پشكی هەرێم لە قەیرانی ئابوری ئێراندا
2018-11-10 16:30:42
■ سەركۆ یونس
ڕۆژی هەینی (2-11-2018) پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران قۆناغێكی ئاڵۆزتری بەخۆیەوە دی، ئیدارەی ترەمپ گەڕاندنەوەی قۆناغی دووەم و كۆتایی سزاكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند، بڕیارە لە ڕۆژی دووشەمە (5-11-2018) سزاكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە. بەگوێرەی بڕیارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سزاكانی ئەمجارە بوارەكانی بازرگانی و دارایی و تەنانەت وەرزشیش دەگرێتەوە، لە ناویشاندا ئەو كەرتە ئابورییانە دەكەونە ناو سزاكانەوە كە زیاتر ئابوری ئێران بەرەو هەرەسهێنان دەبن و گرفتی ئابوری و دارایی زیاتر بۆ ئابووری ئەو وڵاتە دروستدەكەن. وەك كەرتی نەوت و كەرتی دارایی. ئارەزوی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران لە كەرتی نەوتدا ئەوەیە كە كەرتی نەوت لەو وڵاتەدا بەتەوای ئیفلیج بكات، هەناردەی نەوت و گازی سروشتی ئێران بگاتە سفر. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە ئەمریكا نیازی پەروێزخستنی ئێرانی هەیە بەتایبەت لە بواری ئابوری و داراییدا، چونكە بەم سزا ئابوری و داراییانە ڕاستەوخۆ ئێران دەكەوێتە بەر مەترسییەوە.
بەهۆی ئەوەی كە ئابوری هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەستوە بە ئابوری ئێران، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەر سزایەك بسەپێنرێت بەسەر ئێراندا ئەوا كاریگەری بە چەند ئاستێكی جیاواز دەردەكەوێـت. لە ئێستادا ئەوەی گرنگە كە هەرێمی كوردستان ڕەچاوی بكات كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی سزاكانی سەر ئێرانە لەسەر هەرێمی كوردستان، هەروەها پێویستە بە شێوەیەكی لۆژیكی مامەڵە لەگەڵا ئەو دۆخە ئابورییەدا بكات. ئەمە باوردۆخێكی ئابوری و دارایی و سیاسی ئاڵۆزە چونكە هەرێم دەكەوێتە ناو دوڕیانێكی سیاسی ئاڵۆزەوە، لەلایەك ئێران كە وڵاتێكی هەرێمی ناوچەكەیە و خاوەنی هەیمەنەیە لە بواری ئابوری و سیاسیدا، لەلایەكی ترەوە ئەمریكا كە ئەمڕۆ باڵادەستە.
هەرێمی كوردستان لە چەند لایەنێكەوە لە دەرئەنجامی ئەو سزایانەدا توشی گرفت و تەنگژەبێت بەتایبەتی لەم لایەنانەدا:
1 – هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی (1991)ەوە، لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەستوە بە ئێران، لەئێستادا زیاتر لە (%70)ی كاڵا و شمەكی ناوبازاڕەكانی هەرێم ئێرانین و زیاتر لە (2000) جۆر كاڵای ئێرانی هاوردە دەكرێت، بەمانایەكی دیكە ئابوری ئێران هەرێمی داگیركردوە. هەرێم لەدوای چین و توركیا زۆرترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندایە. بێگومان دوای جێبەجێ كردنی سەرجەم سزاكان ئابوری هەرێم زەرەرمەندترین لایەن دەبێت بەتایبەتی لەڕووی سەبەتەی خۆراك و میوە و كەلوپەلی بەرهەمهێنانی بیناسازی و گەلوپەكی مامناوەندی بۆ بەرهەمهێنان
2 – كەمبونەوەی بەرچاوی كاڵا ئێرانییەكان بەگشتی، بەتایبەتی مادە خۆراكیەكان لەبازاڕەكانی هەرێمدا. زۆرینەی ئەو كاڵایانەی كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە دەكەونە لیستی ئەو كاڵایانەی كە لە ناولیستی سزا ئابوری و بازرگانییەكاندان، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی كەمدا ئەڵتەرناتیفی بۆ بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە گەر لەماوەیەكی دیاری كراودا هەرێم جێگرەوەی ئێران نەدۆزێتەوە بەجۆرێك كاڵاكان كەم دەبنەوە وئەمەش ئەبێتە هۆی زیاد بوونی خواست و سەرەنجام نرخ بەرز دەبێتەوە و دیاردەی هەڵاوسان لەبازاڕەكانی هەرێمدا دروست دەبێ و هەرچەندە ئەمە ڕاستەوخۆ ڕوونادات بەڵكو كات و ماوەیەكی دەوێ زیاتر لە سێ مانگ
3- یەكێكی تر لە زیانەكانی ئەم سزایانە بۆ ئابوری هەرێم زیاتر بوونی ڕێژەی بێكاریە هەرێمی كوردستان چونكە (3) مەرزی سەرەكی و نێودەوڵەتی و چەندین خاڵی سنوری لاوەكی و هەندێكی قاچاغ لەگەڵ ئێراندا هەیەـ ئەم مەرزانە هەلی كاریان بۆ هەرێمی كوردستان خولقاندوە و بە دەیان كرێكار و شۆفێر كاری تێدا دەكەن و بژێوی ژیانی سەدان خێزانی هەرێمی لەسەری ئەم كەرتانەیە. بەڵام بەدڵنیاییەوە لەپاش سزاكان كاركردن لە سەر ئەم سنورانەدا نامێنێت و ڕێژەی بێكاری بەرزدەبێتەوە.
دەرئەنجامی ئەو سزایانە گەلێك زیاترە، چونكە هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەئابوری ئێران بەستوە، دەكرێت دەرئەنجامە نێگەتیفەكانی ئەم سزایانە بە ئاشكرا لەتەواوی كەرتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەربكەوێت. سەرەنجام باری ئابوری هەرێم بەهۆی ئەو پاشكۆیەتییە ئابورییەوە بەرەوخراپتردەچێت.
ئەوەی كە گرنگ بێـت لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان لە ڕوی ئابورییەوە ڕەچاوی بكات، پێویستە بەوردی لەسەر ئەم خاڵانە ڕابمنێت، بەم شێوەیە پەستانی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان ڕەنگە سوكتربێت.
1 –یەكەمین هەنگاو كە پێویستە حكومەتی هەرێم بیهاوێت، هەوڵدانە بۆ ڕكخستن و بوژانەوەی ئابوری هەرێم بەگشتی و كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بە تایبەتی چونكە لەئێستادا بارودۆخەكە گونجاوەـ كاتێك كەلوپەلی پیشەسازی و كشتوكاڵی ئێرانی نەگاتە بازاڕەكانی هەرێم ئەوا هەرێم دەتوانێ هەنگاوی جدی بنێ بۆ هەستانەوە و بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، بەتایبەتی ڕەگەزەكانی ئەم دوو كەرتە گرنگ و ستراتریژییە لەناوخۆی هەرێم بەردەستن و دەتوانین شاری پیشەسازی تایبەت دابنرێت و هەنگاو بەهەنگاو هەوڵ بدرێت ئەم كەرتانە گەشەی پێ بدرێت .
2 – پێویستە حكومەتی هەرێم بەرلە گەیشتنی گاریكەریەكانی سزاكان بەزووترین كات جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكاتەوە، باشترین جێگرەوە دەوڵەتی توركیایە چونكە هاوسنوری هەرێمە و نرخی گواستنەوەی كەلوپەلەكان بەكەمترین تێچون ئەنجامدەدرێت و پێشترو ئێستاش ئەزمونی بازرگانی لەگەڵ توركیا تاقیكراوەتەوە و هەروەها بەهۆی نزمی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار و تەنانەت دیناری عێراقی، بەم شێوەیە هەرێمی كوردستان دەتوانێت تاڕادەیەكی باش خۆی لەو قەیران و تەنگژانەی ئێران دوربخاتەوە.
3 - لەئێستادا كە سەروەختی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتداین، پێویستە لەم كاتەدا كابینەیەكی ئابوری پێكبهێنرێت، وەزارەتە گرنگ و ئابورییەكانی وەك دارایی و وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی بەكەسانی شارەزا و ئەكادیمی پڕبكرێنەوە و پلانێكی ستراتیژی ئابوری دابنرێـت كە لەماوەیەكی دیاریكراودا بتوانێـت تەواوی ئەو دەستكەوتانەی كە گرنگن بۆ ئابوریەكی بەهێز فەراهەمی بكات. نەك كابینەیەكی سیاسی بێت و ئامانج ڕازی كردنی لایەنە سیاسیەكان بێت.
4 – كەرتی تایبەت پێویستە ڕۆڵی گرنگ و ستراتیژی بگرێت لەم قەیرانەداـ بەچەشنێك بتوانێت بەڕاستەوخۆ بەشداربێت لە پاراستنی بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێمی كوردستاندا و ڕۆڵا و كاریگەری زیاتربێت، بەمانایەكی تری كەرتی تایبەت بتوانێت ببێتە تەواوكەری كەرتی گشتی.
5 – پێویستە كۆی یاساكانی بواری ئابوری و دارایی و وەبەرهێنان هەمواربكرێتەوە و دوبارە بەشێوەیەكی ورد دابڕێژرێتەوە، بە كرداری لەبەرژەوەندی كۆی جوڵە و بزاوتە ئابورییەكانی هەرێمدا بێـت و بتوانێت بەئاڕاستەی چالاكردنی كۆی كەرتەكاندا كاربكات.
6 – دەستەی وەبەرهێنان دەبێت لەو بارەی ئێستا دەربكرێت و ببێـتە سەنتەرێكی بەهێزی بزاوت و جوڵەی ئابوری، بگرە پێویستە دەستەی وەبەرهێنان بەئاڕاستەی بوژاندنەوەی كەرتە ئابورییەكان كاربكات، بەتایبەتی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، هەموو ئاسانكاری و هاوكاریەك پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكەن تا بەكەمترین ماوە هەوڵ بدرێت پڕۆژەكان جێ بەجێ بكەن .
بەچەشنێك دەبێت كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم لەسەر بەگەڕخستنی عەقڵی ئابوری بكات، كابینەیەكی ئابوریی بەگەڕبخات. بەم چەشنە نەبێت ئەوا هەرێمی كوردستان لە ناو موعادەلە ئابورییە ئاڵۆزەكانی ئێستادا ناتوانێت هەڵكات. گەرچی لە ڕابردودا حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای پلانی ئابوری كاری نەكردوە، ئێستاش خەریكی دانەوەی باجی ئەو هەنگاوانەیە كە بەبێ پلان و عەقڵی ئابوری وەگەڕی دەخستن. بەم چەشنە ڕەنگە بتوانێت ئەم بارودۆخە هەرێمییە بەسوود و كەڵكی خەڵك و حكومەتی هەرێم بشكێتەوە و بەكەمترین زیان لێ ی دەرباز بێت. بەمانایەكی دیكە دەكرێت حكومەتی هەرێم لێرەوە خاڵی بنیات نانەوە و خۆڕكخستنەوەی ئابوری دیاریبكات.
*ئابوریناس