"بە ڕۆژ لە حکومەت و بەشەو لە ئۆپۆزسیۆن"
2018-11-11 20:05:15
■ مەجید ساڵح
ئێستا لە جاران زیاتر کادیرەکانی یەکێتی و پارتی دەڵێن: نابێ حزبێک بێتە حکومەت "بەڕۆژە لە حکومەت و بەشەو لە ئۆپۆزیسۆن بێت". بە زۆری ئەم قسانەش رووبەڕووی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوە. ئەم بۆچوونە چەندە هەڵگری ماکی راستیی بێت، هێندەش تێ نەگەیشتنە لە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان و بەد حاڵی بوون بۆ پرۆژەکانی کاک نەوشیروان بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆخە.
راستە، چونکە لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی تێیدا چەسپاوە و لە دوای هەڵبژاردنەکان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان حزبەکاندا بە نەرمی و بێ کێشە تێدەپەڕێ. حزبی حاکم بە نەفەسی ئۆپۆزیسۆن رەفتار ناکات و ئۆپۆزیۆنیش لە رێگەی پەرلەمان و میدیاکارانیش لە رێگەی کەناڵەکانیانەوە چاودێریی کاری حکومەت دەکەن..
ناڕاستە بۆ دۆخی کوردستان، کە حزبەکانی دەسەڵات و سیاسەتمەدارەکانیان وا لکاون بە کورسییەکانیانەوە نە بەدەنگدان و نە بە یاسا لێی نابنەوە و چی رێگەی ناشەرعییە بەکاری دەهێنن بۆ مانەوەیان لە سەر کورسییەکانیان بەبێ ئەوەی زەڕەیەک بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە خەڵک و نیشتمان جێبەجێ بکەن..
لە ساڵی ١٩٩٢ەوە نەوشیروان مستەفا کە تاکە سەرکردەی کوردە زانستی سیاسی و حوکمڕانی بە ئەکادیمی خوێندوە، بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کوردستان خەریکی ریفۆرم کردنە لەم شیوازی بەڕێوەبردنەی کوردستان (جارێکی دیکە تەماشای گرتە ڤیدۆییەکەی خۆی و مامۆستا عوسمان عەبدوڵعەزیز بکەنەوە لە ساڵی ١٩٩٢)..
دوای دامەزاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بوون بە ئۆپۆزیسۆن لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، نەوشیروان مستەفا بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی کوردستان، دروشمی روخاندنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی بەرز نەکردوە، بەڵکو لە گەڵ حزبەکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو)، چەندین پاکێجی ئیسڵاحیان دا بەهەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کە ئەمە لەوڵاتانەی دیموکراسین هەرگیز رووی نەداوە، ئۆپۆزسیۆن پاکێجی ئیسڵاحی بدات بە حزبی دەسەڵاتدار..
کە ئەم حزبانە چوونە دەسەڵاتیشەوە نەدەکرا بە هەمان نەفەسی یەکێتی و پارتی کار بکەن و چاو لە ئاست کەموکوڕییەکان داخەن، چونکە گەر وایان بکردایە هیچ جیاوازییەک نەدەما. هەر لەبەر ئەوە بوو پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، لە پەرلەمان بە واجبی خۆیان هەڵدەستان و چاودێریی حکومەتیان دەکرد، بە وەزیرەکانی خۆشیانەوە، لە حەقیقەتدا دەبوو پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتیش وا بکەن، چونکە ئەرکی پەرلەمانتارییان وا دەخوازێ.. جگە لەوە لە میدیاکانیانەوە رەخنە و پێشنیار و داخوازی خەڵکیان دەخستەڕوو، چونکە ئەرکی میدیا ئەوەیە و دەبوو میدیاکانی یەکێتی و پارتیش وا بکەن. بەڵام بەداخەوە، هەم پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی و هەم میدیاکانیشان قڕوقپیان دەکرد لە ئاست کەموو کوڕییەکان و ئەمەش وای کرد حکومەت بێ باک بێ لە چاودێری پەرلەمان و میدیا..
حەقیقەت ئەوەیە دۆخی شێواوی کوردستان وادەخوازێ حزبەکان (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) وەک چۆن لە ئۆپۆزیۆن بووندا لە پاڵ رەخنەکانیان، پاکێجی ئیسڵاحیان دەدا بە حکومەت، درێژە بەو نەفەسەی خۆیان بدەن کە چوونە حکومەتەوە لە رێگەی پەرلەمانتار و میدیاکانیانەوە "بەرۆژ لە دەسەڵات و بەشەو و رۆژییش ئۆپۆزسۆن بن" و تەسلیم بەو ئیرادیە نەبن کە داوای قڕوکپ بوونیان لێ دەکات..
گۆمی مەنگی دەسەڵاتدارێتی کوردستان گەر لە رێگەی پەرلەمان و میدیاوە نەشڵەقێ، بۆگەن دەکات..