پەیڕەو ئەنوەر وابڕیارە ٣١ی ئازار هەڵبژاردنە شاراوەنییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت. سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی شار! شار چییە؟ شار کێیە؟ دیارە لە یۆنانی کۆندا شار وەک دەوڵەت City-State دەرکەوتووە. دەوڵەت شار یەکێک لە کردەکانی ناوی مەسەلەی هەڵبژاردن بووە. هەڵبژاردن بەمانای ئەوەی شار دەبێت ناسنامە، پەیوەندی، جوڵە، ئاگایی، هێز و تەناهی بۆ بەرهەمبهێنرێت! شار دەبێت گڕوپە کۆمەڵایەتییەکەی ناوی بۆ فەرمان و بەرفەرمانەکان دیزاین بکرێن. ئەسینا و ئەسپارتا لەوکاتدا وەک شار، وەک یەکە دەرکەوتوون بەڵام دوو میتۆدی جیاواز ناوەوە و دەرەوەی ئەو دوو رووبەرەی وەک شار داڕشتۆتەوە. دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت شار و شێوازی کاکردن و جوڵەکانی بگەڕێینەوە بۆ کتێبی "مێژووی جەنگەکانی پیلۆپۆنیزیای سیوسایدید". دەکرێت بڵێین شار کاراکتەرە، لەرێگەی ناسنامە و جیۆپۆلەتیک و جوگرافیاکەیەوە خۆی دەناسێنێت، ماناکانی خۆی دەگۆڕێت! هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیا هەم پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و هەمیش پڕ سەرکێشی و چارەنووسسازە. لێرە ئاڵۆز مەبەست لێی پەیوەندی نێوان مۆدێرنە و شارە! دیارە مۆدێرنە لە تورکیا زووتر لەدایک بووە لەچاو وڵاتانی تری ناوچەکە. ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە سەرەتەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا دەیەوێت شار و رووبەرەکانی نێو جەستەی لەسەر مۆدێڵی مۆدێرنەی ئەوڕوپی دابڕێژێتەوە! هەندەسەی شار لە گواستنەوە، قوتابخانە، بەندیخانە، مەسەلەی موڵکداری، دادگا، سوپا، بازاڕ و پرد و رووبەرە گشتییەکان تێکەڵ بە مۆدێرنەی ئەوڕوپی بکات! دیارە شار لە ئەوڕوپا زیاتر لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی لە پەیوەندیدابووە، شار پڕبووە لە کارخانە و کرێکار و بەندەر و یەکێتییە پیشەییەکان! بەڵام بۆ تورکیا شار لەوکاتدا مانایەکی تری دەدا، دیارە دەوڵەتی عوسمانی زیاتر مەبەستی بوو لەڕێگەی شارەوە تەمەنی ئیمپڕاتۆر و سولتان درێژبکاتەوە. لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ "شار" لە تورکیا هەم ئەرک و هەمیش ماناکانی دەگۆڕێت! دیارە یەکێک لە ئەرکەکان مەسەلەی دابەشکردنی شار و شارەوانی و چۆنیەتی بەرهەمهێنانەوەیەتی. لەدونیای مۆدێرنەدا هاوڵاتی لە شاردا ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی بژی، باشتر چێژ وەربگرێت، زیاتر دەستیبگات بە سەرچاوەکانی ستاتیکا و مۆدیلەکانی بەختەوەربوون. ئەمڕۆ لەشارە گەورەکانی تورکیادا بەتایبەت (ئەستەنبۆڵ، ئەنکەرە و ئیزمیڕ) ئەم ناسنامەیە دەبینرێت. بەتایبەت لە مەسەلەی گواستنەوە و شەمەندەفەر و سەرچاوەکانی خێرایی و رێگاوبان! دیارە ئەم خواستەی خەڵک لە تورکیا/ئەستەنبۆڵ بەگشتی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە زوو بگەن بە بازاڕ تا زوو داهات و بەشە کرێی ڕۆژانەیان بەربکەوێ. لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیدا وتەیەک هەیە دەڵێت:" ئەوەی لە ئەستەنبۆڵ هەڵبژاردن بباتەوە، لەهەموو تورکیا دەیباتەوە." دیارە ئەردۆگان دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە بەبیر ئەستەنبۆڵییەکان بهێنێتەوە کە پێشتر وەک والی چی بۆ ئەو شارە کردووە! چۆن ئەستەنبۆڵی کردووە بە پانتاییەکی زیندوو، قسەکەر، پڕ پارە و پڕ لە سەرچاوەکانی ژیان. دیارە ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا بەلایەنی کەمەوە دەیەوێت بڵێت مۆدێڵی ئەستنەبۆڵ وەک شار و حکومڕانی بۆ پارچەکانی تری نێو جەستەی تورکیا دەگوازمەوە. لەڕاستیشدا ئەستەنبۆڵ جوان و سەرنجڕاکێشە! ئەدەبیات و رۆمانەکانی (ئۆرهان پاموک) یش نەبێت ئەستەنبۆڵ هەر جوان دەردەکەوێت بەڵام مەرج نییە ئەو جوانی و ستاتیکایەی ئەستەنبۆڵ بتوانرێت لە شوێنی تر، پانتایی تر و جوگرافیاکانی تری تورکیا بەرهەمبهێنرێت.
پەیكار عوسمان ١- گرتن و لێدان بۆ ئازادیخوازان بەشێکە لە ڕێگاکە، بەڵام بۆ سوڵتە بەشێکە لە ستەمکاریی. لە ڕێگەی ئەو گرتن و لێدانەشەوە، ستەمکاریی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، ڕێگاکە بۆ ئازادیخوازان تەواوئەکات، بۆیە ڕەوتی ستەم، قەت ڕەوتی ئازادی ناوەستێنێ! ٢- دنیاکە هی هەمووانەو تەنیا عەدالەت و دیموکراسیش ئەتوانن بیکەن بە هی هەمووان، لەوە بترازێ یان دیکتاتۆرە دنیای هەمووانت بۆ دائەتاشێ، یان ئایدۆلۆژیایە وەهمی دنیای هەمووانت لا دروست ئەکات! ٣- دنیاکە هی هەمووانەو کێشەی ستەمکار ئەوەیە، وائەزانێ هێز ئەتوانێ ئەو حەقیقەتی بۆ بگۆڕێت! لەکاتێکا مرۆڤ ئەو کاتەی کە هێزو زەبری ستەمکاری بەرئەکەوێ، لە هەموو کات زیاتر تێئەگات، کە دنیایەك هەیە (هی هەمووانە) بەڵام زەوت کراوە! ٤- گشتاندن پشکی ئێمەیە لە ستەمکاریدا، ئەو کۆڵانەیە کە بە نەشارەزایی لێوەی ئەچینەوە سەر ستەمکاریی! ئازادیخوازان تا ڕێژەیی نەبنەوەو خۆیان لە گشتاندن دانەماڵن، ناکەونە سەر ڕێچکەی دروست، چونکە ئازادیخوازی پاساونیە بۆ ستەمکاریی، بەڵام ناستەمکاریی مەرجە بۆ ئازادیخوازی. ٥- مرۆڤی ئازادیخواز بۆئەوەی نەکەوێتە داوی گشتاندنەوە، ئەبێ وریابێت لە شەپۆلەکانی حەماسەت، چونکە گشتاندن چەکی کاریگەری پۆپۆلیزمە! مەسەلەن جوملەی (پێشمەرگە دزبوون.) بتەوێ و نەتەوێ ستەمکارییە دەرهەق بەو پێشمەرگانەی کە دزنەبوون. ستەمکاری و ئازادیش کۆنابنەوە، تۆ ناتوانی ستەمکاریش بیت و ئازادیخوازیش بیت. ٦- (بەرەی خەڵك) دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەو ستەمی پارتی یەکێتییە کە بەناوی هەموو نەوەتەوە قسەئەکەن. لەڕاستییا (هەموواندن) درۆیەکی ئایدۆلۆژی پۆپۆلستییەو هیچ هێزێك نوێنەری هەموو نیە، چونکە حەقیقەت ڕەنگاوڕەنگەو هیچ ڕەنگێك نیە. ٧- پێشمەرگە پیرۆزنیەو قابیلی قسە لەسەر کردنە، بەڵام ڕاگەیاندنیش پیرۆزنیەو ئەویش قسە زۆر هەڵئەگرێ ئەزانی؟! ئاخر بەرامبەر (شەرعیەتی شۆڕشگێڕی) کە خەتێکی سور نافامێ و تا ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی ڕۆشتووە، جۆرێك لە (شەرعیەتی موعارەزەیی و ڕۆژنامەنوسی)ش پەیابووە، کە ئەمیش هەر خەتی سوری نیەو تا هەمان شوێن ئەڕوا! دەی ئەوەش هەر ستەمکارییەو ناشێ ئازادیخوازیی بێت، چونکە هەردولا هەر پەتەکە ڕائەکێشن و لەو بەینەشا هەر منو تۆ ئەپچڕێین. ٨- تەسەوراتە جەماعییەکان، ئەوانەی کە کۆمەڵگاو دین و حیزب و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیا.. بۆتی دروستی ئەکەن، هەمووی ستەمکارانەن، چونکە مافی عەقڵ و بیرکردنەوەی تۆی تیا پێشێڵکراوە. تا لە دەرەوەی دیدە جەمعییەکان، بیرێکی تاکانەو خۆتانە نەکەیتەوە، ناتوانی لە ستەمکاری لادەیت و بچیتە سەر خەتی ئازادی، چونکە ئازادیی یەکەم ئازادی عەقڵە. ئازادی بەرهەمهێنانەو لە بیرکردنەوەی خۆتدا بەرهەم دێ، ئەوەی لە گروپی وەرئەگریت بەکاربردنەو وەهمی ئازادی و تەوقێکی ترە نەك ئازادی خۆی. ٩- خوارییەکان لە ئومێدەوە ڕاست ئەکرێنەوە، چونکە بەبێ ئومێد هەنگاو نانرێ.. ئومێدیش لەو وێنەیەدایە کە خۆت ئەیبینیت، نەك لەو وێنەیەی کە قەرەباڵغیی بۆتی دروستئەکات! حەشامەت بیرکردنەوەت لێوەرئەگرێتەوەو لە بیرنەکردنەوەشدا، هەمیشە تۆ دوای وێنەیەك ئەکەویت کە دواتر بۆت دەرئەکەوێ وانیە، ئیتر نائومێد ئەبیت، یەعنی ئەوسەری قەرەباڵغیی هەمیشە نائومیدییە! بەڵام بیرکردنەوە بەرەو وێنە ڕاستەقینەکەت ئەبات، ئیتر تێیئەگەیت و ڕێکارو پلانی دروستی بۆ دائەنێیت، ئیتر گەشبین و ئومێدەوارئەبیت. ١٠- مرۆڤ بە دوو قۆناغ ئەگات بە مرۆڤایەتی، خۆبوونەوەو خودناسی، ئەو قبوڵکردن و ئەو دۆستی. تاکو تاکنەبیتەوە نابی بە خۆت، تا نەشبیتەوە بە خۆت، ناتوانی ئەو قبوڵبکەیت، چونکە لە غیابی خۆتدا، ئەسڵەن تێناگەیت (ئەو) چیە بە مانا فەردییەکەی! لەناو سیاقە جەماعی و باوەکاندا، لە دیدی تۆوە، ئەو تەنیا ڕەقەمێکە بۆ قەرەباڵغی ئەوکاتەی لەگەڵتا دێتەوە. ئەو تەنیا شتێکە بۆ سڕینەوە ئەو کاتەی لەگەڵتا نایەتەوە. بەڵام کاتێ خۆت ئەچیتە دەرەوەی سیاقە باوەکان و عەقڵی خۆت لە کۆمەڵ وەرئەگریتەوەو ئەبیتە کائینێکی بیرکەرەوە، ئیتر لەوەش تێئەگەیت کە هەموو (ئەو)ێكی تر، هەر وەکو تۆ پرۆژەی کائینێکی بیرکەرەوەیەو کە جیاوازیشە تاوانێکی نەکردوە، تەنیا بیری کردۆتەوە، بۆیە ئاسایی قبوڵی ئەکەیت! بەڵام لەناو جەمعدا، تۆ تەنیا بە شەرتی لێکچوون قبوڵئەکرێیت، کە ئەوەش شەرتێکی ستەمکارانەیە. ١١- تەلەفزیۆنەکەت خامۆشکەو عەقڵت داگیرسێنە، پێش هەرشت لە ماهییەتی خودی تەلەفزیۆن تێئەگەیت، کە چ تلیاك و بەربەستێکە لەبەردەم بیرکردنەوەی تۆدا. سەیرکە چونکە تلیاکەکە لە بێ هۆشکردنی ئێمەدا نەجاحەتی هێناوە، دنیایەك قەناتی خەبەریمان هەیەو کۆمەڵێکی تریش بەڕێوەن! هەمووشیان هەر (هۆشیارمان ئەکەنەوە)!! لەکاتێکا خودی هۆشیاربوونەوە، هەر ئەوەیە کە ئەو قەناتانە لێگەڕێن و مەجالێك بدەن بیربکەینەوە. واز لە تلیاكی خەبەریی بێنە، تۆ بێئاگابیت لە خۆت ناتوانی ئاگات لە دنیابێت. ١٢- بایکۆتی قەناتە خەبەری و سیاسییەکان بووە بە زەرورەت، چونکە بەردەوام لە شەپۆلێکەوە ئەتدەنە دەست شەپۆلێکی ترو لەنێو شەپۆلیشدا، تاکە شتێك کە ناکرێ بیرکردنەوەیەو لە غیابی بیرکردنەوەشدا تاکە شتێك کە میوانە ڕقە. ١٣- دوژمن دەسەڵات موعارەزە شاشە پەرستگا.. لەوەدا سەرکەوتوبوون کە تاك و کۆمەڵی ئێمە بخەنە دۆخی بیرنەکردنەوە. دۆخی بیرنەکردنەوەش هەر ئەوەیە کە توندوتیژی تیایدا ئەگەری یەکەم و تاکە ئەگەرە، بۆیە دوو سایەقی ئێمە لەسەر هۆڕنێك یەکتری ئەکوژن! تاکی ئێمە بووە بە ڕومانەیەك، کە بەسیتترین بەرکەوتن لەگەڵیدا، وەکو وایە ئەڵقەکەیت ڕاکێشابێت! جا بۆ ئەوەی توندوتیژی ببێتەوە بە ئەگەری ئەخیرو ناچاریی، ئەبێ تاك بخەینەوە بیرکردنەوە، بۆ ئەوەش ئەبێ بڕێك هێوری بکەینەوەو لە شەپۆلەکانی وەرگرینەوە. ١٤- لەپێناو بڕێك ئارامبوونەوەو بیرکردنەوە، لەپێناو بڕێك خۆشەوسیتی (نا بۆ ئیخبار بەڵێ بۆ تۆم و جیری) ! ئاخر تۆ لەکاتی سەیرکردنی ئەفلامکارتۆندا، ڕقت لە هیچ شتێك نیە، بەڵام لەکاتی موتابەعەی هەواڵ و سیاسەتدا، تۆ تەنانەت ڕقت لە خۆشتە چجای ئەوانیتر.
ئاراس فهتاح ههرێمی كوردستان دهوڵهت نییه، بهڵام له ڕیزی سهرهوهی ئهو دهوڵهتانهیه كه تیایدا بیروڕای ئازاد به ناشرینترین شێوه پێشێلدهكرێت و پیشهی ڕۆژنامهگهریی به نایاساییترین و دڕهندهترین شێواز بهربهستی بۆدادهنرێت و ژیانی ڕۆژنامهنووسانیش له ژێر ههڕهشهی بهردهوام و مهترسییهكی گهورهدایه. لهكاتێكدا لهكۆی 348 ڕۆژنامهنووسی كه لهساڵی 2018 له جیهاندا تۆماركراون، نیوهی زیاتریان له پێنج وڵاتن: لهو ڕیزبهندییهدا وڵاتی چین پلهی یهكهمی بهدهستهێناوه و ژمارهیان دهگاته 60 رۆژنامهنووس، توركیا له ڕیزبهندی دووههمه به 33 رۆژنامهنووس، له ئێران 28 و له سهعودی عهرهبییش 28. گهر ئهم ژمارانهی ڕاپۆرتی ساڵانهی ڕێكخراوی Reporters Without Borders „پهیامنێرانی بێسنوور“ به دروست وهربگرین، ئهوا دهبێت ههرێمی كوردستان بخرێته ڕیزبهندی ئهو دهوڵهته دیكتاتۆرییانهی كه كاری ڕۆژنامهگهریی و ژیانی رۆژنامهنووسان تیایدا له مهترسییهكی گهورهدایه. بهپێی راپۆرتی ساڵانهی دهزگای میترۆ تهنها له ساڵی 2018دا ژمارهی ئهو پێشێلكارییانهی كه له ههرێمی كوردستاندا دژ به ڕۆژنامهنووسان و دهزگاكانی ڕاگهیاندن كراون، 349 حاڵهت بوون. لهناویشیاندا ژمارهی ئهو ڕۆژنامهنووسانهی كه بهبێ بڕیاری دادگا دهستیان بهسهردا گیراوه دهگاته 24 ڕۆژنامهنووس و ئهوانهی كه به بڕیاری دادگاش دهستگیركراون 17 ڕۆژنامهنووسن. گهر ههردوكیان پێكهوه ئهژماربكهین، ئهوا تهنها له ساڵی 2018دا كۆی ژمارهی ئهو ڕۆژنامهنووسانهی كه له ههرێمی كوردستاندا به نایاسایی و به بڕیاری دادگا دهستگیركراون دهگاته 41 كهس. به پێی ئهو ژماره و ڕاپۆرتانهی كه لهبهردهستدان، دهسهڵاتدارێتی سوڵتانیی ههرێمی كوردستان له ڕیزبهندیی پێشێلكارییهكان دژ به ڕۆژنامهنووسان و پیشهی ڕۆژنامهگهریی له ڕاپۆرتی ساڵانهی جیهانییدا پلهی دوو له سوڵتانیزمی نوێی توركیا دهسهنێتهوه و دهكهوێته دوای دهوڵهتی چین. بهلهبهرچاوگرتنی كهمیی ژمارهی دانیشتوانی ههرێم بهرامبهر به ههردوو وڵاتی چین و توركیا، ئهم داتایانه وێنهی ڕاستهقینهی دهسهڵاتدارێتی ههرێم له بواری پێشێلكاریی بهرامبهر به مافی بیروڕا و ڕاگهیاندن بهرجهستهدهكهن. بهبۆچوونی من ئهم دۆخه مهترسییداره تهنها ههردوو دهسهڵاته سوڵتانییهكه لێی بهرپرسیار نین، بهڵكو ههموو هێزهكانی دهرهوهی ئهم دهسهڵاتدارێتییه بهپرسیارن له بهردهوامیی و زۆربوونی پێشێلكاریی دژ به بیروڕای ئازاد بهتایبهت و پیشهی ڕۆژنامهگهریی به گشتیی. ئهخلاق و بهرپرسیارێتیی سیاسیی دروست ئهوه نییه ههر لایهنه و خهریكی بڵاوكردنهوهی ههواڵ و كۆششی ئازادكردنی ئهو كهس و ڕۆژنامهنووس و چالاكوانانه بێت كه به سهر به خۆیانن، بهڵكو ئهخلاقی سیاسیی بهرپرسیار ئهوهیه كه ئازادیی ڕادهبڕین وهكو مافێكی گهردوونی ببینیت و ههڵسوكهوت لهگهڵ ڕۆژنامهگهریی وهكو پیشهیهكی پاڕیزراو بكهیت و ههموو پێكهوه دژ بهم دۆخه شهرمئاوهره و پاشاگهردانییه بوهستنهوه. ئاساییشی ههرێم بهوه ناپارێزێت كه كۆی سیاسهت كرابێت به كردهیهكی موخابهراتیی و ئاساییشی وڵات و پیشهی ڕۆژنامهگهریی و ژیانی ڕۆژنامهنووسان و چالاكوانانی كۆمهڵگای مهدهنیی له مهترسییدا بن، تۆش سهلار و بێدهنگ خهریكی دروستكردنی كابینهی حكومهتی داهاتوو بیت. دۆخی مهترسییداری ههرێمی كوردستان تهنها ئهو ڕاستییه نییه كه مافی ڕادهربڕین و دهستكهوتنی زانیاریی و پیشهی ڕۆژنامهگهریی و ژیانی ڕۆژنامهنووسان له مهترسییدایه، بهڵكو ئهو حهقیقهته تاڵهشه كه ئۆپۆزیسیۆنی ههرێم تووشی ئهلزهایمهری ڕۆشنبیریی بووه و ئهو ڕاستییهی بیرچووهتهوه کە ھیچ ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بەبێ بوونی میدیایەکی ئازاو سەربەخۆ بەتەنھا شەڕی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی بکات.
سەردەشت عەزیز ئهمڕۆ وهزارهتی گواستنهوهو گهیاندن هۆكاری خراپی هێڵی ئینتهرنێتی گهڕاندوهتهوه بۆ چهند خاڵێك كهبهكورتی سهرنج دهخهمه سهریان: یهكهم: دهڵێت بههۆی ئهوهی دهستهی راگهیاندن و گهیاندنی عێراق(CMC) داوای كردوه، كۆمپانیای هواوی لهگهڵ فاست لینك گرێبهستی ههڵوهشاندوتهوه گرفتی خاوی بۆ ئینتهرنێت دروست كردوه. بۆ زانیاریتان پێرێ (٢٨-١) بهشێوهیهكی فهرمی وهزارهتی دادی ئهمهریكی ٢٣ تۆمهتی ئاڕاستهی هواوی كرد كه ١٣ لهو تۆمهتانه پهیوهندی بهوهوه ههیه هواوی بهبێ گوێدانه سزاكانی سهر ئێران و داواكاریهكانی ئهمهریكا گرێبهستی لهگهڵ ئێران كردوه، بۆیه ئایا هواوی بۆ دهچێته ژێرباری بڕیاری CMC عێراقهوهو ناچێته ژێرباری بڕیاری ئهمهریكاوه؟ . دووهم: دهڵێت خهتای مزگهوتهكانه ئامێری وهستاندنی تۆڕهكانی پهیوهندیان ههیه! مزگهوت خۆی بهدهست تهلهفۆنی نوێژخوێنانهوه لهكاتی نوێژدا گیری خواردوه لهكوێ گرفت بۆ ئینتهرنێت دروست دهكات، باشه ئهم ئامێرانه گهر ههن بۆ ئهو تهلهفۆنانه بێ شهبهكه ناكهن، یاخود لهناوحهوشهی مزگهوت تهلهفۆن بكهن بزانن ئهو جیهازانه تا ناو حهوشهی مزگهوت دێت تابگاته گهڕهكێك. بهكورتی: گرفتی خراپی و خاوی ئینتهرنێت مزگهوت و CMC نیه بهڵكو فاشلی كۆمپانیاكانه، گرفتی گهورهی كۆمپانیاكان دابهشكردنی ئینتهرنێته بهشێوهی (هاوبهش) واته لهناوچهیهك یان بورجێك ههتا كهسێك زیاتر ئهو هێڵه بهكاربهێنێت تۆ بهشت كهمتر دهكات و خهتهكهت خاوتر دهبێتهوه، بۆ چارهسهری ئهم گرفتهش گهر كۆمپانیاكان ناتوانن ئهم شێوازه خراپ و كۆنه بگۆڕن بهلای كهمهوه دهبێت كۆمپانیاكان چاودێری ناوچهو بورجهكان بكهن و لهكوێدا زهخت ههبوو لهوێدا باڵانس دروست بكهنهوه چ بهدانانی بورج بێت یان به بههێزكردنی ئینتنهرنێت، ههربۆیه ههموو كۆمپانیاكانیش سهرهتا خهتهكانیان زۆرباشه بهڵام ههتا بهكارهێنهر زیادبكات خراپتر دهبێت. تێبینی: - هۆكاری تهكنیكی زۆرن بۆ خاوی خهتی ئینتهرنێت، بهڵام زۆربهی كۆمپانیاكانی ئینتهرنێت پێش ئهوهی ئهم گرفتانهیان ههبێت ههر خۆیان فاشیلن و تهنها ئامانجیان پاره كۆكردنهوهیه. - بۆ دانانی ئهم پۆسته ۲۰ دەقەم پێچوە کەخەتەکەم فاست لینکی ۳۹ هەزاریشە. 😡
جۆیس كەرەم ئامانجی بنەڕەتی سەردانەكەی ئیلهام ئەحمەد، سەركردەی كورد و سەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی بۆ واشنتۆن، قایلكردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ پەلەنەكردن و دواخستنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، كە تا ئێستا خشتەو بەرنامەی كشانەوەكە نادیارە و بەندە بە ئاڵۆزیی دانوستانەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتۆن و هەموو لایەنەكان. ئیلهام ئەحمەد، رۆژی سێشەممە 29ی كانونی دووەم، لە كۆڕێكیدا لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دوورودرێژی باسی لە هەڵوێستی دژی كوردەكان كرد بۆ هەر ناوچەیەكی ئارام كە لەژێر كۆنترۆڵی توركیادا بێت، لەگەڵ رەتكردنەوەی هەموو بونێكی توركیا، هەتا ئەگەر لە چوارچێوەی چاودێرانی نێودەوڵەتیشدا بن لەو ناوچانەی كە ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان. هەروەها ئیلهام ئەحمەد وتی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بێ دوودڵی لێكتێگەیشتن لەگەڵ رژێمی ئەسەد دەكات لە حاڵەتێكدا كە رێككەوتنی ئەمریكا- توركیا بەدیبێت، سەرەڕای جیاوازیو ناكۆكی نێوان هەردوولا ( كوردەكان و ئەسەد) دەربارەی دۆسیەی ئۆتۆنۆمیی و دەستور و گۆڕانكاری لە سوریا. گرنگترین بابەت كە لە كۆتایی كۆڕەكەیدا ئیلهام ئەحمەد باسی كرد ئەوەبووە كاتێك رایگەیاند ترسی گەورەی كوردەكان رێككەوتنی نێوان ئەسەد و ئەردۆغانە، كاتێك تیشكی سەوز بۆ دیمەشق هەڵبكرێت بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكاتە سەر ئیدلبو رێگەش بە ئەنكەرە بدرێت دوای كشانەوەی ئەمریكییەكان بێتە ناوچە كوردییەكان. رەنگە روسیا دژی ئەم جۆرە لە رێككەوتن بێت، هەروەها پێشبینیشناكرێت بێتەدی بەرەچاوكردنی ناكۆكی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان و وانەكانی مێژوو دەربارەی نەكشانەوەی توركیا لەو ناوچە سنورییانەی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ رژێمدا دەچێتە ناویانەوە، هەروەها وادەرناكەوێت كە ئەسەد پەلەی بێت لە گەڕاندنەوەی ئیدلب، بە تایبەتی دوای سەركەوتنی بەرەی نوسرە " هەئیەی تەحریری شام" لە ئیدلب، ئەسەد زیاتر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی بەلاوە گرنگترە. لەگەڵ ئەوەدا، لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی ئەمریكا, كێشەی هێزە كوردییەكان لە سوریا و كەمی بژاردەكانی بەردەمیان دەركەوتن، رێككەوتن لەگەڵ توركەكان كە كۆتایی بە ئاسۆو دیدی سیاسییان دەهێنێت، یان رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد كە بە هەمان ئەنجام دەگات. بژاردەی نمونەیی بۆ كوردەكان ئەمڕۆ بریتیە لە دواخستنی پاشەكشێكی ئەمریكا و پتەوتركردنی پێگەی مەیدانی و سیاسییان وەك دەستپێكێك بۆ رێككەوتنێكی داهاتوو بە چاودێری نێودەوڵەتی كە بەرژەوەندە سیاسییەكانیان بپارێزێت. دواخستنی پاشەكشێی ئەمریكا لەم قۆناغەدا، ئامانجێكی ئەستەم نیە، واشنتۆن سەربازەكان لە خۆرهەڵاتی سوریا پاشەكشێ پێنەكردووە، بەڵكو زیاتری كردون، وەك سەرەتایەك بۆ پاشەكشێی هێزەكان كە خشتەو بەرنامەكەی رانەگەیەندراوەو شێوازێكی روونیشی نیە، هەروەها ئەو پاشەكشێیەی كە ترەمپ رایگەیاندووە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی بوەتەوە، نەك تەنها لە لایەن ئەو بەرپرسانەی ئیدارەكەیەوە كە كاروباری دۆسیەی سوریا بەڕێوەدەبەن، بەڵكو، لەلایەن ژەنەراڵەكانی فەرماندەیی ناوەندیی سەربازی و سەركردایەتی كۆمارییەكانی كۆنگرێسیشەوە. سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران میچ ماكۆنێل دەستی بە جموجوڵ كرد و هەمواركردنی پرۆژە بڕیارێكی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو كە تەگەرە دەخاتە بەردەم هەر پاشەكشێیەكی خێرا لە سوریا، یان لە ئەفغانستان، هەروەها ئیدارەی ئەمریكی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لە رێگەی جەختكردنیەوە لەسەرئەوەی كە دەرچوون لە سوریا رێكخراو پلان بۆداڕێژراو دەبێت و رەنگە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت. بژاردەیەكی تری بەردەم كوردەكان بریتیە لە رێككەوتنێك بە چاودێری روسیا، بەڵام لە سایەی نەبوونی ئامادەگی مەیدانی تەواوەتی لەسەر زەوی، ئەم رێككەوتنە هیچ ئاسۆیەكی نابێت بەبێ چاودێری رژێمی سوریا، هەروەها جەختكردنەوەی مۆسكۆ لە رەزامەندی لەسەر گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەدەنەی واژۆكراو لە ساڵی 1998، كە رێگە بە توركیا دەدات بێتە ناو سوریاوە، قەیرانی هێزە كوردییەكان سوریا قوڵتردەكاتەوە، كە دژی گەڕانەوەن بۆ بەندەكانی رێككەوتنی ئەدەنە و هەر بوونێكی توركیا لە ناوچەكانیاندا. كێشەی كوردەكان لە سوریا خۆی لە كەمی بژاردەكانی بەردەمیاندا دەبینێتەوە، لەگەڵ نەبوونی گەرەنتی راستەقینەی ئەمریكی لە دەرەوەی كۆنگرێس، كاری لەپێشینەی ترەمپ بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكان و مۆركردنی گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئەردۆغان لەبەرامبەر گۆشەگیركردنی روسیا لە سوریا، لەم هاوكێشەیەدا توركیا دەستی باڵای هەیە لە رێگەی گرنگی رۆڵی لە جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەدا. لە هەمان كاتدا ترەمپ بە چەند كێشەیەك گەمارۆدراوە، لەوانە دابەزینی ئاستی جەماوەریی لە ناوخۆدا، بووونی ئۆپۆزسیۆن لەناو حزبەكەیدا، هەروەها جەختكردنەوەی دانیاڵ كۆتس بەڕێوەبەری هەواڵگرییەكەی كە رێكخراوی داعش خاوەنی هەزاران چەكدارە لە سوریا و عێراق كە بەرەو بزوتنەوەیەكی یاخیبوون وەردەچەرخێن. دواخستنی پاشەشكێی ئەمریكا دوورنیە، كە رەنگە هەل بۆ كوردەكان بڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی كاتی زیاتر و دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەنكەرە لە پێگەی بەردەوامیی بوونی ئەمریكادا، نەك بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی تیایدان.
زانا توفیق بەگ چەمکی دەوڵەتی نەتەوە سەرچاوەکەی برتیــــــیە لە (سەروەری و هێز) واتـــــە دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتــــەوە سەرچـــاوەکەی دە گەرێتــــەوە بۆ دروســــتکردنی هێزێکی توکمە بۆ مۆنۆپۆڵ کردنی دەسەڵاتی ئاسایش و ئابووری لە ووڵات دا. ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ دەوڵەت چونـــــکە لەناو دەوڵەتی نەتــــــەوە دا هیچ هێزێکی تر بۆی نیە خاوەنــی دیدێکی جێاواز بێـــــت ، واتـــــە بـواری چاودێری کردن کورت دە بێتـەوە بۆ تەســویق کردنی کارەکانـــی دەوڵـــــەت. هەمیشە تێگەیشتنی خۆم وا بووە کە لە ناو هەر دەوڵەتێکی نەتەوەدا جۆرێك لە میــولی بڕیـــاری تــــــــاك لایەنـــەی شــمولـــــــی بوونــــــی هـــــەیـــە تەنانــەت ئـــەگــــەر چوارچێــــوە سیاسێکەی دەوڵەتی نەتەوە هەڵگری شوناســی پرنسیپەکانــی سیـــستەمــی دیموکراسی و چەمکە کانی دەوڵەتی مەدەنی بێت . چەمکی دەوڵەتی هاووڵاتی ، لە دوای ڕووخانی بلۆکی سوشیالستی و کرانەوەی بازاڕی ئازاد و دروست بوونی کەپیتاڵیزمی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕا واتــە چەمکی دەوڵەتی نەتەوە بە هە موو لێکەوتە خراپ و باشە کانی یەوە گوڕا بۆ دەوڵەتی هاووڵاتی واتە ئەگەر لە ژەوڵەتی نەتـەوەدا چەقی ملــملانێ بریــتـی بێت لە پاراستنی شکۆی دەسەڵاتی سیاسی یان سیستەمەکە، بەڵام لە دروسـت بوونی دەوڵەتی هاووڵاتــی سەنتــەری ململانێــکان بریتــی دە بێت لە خزمـــەت کردنی تاك لە چوارچێوە سیستەمی سیاسی و یاسای دا. لێرەدا بۆ تێگەیشتن لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئینسانی کورد ئایا ئمڕۆ پێویستمان بە چ چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەت هەیە وە کاریگەرێکانی بۆ ئێستاو داهاتوو چۆن دە بێت وە هاوکات بەرکەوتەکانی لەگەڵ کرانەوەی دنیا دەرەوە دا کە پێ دەوترێت دنیــای (گلۆبال) چۆنــە، شیکردنەوە و ڕاڤــە کردن لەسەر مەناخی سیاسی و کەلتووری چۆن دە بێت. بۆ کۆکردنـەوەی هە مـوو ئــەگەرەکانی هــەردوو چەمکــەکە دەکرێــت لە چەنــد خاڵیکی سادە دا ڕوونی بکە ینەوە کام لەم دوو چەمکە گونجاوترن بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان. ١. دەوڵەتی نەتەوە هە میشە هەوڵی دروست کردنی هەیکەلێکی بە هێز دەدات لە ڕووی سەربـازی و هێــزە وە. واتــە هە موو ایرادەکانــی دەوڵــەت دەخرێــــنە خزمەت هە یبەت نوخبەی سیاسی و سەروەری دەوڵەتەوە . ٢. دەوڵەتــی هاونیشتمانی هە مــوو کێشەو و ئــاڵۆزی و دەردەشــەکـانی بــە دوای چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری و سیستەمێکی بەڕیوەبردنی گونجاو دەگەڕێت، هەروەها هەوڵــی دروســت کردنی خوشــگوزەرانی بۆ تــاك دەدات واتە تە نــها سەروەری لە دەوڵەتـی هاووڵاتی بریتیە لە پاراستــنی کەرامەتی ئینــسانەکان نەك سیستەمی سیاسی. ٣. هە میشە لە دەوڵەتــی نەتــەوە ، بڕیارە سیاســێکانی تە نها نوخبــەیـەکی تایبەتی دیاریکراو بڕیاری دەدات بە ڵام لە دەوڵـەتی هاونیشتمانی کۆمەڵێـک لایەن و هێزی گەمەکەری نوێ دە بنە بەشێك لە دروست کردنی بریاری سیاسی واتە کۆی گشتی کایەکانی کۆمەڵگا دەبنە بەشێك لە دروست کردنی بڕیـــاری سیاسی لە ڕێـگــەی دامــەزراوە یاســای و مەدەنی و نقابەکانــەوە، هاوشــێوەی ووڵاتانی ئــەوروپا رۆژئاوا واتــە هاوشێــوەی گردبوونەوەیــەکی فرە ڕەهەنــدی جیاواز بۆ دروست کردنی بڕیاری گرنگ لە ناو دەوڵەت دا دروست دەبێت. ٤.دەوڵەتـی نەتــەوە هە میــشە هە مـوو سەکــتەرە گرنگەکانی بچـووك و ســـــادە دەکاتەوە بۆ پیرۆزی سیمبولی سیاسی لە ناو دەوڵەت دا . بـە ڵام لــە دەوڵەتـی هاووڵاتــی ئەولیاتـــی سیاسی بریتــــی دە بێـــت لە دروست کردنی پـرۆژەیەکــی دەستە جەمــعی پێچەوانـــەی دەوڵەتـــی نەتـــەوە چونکە لە چەمکـــی دەوڵەتی نەتەوەدا وەکو چە مکێکی رادیکالانە تاك پەرستی سیاسی تەقدیس کراو خۆی نمایش دەکات لێرەوە دە توانین جیاوازێکە بە سـانای ببینـــین بزانین کامیان باشترین نمـــونەن بۆ ئێمە دوو وێنەی پراکتیزە کراومان هەیە ئەیش بریتیە لە تەجرەبەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ووڵاتانی یەکیتی ئەورپا کامیــان لە بارترو گونجاو ترن بۆئێمەی کورد لە داهاتوودا .
ئەنوەر حسێن (بازگر) بەرەی ڕزگاری فەلەستین - یاسر عەرەفات چیلێهات؟ پارتی گەلی كۆماری توركیای – كەمال ئاتاتورك بۆ وایلێهات؟ حزبی تودەی ئێرانی – كیا نوری بۆ كەوت؟ حزبی شیوعی عێراقی – فەهد، بۆ پاشەكشەی كرد؟ پارتی گەلی هیندستانی – بێهێز بوو؟ یەكێتی نیشتمانی كوردستان – ئەم ئەزموونانەی لەبەرچاوە، ئەو حزبەی "شكستی بە شكستدا" و "بەگژ تۆتالیتاریزمی بەعسدا چووەوە" و "تاكە حزبی بیست ساڵی شۆڕش، حەماسەت، مقاوەمەت و ئەنفالەكان بوو" و "داینەمۆی بەرهەمێهێنانی دیموكراسی، ئازادی، شەهید بوون و عەدالەت بوو" و "گوێی لە رەخنەی دڵسۆزانە دەگرت" و "هیچ جوڵەیەكی سیاسی، دبلۆماسی و عەسكەری بێ ئەو نەدەكرا"، كەچی ئێستا پڕە لە قەیران، گرفتی ستراتیژی، پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی و ناكاریگەری گوتاری یەكگرتوویی، نەبوونی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ناعەدالەتی. پرسیاری گرنگ ئەوەیە یەكێتی، كە دەبوو حزبی یەكەم بێت، كە نییە...! هەر ئینشیقاقێك ڕوودەدات، پڕیشكێكی بەر ئەم دەكەوێت، كار و ئاكار و پرەنسیپ و مانیفێستی جەلالیزم، كە دەبوو مانفێستۆی حزبەكە بێت، پراكتیزە ناكرێت، دەبوو كۆنگرەكان لە كاتی خۆییدا بگێرێت، وەكو ئەزمونی دیموكراسی ناگێرێت، ركابەرەكانی تا دێت بەهێز دەبن و ناوەندگەرێتی تێدا بەهێزترە، چینی ناوەندی فەرامۆشكردوە كە سەنتەری حزبی سۆسیال دیموكراتە، ناوەندی سەردانە دبلۆماسییەكان نییە و فرۆكەخانەكانی تەنها گەشتی ئابوری و گەشتوگوزاری پێدا دەڕوات كە دەبوو مەیدانی گەرمی دبلۆماسی بووایە. سەرمایەدارەكانی كوردستان زۆرینەیان، بەبێ دەنگی پاڵیان داوەتە حزبی تر و باس لە بازاڕی ئارام و پاراستنی سەرمایەكانیان دەكەن. میدیاكاران ڕوودەكەنە كەناڵ گەلێك، كە هیچ پەیوەندی بە ئارمان و ستراتیژییانەوە نییە، جگەلە پارەیەكی زۆر و كەناڵی زۆر و زەوەند. یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكسانە بە بەردەوامی دیموكراسی، ئازادیی میدیا و سیاسی، ڕێزگرتن لە بوونی ئۆپۆزسیۆن و فرەیی و جیاوازییەكان. بەڵام ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی سەرەوە، یەكێكە لە خەونی ئەو خاوەن ئەڵتەرناتیڤەی كە زۆر لە مێژە خوازیاری ڕاگەیاندنی مەرگی یەكێتی یە، تا بە تاجە گوڵینەی فرمێسكی تیمساحاوی لە حزورییدا بوەستێت و فاتیحای بۆ بخوێنێت، كە دڵنیام ئەم داڵە چاو تەنگانە، هەرگیز ئەو مەرگە نابینن. بەڵام لە هەموو كەس باشتر كە درك، بە مان و وجودە حەتمییەكان دەكات هەر خودی یەكێتی یە، كە دەتوانێت لەپێنج ساڵی داهاتوودا، شایی و شادی ئاهەنگی سەركەوتن و یەكگرتنەوەی هێزگەلی تر بگێڕێت، چونكە ئەخلاقییەتی سیاسی و مۆڕاڵی جەلالیزم ڕێگا نادات، فاتیحا بۆ مەرگی هیچ هێز و سەركردەیەك بخوێنێت بۆ نەیارەكانی. بەڵام سەركەوتن و دەربازبوون لە قەیران، شكست، پاشەكشە، هەڵە و كەمووكوڕی و ناعەدالەتی تەنها بڕیار و هەڵوێست و ئیرادەی پۆڵاینی بەسە.
لاوك سەڵاح زیاتر لە چوار مانگە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، سەرنجێکی خێرا بە شێواز و پرۆسەی گفتوگۆکان چەندان شتت بۆ دەردەخات؛ لەوانە ئەکتەرە سیاسییەکان ناتوانن ببنە بەشێک لە بەرنامە سیاسییەکانی ئاییندە. بۆ ئێمە وەک کۆمەڵگە و نەتەوە، رابردوو ئەو بۆکسەیە کە خۆمانی تیا بەند دەکەین لە کاتێکدا ئاییندە ئەو پانتاییە کە توانمان نییە مەزەندەی بکەین، تۆ تەماشای قسەی رۆژانەمان بکەن ئەوەندەی گێرانەوەیە ئەوەندە قسەکان لەسەر ئاییندەیە نییە. هەر بۆیە لە گێرانەوەی نەهامەتییەکان ناکەوین تا متمانە بینابکەینەوە. ئەمە خەسڵەتی سیاسی ئێمەیە. بەداخەو، ئەمە سیاسەت کردن نییە، بێ ئاگایانە، رەنگدانەوەی رەفتاری کۆمەڵایەتی و باری دەروونی کەسایەتییە سیاسیەکان و کەلتوورێکی سیاسیی دیاریکراوە نەوەک رەفتاری سیاسی پیشەیی. ئەکتەرە سیاسییەکان گرفتیان لەگەڵ پرۆژە سیاسییەکاندا نییە، گرفتیان لەگەڵ کەسایەتی یەکتردا هەیە. ئەو ئیرادە سیاسییە زۆر دەگمەنە کە ملمڵانێ کەلتوورییەکان تێدەپەرێنێت بۆ دارشتنی هێڵە ستراتیژییەکانی بیناکردنەوەی هەرێم وەک چەترێک بۆ هەمووان. رەنگە ئەم دەستەواژەیە ئاسایی و سادە و وەک دروشمی سیاسی بێتە بەرچاو بەڵام "بۆ هەمووان" واتە هێنانەکایەی کەلتووری لێبوردەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت هەلی ئابووری یەکسان بۆ پێکەوە کارکردن. ئەوەی روودەدات بەرجەستە بوونی پەرتەوازەییەکی بێ ئەندازەیە کە نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێک، ئەم دۆخەی هەیە خۆقایم کردنەوە و توندکردنەوە دەخوازێت لە بەردەم هەرەشە جیاوازەکاندا. هەندێک لە هەرەشەکان سیاسییە وەک هەرەشە ئیقلیمییەکان، شێڵادزێ وەک نموونە، هەندێکیان ئابووریین وەک داخوازییەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە دەڵێت من قسە لەگەڵ کێ بکەم؟ دەڵێن یەک دامەزراوەی شەرعی لە کوردستاندا نییە من مامەڵەی لەگەڵ بکەم، نە ئەنجومەنەکانی پارێزگا، نە پارێزگا خۆی، نە پەرلەمان، نە ئەنجومەنی وەزیران و نە سەرۆکایەتی هەرێم، هەموویان سووری ژیان و کارکردنیان تیا وەستاوە. دیسانەوە، دەیڵێمەوە پرۆگرامی تۆکمەمان دەوێت، پێداویستەکان روون و ئاشکران، پرۆگرامەکان ئاسانە دارشتنیان، کێن ئەوانەی پابەند دەبن و راستگۆیانە ئەمە هەرێمە سەردەخەن و شوناسێکی فراوانی پێدەبەخشن لە دەرەوەی پانتاییە داخراوەکانی پارتی سیاسی کوردی و ئەو کەسانەی خۆیان بە موقەدەس دەزانن. گرفت نییە چ سەنگەرێک هەڵدەبژێریت، حکومەت یان ئۆپۆزیسیۆن بێت، راستگۆیی لە هەڵچنینی سەنگەر و بەرەدا نییە، راستگۆی لە زانینی کاری هەریەکەیانە، بەجی دەچێت لە بەریەکدا بیت پیشەکەی نەزانیت! ئەگەر کاری حکومرانی هەڵدەبژێریت دەبێت خاوەنی خیتابێکی راشکاو بیت، خاوەنی ئامانجی ستراتیژی روون و ئاشکرا بیت و کەسانی بە توانا پشتت بگرن، حکومڕانی داپەروەر تەنیا لەسەر بنەمای خوێن ناڕوات بەرێوە، لە هەڵەکردندا، جورئەت ناکەیت سزای خوێنی خۆت بدەیت، بۆی دادەپۆشیت، هەروەها حکومڕانی بە نەوەیەکی ون بوو و پەرتەوازەش ناکرێت کە سەرکێشانە سەرچاوە مرۆییەکانی وڵات بەهەدەر دەدەن وخەڵک برسی دەکەن. ئەگەر سەنگەرێکی دیکە هەڵدەبژێریت دوور بکەوە لە جنێو و تۆمەت بەخشین، خۆناساندنی سیاسی بە شکاندنی بەرامبەر نابێت، خۆناساندن بە پرۆگرامی سیاسی ئەلتەرناتیف دەبێت، پێویستت بە زەمەنێکی فراوانە بۆ ئەوەی میراتی سیاسی دروست بکەیت و پیادەی بکەیت و متمانەی خەڵک بە دەست بێنیت، تەمەنێکت دەوێت بۆ ئەوەی لە لاسایی کردنەوە خۆ بە دوور بگریت و خاوەنی دەنگی خۆت بیت و دونیا بە باشی تێبگەیت هەر لە فێربوونی زمانی ئینگلیزییەوە تا پرۆگرامە دارایی و پرۆژەکانی پەرەسەندی ئابووری و کارە رەواکانی بانکەکان و پرۆژەکانی بوژاندنەوەی ژێرخانی کۆمەڵگە. با بە ئاسانی نەکەوینە تۆمەت بەخشینەوە و هەڵچنینی سەنگەری پر وەهم. گرفتمان لەگەڵ پەیرەوەی ناوخۆی هیچ پارتێکی سیاسیدا نییە، گرفتمان لەگەڵ ئەوەدایە کە پارتە ساسییەکان پەیرەوە سیاسییەکانی خۆیان پیادە ناکەن. کاری سیاسی دروست بۆ ئەمرۆ نییە، بۆ بیانکردنی سبەینێیە، هەر لەبەرئەوە دەبێت بەرنامەکان و پەیرەوە ناوخۆییەکان زیندو و تەندروستبن تا ببنە سەرچاوەی کاری سیاسی پڕ پرۆژە، ئەگیانا دونیا بێ مروەتە وفانییە، ئەوە ناهێنێت، کاری باشت پێنەکرێت، کاری بەد و خراپە مەکە. ئەوەی روودەدات کەلتوورێکی کەسایەتی سیاسییە، واتە ململانێی برێکزتی برتیانیا نییە بۆ مانەوە لە ناو یا هاتنە دەرەوە لە ئەوروپادا، کە هەردووکیان دوو دیدی سیاسی جیاوازن لەسەر بنەمای میراتێکی سیاسی و میژوویی پتەو و دیاریکراو دامەزراون، یەکەمیان پارتی پارێزگاران و دووەمیان پارتی کرێکاران. ئەوەی لە لای ئێمە دەگوزەرێت، خۆزگە، ئارگیومێندی دامەزراندن و بیناکردنی هەرێم دەبوو. بەداخەوە، لە هەستیارتیرن کاتدا، هەندێک لە سیاسییەکان کەسەکان پیرۆز دەکەن بە بێ ئەوەی ئەوانە یەک سوودیان بۆ مێژوو و کەلتوورو میراتی سیاسی هەبێت. پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، جۆرە تەمرین و تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ پارتە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە، لە وەچەرخانێکی سیاسی نوێدایە کە خۆی لە گۆرانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبینێتەوە، لە ململانێ سیاسییە-کەلتورییە ناوخۆیەکاندا دەبینێتەوە، لە قەیرانە ئابووریەکاندا دەبینێتەوە. خۆزگە ئەم ململانێیە شەری دیدی سیاسی و پرۆژەی سیاسی دەبوو. گرفتەکە قبوڵ نەکردنی یەکترە، دۆخە سیاسییەکە ئەوەندە ئالۆز بووە، متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکیەکاندا نەماوە و کاتێکی کەمیان لەبەردەمدایە بۆ سارێژکردنی هەڵە و پێشبرکێ نارەواکان. ئێمە حکومڕانییەکمان لە هەرێمێکدا دەوێت کە ئازادی بە بەرپرسیارەتییەوە فێری هاوڵاتییان بکات، بە مانای ئەوەی کە حکومڕانییەکی دادپەروەر بێت، بۆ پرۆسەی بیناکردنەوەی بەها مرۆییەکان بێت. حکومڕانییەکمان دەوێت کە کوری پارتی سیاسی و کوری عەشیرەت و کوری بەرپرسی حزبی و مامۆستایەک و دکتۆرێک و کارمەندێکی دەوڵەت وەک یەک پاداشت و سزا بدات. حکومڕانییەکمان دەوێت وردە وردە دوور لە رۆمانسیەتی سیاسی و شۆرشگێریی بەتاڵ بنەماکانی هاوڵاتیبوون وردە وردە بخاتە کەلتووری سیاسییەوە. رەنگە کەسێ لە ناو عەشیرەتێ یان پارتێکی سیاسی یان خوێنەواری ناو گروپێک هەڵکەوێت ئەو کارە بکات! ئێمە حکومڕانییەکمان دەوێت ژینگە بپارێزیت و لە جەندەر تێبگات و مافی کرێکار دابین بکات و یاسای سەندیکاکان بەرجەستە بکات و ماف و شکۆی کارمەندە لۆکەڵەکان لە بەردەم رێکخراوە بیانییەکان بپارێزیت و مافی ژنە بێدەستەڵاتەکانی ناو خێزان بەدەست بێنێتەوە و دەرمانی خەستەخانەکان ساغبکاتەوە و شکۆی دادگاکان بگەرێنێتەوە و دۆخی زیندانەکان تەندروست بکاتەوە و دادپەروەری لە پرۆژە ئابوورییەکان و یاسا کۆمەڵایەتییەکان بچەسپێنێت و بنەما سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە بەرگی خۆمان دادورێت و چاوەڕێی بێگانە و رۆژئاواییەک نەبێت فێری رەوشت و یەکسانی ئافرەت و پیاومان بکات. حکومڕانییەکمان دەوێت مرۆڤدۆست بێت وکەرامەت و شکۆی چوار ملێۆن کەس بپارێزیت و وەک بەشەر مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
شنۆ عوسمان ئەوەی خاوەنی خەباتی پێشمەرگایەتی بێت دەزانێت ئێوە کێن و ڕۆژگارێک چیتان بۆ سەربەرزبوون و خۆڕاگری ئەم میللەتە کردوووە، دەزانێت چەندە برسێتی و نەھامەتییتان چەشتووە، دەزانێت بەدەست بێ دەرمانی و نەبوونی چارەسەر لەکاتی نەخۆشکەوتنی خۆتان و ماڵ و منداڵەکانتاندا چەند ڕۆژتان بەسەربردووە، لەساتەوەختی تاریکی شەواندا ئومێدی ڕووناک بوونەوەی رۆژێکتان خواستووە، ھەڵە نیم ئەگەر بڵێم زۆربەی رۆژنامەنووسانیش لەھەستی ئێوە تێدەگەن کە چەندە بۆتان گرنگە رێز لە ماندووبوونی ساڵانی رابردووتان بگرین. ڕێزگرتن لە خەباتی ئێوە رێزگرتنە لە ڕابردووی ئێوە ڕێزگرتنە لە شۆڕشێک ئاوێتە بەخوێن و ئەنفال و کیمیاباران. ھەمووان رێزی ئێوە دەگرن، لەبەرئەوەی ئێوە بەرپرسی کارگێڕی و دارایی ئەم وڵاتە نین، لەبەرئەوەی ئێوە خاوەنی ھیچ کۆمپانیا و تانکەرە نەوت و کەشتییەکی بازرگانی نین، ئێوە خاوەنی ھۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکان نین، ئێوە فڵان دەوڵەمەند نوێنەرایەتیتان ناکات بۆکاری بازرگانی، بەڵکو ئەوانەی خەباتیان نیوەی خەباتی ئێوە نیە و ھێندەی ئێوە ماندوو نەبوون خاوەنی بەشێکی زۆری داھاتی کوردستانن لەھەردوو حزبی دەسەڵاتدار. گرنگە لەلای ئێوە شتێک ڕوون بێت، کاتێک ڕەخنە لەخەبات و لەئێستای ئەم بەرپرسانە دەگیرێت مانای ئەوە نیە ڕەخنە لە خەباتی ئێوە دەگیرێت. ئەم بەرپرسانەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستان بەرێوەدەبەن ڕەنگە زۆریان ھاوخەباتی ئێوەبن و ئێوەش بە چەند نوسینگەیەک بگەنە لایان، ئەوان کارێکیان کرد خەبات و شۆڕش و گیانی نیشتیمان پەروەرییان لەدەرونی کۆمەڵگەدا کاڵکردەوە. ئەوان نەک بەرامبەر خاک و ئێوە تەنانەت بەرامبەر بیرۆکەی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و نەتەوەش پێچەوانە بوونەتەوە و لەخۆیان گۆڕاون . لێرەوە دەبێت ئێوە لەھەستی ھەمووان تێبگەن، جیاکردنەوەی ڕەنگی ڕەش لە سپی دەستپێبکات، کەسێکی نەزان رەشوسپی پێکەوە دەسوتێنێت کەسی زاناش کام ڕەنگی مەبەست بێت جیایدەکاتەوە. ئێمە چاوەرێی ھاوهەڵوێستێک بووین لە سایەی ھیممەتی ئێوەدا نەوتی ھەرێمەکەمان کە نەوتی نەوەی داھاتووە بپارێزرێت، ھەرزانفرۆش نەکرێت داھاتەکەی بۆمیللەت بێت نەک بۆتایبەت، ئێمە چاوەرێی ئێوەین کە ھەنگاو بنێن بۆداواکاری کەمکردنەوەی گەندەڵی و کۆتایی ھێنان لەدەست خستنەقوتی خەڵک، چاوەرێی کاردانەوەی ئێوەین بۆپێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە لە دوای (چوارمانگ) ھەڵبژاردن پێکنەھاتووە ھەڵوێستتان ھەبێت. ئێمە چاوەرێی ئێوەین داوابکەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە چەکی سەردەم ئامادەبکرێن بۆبەرگری، ھێزی پێشمەرگە برسی نەبن، ڕۆژەکان نەژمێرن بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان، چاوەرێی ئێوەین بەجیاوازی حزبیتانەوە داوابکەن ھێزی پیشمەرگەی کوردستان یەکبخرێن لەپێناو ھێزی نیشتیمانیدا، ئێمە چاوەرێی ئێوەین بێنە سەرشەقامەکان و داوابکەن خانەنشینان مووچەکانیان وەربگرن لە کاتی خۆیدا کە یەک ساڵە مووچەیان وەرنەگرتووە. ناز بەسەر ئەو حکومەتەدا بکەن کە پشکی سەرەکی ئێوەی تێدایە، بێن بۆداواکاری و باشکردنی ژیانی ئەم کۆمەڵگەیە، ئێوە داوای ئازادی نەتەوەتان کرد لەڕۆژگارێکدا ئێمەش داوای ئازادی بۆتاک بۆکاری میدیا و ڕاگەیاندن بۆ مافە مەدەنییەکان دەکەین. پێکەوە داوای پاراستنی دێھاتە سنوریەکان بکەین، پێکەوە داوای باشکردنی گوزەرانی کەمئەندامانی پێشمەرگە و مەدەنی بکەین، پێکەوە داوای بەرزڕاگرتنی ژیانی خێزانی شەھیدان و بەرزکردنەوەی ژیانی خێزانی پێشمەرگە و بەتایبەت ئامادەبووانی شەڕی داعش بکەین. بۆ تەواوکردنی زۆر ھەنگاوی دیکە پێویستمان بە ئێوەیە، بەڵام ئایا ئێوە ئامادەن بەدوورلە ھەنگاوی بیری حزبی ھەنگاو بنێن لەم خەباتەدا کە پیرو منداڵ وژن و گەنجی ئەم کۆمەڵگەیە چاوەرێی باشکردنی ژیانی دەکات؟
د.كامهران مهنتك راپهڕینی شێلادزێ، راپهڕین بوو به واتای وشه، بهرههمی تووڕهیی سوكایهتی پێكردن بوو به میللهتێك، ئهو دهنگانهی لهو راپهڕینه بهرزبوونهوه، بهشێوهیهكی راستهوخۆ دژی توركیاو به شێوهیهكی ناڕاستهوخۆش دژی پارتی و دهسهڵاتی كوردی بوو، ئهو راپهڕینه سهرباری ئهوهی نیازی رزگاركردنی خاكی كوردستان بوو، وهكو پێویست به كردهوه پشتگیری نهكرا، لهو راپهڕینه سهركوتكراوه، چهند شتێك به دی دهكرێت، لهوانه ئهوهی حكومهتهكانی عێراق و بهعس نهیتوانی تیایدا سهركهوێ كورد بهسهر دهڤهرو ناوچهی جیاواز دابهش بكات و كێشهیان له نێوان دروست بكات، ئهو دهسهڵاته بهناو كوردیه توانی و تیایدا ئهگهر بۆ ماوهیهكیش بێت سهركهوتووه، بۆیه دهبینین وهكو پێویست هیچ شارهكانی تری كوردستان، جگه له ناڕهزایهتی تۆڕه كۆمهڵایهتیهكان، شتێكی ئهوتۆ نهكرا، له دهۆك شارێكی گهوره، چهند چالاكوانێك ههڵوێستیان ههبو و دهستگیركران، له ههموو دۆخهكانیشدا ههر هێنده دهنگه ههیه ناڕهزایهتی دهربڕێت، ترس و چاوسووركردنهوه، وایكردوه رای گشتی شاراوه بێت، ئهمهش وا دهكات لهگهڵ دروست بوونی ههر دهرفهتێكی گونجاودا، چاوهڕوانی تهقینهوهی زۆر گهورهتری لێبكرێت، ، له ههولێرو سلێمانی، ههڵوێستێكی جدی نیشان نهدرا، كه ئهمه جێگای داخه، كه ئهمه له لایهك ئهو دابڕانه نیشان دهدات، كه ئاماژهمان پێكرد، له لایهكی تر بێ باوهڕبوونی خهڵكی كوردستان به خهباتی مهدهنی! كه ئهمهش ئاماژهیهكی ترسناكه بۆ ئهو رۆژانهی دادێت، لهگهڵ هاتنه پێشهوهی ههر دهرفهتێك توندو تیژیهكی ئێجگار زۆر دهكهوێتهوه ئهو تووڕهیوونه زۆرهو ئهو رای گشتیه پهنگخواردوه، هێزێكی گهورهی وێرانكردن رووخاندن لهگهڵ خۆیدا دێنێت!! له راستیدا ئهوهی له شێلادزێ روویدا، پێم وانیه له هیچ شوێنێكی دنیا روویدا بێت، دهوڵهتێكی داگیركهر، خاكی تۆی داگیر كردبێت، جهندهرمهكانی گهنجهكانت بكوژن، فڕۆكهكان وڵاتت خاپوور بكهن، كهچی كاتێك خهڵك ناڕهزایهتیهك دهرببڕێت، به گێڕهشێوێن له قهڵهم بدرێت! له دنیادا نمونهی حزب و دهسهڵاتێكی وا شك نابهم پشتی دهوڵهتێكی تری بكوژ بگرێت دژی رۆڵهكانی خۆی، بۆیه ئهوهی له شێلادزێ روویدا، ئهگهر دواش بكهوێت، سهرهتای راپهڕینێكی سهرتاسهری دهبێت، ههموو ئاماژهكان ئهوهمان پێدهڵێن ئێمه له كۆتایی قۆناغێكدا دا دهژێن هێندهی نهماوه بهكۆتا بێت و قۆناغێكی تر دهست پێبكات.
زانا توفیق بەگ بە دیدی من بۆ تێگەیشتن لەم ووتارە پێم باش بوو بابەتە سەرەکێکانی بەشێوەیەکی سادە بخەمە بەردیدەنی خوێنەر. هەرچەندە بابەتی ( دۆگماتیزم ) وەك چەمک چ وەك پروسە بابەتێکی یەکجار ئاڵۆزە، چۆنکە بە هەزاران کتێب و نووسینی بیرمەندەکانی وەکو (کانت) چەندانی تر بە بایەخەوە قسەی جدیان لە م بارە وە کردوە . هەرلەم ڕوانگەیەوە پێم بــاش بوو بتوانـــــم لەم ووتارە دا بە شێوەیەک ســــادە و کورت پوخت هە ندێ لێکەوتەی ئەم چەمکە و کاریگەرێکانی لە سەر دنیای سیاسی ئێمە چ وەك پرۆسەو چ وەك بەکارهێنەری لە نێو پروسەی سیاسی کوردیدا بخە مە ڕوو. ١. پەکخستنی بیرکردنەوە لە نێو ژیانی سیاسی دا یەکێکە لە ڕە کیزە گرنگەکانی دروست کردنی پڕۆسەی (دوگمای) لە نێو ژیانی سیاسی دا. وە هەوڵ دان بۆ پەکخستنی عەقـــڵ کە خۆی واتـــە عەقڵ جوڵەیەکی بەردەوام و بەرهەم هێنە، هاوکات پارادایمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێیە لــە ناو هەر جڤاتێکی گشتی دا . کە ئەم دیاردە خراپە لە نێو ســـتڕاکچەری سیاســــەتی کوردا بــە شێوەیەکی ڕوون ئامادەگی هەیە. . ٢. نە بوونی هیچ جوڵەیەکی سیاسی لە لایەن ئەندامانی حیزبی سیاسی وەکو بیرکردنەوەی نــوێ یان دروست کردنی ئاڕگومێنتی جیاواز یان دژە بریاری سیاسی ئەمانە هەمووی کۆمەڵی هۆکارن بۆ گەشەکردنی پرۆسەی (دوگماتیزم) لە نێو پروسە و کاری سیاسی و ڕوشنـــبیری لە هەرێـــمی کوردستان دا. ٣. دیوێکی تری پرۆسەی (دوگماتیزم) یان بە (گومانگەرایی) بریتییە لە ئاڵۆزکردنــــی گوڕێنـی ڕەوتی تێگەیشتین لە کێشەکان هاوکات کوشتنی جیاوازێکانی فکر وە دۆزینەوەی شوناسێکی تاك ڕەهەند بۆکێشەکان بۆکاری (دوگمای).. کە ئەوەش بریتیە لە دروست کردنی دۆخێــــکی وا کە مرۆڤ وەك بونە وەرێکی داهێنەر بکاتە مرۆڤێکی بێ عەقڵ یان ئەگەر بە جورێکی تر بڵێـــــن ئامادەگی (عەقڵی بریاردەر) بگوڕێت بۆ بوونەوەرێکی نابـەرپرس کە هە میشە بەدوای ئەنجامە کاتێ کان دا بگەڕێت ئەمە گەورەترین و ترسناکترین ماکە لە دانانی گەڕاکانـــی پرۆسەی بـــــە (دۆگما تیزی کوردی) کە ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت لە نێو کایەی سیاسی و فوڕمـــی سیاسی دا. ٤. بۆ بە گژدا چوونەوەی ئەو پرۆسە (گومانگەرایی) لە نێو روحی پروسەی سیاسی کورد یـــدا پێویستمان بە بوونەوەرێکی سیاسی کە خاوەن عەقڵێکی ئازاد بێت ، بتوانێت لە تەماشاکـەرێکی بێ روحی بێ دەسەڵات ببێتە خاوەن عەقڵێکی بڕیاردەر و ڕەخنەگر وە دیدێکی سەربەخۆ خۆی هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
ئاراس فەتاح مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی هاوشان بە داهێنانە تەکنەلۆژیی و فیکرییەکانی گۆڕانکاڕیی قووڵ و گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە کۆمەڵەی مرۆیی ساکارەوە دەبێت بە کۆمەڵگای ئاڵۆز و لە کۆمەڵگای دەوڵەتییشەوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دەنێت. لە ساڵی 1605دا یەکەم ڕۆژنامە لە مێژووی مرۆڤایەتیی لە شاری شتراسبۆرگ لەلایەن (یۆهان کارۆلوس) بەناوی Relation، بەزمانی ئەڵمانیی دادەمەزرێنرێت. لەم چرکەساتەوە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی هەواڵ و دەنگوباس و زانیاریی سەرھەڵدەدات و لە سەدەی نوزدەهەمیشەوە دەبێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوون و ڕووبەرێکی گرنگ و نوێ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان تاک و گروپ و ناوچە جیاوازەکانی یەک وڵات و پاشان لەنێوان دەوڵەتانی جیهان. ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ بەگشتییبوونی زانیاریی و بەجیهانییبوونی پەیوەندیی و بەرهەمهێنانی چەمکی ناسیۆنالیزم و پاشان ئینتەرناسیۆنالیزم. ڕۆژنامەی Relation لە قۆناغی سەرەتایدا بە دەستنووس ئامادەدەکرا و ھەفتانەش بە قەبارەی چوار لاپەڕە دەردەچوو. پاشان هەمان مۆدێل و داهێنان بۆ شارەکانی ئەڵمانیا و کۆی وڵاتە ئەوروپییەکانی تر تەشەنەدەکات. لە ساڵی 1618دا (کاسپار فان ھیلتن) لە هۆڵەندا یەکەم ڕۆژنامە دادەمەزرێنیت. لە باشووری ئەوکاتی هۆڵەنداش کە ئێستا بەلجیکایە (ئەبراھام فەرھۆیڤن) لە ساڵی 1620دا یەکەم ڕۆژنامە بڵاودەکاتەوە. لە نەمساو فەرەنسا و پۆرتوگال و سوید و پۆلەندا بریتانیا و دانمارک و ئەمریکا و روسیا ژاپۆن و کۆریا و وڵاتانی تردا ھەمان ئەزموون دووبارە دەبنەوە و هەموو دەبن بە خاوەنی ڕۆژنامەی هەفتانە و پاشان ڕۆژانەی خۆیان. شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە ساڵی 1650 لە شاری لایپتزیک لە ئەڵمانیا لەدایکدەبێت و لەوکاتەشەوە سەرەتای مۆدێل و ئەزموونێکی نوێ لە کایەی ڕۆژنامەگەریی دەستپێدەکات. لەدایکبوونی ڕۆژنامە تەنھا پەیوەندیی بە دۆزینەوەی ئامێری چاپەوە نییە، کە دیارە بەبێ بیرۆکەکەی گوتنبێرگ و داهێنانی دەزگای چاپ نەدەکرا وێنابکرێت، بەڵکو لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکی قووڵی بە سیستەمێکی تێکئاڵاو لە کایە و پیشەی جۆراوجۆرەوە ھەیە کە ھەموو پێکەوە، هاوتەریب بەیەک، دەبن بە ھۆکاری لەدایکبوون و گەشەسەندنی ئەم دیاردە نوێیەی ناو کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ بوونی دەزگای چاپخانەی کتێب و پیشەی بەرگسازیی کە سەردەمانێکح زۆر کارێکی دەستیی بوو، ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بکەین. هەرئەمەشە وادەکات کە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێی پەخش لەلایەن خاوەن چاپخانە ئەهلییەکانەوە دامەزنێرێت و بەمشێوەیەش سەرچاوەی داهاتێکی نوێ لە پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەدۆزنەوە. چاپخانە و کارگەی بەرگسازیی کتێب یەکێک بوون لە پیشە گرنگەکانی سەردەمی پێش سەرهەڵدانی چاپخانەی مۆدێرن. گرنگیی ئەم پیشەیە تەنها بەرگگرتن نەبوو لە کتێب، بەڵکو زانست و هونەرێک بوو کە هەموو کەس نەیدەتوانی بەبێ فێربوون مومارەسەی بکات. چاپخانەی کتێب و بەرگسازەکان وەکو گروپێکی ناو کایەی زانین و پیشەسازیی توانییان ڕۆڵێکی گرنگ لە مێژووی بە گشتییکردنی زانین بگێڕن و دامودەزگای ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنن و پیشەی ڕۆژنامەنووس بەرهەمبهێنن کە وەزیفەی سەرەکیی گەیاندنی هەواڵ و ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانە بۆ کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا. گەر سەدەی بیست ویەک بە سەدەی زانیاریی „Informationszeitalter“ ناودێربکرێت، ئەوا دەتوانین سەدەی نۆزدە بە سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ ناوزەدبکەین. پرۆسەی بەپیشەسازییکردن و پێشکەوتنی تەکنیک و کۆلۆنیالیزم و ئابووری لیبراڵ و بۆرسە و سەرهەڵدانی ڕۆژنامەی جەماوەریی لە سەدەی نۆزدەدا بوون بە هۆکاری دامەزراندنی ئاژانسی دەنگوباس، بۆئەوەی هەواڵی وڵاتان و جەنگی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکان و دەنگوباسی بۆرسە بەخێراترین کات بگەیەنێتە ڕۆژنامەکان. دامەزراندنی یەکەم ئاژانسی دەنگوباس لەساڵی 1835 بەناوی „Agence Havas“ کە دواتر دەبێت بە ئاژانسی „AFP“ لە فەرەنسا، „AP“ لە ئەمریکا و „Reuters“ لە بریتانیا و پاشان لە وڵاتانی تریش هەمان ئەزموون دوبارەدەبنەوە، ئەمانە هەمووی بەرهەمی لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو پێشکەوتنە بوون کە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی هەواڵ و فرۆشتنی زانیاریی و سەرهەڵدانی سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ هێنانیەکایەوە. سەدەی نۆزدە تەنها سەدەی پیشەسازیی و جەنگی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان نەبوو، بەڵکو سەدەی پەیوەندییەکی گڵۆباڵ بوو. هەروەکو چۆن دەزگاکانی ئاژانسی دەنگوباس هەواڵی هەموو جیهانیان بە ڕۆژنامەکان دەفرۆشت، ئاوهاش خودی ڕۆژنامە ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی وەرگرت و پەیامنێری لە وڵاتاندا هەبوو، بۆئەوەی نوێترین هەواڵی سیاسیی و زانیاریی ئابووریی و ڕیپۆرتاژ و وتار بڵاوبکەنەوە. شایانی باسە گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانیی، کارل مارکس، ساڵانێکی زۆر ژیانی بەم پیشەیە دابین دەکرد. بەپێچەوانەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کاری ڕۆژنامەگەرییان کردووە بە نەنگیی و دوورکەوتنەوە لە پرسە قووڵ و داهێنانە فیکرییە گەورەکان، کارل مارکس لە ساڵانی 43 ـ 1842 ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی لیبڕاڵی „Rheinischen Zeitung“ بوو و بۆ ماوەی پێنج مانگیش سەرنووسەری هەمان ڕۆژنامە بوو. دوای ئەویش لە ساڵانی 49 ـ 1848 سەرنووسەری ڕۆژنامەی „Neue Rheinische Zeitung“ بوو و لە قۆناغی سێهەمی تەمەنی ڕۆژنامەنووسیشیدا بوو بە پەیامنێری ڕۆژنامەی „New York Tribune“ی ئەمریکی لەشاری لەندەن کە ئەوسەردەمە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بوو. (2005 :Jürgen Herres) ڕۆژنامەگەریی لەپاڵ کتێبدا پیشەیەکە کە بەپلەی یەکەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نووسینەوە هەیە. ئێمە هەروەکو چۆن ناتوانین وێنای کتێب بە بێ نووسەر بکەین، ئاوهاش ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بەبێ نووسەر و پاشان پیشەیەکی نوێ کە ڕۆژنامەنووسە بکەین کە دوو کۆڵەکەی گرنگی ئەم کایە نوێیەی ناو میدیای سەردەمی بەپیشەسازییکردنی بەرهەمهێنانی هەواڵ و زانیاریین. لەپاڵ ئەمانیشدا هونەری گرافیک و دیزاین و کۆمیک دێنە ناو پیشەی ڕۆژنامەگەرییەوە و ئەم کایە میدیاییە نوێیە بەرفراوانتر و کامڵتر دەکەن. بـێگومان هەموو ئەم کایە تەکنیکیی و فیکرییانە پێکەوە دەتوانن ڕۆژنامە بەرهەمبهێنن، بەڵام بەبێ بونی سیستەمێکی تر ناتوانن بەردەوامبن، ئەویش بوونی پۆستە. ڕۆژنامە لە ڕیگای پۆستەوە دەتوانێت نووسینی بۆ بێت و ھەر لەو ڕێگایەشەوە ڕۆژنامەی چاپکراو بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە دەست خوێنەرانی. یۆهان کارۆلوس هەفتانە هەموو هەواڵ و دەنگوباسەکانی لەلایەن پەیامنێرەکانیەوە لەڕێگای نێوەندە گرنگەکانی پۆستەوە کۆدەکردەوە، کە لە چەند شارێکدا بوون. بەمچەشنە دەبینین کە سیستەمی پۆست یەکێکە لە بزوێنەر و پایە گرنگەکانی دروستبوون و بەردەوامیی ڕۆژنامە. ھەر ئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵیین بەبێ پۆست ئاستەمە باس لە دروستبوونی چەمکی نەتەوەش بکەین. بۆئەوەی نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی لەدایکببیت دەبێت ئەو گەلە خاوەن سیستەمی پۆستێکی نیشتیمانیی بێت کە ھاوڵاتیان بتوانن نامە و کتێب و نووسینەکانیان و دەزگا و کۆمپانیاکانیش بەرهەمەکانیان بەبێ مەترسیی لەناوچوون یان خراپبوون بگەیەننە جێگای مەبەست. سیستەمی پۆست پەیوەندییەکی گەورەی بە فۆرم و مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە، لەکاتێکدا لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا یاسای پاراستنی „نهێنیی نامە“ و „نهێنیی پۆست“ هەیە، لە وڵاتە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا ئەم مافە هەر بوونی نییە یان زۆر سنووردارە. کایەیەکی گرنگی تر بۆ پیشەسازیی ڕۆژنامەگەریی بوونی سەرمایە و سیستەمی بانکە. هیچ پڕۆژەیەکی قازانجویست ناتوانرێت بەبێ بوونی سەرمایەیەکی دیارییکراو بخرێتەگەڕ. دەزگای بانکیش لێرەدا دەبێت بە یەکێک لە کایە گرنگەکانی دروستکردن و بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کڕیار و فرۆشیار. واتە بۆئەوەی ڕۆژنامەیەک بەردەوامیی هەبێت، سەرەتا پێویستیی بە سەرمایەیەک هەیە بۆ دامەزراندنی و پاشان پێویستیی بە بەشداربوونی خوێنەران و ئابوونە هەیە، بۆئەوەی ئەو سەرمایەیە لەپێناو بەردەوامیی و مانەوەی ڕۆژمانەکەدا بخرێتەگەڕ. شایانی سەرنجە کە نەبوونی ئەم دوو کایە گرنگەش، واتە پۆست و بانک، لە دونیای ئێمەدا مانای ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژەی میدیای چاپکراوەکان بەر گورزێکی گەورەی سیستەمی کڕین و بڵاوکردنەوە بکەون و لە مەدای دوور و نزییکدا گەر سەرمایەیەکی گەورەیان لە پشتەوە نەبێت، پڕۆژەکەیان شکست بهێنیت و ڕوبەڕووی مایەپووچی ببنەوە. بەپێچەوانەوە دەبینین کە میدیای حیزبیی بە حوکمی ئەوەی لەسەر فرۆشی خۆی ناژی، ئەم کێشەیەی نییە، بەڵام کێشەیەکی گەورە و قووڵتری پیشەیی و ئەخلاقیی ھەیە. ڕۆژنامەی حیزبیی و میدیای سێبەر لەبەرئەوەی سەرچاوە داراییەکەیان سامانی گشتییە و بەهەدەردەدرێت، نە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەکڕدڕێت و نە دەشخوێندرێتەوە، چونکە لەڕووی ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە هیچ میسداقییەتێکیان نییە. تەنھا گرنگییەک ئەم میدیا حیزبییانە ھەیانبێت بریتییە لە تەوسیقی چالاکییەکانی حیزبەکان و سەرۆکەکانیان و ڕوبەرێکی ریکلامکردن بۆ کۆمپانیاکانیان و بڵاوکردنەوەی ئاگاهیینامەی مردن و وونبوونی شوناسنامەی هاوڵاتیان. لە کۆمیدییترین و خراپترین حاڵەتدا خەڵک کاغەزەکانی دەکەن بە سفرەی نانخواردن و کاسپکارانیش بە لوولەی گوڵەبەڕۆژە. گەر رۆژنامەی Relation سەرەتا تەنها بۆ هەندێ „پیاوماقوڵان“ بووبێت، ئەوا بیرۆکەکەی یۆهان کارۆلوس کە بەرفراوانتری بکات و هەواڵی شوێنەکانی تری جیهانی تێدا بڵاوبکرێتەوە، گەورەترین داهێنان بوو. گەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامە تەنھا شوێنی بایەخی خویندەوارەکان بووبێت، ئەوا لە سەردەمانی دواتردا ڕۆژنامە دەبێت بە پیداویستییەکی ڕۆژانە بۆ وەچنگخستنی هەواڵ و گەیشتن بە زانیاریی و دروستکردنی ڕای گشتیی. ڕۆژنامە شوناسی جیا و ئامانجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەعریفیی جیا لەخۆیدەگرێت. گەرچی سەرھەڵدانی ڕۆژنامە داھێنانێکی ئەھلییە و زۆرینەی کاتەکان کەسانی خاوەن دەزگای چاپ و پەخش بەم کارە ھەڵساون و یەکێک لە ئامانجەکانیان کەڵەکەکردنی سەرمایە بووە، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی و کاریگەریی لەسەر دروستبوونی وشیاریی دەستەجەمعیی، لە قۆناغێکدا ڕۆژنامەی حیزبیی سەرھەڵدەدات. مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژنامەی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکرا و سانسۆرکراو سەرهەڵدەدات، وەک لە ئەزموونی حیزبە ئایدیۆلۆژیستەکاندا دەیبینین. گەرچی ڕۆژنامە حیزبییەکان هیچ کاتێک نەیانتوانیوە کێبڕکێی ڕۆژنامە ئەهلییەکان بکەن، بەڵام وەک میدیۆمێکی ئایدیۆلۆژیی دێنە ناو کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە. ئەم مۆدێلە نوێیەی ڕۆژنامە لە دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و سۆسیالیستەکانیشدا وا لە ڕۆژنامە دەکات ببێت بە یەکێک لە ئۆرگانەکانی حیزب و پاشان بە ڕۆژنامەی ڕەسمیی دەوڵەت. بەمچەشنە ڕۆژنامەی حیزبیی یان حکومیی دەبێت بە تاکە سەرچاوەی زانیاریی و وەکو بەرھەمێکی جەماوەریی دەفرۆشرێت و ڕێگا بە ڕۆژنامەی ئەھلیی سەربەخۆ نادرێت، چونکە وەکو تابوری پێنجەم تەماشادەکرێت. لە خۆڕا نییە کە بیرمەندێکی وەکو بێنێدیکت ئەندەرسۆن لە کتێبە بەناوبانگەگەیدا لەسەر ناسیۆنالیزم بەناوی Imagined Communities „کۆمەڵەی وێناکراو“ کە بە ئەڵمانییەکەی کراوە بە Die Erfindung der Nation „دۆزینەوەی نەتەوە“، شیکاری گرنگیی ڕۆڵی چاپەمەنیی لە دروستبوونی چەمکی نەتەوە دەکات. بەبۆچونی ئەو ڕۆژنامە دەبێت بە یەکێک لە کەرەسە گرنگەکانی دروستبوونی وشیارییەکی دەستەجەمعیی،چونکە هۆکارێکە بۆ دروستکردنی هاوزەمەنیی ھاوڵاتیانی وڵاتێک لەگەڵ یەکتر و هاوخەمییان بۆیەکتر. هاوڵاتیانی هەر وڵاتێک بەبێئەوەی یەکتر بناسن، خۆیان بە ئەندامی ئەو کۆمەڵە وێناکراوە دەزانن و لەڕیگای چاپەمەنیی و ڕۆژنامەگەرییەوە دەتوانن لە یەک کاتدا ئاگاداری ھەواڵی سیاسەت و ئابووریی و ڕۆشنبیریی و وەرزش و تەندروستیی و ھتد.ی شار و شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان و ڕووداوە گرنگەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیھان بن. بەم چەشنە ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی گرنگ بۆ دروستکردنی وشیاریی „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ لەوێنەی نەتەوە کە هەموو تاکێک خۆی بەئەندامی دەزانێت و وەلائەتی بۆی هەیە. ناسیۆنالیزم بۆ ئەندەرسۆن گۆڕینی چەمکی کۆمەڵەی ڕووبەڕووە لەوێنەی خێزان کە هەموو تاکەکان یەکتر دەناسن و پەیوەندیی خوێنیان بەیەکەوە هەیە، بۆ „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ کە سنوورەکەی لە سنوورە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵیی و تەقلیدییەکان گەورەترە. ڕۆژنامە وەکو بەرهەمێکی کاپیتالیزمی چاپ ڕۆڵیکی کاریگەر دەگێڕێت لە زەمینەسازیی و دروستکردنی وێنایەکی گەورەتر لە بنەماڵە و کلان و خێڵ و بەرهەمهێنانی وەلائەتێکی سەروو لۆکاڵیی و بەیەککاتکردنی ژیانی کۆمەڵەیەکی مرۆیی و بەیەکگەشتنی پارچەکانی کۆمەڵگا و دروستکردنی وشیارییەکی دەستەجەمعیی وێناکراوە بۆیان. (Benedict Anderson:1998). لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕیکخراوی کرێکاریی و کۆمۆنیستییشدا ڕۆژنامە ڕەهەندێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی وەردەگرێت و وێنایەکی گەردوونیی بە کێشەی کرێکاران لە هەموو جیهان دەبەخشیت و جۆش بە خەباتی چینایەتییشیان دژ بە سیستەمی گلوباڵی سەرمایەداریی دەدات. گرفتی لەدایکبوونەبوونی نەتەوە لەنێوان حیزب و ڕۆژنامەگەریی کوردییدا گەر ئەو تێز و ڕاڤەکردنەی ئەندەرسۆن بە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەشی دەکرێن، بکەین بە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی لەدایکبوونی نەتەوە بەمانا سیاسییەکەی، ئەوا دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی میدیا لە هەرێمدا بڵێین: چەندە دەسەڵاتدارێتی کوردیی شکستی لە پرۆسەی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا هێناوە، ڕۆژنامەی کوردییش نەیتوانیوە لەبەر زیاد لە هۆکارێک ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. ڕۆژنامەگەریی کوردیی ساڵانێکە لە کێشەیەکی بونیادی قووڵدا دەژی کە ئەم وتارە جێگای تاووتوێکردنی ھەموو ڕەھەندەکانی نییە، بەڵام لە بەشی سێهەمی ئەم وتارەدا دەمەوێت باس لە هەندێ گرفت و کێشەکانی بکەم.
نەبەز گۆران رووداوەكانی ئەم دوایەی _سلێمانی و شیلادزێ و دهۆك_ وێنەیەكی روونبوو، گەر توركیا وەك دەوڵەتێكی داگیركەری دژ بە كورد، چ وەك هێز، چ وەك ئابووری، گەر خۆشی لەناو گۆڕەپانی هەرێمدا ئامادەیی نەبێت، هەردوو پارتەكەی دەسەڵات_پارتی و یەكێتیی_ وەك نوێنەری ئەو دەوڵەتە ئامادەن كۆی رێگا سەركوتكارییەكان دژ بە خەڵك بگرنەبەر، تەنها لە پێناو نیگەرانەبوونی دەوڵەتێكی بێگانە. هەردوو پارتەكە لەم رووداوانەدا وێنایەكیان خستە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە: نایانەوێت دەست لەو رۆحە لاواز و دارزیووە هەڵگرن، بە درێژایی مێژووەكەیان لەگەڵیاندا بووە و هەمیشە سێبەری ئەوی تری بێگانەبوون. دەستگیركردنی گەنجان، چ لە شاری _سلێمانی، چ لە شاری دهۆك و شیلادزێ_ تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەكی ئابووری وڵاتێكی بێگانە، نوێنەرایەتیكردنی رۆحێكی دارزیوە، كە ئەو رۆحە دارزیووە بەردەوام ئیشی كردوە تا كۆمەڵگە و تاك، دەست لە سەربەخۆبوون و ئازادبوونی خۆیان هەڵبگرن و، دەست لەو رۆحە شۆرشگێرییە هەڵبگرن فەزای ئازادی دروستدەكات و، جەماوەرێك و تاكێك دروستبكرێت لە ژێر سێبەری ئەو رۆحە دارزیوەدا هەمیشە لەبەردەم ئەوی تری بێگانەدا سەرنەوی بكات و، بە گوتاری نمایشی رۆحە دارزیوەكەی خۆی داپۆشێت. گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردایەتی، دوو گوتارن ئەم دوو پارتە وەك فریودانێك لەشوێنە حەماسییەكاندا بەكاری دەهێنن، تا جەماوەری پێشەیدابكەن. ئەما لە واقیعدا هەردوو پارتەكە نەك هەر كردەكانیان، بەڵكوبوونی خۆیان و ئایدۆلۆژییەكەیان مەترسییە لەسەر گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردبوون. ئەوان لە چوارچێوەی حیزبی و ئایدۆلۆژیدا ئەم گوتارانە بەرزدەكەنە و دەیكەنە كەرەستەیەك بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ پرسیار و بێ گومان، مرۆڤێك بە هەموو تایپێكی ژیان رازیبێت و گرنگ نەبێت بەلایەوە فەزای ژیان و ئازادی و خۆبوون چییە و، تەنها گرنگبێت لەلایەوە وەك بەرخۆرێك لەناو دەشتی ژیاندا بەشێكی كەمی خۆی پێبدرێت. لە كۆتایی نەوەدەكاندا مامۆستا (فاروق رەفیق) لە شوێنێكدا وتی: " ئەم جۆرە لە كوردایەتی ژینگە پیس دەكات." ئەو كات ئەهلی بەرخۆر لە شێوازە ئایدۆلۆژییە چوارچێوە سنووردارەكەی حیزب، كەوتنە بەرزكردنەوەی دەنگی نارەزایەتی. ئەو ئەهلە پرسیاریان لە مێژووی حیزب، كردە و ئایدۆلۆژیای حیزب نەبوو، تەنها ئەو ئێستا دیاریكراوەیاندەبینی كە جۆرێك بوو لە فەزای فریودان. هەڵبەتە ئەم رستەیە بۆخۆی دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی، هیچ گومان نەكەین دوو پارتەكەی دەسەڵات بەم مۆدێلە لە كوردایەتی، هەم ژینگەی سیاسیی و ئازادی، هەم ژینگەی نیشتیمانی بوون و خۆبوونیان پیسكردوە. مۆدێلێك لە گوتاری خۆنوێنانەی فاشیۆنیان دروستكردوە، لە و ساتانەی پێویستە جەماوەری شەیدا دەكەنە كەرەستەی ئەم فاشیۆنبوونە و، لەو كاتەشدا مەترسی راستەقینە لەسەر كوردبوون، لەسەر ئازادی، لەسەر نیشتیمانی بوون هەیە، لە پێناو بەرژەوەندییەكی دیاریكراوی حیزبیدا، دەبنە نوێنەری ئەویتری بێگانە. ئەمڕۆ دوو پارتەكەی دەسەڵات_پارتی و یەكێتیی_ نوێنەرایەتی توركیا دەكەن. چاوەروانكراوە سبەینێ نوێنەرایەتیەكە بگوازنەوە بۆ نوێنەراتی، ئێران، عێراق... هتد. هەرچۆن نزیكەی چەند ساڵێكە وەهمی " ئەمریكا دەوڵەت بۆ كورد دورستدەكات." بووەتە وەهمێك بۆیان و جەماوەری پێ فریودەدەن و، لەكۆتایشدا ئەو دیمەنانەمان بینی لە دوای ریفرۆندۆمدا هیزەكانی دوو پارتەكە، بەبێ توانای بەرگری لە شەورۆژێكدا بەشێكی زۆری خاكی هەرێمیان چۆڵكردن و هەڵهاتن بۆ ئەو شوێنانەی مەترسی لەسەر نەبوو. ئێستاش سەركوتكردن، دەستگیركردنی گەنجانی نارازی، دەستگیركردنی خۆپیشاندەران دژی سوپای بێگانە، چ لە شاری _سلێمانی، یان شیلادزێ و دهۆك_ سەرلەنوێ تازەكردنەوەی ئەو رۆحە دارزیوەیە هەمیشە بە ئەویتری بێگانە دەڵێت: من خزمەتكاری تۆم و لە پێناوتۆدا، ئامادەم خەڵكەكەی خۆم بچووسێنمەوە. ئەوانەی بەرگری لەم رۆحە دارزیوە دەكەن، ئەوانەی بەرگری لەم كردە بێگانە پەرستییە دەكەن، لە ژێر هەرناو بەرژەوەندییەكدابێت، ئەوانەن دوو پارتەكەی ناو دەسەڵات_یەكێتیی و پارتی_ بە درێژای مێژووی حوكمڕانییان خەریكی پەروەردەكردنی ئەم رۆحە دارزیوە بوون تا بۆ هەموو كردەیەكی بێگانە پەرستی بیانوێك بهێننەوە و، بەرگری لەو رۆحە لاوازەی خۆیان بكەن. دەستگیركردن و سەركوتكردنی گەنجان لەبەر ئەویتری بێگانە، بێگومان هیچ ئازارێك بە رۆحە شۆرشگێڕ و رۆحە بەرزەكەی كوردبوون نادات، بەڵكو جارێكی دیكە وزە دەخاتەوە بەردەمی و بەهێزی دەكاتەوە. ئەو گوتارە فریودەرەش لە ژێر ناوی كوردایەتی حیزبی و نەتەوەیی حیزبی، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی دژبوونە بە مرۆڤی سەربەرز و ئازاد، دژبوونە لە سەرلەنوێ دروستكردنەوەی گوتاری نیشتیمانی، دژبوونە لەگەڵ هەر كردە و بیركردنەوەیەك نەیەوێت بكەوێتە ژێر سێبەری ئەو رۆحە لاوازەی خزمەت بە ئەویتری بێگانە دەكات. نوێنەرەكانی توركیا لە هەرێم بەخۆیان و رۆحە لاوازەكەیانەوە دژ بە گەنجان دەجوڵێنەوە، ئەم نوێنەرانە هەمیشە لەبەردەم هێزی بێگانەكاندا هەڵهاتوو بوون و، لەبەردەم میللەتەكەی خۆیاندا خۆ بە پاڵەوان زان. بەڵام ئەم مۆدێلە تەنها جێگای سەرسامی ئەوانەن هێشتا جەوهەری بیركردنەوە و كردەكانیان ناناسن و رۆحە لاوازەكە بووەتە شوناسی بوونیان. پاشان جوڵەكانی هەردوو پارتەكە دژ بە ئازادی و سەربەستی و نیشتیمانی بوونی گەنجان هەرگیز جێگای سەرسامی نییە، چونكە پەروەردە و ئاكاریان هەر بەم شێوەیە هاتووە و پێویستە لە وێستگە جیاوازەكاندا جارێكی تر ئەو شوناسەی خۆیان دووبارە بكەنەوە.
عەبدوڵای مەلا نوری جەندرمەکانى ئێرە مەرج نیە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیایان لە گیرفان بێت. ئەو حکومەتەی ئازادی هاوڵاتیەکانی، ئازادی دەزگاکانی راگەیاندن کۆت و بەند بکات بۆ رازیکردنی داگیرکەر، عەمیلە! ئەوانە جەندرمەی تەواون کە، لە باشوری کوردستاندا شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەر دەکەن. ئەوانە جەندرمەی تەواون کە زاڵم و مەزڵوم ، کە شۆڕشگیڕو دیکتاتۆر، وەک یەک تەماشا دەکەن. ئەوانە جەندرمەی تەواون کە بۆ رازیکردنی داگیرکەر هاوڵاتیە ناڕازی و هوشیار و دڵسۆزو راپەڕیوەکانی خۆی راپێچی بەندیخانە دەکات. هەر حزبەکانی دەسەڵات لە فۆرمی جەندرمەدا بە تەنها پرۆسەی داگیرکاری بەڕێوە نابەن، بەڵکو ئەوانەش فۆرمێکی تر لە جەندرمەیی پەیڕەو دەکەن کە، لە ئاستی ئەم حکومەت عەمیلەدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن! ئاخر چەند شەرم و نەنگیە لە بەر ئەوەی چاوت لەوەیە لە حکومەتی داهاتوی جەندرمەکاندا چەند پۆستێک وەر بگریت کەچی خۆت و میدیاکانت لە ئاستی بەرتەسکردنەوەی ئازادی میدیایی، لە ئاستی دەستگیرکردنی میدیاکاران، لە ئاستی گرتن و لێدانی هاوڵاتیان و تەنانەت گرتنی کادرە دڵسۆزەکانی خۆشتدا هەڵوێستێکی جدیت نەبێت. بۆ دەوڵەتی تورکیا وەک داگیرکەر هەر ئەوەندەی لە حیزبەکانی دەسەڵات دەوێت کە لە ئێستادا بەرژەوەندیە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانی لە باشوری کورستان لە سەر حسابی کەرامەت و ئازدیەکانی هاوڵاتیانی هەرێم پارێزراو بێت! خۆ هەر ئەوەندەش ئەرکی لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەوێت لە ئاستی عەمالەتی حیزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی عەمیل بێ دەنگی هەڵبژێرن! ئیدی ئەم دوانە پێکەوە هەر ئەوە دەکەن کە، ئەگەر دەیان هەزار جەندرمەی تورکیش لێرە بونایە هەر ئەوەندەیان پێ دەکرا.
رێبوار كەریم وەلی (1) دانوستاندنەكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە و بەتایبەتیش لەگەڵ یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە یەكێتی بتوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر پۆستەكان و ئەو ناوانەی دەبیسترێن، لە ناوخۆی خۆیاندا ساغ ببنەوە. پارتی تا راددەیەكی زۆر لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان هاتووەتە پێشەوە و تەنانەت، مرونەتێكی زۆری لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووكیش نواندووە، لیژنەكانی پەیوەست بە رێككەوتنی درێژخایەنی نێوان پارتی و یەكێتیش نەخشە رێگاكەیان ئامادەیە كە بە ئیحتیمالی زۆر رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە پارتی لە مەسەلەی بەغداش بتوانێ عینادیی خۆی بەلاوە بنێ و پتر تەركیزی لەسەر ئەو دەستكەوتانە بێت كە بەدی دێن، لە مەسەلەی بودجەشدا پەرلەمانتارانی لایەنە سیاسییەكان وەكو یەك تیمی سیاسی كاریان كرد و ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كاری هاوبەش بەرهەمی زیاتری بۆ كوردستان دەبێت. بۆیە پارتی دەتوانێ زۆر بە ئاسانی تۆپەكە هەڵداتە گۆڕەپانی یەكێتییەوە، ئەگەر یەكێتی دوای ئەو هەموو مرونەتە نەتوانێ هەنگاوێك بێتە پێشەوە، یەكێك لەو كارتانەی كە پارتی هەمیشە لەبەردەستیەتی ئەوەیە كە ئەگەر یەكێتی نەتوانێ سەرباری هەموو نەرمییەك خۆی یەكلا بكاتەوە، یان هەندێك دۆسیە بۆ دوای سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت هەڵنەگرێت، ئەوا پارتی توانای ئەوەی هەیە ئاراستەی رووداوەكان بەپێی ویستی خۆی بگۆڕێت. پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی شتێكی مەحاڵ نییە و یەكێتیش باش ئەو راستییە دەزانێت. دیسانیش پێكنەهاتنی حكومەتیش عەیبەیەكی ئەوەندە گەورە نییە، چونكە ئەم حكومەتەی ئێستا هەیە، سەرباری ئەوەی كە كاربەڕێكەرە، بەڵام حكومەتێكی بەهێزە و كاری خۆیشی دەكات (ئەگەرچی هەندێك لە وەزیر و بەرپرسەكانی، دەسەڵاتی ئیمزایان نەماوە). لەو رووەوە كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیە دەبێ یەكلاكەرەوە بن و هەر نەبێ بتوانرێ لە رۆژانی داهاتوودا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. پارێزگارێكی گۆڕان بۆ كەركووك (2) ئەگەرچی پارتی تا راددەیەكی زۆر لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بە مەسەلەی دانانی پارێزگارێكی (یەكێتی) و لە یەكێتیش لە(ئۆكتۆبەرچییەكان) نەرمی پێشانداوە، بەڵام ئەگەر پارتیش رازی بێت، بۆ یەكێتی عەیبەیەكی گەورەیە تا مەسەلەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەلایەكدا نەخات و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە نەكات، یەكێك لەو سیانەی كەركووك كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیشن، بكاتە پارێزگار. نە لەناو یەكێتی پیاو قاتییە و نە لە دەرەوەی یەكێتیش كە بەڕاستی دڵسۆزی كەركووك و كەركووكییەكان بن و، بتوانن بەر بەو لێشاوی تەعریبە بگرن كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە شێوەیەكی سیستەماتیك و خراپتر لە سەردەمی بەعس دەستیپێكردووە. پارێزگاری سلێمانی كە ئێستا لە پشكی گۆڕانە، بە شاهیدی زۆر كەس سەركەوتوو بووە و باڵانسێكی باشی لە نێوان لایەنەكاندا دروستكردووە و لای حكومەتیش لە هەولێر تەقدیری هەوڵەكانی دەكرێت. بۆیە دانانی كەسێك لە كەركووك كە بتوانێ هەمان ئەو رۆڵە ببینێت، دەبێ بۆ یەكێتی و پارتیش زەرورەت بێت. كەسانێكی خەباتگێڕی وەكو عوسمانی حاجی مەحموود، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەزیری ناوخۆ و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و بە یەك مەسافە لە هەموو حزبەكان نزیكە (خەڵكی ناوچەكەیە و رایەڵی باشی لەگەڵ پێكهاتەكانیشدا هەیە) دەتوانێ تا راددەیەكی زۆر برینەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ساڕێژ بكاتەوە. ئەوانەیش كە بۆ چەند (تەنەكە نەوتێك) مامەڵە بە چارەنووسی كەركووكیەكان دەكەن، ئەو چەند تەنەكە نەوتەیان هەر دەستدەكەوێت، بەڵام با فەزڵێك بۆ مێژووی خۆیان تۆمار بكەن و ئەو دەستپێشخەرییە رابگەیەنن. بە دڵنیاییەوە پارتی پێشوازیی لێدەكات. با و باران (3) پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ:"با بێ و باران بێ لە عومری بەفر كەم دەبێتەوە". راستییەكەی پەكەكە و توركیا بۆ میللەتی ئێمە بوونەتە ئەو با و بارانە، باجەكەشی خەڵكی سیڤیل و گوند داگیركراوی ئەو ناوچانە دەیدەنەوە كە پەكەكە وەكو هەرێمی پاراستنی میدیا ناوی ناون! چەند دەستدرێژیی توركیا بۆ سەر خەڵكی سیڤیلی كوردستان تاوان بێت، بەكارهێنانی خەڵكی سیڤیل وەكو قەڵغانی مرۆیی لە لایەن پەكەكەشەوە دەچێتە هەمان خانە. هۆشداریی سەرۆكی حكومەت بۆ پەكەكە زۆر جددی بوو، چونكە توركیا لە ئاستانەی هێرشێكی سەربازیدایە بۆ سەر پەكەكە و تەنانەت ئەو باسە لە دیداری نێوان دكتۆر بەرهەم ساڵح و ئەردۆغانیش ورووژێنراوە. هەم پەكەكە و هەم ئەردۆغان، لە عەرەفەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پێویستیان بە شەڕە، بەڵام دەیانەوێ شەڕەكە لەسەر خاكی كوردستانی باشوور بكەن. ئێستا كە یەكێتیی كۆنە هاوپەیمانی پەكەكە پشتی تێكردوون و تەنانەت هەموو جۆرە هاوكارییەكی توركیا دەكات لە پێناو هێشتنەوەی پەیوەندییەكانی، پەكەكە و هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەیانەوێ پارتیش بخەنە ئەو هەڵوێستەوە كە پارتیش بەرپرسیارە. ئەمڕۆ وڵاتی بەناو عێراق ئەگەر خاوەنی سیادە و سەروەرییە، دەبوو لە بەرزترین ئاست و بە توندترین شێوە بۆردومانەكانی توركیا نەك هەر ئیدانە بكات، بگرە رێگریشیان لێ بكات. پارتی لە سەروەریی بەغدا بەرپرسیار نییە و هیچ سەفقەیەكی ژێربەژێریشی لەگەڵ توركیادا نییە.