مه‌سروور بارزانی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له نه‌خشه نوێیه‌كه؟

2022-04-28 19:31:28
عرفان عه‌زیز
یه‌كێك له گرفته هه‌ره‌سه‌ره‌كیه‌كانی سیاسه‌ت و ئیداره‌ی به‌رێوه‌بردنی عێراق له‌وه‌دایه كه هێزه سیاسییه‌كان ده‌قیان گرتووه به‌م شێوه حوكمڕانییه‌وه و كه‌سیشیان لێی رازی نین، هه‌موویان هه‌وڵی چاكردنی ده‌ده‌ن كه‌چی هه‌رخراپتر ده‌بێت، بڕیاری سیاسی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه ده‌ق كراوه تا ئێستا درابێت دووشت بووه؛ یه‌كه‌م ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، دووه‌م ده‌ست بردنه بۆ بابه‌تی پرسی كۆنفیدرالی كه به‌رێز مه‌سروور بارزانی له دیداری چاته‌م هاوس له‌به‌ریتانیا به‌روونی ئاماژه‌ی پێداوه، هیچ هێزێكی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی (نه‌ك به بیركردنه‌وه‌یه‌كی حزبیانه)نه‌یان توانیووه گۆڕانكاری له‌م سیسته‌مه ئیداره‌دانه بكه‌ن، ره‌نگ بێت زۆرێك له خه‌ڵك بپرسن بۆچی ده‌بێت له‌م كاته‌دا بابه‌تی كۆنفیدڕالی باس بكرێت، له واقعدا به‌م هۆیانه‌وه ده‌بێت باس بكرێت:
یه‌كه‌م: بۆ نزیكه‌ی دوو ده‌یه ده‌ڕوات، واته 18 ساڵه له‌دوای رووخانی سه‌دام حوسێن، بڕیار وابوو كه عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بونیاد بنرێت به‌وهۆیه‌وه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كارایانه كاری كرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق له ساڵی 2005 بنوسرێته‌وه، ته‌بعه‌ن نه‌ك ئه‌و سیسته‌مه شكستیهێنا به‌ڵكو خودی عێراقیشی گه‌یانده ئه‌مرۆ كه كه‌س نازانێت دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له عێراق چۆنه و كێ ده‌یكات.
دووه‌م: ئەم واقیعە تاڵەی ئێستای عێراق كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێ كرد، بەو جۆرە باسی كرد: «ئێمە لە دوای ساڵی 2003وە بە ئومێدی ئەوە بووین ئایندەیەكی باشتر ببینین، بەڵام بارودۆخەكە ئەمەیە كە ئێستا دەیبینین و نابێت چیدیكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و، دەبێت بەشی ئەوەندە بوێریمان هەبێت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێین و بە دوای چارەسەرێكی تازەدا بگەڕێین». واقعی ئه‌م قسه‌یه له‌وه‌دایه كه له‌عێراقی نوێ‌دا فاكته‌ری به‌هێز بۆ پێكه‌وه ژیان و چاره‌سه‌ری پرسه‌كان وه‌لاوه نراوه، رێككه‌وتن و ده‌ستووری عێراقیش به‌س به‌ناو ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی حوكمی عێراق ده‌كات بڕیاری ده‌ره‌وه‌ی عێراقییه‌كان و میزاجی شه‌خسییه.
سێیه‌م: ئێستا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌روازه‌یه‌كی پێشكه‌ش كردووه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسانه، له دیداره‌كه‌ی چاته‌م هاوس به‌روونی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ده‌بێت گه‌ڕان بكرێت به‌دوای مۆدیلێكی جیاوازی حوكمڕانی له عێراقدا و ده‌بێت هه‌یكه‌لیه‌تی ئه‌م مۆدیله جیاواز بێت، چونكه ئه‌مه واقعه عێراق له ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار و دیكتاتۆره‌وه ده‌بێت بگۆرێت بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراتی، سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیاییه‌ك بدات به عێراقییه‌كان له كۆڕبه‌نده‌كه دڵنیایی دایه هه‌موو لایه‌ك كه ئه‌م مۆدیله نوێیه كه بڕیارە بۆ عێراق بدۆزرێته‌وه، مانادار نییه به داماڵینی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا به‌ڵكو ئه‌مه بنه‌مایه‌كه بۆ سیسته‌می ئیداره‌ی عێراق كه به‌هاوبه‌شی بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن و بیری لێ بكه‌نه‌وه،یه‌كێك له‌و خاڵه گرنگانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت باسی لێوه‌كرد ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت لایه‌نه‌كان بوێری ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌ئاشكرا باس له‌وه بكه‌ن كه چ سیسته‌مێكی مۆدێرن بۆ عێراق باشه، كه نمونه‌ی كۆنفیدڕاڵی له‌زۆر شوێنی جیهان هێنایه‌وه كه كۆمه‌ڵگاكه‌شیان زۆر گه‌شه‌ی كردووه، كه‌وایه له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌بێت كۆنفیدڕاڵی وه‌ك گرنگیه‌كی هه‌نووكه‌یی وه‌ربگیرێت.
ئێستا ره‌نگه پرسیاری زۆر بێته ئاراوه كه بۆچی له وتاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت جه‌خت له پرسی كۆنفیدڕالی كرایه‌وه، دوای ئه‌وه زۆرێك له یاساناسان و شاره‌زایان وایان لێكدایه‌وە كه بنه‌ماكانی عێراق بۆ كۆنفیدرالی ناشێت، به‌ڵام له (چاته‌م هاوس) سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ئاشكرا گوتی«دەستووری ئێستا وەسفی عێراق دەكات وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، بەڵام لە واقیعدا ژمارەیەك لە بڕگەكانی كۆنفیدڕاڵین، ئەو بڕگانە ڕێگەمان پێ دەدات، بۆ ئەوەی بیكەینە پراكتیك، نەك تەنگژە و، كیانێك بیەویت ئەوی دیكە ناچار بكات. بۆیە با ببینە هاوبەشی یەكسان و لە ناو دامەزراوە هاوبەشەكانمانەوە چارەسەری ئەو پرسانە بكەین، كە گرنگیی هاوبەشی بۆ هەموومان هەیە، هەر لە «بارزگانی، ژینگە، ئاسایش ئەو مۆدێلەی بانگەشەی بۆ دەكەم، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سنووری نیشتمانی دروست ناكات، بەڵكو ددانپێدانانێكی درەنگوەختە سەبارەت بەوەی پێشتر ڕووی داوە و باشترین ڕێگەیە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە نەخوازراوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چیدی ڕاستییەكان نەشارینەوە و، پێویستمان بەوەیە بوێرانە ڕووبەڕووی كەموكورتییەكانی خۆمان ببینەوە». لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه باس بكرێت ئه‌گه‌ر له ده‌ستووری عێراقیشدا بابه‌تی كۆنفیدڕالی زۆر باس نه‌كراوه و ئیشاره‌ی پێی نه‌كراوه، به‌ڵام ده‌كرێت له چوار چێوه‌ی واقعی عێراقدا به‌پراكتیك ئه‌مه جێبه‌جێ بكرێت وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه پێشووتر له ده‌ستووری عێراق ئاماژه‌ی پێ نه‌كرابوو به‌ڵام كه بوه ئه‌مری واقع دواتر له ده‌ستووری 2005 عێراق دانی پێدانراوه، بۆ بابه‌تی كۆنفیدرالیش وایه سه‌ره‌تا دروستكردنی واقعی كۆنفیدرالی دواتر ده‌توانرێت ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌و ماده زیاد بكرێت، ئه‌گه‌ر عێراق هه‌نگاو به‌ره‌و سیسته‌می نوێی به‌رێوه‌بردن بنێت هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه رزگارمان بێت له ئه‌گه‌ری به‌لوبنان بوونی عێراق و دووباره‌كردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی، چونكه به‌م سیسته‌مه‌وه عێراق دۆخی له‌مه باشتر نابێت.
ئه‌وه‌ی گرنگ بوو به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌چه‌قی به‌ریتانیا بوو له‌به‌ر چاوی میدیاكانی جیهان هه‌ڵبه‌ته هۆكاری هه‌ڵبژاردنی كات و شوێنی دیداره‌كه مه‌به‌ستدار بوو سه‌رۆكی حكوومه‌ت جۆری گرفته‌كانی دیاریكرد ده‌ركه‌وت كه سه‌رقاڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به عێراقێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز و دیموكرات وه‌هیمه چونكه پێكهاته‌ی عێراق له‌سه‌ره‌تاوه به‌خراپی دامه‌زاروه، بۆیه ئێستا ئه‌ركی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه كه پشتیوانی بیرۆكه‌ی نوێ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری پرسی عێراق، به‌ریتانیا هاتنه پێشه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌یه، دیداری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن گرنگ بوو، به‌پێی ده‌ستووری به‌ریتانیا سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی وڵاته و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هیچ دامه‌زاروه‌یه‌ك ده‌توانێت بڕیار بدات، كه‌وایه كۆبوونه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێك بووه كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر بڕیارێكی هه‌بووه كه بیه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بیكات، دواتر سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان له‌گه‌ڵ کواسی کوارتینگ، وەزیری کاروباری و‌زە و بازرگانیی بەریتانیا کۆ بووەوە، دواتر ڕۆژی 19ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ ئەماندا میلینگ، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆ بووه‌وه، له هه‌مان ڕۆژدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شانشینی یەکگرتوو، لە شاری لەندەن لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆ بووه‌ته‌وه و دواتر چاوی به هه‌ریه‌كه له نه‌دیم زه‌هاوی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیا و باڵیۆزی عێراق له به‌ریتانیا و تۆنی بلێر سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی به‌ریتانیا كه‌وتووه. جوڵه‌ی ئه‌م سه‌ردانه و دیداره گرنگه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه به‌ریتانیا سیاسه‌تێكی تازه له‌ناوچه‌كه ده‌گرێته‌به‌ر، به‌ده‌ر له سیاسه‌تی كۆنی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، واقعی ئێستای عێراقیش وایه كه ئه‌مه‌ریكا جۆرێك له رووی سیاسییه‌وه كشاوه‌ته‌وه و ئه‌وروپاش ده‌یه‌وێت له‌رێگای كۆمپانیاكانه‌وه بێته‌وه بۆ عێراق به‌ڵام به‌ریتانیا له‌هه‌ردوو روه‌وه گرفتی نییه هه‌م له‌رووی سیاسییه‌وه گرفتی نییه هه‌م كۆمپانیاكانی بواری نه‌وتی رۆڵی گرنگیان هه‌بووه له عیراقدا.
له‌باره‌ی كه‌رتی وزه و گازی سروشتییه‌وه، گرنگه كه‌مێك هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە ڕۆژی یەكەمی كۆڕبەندی جیهانیی و‌زە كە لە ژێر ناونیشانی «جیۆپۆلەتێكی وەرچەرخانی و‌زە» بەڕێوە چوو، لە پەنێڵێكیدا بە ناونیشانی «پەرەپێدانی و‌زە، هەناردەكردن و ئایندەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا»، له وتاره‌كه‌دا باسی له‌وه‌كرد كه ئێستا كوردستان توانای بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل نەوت و 500 ملیۆن پێی سێجا گازی لە ڕۆژێكدا هەیە به‌شێكی زۆری كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گاز له‌وێ ئاماده‌بوون به‌تایبه‌ت، هەر پێنج كۆمپانیای نەوت و گازی «شامران، گەلف كیستون، گەنەڵ ئینرجی، كریسنت كۆمپانی، پیترۆ گرووپ» گرێ درا، كە هەر پێنج كۆمپانیاكەش لە دوای پەسەندكردنی یاسای نەوت و گازی هەرێم لە كوردستان وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز دەكەن، ئه‌وه‌ی گرنگه له كوردستانه‌وه نه‌خشه رێگای داهاتووی وزه له ناوچه‌كه په‌ره‌پێبدرێت و ئاستی وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته زیاتر بكرێت، له داهاتوودا ئه‌وروپا و به‌ریتانیشا پشت به كه‌رتی وزه‌ی كوردستان ده‌به‌ستن ئه‌وه‌ی گرنگه له ئیستاوه نه‌خشه رێگای داهاتووی ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێك و پێكی هه‌نگاوی بۆ بنرێت.
