Draw Media

سناپی سفرە!

سناپی سفرە!

2022-04-29 20:22:53


ئارام سەعید

دەتوانین بڵێین ئێستا شاشەکان دەست لەهەموو شتێک وەردەدەن، بونەتە بەدیلی زۆرشت، کتێب بەنمونە، زانین، دەستنیشانکردنی نەخۆشی، چارەسەر، بیرکردنەوە، شاشەکان دەچنە رۆخی بیرکردنەوەمان و لەپانتایی و قوڵایی زمانماندا کاردەکەن، روبەرێکن بۆ پەیوەندیکردنمان بەوانی ترەوە..

کاتێک لە داوەتێک دەبین سفرەی خواردن دەرازێنرێتەوە کچان لەدەوری کۆدەبنەوە سفرەکە جوان دەکەن و ئامادەی دەکەن بۆ سناپ، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم ئامرازانەی تەکنەلۆژیاو بەتایبەت شاشە تا چەند کاریکردوه‌تە سەر چێژبینین، بۆ نمونە خواردنەکە خۆشەو سفرەکە جوانە یان ئەو سناپەی دەیکەن؟ هەندێک سناپەکەیان زۆر پێ خۆشترە لە تام و چێژی خواردنەکە.. یان دەتوانین بڵێین ئەو خواردنەی سناپ دەکرێت تامەکەی خۆشترە لەوەی ناکرێت! بەلای هەندێکەوە چێژ لەو خواردنە نابینن کە سناپ نەکریت، بۆیە دەکریت بڵێین دونیای دیجیتاڵ تا ئەو رادەیە رۆیشتووە کە کار بکاتە سەر چێژبینین لە خواردن.

لەئاستەکانی تریشدا بەهەمان شێوەیە بە نمونە چێژبینین لە جوانی سروشت لە سەیرانەکان و دیمەنە سروشتییەکان هێندەی گەنجان سەرقاڵی سناپ و ئەنستاگرامن کەمتر چێژ لەجوانی سروشت دەبینن، کەمتر سەرقالی پێکەوەبون و گفتوگۆن، بۆ تەمەنەکانی تریش فەیسبوک دەبێتە ئەو ماڵەی کە هەموان لێیەوە پەیوەندی دەکەن و هەواڵ بەیەکتری دەگەیەنن.

لە میهرەبانی و زیرەکییەکانی ئاژەڵان تیکتوک بەردەوام ڤیدیۆی سەرنج راکێشمان پێ دەبەخشێت، سەرەرای هەواڵی مۆدێل و سیاسییەکان و گاڵتەجارییەکان..

ئەگەر بەتەنها سەرنجی زنجیرە درامای سکوید گەیمی کۆری بدەین کە بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان خودی زنجیرەکە تێچوی تەنها ٢١ ملیۆن دۆلار بووەو تەنها نێتفلێکس نزیکەی یەک ملیار دۆلار قازانجی لێکردووە، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو گەیمەی لەو زنجیرەیە دروستکراوەو ئێستا هەموو مناڵان و هەرزەکارانی دونیا ئەو زنجیرە درامایە دەناسن.

ئەو خێراییەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ هەیەتی لەبەرامبەر تیگەیشتن و کارکردنی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر لەدواوەین و بەدەنگەوەهاتنمان بۆ خێرایی ئەو بەپێی پێویست نیە، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگە تازەیەی بەرێگەوەیەو دونیای دیجیتال دروستی دەکات و دەسەڵاتیش کردویەتی بەئامرازێکی گرنگ بۆ چاودێری و یاساشکاندن بەوەی بەبێ یاسا چاودێری هەموان دەکات و ئەو زانیارییانەش بەکاردەهێنێت بۆ بەگژاجونەوەیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand