دیاردەی كوشتن
2018-11-14 11:12:38
■ رێبین عومەر
بۆ ساڵی 2018 پەنجا شاری دنیا ناسێنراوە كە زۆرترین تاوان و كوشتنی تیا ئەنجامدراوە ، پێگەی (valuewalk) لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە كە بەهۆی رەق و تۆڵە و جەنگ و بوونی چەك لە دەستی خەڵكی سڤیل و بوونی باندە بازرگانییە نایاساییەكان زۆرترین تاوانی كوشتن رویداوە ، ئەمریكای لاتین و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پێشسەوە ئەو جێگایانەن كە لەم راپۆرتەدا بەووردی باسی لێوەكراوە كە ئاماژەبەوە كراوە شارەكانی ( بیلیم و فۆرتالیزا و ناتال لە بەرازیل و جوایان و كاراكاس لە فەنزویلا و فیكتوریا و لوسكابوس و ئەكابولكو و لاباز و تیوانا لە مەكسیك ) لەو دە ناوچەی جیهانن كە بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری و بازرگانی نایاسایی زۆرترین تاوانیان بۆ ساڵی 2018 تێدا ئەنجام دراوە .
كوشتن و تۆڵە لە هەرێمی كوردستان ؟
رۆژانە لە میدیاكانەوەی گوێبیست دەبین كە حاڵەتی كوشتن رویداوە ، زۆرترین ئەو حاڵەتانەی كە كوشتنی لێكەوتۆتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چەك لەدەستی هاوڵاتیاندایە هەرلەبەر ئەوەش بێ گەڕانەوە بۆ تەرازووی دادوەری لە كوردستان دیاردەی تۆڵەكردنەوە و كوشتن خەریكە دەبێتە حاڵەت ، هەرچەندە ئاماری روون و دان پێدراو بەردەست نییە بەڵام ئەگەر سەرنجێك لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك بدەین دەبینین لەسەر 25 هەزار دیناری عێراق و لەسەر گرتنی سەرچوۆپیوو لە سەربینینی منداڵێك لە لایەن باوكییەوە لە شاری كۆیە كە تازەترین تاوانی كوشتنە لەم هەفتەیە گەنجێكی 31 ساڵ بەدەستی مامی كە خەزوری كۆنی بووە ، لەناو ماڵەكەی خۆی دەكوژرێت ، ئەم جۆرە لە تاوانی كوشتن دەری دەخات كە گرفتێكی گەورە هەیە و حكومەت دەبێت رووبەڕووی بۆستێتەوە تا ئاسایشی كۆمەڵگە بە ئاقارێكی خراپ و لاڕێ نەڕوات .
دیاردەی تەقەكردن و چەك داری ؟
لە كوردستان وەختێك لەهەر كەسێك دەپرسی كە ئاخۆ بۆ چەكت هەڵگرتووە و پەنات بۆ ئەو ئامرازە توندە بردووە دەڵێت : بۆ خۆپارێزی و پاراستنی خۆ ، ئەم جۆرە لە دیدگا بۆ تاك لەناو كۆمەڵ وەختێك لە دایك دەبێ كە ئاسایشی ووڵات لە ئارامی و ئۆقرەی نەبێت ، جگەلەوەش بێمتمانەی و لاوازی دەزگاكانی رووبەڕووی دیاردە ناشارستانییەكان وایكردووە كە رۆژ بەرۆژ كوشتن لە ناو فەرهەنگی كۆمەڵگە خۆی نوێ بكاتەوە ، رەگی قوڵی دیاردەی چەكداری لە كوردستان بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نائارامیەی كە لەم ووڵاتە بەردەوام هەبووە و شەڕ و جەنگ بە بەردەوامی بۆتە بەشێك لەژیانی خەڵك و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی وایكردووە كە بەردەوام چەك لەدەستی تاك حزوری جدی هەبێ .
ئەوەی جێگەی باس و هەڵوەستە كردنە كە دەسەڵاتی دادوەری و تەشریعی و تەنفیزی هەنگاوی جدیان تا ئێستا نەناوە لەسەر ئەم جۆرە دیارەدە قێزەونەو بەریان بەو دیاردەیە پێ نەگیراوە ، ئێستا رۆژانە چیرۆكەكانی كوشتن و تۆڵەكردنەوە بۆتە فاكێكی قێزەون كە ژیان و ئاسایشی كۆمەڵگەی خستۆتە مەترسییەوە .