Draw Media

سەبەتەی خۆراک وەک دیاردە

سەبەتەی خۆراک وەک دیاردە

2022-04-30 06:59:10


‌عەزیز ڕەئووف
 
هەموو دەیانەوێـت شەریف خۆیان پیشان بدەن، هەموو ئیش لەسەر جۆرێک لە خۆجوانکردن و جۆرێک لە ساڵحبوون دەکەن، بێئاگا لەوەی ئیشی کارەکتەر و هێزەکانە هۆشیاری بڵاو بکەنەوە نەک سەبەتە خۆراک. خەریکە وردە وردە قەناعەت بە خەڵک دەکەن کە هەژاری و دەوڵەمەندی چارەنوسە و سروشتیە، بێئاگا لەوەی کە هەم هەژاری و هەم دەوڵەمەندی پێدراوێکی تەواو کۆمەڵایەتین و تەواو پەیوەستە بە جۆری حوکمڕانیەوە و لەپشتی هەر دەوڵەمەندبوونێکەوە جا لە ڕێی بازرگانیەوە بێت یان سیاسەت، هەژارێک دروست دەبێـت و دەوڵەمەنێکی هەڵتۆقیو سەردەردێنێت.

هەموو کار لەسەر ئەم بەسواڵکەرپێشاندانەی خەڵک بکەن. خەڵک پێویستی بەوەیە بگاتە ئاستێک لە هوشیاری لەسەر داواکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی، نەک فێری سوپاسکردنی بکەیت. هەموو دەیانەوێـت بەشێک لەو ماسیەی هەیانە "جا چۆن پەیدایان کردووە" دابەشی بکەن و یەک ڕۆژ هەژارێکی پێ تێر بکەن نەک خەڵک فێری ماسیگرتن بکەن و هەمیشە سفرەکەیان ئاوەدان بێت. 

خوێندکاری زانکۆ دەبێت نیگەران بێت، قەلەق بێـت لەسەر جۆری حوکمڕانی و چۆنێتی داهات و شەفافیەتی ئابووری، نەک فێری سوپاسی بکەیت کە ئێوارەیەک ژەمە خواردنێکت بۆ دابین کردووە. کۆی تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت لەسەر ئەو ڕاستیە ڕابهێنین کە لە پشتی بەتاڵبوونی هەر سفرەیەکەوە پڕبوونی سفرەیەکی تر بە ناعەدالەتی لەئارادایە و نە خودا مرۆڤەکانی بە هەژاری دورست کردووە نە دەوڵەمەند بەڵکو ئەو ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەیە کە وایکردووە سفرەیەک بەتاڵ بێت و سفرەیەکیش پڕ، مرۆڤێک بەدوای ناندا و کەسێکی تریش لەبەر زۆرخۆری ڕابکات.

لە دەسەڵاتەوە بۆ هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن، لەکارەکتەری سیاسیەوە بۆ بانگخواز، هەموو سەرگەرمی سەبەتە خۆراکەکانن، ئەو سەبەتە خۆراکانەی ڕۆژێک سفرەکە بە پڕی و سەدان ڕۆژی تر لە هەژاری و چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە. 

کەس نەیوتووە خێر و خێرات و یارمەتیدانی ئەوی تر کردەیەکی خراپە. بەڵکو قسە لەسەر ئەم دیاردەیەیە کەس لەگەڵ سەبەتە خۆراکێکدا هوشیاری ئەوە نابەخشێتەوە کە لەپشتی هەر سەبەتە خۆراکێکەوە فیرعەونێک خۆی مەڵاسداوە.

هەموو بەرپرسن لە بەخشینەوەی حەبی سەرهێشە بۆ هێورکردنەوەی خەڵک. هەموو بەرپرسن لەوەی کە خەڵکی خاوەن کەرامەتی ئەم هەرێمە وەک سواڵکەرێک پیشان بدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand