ئەمجارە پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆنە
2018-11-11 20:40:45
■ ئادەم ئاودەڵ
بەدرێژایی ٢٧ ساڵەی حکومرانی کوردی لە باشوری کوردستان ، ھیچ کابینەیەک ھێندەی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم پرکێشە و سەرئێشە نەبووە ، کە دەرئەنجامی پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان بوو . ھەم لێوانلێو بوو لە قەیرانی دارایی و ھەمیش تەژی بوو لە کێشمە کێشمی سیاسی و سەرباری ھەموو ئەوانەش قەیرانێکی قوڵی ئەمنی بەدوای خۆیدا ھێنا کە شەری داعش بوو.
یەکێک لە بنەماکانی بەھێزی حکومەت لە ھەر وڵاتێک بە تایبەت وڵاتانی مۆدێرن ، بریتیە لە بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی ، کەھەم چاودێرێکی باشی حکومەتە و ھەمیش رۆلێکی کاریگەر دەبینێ لە ھۆشیاری و ئاگادار کردنەوەی ھاوڵاتیان . کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم لەمە بێ بەری بوو ، بەناوی حکومەتی بنکەفراوانەوە رێچکە دیموکراسیەکەیان لەق کرد ، کە ئەمەش رێگە خۆش کەر بوو بۆ ھەنێ قەراری سیاسی و ئابوری کە لە غیابی ھێزی بەرھەڵستکار بدرێ .ئەگەرچی سالێ ٢٠٠٩ سەرەتایی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی بوو لە ھەرێم ، بەڵام لە جیاتی برەودان بەوجۆرە سیاسەت و ململانێیە لە کابینەی ھەشت ، کەشتی ئۆپۆزسیۆن بوون لەنگەری گرت کە زەرەرێکی زۆری لە پرۆسەی دیموکراسی ناوچەکەدا.
ئەگەرچی نەبونی ئۆپۆزسیۆن لە کابینەی ھەشت عەیبەیەکی گەورەبوو ، لەوەش گەورەتر بونی ھەندێک ھێزبوو کە قاچێکیان لە حکومەت و قاچەکەی تریان لە دەرەوەی حکومەت بوو ، کە ئەمە لە ھیچ شوێنێکی سیاسەتی دونیادا جێگەی نابێتەوە ، ئەمەش ھێندەی تر حکومەتی ھەرێمی ئیفلیج و لاوازترکرد.
لە ئێستادا خەریکە تای ھەڵبژاردنی حیزبەکان کۆتایی دێت و ھێدی ھێدی نزیک بونەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەدی دەکرێ ، لە حیزبی یەکەمەوە بۆ دووەم و ....ھتد.
خواستی ئێستای ھاوڵاتیان و تەنانەت بەشێکی حیزبە سیاسیەکانیش ئەوەیە ، حکومەتی ئەمجارە جیاوازبێ لە ھی پێش خۆیی و ئەو میکانیزم و ئالیەتانەی پێشو گیرانە بەر ھەرگیز دووبارە نەبنەوە ، کە لە پێشی ھەموشیان بونی ئۆپۆزسیۆنە کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەرێوەبردنی ھەر وڵاتێکی دیموکراسییە.
لە ئێستادا لە شەش لایەنە سەرەکیەکەی ھەرێم دوو لایەنیان ھەلوێستی رونی خۆیان راگەیاندووە کەبەشداری ئەم کابینەیە ناکەن و تەنھا چوار لایەن ماوە کە نیەتیانە لەم کابینەیە بەشداربن یاخود پشکیان ھەبێ ، ھەرچۆنێک بێ ئێستا روون بۆتەوە کە لەم کابینەیە ئۆپۆزسیۆنمان دەبێ ، بەڵام چ ئۆپۆزسیۆنێک،،، ؟؟؟؟ ئەوانەی کە بە راست و چەوتی ئەم وڵاتە قەڵسن و نە رەش نە سپی ئەم وڵاتەیان قبوڵ نیە ؟؟؟ یاخود ئۆپۆزسیۆنێک کە نیوەی لە دەسەڵات و ئەوەی تری بەرھەڵستکارە ؟؟؟ یانیش ئۆپۆزسیۆنێک کە بەھەموو بریارەکانی دەسەڵات رازییە( وەک لە کابینەی پێشو بینیمان)؟؟؟
ھەنوکە لای تاکی کورد پرسێکی روون بونی ھەیە کە ئەویش ئەوەیە ، بۆئەوەی ریفراندۆمێکی نەخەمڵیوی تر دووبارە نەبێتەوە و بۆ ئەوەی دیسان نیوەی خاکی کوردستان لەدەست نەدەین و جارێکی تر ئاوارە و دەربەدەر نەبین ، پێویستیمان بە ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک ھەیە.