نیەو ئەگەری هەڵوەشانەوەی بەهێزە، ئەگەر ئەو گریمانە راست دەرنەچێت وگریمانەی چوونە ناوشەڕەوە بێتەدی، ئەوە وەك ئاماژەمان پێكرد، ناتۆ لەچەند كاتژمێرێكی كەم زیاتر ناتوانێت بەرگە بگرێت!. هەرچی ئەمریكایە، ئێستا هێزی ئەو وڵاتە (هێز بە واتا فراوانەكەیەوە) لە پاشەكشەدایەو ناتوانێت خۆی بخاتە ناو جەنگێكی جیهانیەوە، چونكە هەر جەنگێكی لەو شێوەیەیە دەشێت ببێتە هۆی داڕمان وهەڵوەشانەوەی خودی ئەمریكا، بۆیە یەكێك لەئەگەرەكان، مەسەلەی ئۆكرانیا رێك كەوتنێكی ژێر بەژێری نێوان ئەمریكاو روسیا بێت لەسەر داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز بەشێوەیەكی هێمنانەو ئیدارەدانی جیهان بە هاوبەشی، كە ئەوە لە هەموو ئەگەرەكان بەهێزترە، لەبەرئەوەی مرۆڤایەتی بەهۆی ئەو چەكە مەترسیدارانەی لەبەردەستی دایە ئامادە نیە بچێتە ناو جەنگێكی جیهانیەوە، ئەگەر ئەو سەرەڕۆییەش بكرێت، ئەوە ئەو شەڕە زۆر بەخێرایی تەشە دەكات وزۆربەی ناوچە ستراتیژیەكانی جیهان دەگرێتەوە، لەوانەش كوردستان، كە بەداخەوە رەنگ بێت دیسان وەك جەنگی یەكەمی جیهان ببێتە گۆڕەپانێكی خوێناوی ئەو شەڕە وزەرەرمەندی یەكەم دەبێت، بەڵام ئەو گریمانەیە نزیك نیە!