دادوەری پەیامەو نابێت بچوکبکرێتەوە
2018-11-13 05:46:07
■ تانیا کورد میرزا
وەک چۆن هەمیشە لەکار و لە بوارەکەی خۆیدا سەرتۆپ، دادپەروەر و یەکجار دەوڵەمەندبووە بە زانیاری یاسایی بەهەردوو بواری تیۆری و پراکتیکەوە ئاواش لە ویست بۆ گۆڕانکاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەنگێکی زەلال و بڵند بووە، ئێستاش بەم دەستلەکارکێشانەوەیەی بووە سەرکردەی شۆڕشێکی نوێ لە دەسەڵاتی دادوەریدا.
ئەو دکتۆر و دادوەری بەڕێز شێخ لەتیفە، دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێزیان تەنیا نوسینەوەی وشەی “ نا” نییە بەڕووی ئەو قۆرخکارییەی کە لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکاندا هەیە کە تا بەرلووت هاتووە و زۆرینەی یاساییەکان و دادوەران و فەرمانبەرانی یاسایش بە هۆیەک و دەیانیتر لێی بێدەنگن، بەڵکو دەستلەکارکێشانەوەی حاکم لەتیف بە پراکتیککردنی “ نەخێر” ە و گۆکردنیەتی لە بوارێکی سەرەکی و حوکمڕانیدا لە کوردستان کە دەسەڵاتی دادوەرییە.
لە پرێس کۆنفراسەکەیدا ڕایگەیاند؛” دادوەری پەیامە، نابێت لە موچەدا بچووکبکرێتەوە و بۆ من دادوەری لە هەمووشت گرنگترە”. بۆ منیش و سەدانیتری وەک منیش کە بەڕێزیان مامۆستام بووە و ئێستاش لەپاش ئەزمون لە دەرەوەی کوردستان هەر بە سەرتۆپی کەسانی یاسایی لێهاتوو ماوەتەوە لەلام و هەر مامۆستامە” هەڵبەت ئەگەر بەڕێزیان ئێستاش بە تەلەبەی خۆیان قبوڵمان بکەن”. قورسایی ئەو دێڕە دەزانین، بەڵێ دادوەری پەیامە، پەیامێک کە نابێت هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان خۆیانی تێهەڵبقورتێنن چ جای کار بەوە گەیشتووە کە لە ئۆرگانەکانی حیزبەوە دادوەرەکان دیاری دەکرێن.
حاکم لەتیف دژ بە گەندەڵی و دەستی درێژ و زمانی حیزب لە دادگاکاندا دەستی لەکارکێشاوەتەوە نەوەک لەبەر بەرژەوەندی خۆیی، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر دادوەرێک جا ناوی “شێخ لەتیف” بێت یان هەر کەسێکیتر، خزمەتی ساڵانە و پلە و ئەزمونی بەشی بەرزکردنەوەی پۆست و پلەی بکات دەبێت شەڕ بکات لەسەر ئەوەی بگات بەو پۆستە چونکە شایستەیە، بەمە هەم خۆی بە مافی خۆی دەگات و هەمیش زیاتر خزمەت دەکات بۆیەش ئەگەر بەڕێزیان لەبەر ئەوەی نەخراوەتە جێیەک دەستی لەکارکیشاوەتەوە هەر جێگەی ئافەرینە چونکە بێدەنگ نەبوون لەسەر ناهەقی واجبە نەوەک پێچەوانەکەی.
ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی بەڕێزیان لەلای هەندێک گەرچی بازێکی گەورە و نوێیە بەڵام پێیان وابێت کە مادەم حاکم بەتەنیایە چ کاریگەرییەکی نابێت، بەڵێ ڕەنگە دەمودەست و ئەمڕۆ و سبەیش دەسەڵات خۆی ڕانەپسکێنێ بەڵام بێشک هەڵوێستەکەی بووە بناغەیەکی یەکجار پتەو و ڕێک کە هەڵوێستیتر لەسەر خۆی هەڵدەچنێ!
خۆ ئەگەر ساڵانێک لەوەوبەر هەر مامۆستایەکی زانکۆ کە لەسەر هەڵوێستی جیاوازی دەرکرا، هەر فەرمانبەرێک کە پلەکەی هێنرایە خوارەوە، هەر مامۆستایەک کە لەناو شارەوە لەبەر ئەرێ نەکردنی بۆ دەسەڵات هەڵدرایە لادێیەکی دوورە دەست هەمان هەڵوێستی کاک حاکمیان ببوایە و بۆ قوتی ڕۆژانەیان پەنایان بۆ کارێکیتر ببردایە ئێستا لە قۆناغێکی تردا دەبووین.
بەبێ زیادەڕەوی ئەم هەڵوێستە جدی و پڕەی حاکم لەتیف یەک لەو ڕوداوانەیە کە ساڵانێکە ڕووی نەداوە و گڵۆپێکی یەکجار ڕووناکە لە جۆری ناڕەزایی و خەباتی مەدەنیدا لە کوردستان کە وەخت بوو لە کزیدا ئەکوژایەوە.
گەرچی بەڕێز حاکم لەتیف ئەمە یەکەم هەڵوێستی نییە و بۆمنیش هیچ موفاجەئە نەبووە لە کەسایەتی بەڕێزیان.